چراخان و شه‌وه‌زه‌نگ

17

مه‌حموود ئه‌حمه‌د عوسمان
و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ئیسماعیل به‌رزنجی

رۆژی چواره‌م، یه‌كشه‌م (23)ی ئادار

دیكران قه‌سابیان ته‌له‌فۆنی كرد، دیار بوو ته‌ندروستیی باش نه‌بوو، به‌هۆی ئه‌و نه‌شته‌ركارییه‌ی بۆی كرابوو دڵته‌نگ بوو، فراڤینی نیوه‌ڕۆ خانه‌واده‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، ئه‌حمه‌د لامان بوو، ئێواره‌ ده‌ڕۆیشت و نیوه‌ڕۆی رۆژی دوایی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ده‌ستم به‌ خوێندنه‌وه‌ی بایۆگرافی ـ ڤنگنشتاین ـ كرد، له‌به‌ر بۆردومان، خوێندنه‌وه‌ به‌ شه‌و مه‌حاڵه‌، به‌ رۆژ ده‌توانی چه‌ند سه‌عاتێك بخوێنێته‌وه‌.

رۆژی پێنجه‌م، دووشه‌م (24)ی ئادار

بۆردومانی دوێنێ شه‌و زۆر چڕ بوو ـ رحاب ـ له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ ته‌له‌فۆنی كرد، من و فائیزه‌ ئه‌م به‌یانییه‌ بۆ ماوه‌ی یەک سه‌عات چووینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئۆتۆمبێلەکانی ئه‌من له‌ هه‌موو شوێنێك بوون، زۆربه‌ی دوكانه‌كان داخرابوون.


ئه‌مه‌ل ته‌له‌فۆنی كرد و گوتی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌كانی ماڵه‌وه‌ی وردوخاش كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی راوه‌شاندنی رۆكێتێك بوو بۆ هه‌واڵگریی سه‌ربازی به‌رامبه‌ر رووبار له‌ كازمیه‌.


هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه‌ كه‌ربه‌لا، ده‌ست به‌سه‌ر ئوم قه‌سردا گیرا، به‌ڵام بەسڕە و ناسڕییە و نه‌جه‌ف گه‌مارۆ درابوون و له‌ به‌غدا دابڕابوون.

رۆژی شه‌شه‌م، سێشه‌م (25)ی ئادار

دوێنی شه‌و چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ترسناك روویان دا، سه‌ره‌ڕای بۆردومان، توانیمان مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی ئۆسكار ببینین، ئولیڤیادی هاڤیلاند سه‌ركه‌وتووه‌ دێرینه‌كانی پێشكێش كرد، ئه‌مه‌ بیره‌وه‌ریی چله‌كان و په‌نجاكانی به‌غدای بیر خستمه‌وه‌، تا ئه‌مڕۆش ژیانمان زۆر ئاساییه‌، ئاو و كاره‌با هه‌یه‌، هێڵی ته‌له‌فۆن كار ده‌كات، رۆژ نا رۆژێك ئۆتۆمبێلی زبڵڕێژ دێت.


له‌ ته‌له‌فزیۆنی (BBC) (دكتۆر فازڵ چه‌له‌بی)مان بینی سیاسه‌تی نه‌وتی له‌ عێراق له‌ ماوه‌ی دوای سه‌دام حوسێن شی ده‌كرده‌وه‌، هه‌موو په‌نجه‌ره‌كانی ماڵی ئیحسان شێرزاد له‌ ئه‌نجامی بۆردومانكردنی باره‌گه‌ی هه‌واڵگریی سه‌ربازی له‌وبه‌ری رووباره‌وه‌ وردوخاش بوون.


دوای فراڤین، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی (تۆنی بلێر) و ڕاپۆرتی ڕۆژانه‌ی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان، كه‌ له‌لایه‌ن جه‌نه‌راڵ (فسنت بروكس)ه‌وه‌ ده‌خوێندرایه‌وه‌، بینی. دوای نیوه‌ڕۆ گوێم له‌ (CD)یەکی به‌ دڵی خۆم گرت، كه‌ فوئادی برام، كاتێك سه‌ردانی (ئۆپرن)م كرد، پێشكێشی كردم. (كاپلن باتل) گۆرانییه‌كانی (هاندل ـ Handle arias)ی ده‌چڕی، كامل شبیبی و خوشكه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌یان جێ هێشت، له‌و باوه‌ڕەدا بوون جادرییه‌ شوێنێكی ئه‌مین نییه‌.

رۆژی حه‌وته‌م، چوارشه‌م (26)ی ئادار

شه‌وێكی ترسناك و بۆردومان به‌رده‌وام بوو، وێستگه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنی عێراق لێ درا، چه‌ند راپۆرتێكی نادڵنیا باس له‌ ڕاپه‌ڕینی بەسڕە ده‌كه‌ن، خۆڵباران كه‌م بووه‌، داره‌كان به‌ خۆڵ و تۆزێكی قاوه‌یی كاڵ داپۆشرابوون، دیمه‌نێكی خه‌ماوی بوو. دایكی زینه‌ سه‌عات (10)ی به‌یانی هاته‌ لامان، له‌وه‌ته‌ی ئاشوور جێی هێشتووین رۆژانه‌ دێته‌ لامان، دوو پیاو له‌ ده‌رگه‌یان دا و گوتیان دارخورما ده‌بڕنه‌وه‌؟ گوتمان به‌ڵێ، له‌گه‌ڵ دراوسێیان قسه‌مان ده‌كرد، هه‌موو گه‌شبین بووین، به‌ڵام به‌ جۆره‌ نیگه‌رانییه‌كه‌وه‌.

رۆژی هه‌شته‌م، پێنجشه‌م (27)ی ئادار

موعته‌زه‌ و هاله‌ی كچی، دوێنی شه‌و ته‌له‌ڤیزۆنیان كرد، له‌و بارودۆخه‌دا موعته‌زه‌ چۆن ده‌توانێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كیمیاوی به‌رده‌وام بێت، به‌ڕاستی كاره‌ساته‌، له‌نجه‌ و نه‌رمین له‌ ئه‌مه‌ریكا و كارا له‌ هۆڵه‌ندا و نه‌جات له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ته‌له‌فۆنیان كرد، دكتۆر هاشمیش ته‌له‌فۆنی كرد، دایكی زینه‌ گوتی خانوویه‌ك، كه‌ پیاوانی ئه‌من خۆیان تێدا شاردبووه‌وه‌، به‌ بۆمبی ده‌ستی هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر و هێرشبه‌ران له‌ ئۆتۆمبێلێك چاوه‌ڕوانی كردوون و ڕایانكردووه‌، هه‌روه‌ها گوتی ئه‌و هێرشبه‌رانه‌ یا پیاوانی به‌رگری بوون، یان خه‌ڵكانێك بوون له‌ ژیان بێزار بوون، هه‌ر كاتێك گوێ له‌ (Magic Flute) ده‌گرمه‌وه‌، ئه‌و بڕوایه‌م له‌لا زیاد ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ مه‌زنترین ئۆپێرای مۆزارته‌، ده‌نگی هرمان بری له‌ رۆڵی كینۆ زۆر نازداره‌.

رۆژی نۆیه‌م، هه‌ینی (28)ی ئادار

له‌نزیك گۆڕه‌پانی حوڕییە، به‌داله‌ی ته‌له‌فۆناتی جادرییه‌ بۆردومان كرا، له‌ ئه‌نجامدا هێڵه‌كان په‌كیان كه‌وت، عه‌لی به‌مه‌ زۆر دڵگران بوو، چونكه‌ رۆژانه‌ ته‌له‌فۆنی بۆ له‌یلان ده‌كرد، پێمان گوت شوێنی له‌یلان و منداڵه‌كان ئه‌مینه‌ و وا له‌ هه‌ولێرن و پێویست بە ‌نیگه‌رانی نییه‌. نرخی خوارده‌مه‌نی دووقات به‌رز بووه‌وه‌.

رۆژی ده‌یه‌م، شه‌مە (29)ی ئادار

ئاماژه‌كان وا پیشان ده‌ده‌ن، كه‌ شه‌ڕ له‌ واده‌ی پلان بۆداڕێژراوی زیاتر ده‌خایه‌نێت، حەرەس جمهووری په‌نا بۆ شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری ده‌بات، دیاره‌ جۆره‌ له‌سه‌رخۆییه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ بۆ هاتنه‌ ناو به‌غدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ریكییە‌كان ده‌ڵێن هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ پلانه‌كه‌دا نییه‌، بگره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سكه‌وته‌كانه‌، كوشتنی خه‌ڵكی سڤیل له‌ شوعله‌ كاره‌سات بوو، دابه‌شكردنی یارمه‌تی له‌ ئوم قه‌سڕ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ هه‌را و هۆریای پێوه‌ دیار بوو، ئه‌وانه‌ی به‌هێز بوون به‌شی خۆیان وه‌رده‌گرت، پیر و لاوازه‌كانیش له‌ ریزی دواوه‌ هیچیان به‌رنه‌ده‌كه‌وت، دیمه‌نی ئه‌مڕۆ جیاوازه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی به‌ ڕێكی سڕه‌یان گرتووه‌.


ره‌حیم ماڵیان له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌دامه‌. ئه‌مڕۆ زوو هات، گوتی ژیان له‌وێ ئاساییه‌ و كارگوزاری هه‌یه‌ و هێڵه‌كانی ته‌له‌فۆن كار ده‌كه‌ن و له‌ جادرییه‌ باشتره‌، گوتی ئاماده‌یه‌ ئۆتۆمبێله‌كان بشوات، گوتمان عه‌باس نیوه‌ڕۆ دێت و ده‌یانشوات.

رۆژی یازده‌م، یه‌كشه‌م (30)ی ئادار

له‌ سه‌ته‌لایتی ئه‌بووزه‌بی، كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان بینی، كه‌ له‌ له‌نده‌ن ساز درابوو و عه‌دنان پاچه‌چی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرد، له‌نێوان ئاماده‌بوواندا ره‌فعه‌ت چادرچی و فازڵ چه‌له‌بیمان بینی.


كاتێك به‌یانی زوو بۆ كوژاندنه‌وه‌ی گڵۆپه‌كان چوومه‌ ناو باخچه‌كه‌، باڵنده‌یه‌كی غه‌ریبم بینی، كه‌ هه‌ر هێنده‌ی كۆترێك ده‌بوو، فائیزه كه‌ باڵنده‌كی بینی گوتی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بۆردومان ئه‌و باڵنده‌یه‌ هه‌ترە بووه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ ناوچه‌ی شاخاوییدا ده‌ژی و له‌ شوێنی گه‌رم هه‌ڵناكات.


ئینته‌رنێت و هێڵی ته‌له‌فۆن نه‌مان، تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریمان هه‌واڵی رادیۆ و سه‌ته‌لایته‌، ئه‌گه‌ر سه‌ته‌لایت له‌لایه‌ن ئه‌منه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌ مه‌ترسیمان بۆ دروست ده‌كات، پێشتر به‌ 4000 دینار و بردنی ئامێری سه‌ته‌لایته‌كه‌ سزا دراین، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ بیدۆزنه‌وه‌، بێ گومان ده‌مانبه‌نه‌ گرتیگه‌.


دوای چه‌ند سه‌عاتێك گه‌ڕان، ئه‌و (CD)یانه‌م دۆزییه‌وه‌، كه‌ شه‌هره‌زاد قاسم حه‌سه‌ن بەر لە ساڵێك له‌ پاریسه‌وه‌ بۆی ناردبووم، (CD)یه‌كان مه‌قاماتی عێراقی بوون، شه‌هره‌زاد به‌ فره‌نسایی و ئینگلیزی له‌ناو به‌رگی (CD)یه‌كان شڕۆڤه‌ی نووسیبوو، ئه‌و سه‌ردانه‌ی شه‌هره‌زادم بیر ناچێته‌وه‌، كه‌ له‌ كۆتایی نه‌وه‌ته‌كاندا هاته‌ مه‌رقه‌دی گه‌یلانی و هاشم ره‌جه‌بیش هاوه‌ڵی بوو، تا گوێ له‌ خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولوود بگرن، ئه‌و مه‌ولوودانه‌ به‌ ده‌نگێكی كاریگه‌ر و خۆش ده‌خوێندرانه‌وه‌، وه‌رچه‌رخانی شه‌هره‌زاد قاسم حه‌سه‌ن له‌ موزیكی كلاسیكییه‌وه‌، كه‌ له‌ پاریس خه‌ریكی خوێندنی بوو، بۆ مه‌قاماتی عێراقی و لێتۆژینه‌وه‌ له‌و بواره‌، شتێك بوو جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو.