یەکێک لە کێشە مەترسیدارەکانی ئەم سەردەمە ئەوەیە بیر لە ڕابردوومان ناکەینەوە

ئەمبێرتۆ ئێکۆ وای گوت - 3

خوێندنی باڵا شێوەیەکی لاوەکیی ڕۆشنبیرییە، ڕۆشنبیری ئەوە نییە ژیاننامەی فڵان پاشای فەرەنسات لەبەر بێت، ڕۆشنبیری ئەوەیە، بزانیت لە سەردەمی ئەو پاشایەدا کاریگەریی فەرەنسا لەسەر ئەورووپا چی بووە. یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ڕۆشنبیری ئەوەیە، مەعریفەیەک بەرهەم بهێنێت، زۆرینە لێی سوودمەند بن، شۆڕشیش سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر زەمینەیەکی هاوبەشی نەبێت.

ناتوانم پێوەندیی لەگەڵ کچێکدا ببەستم ئەڵقەی کردبێتە ناوکی، ئەو ناوک کونکردنە کە بەلای منەوە، ناشیرینە، لای هاوتەمەنەکانی جوان و سەرنجڕاکێشە. مەبەستم ئەوە نییە دادگایی ئەو جۆرە کچانە بکەم، ئەوە ئیشی من نییە. ئەوە بە بەدڕەوشتی نازانم و هەقی زەوقی خەڵکم نییە، تیرۆر و جەنگ بە بەدڕەوشتی دەزانم. من فەیلەسووفم، لە دووشەممەوە تا هەینی خەریکی فەلسەفەم، بەڵام لە کۆتایی هەفتەدا ڕۆمان دەنووسم. لە چل و هەشت ساڵی بەدواوە، دەستم بە نووسینی ڕۆمان کردووە، ئێستایش خۆم بە نووسەرێکی تازەکار دەزانم.

گیلبەرت کەیس شیستەرتۆن (١٨٧٤ - ١٩٣٦) دەڵێت: (ئینسان کە بڕوای بە خوا نەبوو، ئەمە بەو مانایە نایەت کە بڕوای بە هیچ نەبێت، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە بڕوای بە هەموو شتێک هەیە.) تۆ ئێستا بڕوات بە چی هەیە؟ بە هیچ. پرسیارەکە هی ڕۆژنامەی لۆمۆندە، وەڵامەکەیش هی ئەمبێرتۆ ئێکۆیە. باشە بڕوات بە ڕۆشنبیری هەیە؟ بڕوام بە لێکۆڵینەوە هەیە، لە سەدەی نۆزدەیەمدا ئەوانەی بایەخێکی زۆریان بە ڕۆحانیبوون دەدا، ڕۆحانی نەبوون، زانا بوون.

جارێکیان گوتبووت: کتێب زیرەکترە لە نووسەر، ئایا ناوی گوڵەباخ لە ئەمبێرتۆ ئێکۆ زیرەکترە؟ بێ گومان زیرەکترە، ئاخر شتگەلی وای تێدایە، نە پێشتر بیرم لێ کردبوونەوە، نە دواتر لە بیرم مانەوە. ئەدی باشە دونیا لە خوا زیرەکترە؟ بەڵێ، لە خەیاڵی خوڵقێنەردا تەنیا یەک مەخلووق هەبوو، بەڵام خەیاڵی ئەو مەخلووقە دەیان خوداوەندی خوڵقاند. باوەڕداریت؟ تا دۆکتۆرانامەکەم نووسی بەڵێ بەڵام دواتر نا. خۆم بە کەسێکی عیرفانی دەزانم، ئاخر لادین بە شێوازی خۆی دیندارە، هەرچەندە بڕوای بە هەبوونی هێزێک نییە لەبان سروشتەوە بێت.

لە گریکی کۆن وابوو، ئیشی دەستی و هونەرە جوانەکان یەک شتن. کانت پێی وابوو: شتێک بەدەم چێژ لێ وەرگرتنەوە لێی ڕابمێنین، نابێت لە ڕووی ماددییەوە جێی بایەخمان بێت. وەک نموونە: جوانییەکەی نیکۆڵ کیدمان چونکە حەزی لێ دەکەین، هیچ پێوەندیی بە ئیستاتیکاوە نییە. جوانی ئەوەیە، سەرنجی دەدەین، یان گوێی بۆ ڕادەدێرین، بەبێ ئەوەی حەزمان لێ بێت، بیکەین بە هی خۆمان. ئەوی لێ ناگەڕێت، قژی ژن ئازاد بێت، ئەگەرنا گێچەڵی سێکسی پێ دەکات، لە کەڵەشێری سەرەنوێلکەوە نزیکترە وەک لە ئینسانەوە، ئەوە نییە دیکڵ هەر مامرێک دەبینێت، بەسەریدا دەفسێت!

هێشتا دوژمن هەر لەناو خۆماندایە، لە ئیتالیا ئەوە ڕاسیزمێکی شاراوەیە کە لەبەر ئەوە ڕقی لە بێگانەیە، گوایە بواری کار لەبەردەم ئیتالییەکاندا تەسک دەکاتەوە، هەرچەندە بێگانە ئەو کارانە دەکات کە ئیتالییەکان خۆیان نایکەن، هەرچەندە بێگانە نەبووایە زۆر لە کارگەکان مایەپووچ دەبوون. ئەوە ڕاسیزمە، ڕقت لە کەسانێک بێت، هاتوون لەگەڵ تۆدا، ماڵەکەت ئاوادەن بکەنەوە و ئەو ئیشانە بکەن کە خۆت ناخوازیت بیانکەیت. منیش دوژمنم هەیە، دوژمنی سیاسی، وەک بەرلیسکۆنی، یان دوژمنی فەلسەفی وەک هایدگەر، هەرچەندە لایەنی چاکیشیان تێدایە.

بایەخدان بە مێژوو، بۆ تێگەییشتن لە ئێستا کۆمەکمان دەکات، یەکێک لە کێشە مەترسیدارەکانی ئەم سەردەمە، ئەوەیە بیر لە ڕابردوومان ناکەینەوە. ئەگەر (بوش)ی کوڕ، ئەو ڕاپۆرتانەی خوێندباوە کە باس لە پەلامارەکانی بەریتانیا و ڕووسیا بۆ سەر ئەفغانستان دەکەن، سوپای بۆ ئەوێ نەدەنارد، چونکە دەیزانی سەرناکەوێت. هیتلەریش بیری لە ئەزموونی شکستخواردووی ناپلیۆن کردباوە، هەوڵی داگیرکردنی ڕووسیای نەدەدا. خۆ پێشینیان لە خۆڕایی نەیانگوتووە: مێژوو (یار)ی(*) ژیانە! ئەگەر لە تەمەنی سی ساڵیدا هەڵەیەک بکەم، لە بیرم دەبێت و هەوڵ دەدەم دووبارەی نەکەمەوە. کتێبی پرۆتۆکۆڵەکانی حەکیمەکانی زایۆن کە کتیبێکی ساختەیە، دژایەتیکردنی جووی بەرهەم هێنا، ئەوەیش بەڵگەیەکە بۆ ئەو گوتەیەی کە دەڵێت: مێژوو بەرهەمی هەڵەیە.

لە تەلەفۆندا وەڵامی پرسیاری تایبەتی نادەمەوە، لە ئی مەیلیشدا ئەو شتانە دەنووسم، کە دەتوانم بە دیواریشدا هەڵیانواسم. ئەگەر شتێکی تایبەتیم هەبێت بۆ گوتن، ڕووبەڕوو دەیڵێم. دونیا بە درۆوە جوانە، دونیایەک هەمووان ڕاستی تێدا بڵێن، دۆزەخە. چۆن فریای ئەو هەموو چالاکییە دەکەوێت؟ ڕۆمان دەنووسێت، لێکۆڵینەوە، گوتار، موحازەرە؟ بەوەی هەمیشە خۆم لە دیمانە دەدزمەوە و ئەوە دەکەم کە خۆم دەخوازم. لە ڕۆمانی (گۆڕستانی پراگ)دا باسی ئەوە دەکەم، چۆن دەتوانین کتێبێکی ساختەی وەک پرۆتۆکۆڵەکانی حەکیمەکانی زایۆن بنووسین کە خەڵک فریو بدات، درۆکانی بە ڕاست تێبگەن و دونیا لە جوو کە گوایە بەردەوام خەریکی پیلانگێڕانن، بکات بە دوژمن.

لە (گۆڕستانی پراگ)دا وێنەیەکی ترسناکی ئەو خراپەیم کێشاوە کە لەودیو دەمامکی ئایین و فەلسەفەوەیە. شاکەسی ڕۆمانەکە سندووقە ڕەشەکەی حەکیمەکانی زایۆن دەکاتەوە، دەسەڵاتی تارماییی ئاسای ماسۆنییەکان دەداتە بەر ڕووناکی، باس لە ڕۆڵیان دەکات لە بوارەیلی بڕیاردان، داڕشتنی سیاسەت، گۆڕینی نەخشەی وەڵاتان و دروستکردنی سەرکردەدا. گۆڕستانی پراگ کەوتە بەر ڕێژنەی ڕەخنەی توندی ڤاتیکان و جوویش، تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە هەندێک حەقیقەتی دیرۆکیم درکاندبوو.

ناوی گوڵەباخ باس لە سەدەکانی ناوین دەکات، ئەو قۆناغە سەردەمی زێڕێنی دادگاکانی پشکنین بوو کە بە ئاسانی هەزاران کەس، بە گومانی ئەوەی زەندیقن، ژیانیان لێ زەوت دەکرا. ئەو سەردەمە ڕەوتە مەسیحییەکان لەنێوان خۆیاندا شەڕیان بۆ ئەوە دەکرد، بە کورسیی پاپا شاد ببن، شەڕی پاپایش بۆ ئەوەبوو، زەویوزار و دەسەڵات لەبن هەژموونی خۆیدا بن. وەک چۆن ئێستا، ئەوی موسوڵمان نەبێت، ئیسلامییەکان بە کافری دەزانن، ئەوسایش ئەوی کریستیان نەبووایە، بە کافر لە قەڵەم دەدرا. خۆم کارێکی زۆرم لە بواری نیشانەناسی و لێکدانەوەدا کردووە، ڕەنگە هەر بەم هۆیەوە بێت، ڕووداوەکانی ڕۆمانی ناوی گوڵەباخ لێکدانەوەی زۆر هەڵبگرن و هەر خوێنەرێک بەگوێرەی ئەزموون و پاشخانی ڕٶشنبیریی خۆی، لێکیان بداتەوە.

ناتوانین بە هیچ شتێک بڵێین ساختە، ئەگەر شارەزای حەقیقەتی شتەکە نەبین، ئەوە مەسەلەیەکی فەلسەفییە. تا لەگەڵ حەقیقەتدا بەراوردی نەکەین، ناتوانین هیچ شتێک بە ساختە لە قەڵەم بدەین. کێشە گەورەکە ئەوەیە، کە تۆ سەلماندت فڵان مەسەلە ساختەیە، هێشتا خەڵکانێک دەمێنن، هەر بە حەقیقەتی تێبگەن. چونکە جوو وا بیر دەکەنەوە، وەک لەو کتێبە هەڵبەستراوەدا نووسراوە، بۆیە خەڵک بایەخ بەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانە نادەن کە دەیسەلمێنن کتیبێکی ساختەیە. پرۆتۆکۆڵەکانی حەکیمەکانی زایۆن بەڵگەنامەیەکی ساختەیە، جۆلۆڤینسکی کە سەر بە پۆلیسی قەیسەر بووە، بۆ پەیداکردنی دوژمن بۆ جوو، ١٩٠١ نووسیویەتی و باس لەوە دەکات جوو پلانیان داناوە دەست بەسەر دونیادا بگرن. ئەمریکا بۆیە ٢٠٠٣ پەلاماری عێراقی دا، گوایە چەکی کۆکوژی (ئەتۆمی و بایەلۆجی) هەیە، بەڵام دواتر سی ئای ئەی ددانی بەوەدا نا، کە بەڵگەکانی بەردەستیان ساختە بوون.

خۆی ئینسان کە تەمەنی دەبێت بە پەنجا ساڵ، دەستبەرداری خێزانەکەی دەبێت و دەچێت لە دوورگەکانی کاریبی لەگەڵ سەماکەرێکدا دەژی. هەستم کرد، ئەو چارەسەرە ئاڵۆزە و زۆریشی تێ دەچێت، بۆیە خووم دایە نووسینی ڕۆمان کە ئاسانە و هیچی تێ ناچێت. نووسینی ڕۆمان ئەوەی باشە، ناچارمان دەکات، لە تیۆری دوور بکەوینەوە و پشت بە یادگەمان ببەستین. لە ڕۆمانی ناوی گوڵەباخدا، ئەوە ڕۆحمە دەپەیڤێت کە پێشتر بێدەنگ بوو. کە تەمەنم هەڵکشا، یادگەیشم لاوازبوو، ئێستا کە ژوورەکەم بەجێ دەهێڵم و دەچم بۆ هۆڵەکە بۆ ئەوەی کتێبێک بهێنم، لەوێ بیرم دەچێتەوە، بۆ چی هاتووم. ئێستا ڕووداوی تازەم بیر نەماوە، بەڵام یادگارییەکانی سەردەمی منداڵیم بە چاکی لە بیر ماون.

بە کۆمەکی تیۆرییەکی هەڵە، ئەگەری ئەوە بەهێزە، واقیعێک لە دایک ببێت، کتیبی (گالیلۆ)م نییە چونکە حەقیقەت دەڵێت، بەڵام کتیبی (بەتلیمۆس)م هەیە، چونکە تیۆرییەکانی لەبارەی گەردوونەوە هەڵەن. دایک و باوکم زۆر هەوڵیان دا، بڕوا بە هەبوونی بابا نۆیل بکەم، بەڵام بە شەش ساڵی بۆم دەرکەوت، کەسایەتییەکی ساختەیە.

ڕۆشنبیر کەسێکە ڕەخنە لە نەریت دەگرێت، نەک لەوی پێڕەوی دەکات. ڕۆشنبیر کەسێک نییە، بڵێت: هەموو شتێک باش بەڕێوە دەچێت، کەسێکە ڕەخنە لە کۆمەڵ دەگرێت، ئاخر هەمووان دەتوانن ستایشی ئەم یان ئەو دیاردە بکەن. ئێکۆ کە بۆ گۆڤاری (سایکۆلۆجی)ی فەرەنسایی دەدوێت، دەڵێت: خۆتان سەغلەت کردووە، ئەمە چییە سەرۆکەکەتان شەوان لەگەڵ ئەکتەرێکی ژندا بەسەر دەبات، سەرەکوەزیرانی ئێمە لەگەڵ پەنجا ئەکتەری ژندا سەرجێیی کردووە و مێشێک میوانمان نییە، ئاخر ئێمە خۆمان لە دژی ئەو شتانە کوتاوە.

لە ڕۆمانی مندا، شێواز ڕەدووی بابەت دەکەوێت، هەوڵم داوە (ناوی گوڵەباخ) نزیک بێت لەو شێوازی نووسینەوە کە لە سەدەکانی ناویندا باوبوو، شێوازی: (دوورگەی ڕۆژی پێشوو) بارۆکییە،(**) بەڵام (ژمارە سفر)م بەو شێوازە وشکە نووسیوە، ڕۆژنامەنووس پێی دەنووسێت. هەرچەندە یەکێکم لە ڕۆماننووسە ناودارەکانی دونیا، بەڵام وەک لە کتێبی: (ددانپیدانانەکانی ڕۆماننووسێکی تازەکار)دا ددانم پێدا ناوە، نووسینی ڕۆمان ئیشێکی لاوەکیی منە و لەو بوارەدا خۆم بە ئارەزوومەند دەزانم، نەک بە پرۆفیشیۆناڵ.

ڕۆژنامەگەری لەسەر ئاستی دونیا بە قەیرانێکی قووڵدا تێدەپەڕێت، هەر بۆیە ڕۆژنامەکان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، هانا بۆ (پاشکۆ) دەبەن، ئەوە نییە بە دەگمەن ڕۆژنامە هەیە، پاشکۆی نەبێت. نەوەی نوێ ڕۆژنامە ناخوێنێتەوە، لە ئینتەرنێتدا بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت، بەڵام کێشەی ئینتەرنێت ئەوەیە، فیلتەری نییە. کە (لۆمانتیە) دەخوێنینەوە، ئاڕاستەی ڕۆژنامەکە دەناسینەوە، دەزانین جیاوازە لە (لۆفیگارۆ) بەڵام لە ئینتەرنێتدا، نازانین کێ قسە دەکات و ئەگەری ئەوە زۆر بەهێزە، ببینە (قوربانی)ی ساختەکاری. گەنج توانای ئەوەی نییە، سایتێکی دژەجوو لە سایتێکی دیموکرات جیا بکاتەوە.

ئەوەی زنجیرەی (کتێبخانەی فەیلەسووفە زیندووەکان) هەمان ڕێزی ئەینشتاین، ڕاسڵ، گادامیر و ڕیکۆریان لێ گرتووم و وەک فەیلەسووفێک بە کتێبێکی هەزار لاپەڕەيی بەسەرم دەکەنەوە، لە خەڵاتی نۆبێل بەلامەوە گرنگترە.

*

(١) إسکندر حبش، هکذا تکلم أمبرتو إیکو، ورد للنشر والتوزیع ٢٠١٨ دمشق.
(٢) أمبرتو إیکو، إسم الوردة، نقلە عن الإیطالیة: آحمد الصمعي، دار الکتاب الجدید ٢٠١٣ بنغازي.
(*) یار: دڵبەر.
(**) بارۆکی: ڕێبازێکی هونەری و ئەدەبییە لە کۆتاییی سەدەی شازدەیەمدا لە ئەورووپای خۆرهەڵاتدا سەری هەڵدا.
(***) هەندێک لە کتێبەکانی ئێکۆ: ، سیمیۆتیکا و فەلسەفەی زمان، لێکدانەوە لەنێوان نیشانەناسی و هەڵوەشاندنەوەخوازیدا، ژمارە سفر، مێژووی جوانی، مێژووی ناشیرینی، نزیکەی هەمان شت بڵێیت، چۆن دۆکتۆرانامەیەک ئامادە دەکەیت؟، ددانپێدانانەکانی ڕۆماننووسێکی تازەکار، نیشانە، دەقی کراوە، هەندێک دەرس لەبارەی ئاکارەوە و سنووری لێکدانەوە.