چۆن فۆلكلۆری خۆمان بپارێزین و گەشەی پێ بكەین؟

3

یەكێكى تر لەو ئاوازە فۆلكلۆرییانە ئاوازى (بادە، بادە)یە. ئەم ئاوازە كاتێك بووك سوار دەكەن و لە ماڵى باوكى دێتە دەرەوە، گۆرانیبێژان بە كۆرس ئەم ئاوازە دەچڕن و ئینجا یەكێك لە هونەرمەندەكان بە دەنگى بەرز گۆرانییەكە دەڵێ!
یار بادە، بادە، بادە
شادییەن موبارەك بادە
ئانا ئامێوە هەردوێ هەر واڵێ
یوەشا ولیەنە گۆرێ گۆراڵێ
یار بادە، بادە، بادە
شادییەن موبارەك بادە
ئانە كوگە ملى ، منیچ بەرە
چەنى خاڵەكات ئامێتەم كەرە
یار بادە، بادە، بادە


یاخوا موبارەك بادە.. هەمان سەرچاوە، لا 409 .


دیارە هەر میللەتێك هەوڵ نەدا داونەریتى خۆى بزانێ، یان فۆلكلۆرى خۆى پشتگوێ بخات، ئەو غەدرە لە خۆى و مێژووى دەكات. كەواتە ئاوڕدان لە ڕابردوو، داهاتوو دابین دەكات، هەر ئەوەیش واى كردووە مێژووى گەلان فەرامۆش نەكرێت. لەبەر ئەوە پێویست دەكات فۆلكلۆر بنووسینەوە، ئەوانەی هەمانە هەریەكەیان خانەبەندیى مێژوویى بۆ بكرێت.


فۆلكلۆر خەسڵەتێكى ترى ئەوەیە ئەو بەیتانە بۆ شادى و لابردنى خەم و تەنگژەى دەروونى بوونى خۆى دەنوێنێ، یا سروشتى وڵات بە جوانى لە فۆلكلۆرى هەوراماندا هەیە. ڕێبازى فۆلكلۆرى لە ڕەخنەدا هەندێك جار بەشێوازى جوان ناو دەبرێت. جوانكارى و ڕەخنە ئەم دوو چەمكە هاوتاى یەكترن. ئەم بەیتە فۆلكلۆرییانە باسى جوانى هەورامان دەكەن بەم شێوەیە:
وەشەن هەورامان خاكش ڕەنگینەن
كەمەر فراوانە یاگەى نەچیرەن
وەشەن هەورامان بەو گوڵە ڕەنگینە
تەماشا كەردەى یەكجار غەمگینە
وەشەن هەورامان كەش و كۆ كەمەر
داڵانى و هەیات وەشتەر جەكۆسەر
وەشەن هەورامان بەزم و شادى
تەڵان بە تەڵان باخ و سالارى
وەشەن هەورامان پاوەر نشینە
تەماشاى ژەرەژ فرە غەمگینە
وەشەن هەورامان تەماشاش كەردم


بە ویناى تۆ ساڕێژ بى دەردم.. هەمان سەرچاوە لا 111.


ئەو وشانەى كە لەم دێرە فۆلكلۆرییەكاندا هاتوون، چەندین جار وشەى (وەشەن) لە دێڕەكاندا دووبارە بووەتەوە، دووبارەبوونەوەى ئەو وشانە ئەوە دەردەخات كە هەموو بەیتەكان بەشێوەى داستان یان شیعرى ستوونى هاتوون، هەروەها سیفەتى هەورامان، فرە بەزەریفى دەردەكەون. (غەمگین) لە دێڕەكاندا هاتووە، غەمگین بەماناى خەم و خەفەت نایەت، بەڵكو بە واتاى خۆشى و شادى دێت. ئەم ئاوازەم بۆ كەناڵى كوردستان tv تۆمار كردووە و لە ساڵى 1992 كلیپى بۆ كراوە. ئێستەیش ئەم ئاوازە كاركەنار كراوە، نەك هەر ئەم ئاوازە، بگرە دەیان ئاوازى فۆلكلۆرى هەورامان لەو كەناڵە فەرامۆش كراون.


ئاوازێكى ترى فۆلكلۆری بۆ شادى و خۆشى نموونەیەكى ترى بابەتەكەمانە، ئەم ئاوازەیش بە شیعرى فۆلكلۆرى دەگوترێت و گۆرانیى (نارنجە و نارنجە)یە كە بەم شێوەیەیە:
نارنجە و نارنجە شووشەكەى گوڵاوە
سەروسینەكەیت جێى كەڵە ڕاوە
نارنجە و نارنجە شووشەكەى عەنبەر بۆ
پەروەردێم كەردى بە ئاوى لێمۆ
نارنجە و نارنجە، نارنجە و توپە گوڵ
موبارەكت بۆ سوخمەى پڕ جە گوڵ
نارنجە و نارنجە شووشەكەى شكاوە
لایێ كەرەوە خەرمانە و دڵیم یەكجا كریاوە
نارنجە و نارنجە بەى بەدارەوە
یەخەى گجیەكەت دیسان كریاوە
نارنجە و نارنجە و خەتەكەى شەمامە
من زام زەدەو تۆ زامم كولیاوە
نارنجە و نارنجە شووشەكەى عەمبەربۆ


پەروەردیم كەردى بە ئاوى لیمۆ .. هەمان سەرچاوە لا 103.


ئەم ئاوازە بە دەنگى چەند گۆرانیبێژێكى هەورامان چەندین جار لەسەر كاسێت تۆمار كراوە. ئاوازەكە ئەوەندە بە جۆشە بە چەپڵە دەگوترێت، هونەرمەندان چەندین جار كۆتایى دێڕەكان دووبارە و سێ بارە دەكەنەوە.


زۆر پێویستە ئێمەى ئاریانڤاچەكان ئەو فەرهەنگ و كولتوورەى كە هەمانە، هەمووى توێژینەوەى مەیدانى بۆ بكەین، بایەخدان بە ئەدەبى میللى و فۆلكلۆرمان، زیاتر ئەو بوارە دەوڵەمەند دەكات، چونكە هونەر جوانى میللەتان نیشان دەدات، ئەو چەمكە فۆلكلۆرییانە كە هەمانن ئەگەر كۆ نەكرێنەوە، زیان بە فەرهەنگمان دەگەیەنێ. ئێمەى هەورامانى ئەگەر بە دەستى خۆمان ئەو كارانە ئەنجام نەدەین، ئەوا میدیاكان بەتایبەتى میدیاكانى كوردستان زۆر كەم تەرخەمن، لە كوردستاندا 90 كەناڵى ئاسمانى هەیە، هیچیان بە قەدەر فیلمێكى كۆرى كە سەدان زنجیرەیە، لەو كەناڵانە نیشان نادرێت، ئێمە چەندین جار لە كۆڕ و سیمینارەكاندا كە لێرە و لەوێ دەكرێ دەنگى خۆمان جاڕ داوە، بەڵام كەس گوێمان بۆ ناگرێ، بۆیە خامەم كردووە بە بەرگرى بۆ نووسینەوەى فۆلكلۆرى هەورامان، كە بۆچى فەرهەنگ و ئەدەبیاتى هەورامان هەر تەپوتۆزى ئەشكەوت بەبێ توێژینەوە ماونەتەوە؟ بۆیە دەبێ هەموومان بە گیانێكى نەتەوەییانە ئەو ئەركەى لەسەر شانمانە جێبەجێ بكەین. بۆیە ئەم دێڕە فۆلكلۆرییانە دەكەمە وەڵام بۆ ئەو میدیایانە كە لە ئەندێشەدان و هەواڵى هونەریى خۆیان پشتگوێ خستووە، خۆیشم بە ئاوازى فۆلكلۆرى تۆمارم كردوون.


یاخوا بەدكارا ڕۆڵەشا مرۆ
پەیشا بەستێنمى بوختان و درۆ
ئا خۆم ساڵیو تەر دەورانو كێ بۆ؟
كێ نیشۆ وەشاد كێ ڕەنجەڕۆ بۆ؟
من خوا خواما وەهار بەیۆوە


نە ئێسال بۆ پار، نە پار مەیۆوە.. هەمان سەرچاوە، لا 214.


واتاى بەیتەكان بەم شێوەیەیە، ئەگەر ئێمە هەر بە تەماى چەرخ بین، ئەوە بەبێ شێو سەر دەنێینەوە، ئەگەر بە تەماى دراوسێ بین كاسەمان بۆ پڕ كا، ئەوە سەرەونگونى دەكات. بۆیە دەبێ هەموومان بۆ كۆكردنەوەى فۆلكلۆر وەك پوورەى هەنگ وابین، تا ئەو سامانە زێڕینەمان لەكیس نەچێ، هەرچەندە ئێمە لە سەرەتاى باسەكەدا گوتمان فۆلكلۆر خۆى پارێزگارى لە خۆى دەكات، بەڵام ئەى بۆ كۆ نەكرێتەوە و كتێبخانەكانمان دەوڵەمەند نەكەین. وەك فۆلكلۆر دەڵێ: "بولبول نەكێشۆ جەفاى درك و دار.. كەى ڕاگەش مدا بنیشۆ گوڵزار".


ئەگەر ئێمە ئەو دڕكانە هەڵنەكێشین، كێ ئەو ڕێگەیەمان بۆ پاك دەكاتەوە؟ كەواتە شالوور كە لەسەر چڵى گوڵان دەخوێنێ، دیارە دڕك و لاسكى ئەو گوڵە بە پێیدا چەقیوە، ئینجا توانیویەتى بە شادى بەسەر ئەو گوڵە بنێشێتەوە. بە ئاوازێكى فۆلكلۆرى كە بۆ كەناڵى كەركووك لە ساڵى 1979 تۆمارم كردووە. بە ناونیشانى (ئامە گوڵێ).


سەرچاوەكان:
- گۆڤارى (ڕامان)ى ژمارە (29) چاوپێكەوتن لەگەڵ هۆشەنگ كامگار هەولێر.
- گۆڤارى (ڕامان)ى ژمارە (45) چاوپێكەوتن لەگەڵ محەمەد جەلیل عەندەلیبى هەولێر.
- دارا محەمەد هەورامانى، مێژووى موزیكى هەورامان، چاپى یەكەم، سلێمانى ساڵى (2710) كوردى.