"پیاوە لنگ درێژەكە ناوەستێت"

ئەلبێرتۆ جیاكۆمێتی 1901- 1966

ئەو هونەرمەندە بەناوودەنگە، لە ساڵی 1901 لە شاری سویسرا لەدایك بووە و لە ساڵی 1919 دەستی بە خوێندن كردووە.


لە ساڵی 1922 ڕۆیشتووە بۆ شاری پاریس و لە ئەكادیمیای خانەی گەوران وەرگیراوە.


یەكەمین پێشەنگای لە گەلەری (بییركولە) لە شاری پاریسدا كردووەتەوە. لە ساڵی 1933 كۆمەڵێك كاری هونەری گرافیكی خستووەتە بەرچاو. لە ساڵی 1933-1935 چووەتە ئەمەریكا و پێشەنگای كردووەتەوە. لە ساڵی 1935 چووەتە دیداری فەیلەسووفی بەناوبانگی ئەو سەردەمە، ژان پۆل سارتەر.


لە ساڵی 1941 ڕۆیشتووە بۆ ژەنەوا و لەوێ نیشتەجێ بووە. لە ساڵی 1962 پێشبڕكێیەكی پەیكەرتاشین لە شاری ڤێنستا ئەنجام دراوە، ئەویش بەشداریی تیادا كردووە. لە ساڵی 1966 لە شاری سویسرا كۆچی دوایی كردووە.


پەیكەری (پیاوە لینگ درێژەكە) هی ئەوە، ناووباوێكی زۆری پەیدا كردووە، تەواوی ئەندام لەگەڵ یەكدا سروشتین و بەشێوەیەكی سروشتی (تەناسووب)یان لەگەڵ یەكدا پاراستووە. یانی دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئەو پیاوە لینگ درێژە، دەست و بازووشی بە هەمان شێوە درێژە. سەر و پاشی بەگوێرەی پەلوپۆیەتی. هونەر و دونیای هونەر پڕە لە داهێنان، پڕە لە كاروكردەوەیەك، كە لەپێشدا نەكراوە. تەنانەت جووڵانەوەیەكی بچووكی هونەریی نەكراو، بۆ خۆی بە داهێنان هەژمار دەكرێت و دەبێتە دەروازەیەكی تازە بۆ بەربڵاویی ئەو جووڵانەوەیە. ئەو حاڵەتەیش تەنیا بۆ هونەر نییە، بەڵكوو بۆ تەواوی بوارەكانی دیكەیشە. ئەو داهێنانە گەرچی كارێكی فرەئاسانە، بەڵام لەپێشدا كەسێك پەی بەمە نەبردووە، هەر بۆیە بەناوی كەسەكە تۆمار دەكرێت. دواتر خەڵك بە ئاسانی دەزانێت و چەندان سەر و گوێلاكی تری بۆ زیاد دەكەن.


پەیكەری (پیاوە لینگ درێژەكە) چەسپاوە، بەدڵنیاییەوە هەنگاوی ناوە، چاوی بڕیوەتە دوور و دەزانی بەرەو كوێیە هەنگاوەكانی، هەروەها دڵنیایشە لە گەیشتن و دەزانی كەی و چۆن دەگات!


لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئاخۆ چۆن هەست بە كابرایەك دەكەیت لەتەنیشتدا هەنگاو دەنێ و ئەویش وەك تۆ سوورە لەسەر گەیشتن؟ بۆ ئەلبێرتۆ جیاكۆمێتی پەیكەرتاشی سویسرایی مەبەست گەیشتنە. ئەو هونەرمەندە دەستوپل ڕەنگینە هەر پەیكەرێكی كردبێت، چەندان جار بیری لێ كردووەتەوە، نەك تەنیا بیر و بەس، بەڵكوو ژانێك پێیەوە لكاوە، ئینجا كە دڵنیا بووە لە بیرەكەی، ئەوەی ویستوویەتی كردوویەتی.


بەندە لێرەدا بیر لە گرنگیی فەرهەنگی دەكەمەوە، كە چەند بۆ مرۆڤ گرنگە، بەدەر لە زانكۆ و پەیمانگە و قوتابخانە و سەرتاسەری بوارەكانی خوێندن و فێركردن، كارێكی یەكجار پێویستە. بۆخۆی كۆلیژێكی خۆڕایی پڕ بەهایە بە خەڵكە زۆرەكە، بە نموونە، شوانێكی كورد، یان نەخوێندەوارێكی كورد دەریا و سەحرای بڕیوە، بە فەلاكەتێكی دوورودرێژی مەرگبار وەك پەنابەرێك خۆی دەگەیەنێتە یەكێك لە وڵاتەكانی ئەورووپا، لە ڕووی زمانەوە هڕەی لە بڕە ناكاتەوە، نازانێت وەك دەوروبەرەكەی نان بخوات، نازانێت چۆن و لە كوێ دانیشێت، ئیتر گێژ و وێژ دەخولێتەوە، كەچی دوای ساڵێك یان دووان، فەرهەنگی ئەو وڵاتە بەبێ مامۆستا و چاوساغ فێر دەبێت و لەسەر ئەو فەرهەنگە پەروەردە دەبێت و ڕادێت. بەندە ئاوا بیر لە داهاتووی میللەتەكەم دەكەمەوە، كەی دەگەینە ئاوا فەرهەنگێك؟


فەرهەنگی پێگەیشتوو لە خۆیەوە دروست نەبووە، لە ئاكامی كار و كردەوەی هەزاران و ملیۆنەها كەس كامڵ بووە، دڵۆپ دڵۆپ دەبێتە دەریایەكی خرۆشاو، نەشیاوەكان، نەزانەكان، بە ئاسانی ڕادەماڵێ و زمانێكی گشتی پێكدەهێنێ، كە هەمووان پێی دەدوێن.


كاروكردەوەی (ئەلبێرتو جاكۆمێتی) لە ساڵانی 1930 ئاماژەی بۆ دەكرا، خەڵكەكە تاسووی كارەكانی بوون و ڕۆژبەڕۆژ لە كارەكانی دڵنیاتر دەبوون، ئەوی ئاشوفتەپەریشان بوو، ئەوی دوودڵ و ئارام نەگرتوو بوو، خودی (جاكۆمێتی) بوو شەو و ڕۆژ لە تەقەلادا بوو، بەدوای خۆیدا دەگەڕا تا خۆی بەو شێوەیەی دەیەوێ بدۆزێتەوە. شێوازێكی تایبەت بە خۆی دابهێنێ، شتێك بكات، كە كەس نەیكردبێت، سەرەنجام دوای هەڵسوكەوتێكی دوورودرێژ و ژاناوی فكر و زیكری، گەیشتە قۆناغی دڵخوازی خۆی و بەم شێوەی كە ئێستا ناسراوە، بناسرێت. لەدوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە شێوەی پەیكەری لنگ درێژ، لە زۆربەی كارەكانی جیاكۆمێتیدا وەدی دەكرێن و دووبارە دەكرێنەوە. ئەو دەربارەی ژنان گوتوویەتی: "هەرچی فكرم لێ كردەوە، زانیم ناتوانم پەیكەری ئافرەت بە هەنگاونانەوە بێ، بۆیە زۆربەی پەیكەری ئافرەتانم بە ڕاوەستانەوە كردووە، پیاوانیش بە هەنگاونانەوە، لێم دەپرسی بۆ؟ خۆشم نازانم!".


وەنەبێ جیاكۆمێنتی و فكری ئەو لە گۆشەیەكی شاری پاریسدا ئارامی گرتبێت، خۆی و پەیكەرەكانی ڕۆژبەڕۆژ بەربڵاوتر و جیهانگیرتر دەبوون، دەبوونە مێوانی پێشەنگاكان و گرەو و خەڵاتی جۆراوجۆریان وەردەگرت، بە چاوی فكری پڕ لە ڕەزامەندییەوە خەڵك و ڕەخنەگران تێیان دەنواڕی، ئەوەی لەو كارانە ناڕازی دەهاتەچاو، خودی جیاكۆمێتی بوو.