ڕۆمان وەک جەنگەڵ وایە ڕێگای دیاریکراوی تێدا نییە

ەمبێرتۆ ئێکۆ وای گوت - 4

ئەمبێرتۆ ئێکۆ دەڵێت: لایەنی مەترسیداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و ئەوانی دیکە ئەوەیە، مافی گوتنی بۆ گەجەر و گوجەر و بۆ لەشکری لە ژمارە نەهاتووی خەڵکانی گەوج و گێل و گەمژە دابین کردووە، کە جاران قسەیان لە سنووری قاوەخانەیەک، یان باڕێک تێپەڕی نەدەکرد و زیانی بە کۆمەڵ نەدەگەیاند. ئێستا قسەی کەسێکی هیچوپووچ بە هۆی فەیسبووکەوە، هەمان شانسی بڵاوبوونەوەی قسەی ئەدیبێکی مەزنی هەیە کە نۆبێڵی لە ئەدەبدا وەرگرتبێت، ئەمەیش زۆر نیگەرانم دەکات.
*
ئەمبێرتۆ ئێکۆ حەوت ڕۆمانی هەیە: ناوی گوڵەباخ١٩٨٠، بەندۆڵی فۆکۆ ١٩٨٨، دوورگەی ڕۆژی پێشوو ١٩٩٤، باودۆلینۆ ٢٠٠٠، مەشخەڵە شاراوەکەی شاژنە لوانا ٢٠٠٤، گۆڕستانی پراگ ٢٠١٠ و ژمارە سفر ٢٠١٥ یش کە دوا ڕۆمانییەتی. هەرچەندە بابەتی ڕۆمانەکان جیاوازن، بەڵام لەوەدا کە سەرچاوەی مەعریفەن و لە ئەنسکلۆپیدیا دەچن، وەکوو یەک وان. هەر یەکێکیان دونیایەکی تەواوە، بە وردبینیی ئەندازیاری لێزان بونیاتی ناون. ئێکۆ وا ڕاهاتووە، بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، ئیدی ڕابردوویەکی نزیک بێت یان دوور، ئەمەیش تەکنیکێکی گێڕانەوەیە، بۆ ئەوەی بە بیانووی ڕابردووەوە باسی حاڵی حازر بکات، بەبێ ئەوەی شێوازی گێڕانەوەی لە هی واعیزێکی خوێنتاڵ یان مامۆستایەکی بێزارکەر بچێت. ئێکۆ دەڵێت: (خۆم چێژم لە ناوی گوڵەباخ وەرگرت، وام نووسیوە خوێنەریش چێژی لێ وەربگرێت.) ئێکۆ پێی وابوو، پێویستە ڕۆماننووس خۆی لە قەفەزی ڕیالیزم ، دەرباز بکات، کە ئەرکی خۆی لە سەرکۆنەکردنی فاشیزم، نازیزم، جەنگ و مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەجێ هێناوە.

لەبارەی ڕۆمانی (ناوی گوڵەباخ)ەوە کە ڕووداوەکانی لە سەدەکانی ناویندا ڕوو دەدەن، ئەمبێرتۆ ئێکۆ دەڵێت: (من کەسێکی سەر بە سەدەکانی ناوین بووم، بەڵام لە دۆخی متبووندا، ڕووم لە هەر کوێ کردبا، ئەو سەردەمەم بیر دەکەوتەوە، تەنیا پێویستم بە ماسکێک بوو، تا لەودیوییەوە قسەی دڵی خۆم بکەم. گەڕانەوە بۆ سەدەکانی ناوین، تامەزرۆیی نییە بۆ ڕابردوو، ڕەخنەیە لەو قۆناغە تاریکە.) ئێکۆ زۆر جار لەبارەی خۆیەوە بە گاڵتەجاڕییەوە دەپەیڤێت، وەک: (چونکە ئارەزووی نووسینیم هەبوو، بۆیە ناوی گوڵەباخم نووسی، پێم وایە تەنیا ئەم هۆکارە بەسە، بۆ دەستکردن بە گێڕانەوەی چیرۆک، ئاخر ئینسان بە خۆڕسک ئاژەڵێکی چیرۆکبێژە.) هەروەها دەڵێت: (ئەوەی ناتوانین تیۆریزەی بکەین، دەتوانین بیگێڕینەوە. من لێکۆڵینەوەکانم وا دەنووسم، وەک خەریکی گێڕانەوە بم،) بۆیە کە لە نووسینی توێژینەوەوە، دەستی بە نووسینی ڕۆمان کرد، ئیشەکە بە ئاسانی بە دەستییەوە هات، ئاخر (ڕۆمان) لای ئەو، درێژەپێدانی (ڕامان) بوو.

ناونیشانی ناوی گوڵەباخ زۆر لێکدانەوە هەڵدەگرێت، چونکە ڕووداوەکانی لە پەرستگەیەکدا ڕوو دەدەن، لە زۆر خوێنەر وابوو، (بە ناوی گوڵەباخەوە) دروستە، ئاخر ناوی خوا وێردی سەر زاری ڕاهیبانە و زوو زوو دەڵێن: (بە ناوی خواوە.) خوێنەری ڕۆمانەکە هیچ پێوەندییەک لە نێوان ناو و ناوەڕۆکەکەیدا نابینێتەوە، مەگەر لە کۆتاییدا دەرک بەوە بکات، (ناو)ی گوڵەباخ، لەو گوتەیەوە هاتووە کە دەڵێت: (هەموو ئەو شتانەی لە بەین دەچن، هیچیان لەپاش بەجێ نامێنێت، - ناو- ەکەیان نەبێت.) لە کولتووری خۆرهەڵاتدا، گوڵ چونکە گەلێک لێکدانەوەی هەڵدەگرێت، ئەوە ئاسان نییە، بزانین ڕەمزی چییە. کتێبێکی ئێکۆ ناوی: (دەقی کراوە)یە، ناوی گولەباخیش یەکێکە لەو دەقانەی دەرگای بەسەر چەندان لێکدانەوەدا کراوەیە و دەتوانین بڵێین: لەودیو ماسکی گێڕانەوەوە، دیسکۆرسێکی تیۆرییە لەبارەی زمان و نیشانە و لێکدانەوەوە.

لێکدانەوەی دەق پرۆسەیەکە بەبێ دەستتێوەردانی نووسەر، لە نێوان خوێنەر و دەقدا ڕوو دەدات. هەرچەندە داوا لە ئێکۆ کرا، لە چاپی دووەمی ناوی گوڵەباخدا هەندێک لایەنی دەقەکە ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام ئەو کارەی نەکرد و نەیویست پێوەندیی نێوان خوێنەر و دەقەکە بشێوێنێت و گوتی: ئەرکی نووسەر ئەوەیە، هەر لە نووسینی دەقەکەی بووەوە، ئیدی بمرێت و دەست وەرنەداتە پێوەندیی نێوان دەق و خوێنەرەوە. ئێکۆ دەڵێت: (لێکدانەوە دیالۆگێکی دیالێکتیکییە لەنێوان بۆچوونی خوێنەر و مەبەستی دەقدا. دەق بە شێوەیەکی سەربەخۆ مانا بەرهەم دەهێنێت، من وەک نووسەر ئەوەم پێ خۆشە، خوێنەر مانای وا لە دەقەکەمدا بدۆزێتەوە کە خۆم خەیاڵم بۆ نەچووبێت.)

خوێندنەوەی ناوی گوڵەباخ ئەوەندە سەختە، وەک سەرکەوتن وایە بەسەر چیادا، ئەوی توانای هەڵگەڕانی نەبێت، زوو ماندوو دەبێت. ئێکۆ خۆی پێی وایە، ڕۆمان وەک جەنگەڵ وایە، ڕێگای دیاریکراوی تێدا نییە، دەبێت خوێنەر خۆی ڕێگەی دەرچوون لە جەنگەڵکەدا بدۆزێتەوە. جەنگەڵ شوێنێکە وەک ونگە، دەتوانین بچینە ناوییەوە، بەڵام لەوە دڵنیا نین، لێی دەچینە دەرەوە یان نا، یان لای کەم بە ئاسانی لێی ناچینە دەرەوە.

خوێنەر بە کۆمەکی پاشخانی ڕۆشنبیریی خۆی، دەق لێک دەداتەوە و مانای پێ دەبەخشێت، سان جۆن پێرس دەڵێت: دەبێت لێ گەڕێین خوێنەر بەپێی توانای مەعریفیی خۆی، مانا بە ئاماژە ببەخشێت. چونکە ئاستی مەعریفیی خوێنەران جیاوازن، بۆیە دەق هەر دەڵێیت ئامێرێکە بۆ بەرهەمهێنانی خوێندنەوەی جیاواز. دانتی پێی وابوو، دەق چوار مانای هەیە: حەرفی، مەجازی، ئەخلاقی و ناوەکی. قەدیس پۆڵس گوتوویەتی: (ئێمە دونیا لەڕێی وێنە و ڕەمزەوە دەبینین،) ئەمەیش وای کردووە، بەگوێرەی جیاوازیی خوێنەران و بەرەو پێشەوە چوونی زەمان، خوێندنەوە بۆ دەق بەسەر لێکدانەوەی جیاواز و تازەدا کراوە بێت، ئەوە بۆیە تا ئێستایش کۆمێدیای خوایی مانای شاراوەی تێدا دەدۆزرێتەوە.

ناوی گوڵەباخ نە ڕۆمانێکی مێژوویییە، نە پۆلیسی، هەرچەندە گەلێک لە ڕەگەزەکانی ئەو دوو جۆرە لە ڕۆمانی تێدایە. ناوی گوڵەباخ ڕۆمانێکی گەردوونییە، دەڵێیت تەوراتە و چیرۆکی پەیدابوونی ئینسان و ژیاننامەی مرۆڤایەتی دەگێڕێتەوە. ئەو سەروەختەی ناوی گوڵەباخ باسی دەکات، ناکۆکی لەنێوان دوو ڕەوتی مەسیحیدا هەبووە، پاپا و کەنیسە لەلایەک کە ئامانجیان دەسەڵات و سامان بوو، ئەوانەیشی کە عیسایان بە نموونەی باڵا دەزانی کە نە دەسەڵات بە لایەوە گرنگ بوو، نە سامان. دووان لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە لە (شارلۆک هوڵمز) و (دۆکتۆر واتسۆن)ی یاریدەدەری دەچن، کە دوو کەسایەتییە سەرەکییەکەی (ئارسەر کونان دۆیل)ن، ئەوی ناودارترین نووسەری ڕۆمانی پۆلیسییە.

گونجاوترین ژانری ئەدەبی بۆ دروستکردنی ونگە، ڕۆمانی پۆلیسییە، چونکە وەک مەتەڵ وایە، هەڵهێنانی مەحاڵ نییە، بەڵام ئاسانیش نییە. لە (ناوی گوڵەباخ)یشدا، کێ تاوانبارەکەیە؟ پرسیارە سەرەکییەکەیە، بەڵام قەدی ئەو پرسیارە، چەندان لقی لێ دەبێتەوە. ناوی گوڵەباخیش وەک زۆر ڕۆمانی دیکە پشت بە (تەکنیک)ی دەستنووسێکی دێرین دەبەستێت، بەڵام ئێکۆ خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ دەستنووسە دێرێنەکە ناکات، لێکدانەوەیەکی نوێی بۆ دەکات، بە هۆیەوە، ڕابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە. ناوی گوڵەباخ بە کۆمەکی مێژوو حاڵی حازر دەهێنێتە گۆ، کە باسی ململانێی نێوان کەنیسە و ئیمپراتۆر دەکات، هەر دەڵێیت باس باسی ململانێی ئێستای نێوان ئیسلامییەکان و عەلمانییەکانە.

پشتبەستن بە فێڵی دەستنووسێکی ژاراویکراو، تەکنیکێکی نوێ نییە، وەک نموونە لە (هەزار و یەک شەوە)یشدا سوودی لێ وەرگیراوە، کە پاشا نیازی کوشتنی حەکیمی هەیە، حەکیم کتێبێکی ژاراویکراوی بۆ دەنێرێت، (جان دۆست)یش لە (میرنامە)دا پلانی بەکارهێنانی کتێبی ژاراویکراوی وەگەڕ خستووە. کتێبی ژاراویکراو فێڵێکی کۆنە، ئێکۆ بە شێوەیەکی نوێ مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. لە کولتووری عەرەبیدا، هەزار و یەک شەوە مەزنترین دەقە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەدەبی ئەورووپایی بەجێ هێشتووە و بۆ زۆر لە گەورە نووسەرانی دونیا، وەک سەرچاوەی ئیلهام وابووە، لەوانە: گۆتە، بۆرخێس و مارکیز، بۆیە ئەوە ڕێی تێ دەچێت، ئەمبێرتۆ ئێکۆیش لێی سوودمەند بووبێت.

ڕۆمانی نەمر ئەوەیە، نووسەر بتوانێت لە دونیای واقیع و لەو دونیایانەی کتێب بەرهەمی هێناون، دونیایەکی نوێ بخوڵقێنێت، ناوی گوڵەباخ بە هەق لەو ڕۆمانانەیە. لە دونیایەکدا کە زمانی گوڵ دەگمەنە، بۆچی ئێکۆ ڕۆمانەکەی بە ناوی گوڵەوە ناو دەنێت؟ با دڵ بەوە خۆش بکەین، دەق بەدەر لە ویستی نووسەرەکەی، بەردەوام مانای نوێ بەرهەم دەهێنێت. ناوی گوڵەباخ بە زمانێکی مۆدێرن، باسی سەدەکانی ناوین دەکات، بەڵام سوودی لە شێواز و دەربڕین و نەریتی نووسینی ئەو سەردەمە وەرگرتووە.

گه‌لێک ڕۆمان نووسراون، ده‌که‌ونه‌ خانه‌ی کۆمێدیاوه‌، به‌ڵام هیچیان هێنده‌ی (ناوی گوڵەباخ)ی ئەمبێرتۆ ئێکۆ، بایه‌خیان به‌ قۆشمه‌ نه‌داوه‌. ئه‌و کاره‌ی ئێکۆ، هه‌م لوتکه‌ی داهێنانه‌ له‌ بواری ڕۆماننووسیندا و هه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستیشه‌، له‌باره‌ی قۆشمه‌وه‌. ڕووداوه‌کانی ڕۆمانه‌که‌ له‌ (که‌نیسه‌)یه‌کدا ڕوو ده‌ده‌ن، که‌ تێیدا (قه‌شه‌)یه‌ک، ده‌ستنووسێکی به‌ناوبانگی لایه، بریتییه‌ له‌ به‌شی دووه‌می کتێبی (هونه‌ری شیعر)ی ئه‌رستۆ که‌ تایبه‌ته‌ به‌ کۆمێدیا.

چونکه‌ وا بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وی ئه‌و ده‌ستنووسه‌ دانسقه‌یه‌ بخوێنێته‌وه‌، به‌ جۆرێک دڵ و ده‌روونی ده‌گه‌شێته‌وه‌، ئیدی هەرگیز بێزار و خه‌مناک نابێت و بۆ جیهانێک هه‌ڵده‌کشێت، نه‌ خه‌می تێدایه‌، نه‌ بێزاری، بۆیه‌ که‌سانێکی زۆر به‌ مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستنووسه‌، ڕوو له‌و په‌رستگه‌یه‌ ده‌که‌ن. قه‌شه‌ی به‌ خاوێن ناوبانگ ڕۆییشتوو، ده‌ست به‌ ڕووی که‌سه‌وه‌ نانێت، هه‌ر که‌س بخوازێت، ده‌ستنووسەکە‌ی ده‌خاته‌ به‌ر ده‌ست، وه‌لێ ئه‌وی ڕێی بکه‌وێته‌ ئه‌و ژووره‌ی ده‌ستنووسه‌که‌ی لێیه‌، ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، ده‌مرێت!

تومه‌س مه‌که‌، قه‌شه‌ ده‌ستنووسه‌که‌ی په‌ڕه‌ په‌ڕه‌ ژاراوی کردووه‌، چونکه‌ ئه‌ویشی خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی ده‌بێت، ناچاره‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌کان، په‌نجه‌ی به‌ زمانی ته‌ڕ بکات، ئیدی زۆری پێ ناچێت، گیان له‌ ده‌ست ده‌دات. قه‌شه‌ بۆیه‌ ئه‌و کاره‌ی کردووه‌، چونکه‌ پێی وابووه‌، نووسینه‌کانی ئه‌رستۆ، دژی کریستیانیزمن و ڕه‌نگه‌ کتێبی (کۆمێدیا)یه‌که‌ی، ئه‌وه‌یشی که‌ له‌ ئایینی مه‌سیح ماوه‌، تێکوپێکی بدات. بۆیه‌ خواستوویه‌تی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌، پێکه‌نین، که‌ به‌ دوژمنی سه‌ره‌کیی ئایینی زانیوه‌، له‌نێو ببات.

(تیۆریی پیلانگێڕان لەگەڵ هۆمیرۆسدا دەستی پێ کرد، ئاخر ئەوە هۆمیرۆس بوو کە گوتی: هەر چی لە تەروادە ڕووی دا، خواوەندەکان ڕۆژێک پێشتر لەسەر لوتکەی چیای ئۆڵیمپوس نەخشەیان بۆ کێشابوو، ئەمەیش بیانوویەکی چاک بوو بۆ هەڵاتن لە بەرپرسیاری، ئەوە بۆیە دیکتاتۆر هەرگیز ددان بە هەڵەی خۆیدا نانێت و هەمیشە پیلانی دەرەکی تۆمەتبار دەکات.) ئێکۆ زۆر بەم گوتەیەی (کاڕڵ پۆپەر) سەرسام بووە و لە ڕۆمانی ناوی گوڵەباخدا کارێکی زۆری لەسەر مەسەلەی پیلانگێڕان کردووە.

*

(١) إسکندر حبش، هکذا تکلم أمبرتو إیکو، ورد للنشر والتوزیع ٢٠١٨ دمشق.
(٢) أمبرتو إیکو، إسم الوردة، نقلە عن الإیطالیة: آحمد الصمعي، دار الکتاب الجدید ٢٠١٣ بنغازي.
(٣) حەمەسەعید حەسەن، ئایین و ئازادی، ل٨٨ دەزگای ئاوێر ٢٠١٨ هەولێر.