بەپێی دەستور عادل عەبدولمەهدی دەتوانێ بەردەوام بێ

دوو ڕۆژ ماوە بۆ تەواو بوونی ماوەی یاسایی حکومەتی کار بەڕێکەر بۆ ئەوەی عێراق توشی بۆشایی دەستوری نەبێ لە دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی ئەو میکانیزمانە پەیڕەو دەکرێ کە لە دەستوری هەمیشەیی عێراق خراونەتە ڕوو .
بەهۆی بوونی ناکۆکی نێوان کوتلەکانی پەرلەمان و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو و کشانەوەی سائیرون وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە دیاریکردنی کاندیدێک وەک پاڵپشتیەک بۆ خۆپیشاندان و دەنگی ناڕەزایی عێراقیەکان ، و ڕەتکردنەوەی چەند کاندیدێک لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق زەحمەتتر بووە لە زەحمەت .
بە پشت بەستن بە مادەی 81ی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ئێستادا لە ڕاگەیاندنەکان و دەمی سیاسیەکانەوە باس لە چەند ئەگەرێک دەکرێ بۆ پڕ کردنەوەی شوێنەکەی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق لە ئەگەری تەواو بوونی وادەی یاسایی حکومەتی کار بەڕێکەر لەوانە ؛
دەستنیشانکردنی کاندیدێک تا ڕۆژی پێنج شەممە و ڕاسپاردنی لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ .
ڕادەسکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران بۆ سەرۆک کۆمار .
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و دروستکردنی ئەنجومەنێکی کاتی بەڕێوەبردن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت کە ئەمە لە دەستور بە ڕوونی ئاماژەی پێ نەکراوە .
ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان بەرچاومان دەکەوێ دەریدەخات دوای دوو ڕۆژی تر هەر چۆنێک بێ عادل عەبدولمەهدی بارگەی دەپێچێتەوە ، بەڵام دەرچەیەکی دەستوری ڕێگا بە مانەوەی عادل عەبدولمەهدی و کابینەکەی دەدات بەردەوام بێ تا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێ .
لە مادەی 81 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق هاتووە ؛
یەکەم: سەرۆک کۆمار جێگای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەگرێتەوە لەکاتی چۆڵبوونی ئەو پۆستە لەبەر هەر هۆیەک.
لە بڕگەی یەکەمی مادەی 81 باس لە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکات کە بە هەر هۆیەک بێ ئەوکات سەرۆک کۆمار جێگای سەرۆک وەزیران دەگرێتەوە و پراکتیزەی دەسەڵاتەکانی دەکات ، هۆیەکانی چۆڵبوونی ئەو پۆستە مردن یاخود شێت بوون یاخود دوورخستنەوەی لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە یە ، لە هەمان کاتدا لە بڕگەی یەکەمی ئەو مادەیە ئاماژە بە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران نەکراوە .
عادل عەبدولمەهدی تائێستا لە پۆستەکەی بەردەوامە ئەگەرچی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە لایەن پەرلەمانەوە قەبوڵکرا بەڵام لە لایەن پەرلەمانەوە دوور نەخرایەوە .
بۆیە بە پێی بڕگەی یەکەمی ئەو مادە دەستوریە دوای تەواو بوونی وادەی یاسایی کابینەی کاربەڕێکەر عادل عەبدولمەهدی و کابینەکەی دەتوانن درێژە بە وەزیفەکانیان بدەن تا ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردن پێشوەختە تەواو دەبن ئەگەر ساڵێکی تریش بخایەنێ ،لەو ماوەیە گواستنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران بۆ سەرۆک کۆمار نادەستوری یە ، تاگە ڕێگا بۆ ڕێگری لە دروست بوونی بۆشایی یاسایی ڕاسپاردنی کاندیدێکە لە لایەن سەرۆک کۆمار تا پێنج شەممە یانیش بەردەوامی دانە بە دەسەڵاتی عادل عەبدولمەهدی .