ئايا زياده‌ گۆشتى ناوپۆشى منداڵدان شێرپه‌نجه‌يه‌؟

هۆشیاریی سێکسی... پرسیار و وەڵام

هه‌ندێ جار ناوپۆشى منداڵدان له‌ گه‌شه‌ى ژماره‌ى خانه‌كانيدا تووشى زيادبوون ده‌بێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى زياده‌ گۆشت له‌ ناوپۆشى منداڵداندا. به‌زۆرى ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌، كه‌ پێشيان ده‌گوترێ پۆليپ، پاكن، واته‌ شێرپه‌نجه‌يى نين، به‌ڵام ده‌شێ هه‌ندێكيان شێرپه‌نجه‌يى بن، يان له ‌كۆتاييدا ببن به‌ جۆرى شێرپه‌نجه‌يى.

پ: ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌ چۆنن؟
و: ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌ له‌ قه‌باره‌ و ژماره‌دا له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ يه‌كێكى ديكه‌ جياوازن. له‌وانه‌يه‌ يه‌ك دانه‌ى گه‌وره‌ بێت، يان كۆمه‌ڵێكى زۆرى بچووك بن، گه‌و‌ره‌كان قه‌باره‌يان ده‌گاته‌ قه‌باره‌ى مزره‌ سێوێك، بچووكه‌كانيش هه‌ريه‌كه‌يان هێنده‌ى قه‌باره‌ى تۆوى كونجيیه‌ك ده‌بن. بنكه‌يه‌كى گه‌وره‌ يان لاسكێكى باريكيان هه‌يه‌، كه‌ به‌ ناوپۆشى منداڵدانه‌وه‌ ده‌يانبه‌ستێته‌وه‌.

پ: كام ژن زياتر تووش ده‌بن؟
و: به‌زۆرى له‌دواى ته‌مه‌نى نائومێدييه‌وه‌ ژنان تووشى ده‌بن، يان ڕاسته‌وخۆ قۆناغى به‌ر له‌ ته‌مه‌نى نائومێدى، يان پێش ته‌مه‌نى نائومێدى، كاتێك به هه‌ر هۆكارێك بێت سووڕى مانگانه‌ ده‌وه‌ستێ.

پ: چۆن بزانم، كه‌ ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌م هه‌يه‌؟ ئايا ژن به‌ر له‌ پشكنين خۆى هه‌ستيان پێده‌كات؟
و: زۆربه‌ى كات كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى هه‌يه‌، وه‌ك:
- خوێنبه‌ربوونى ناڕێك، واته‌ كاتى سووڕى مانگانه‌ نييه،‌ به‌ڵام ئه‌و نه‌خۆشه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو و له‌ كاتى جياوازدا خوێنى هه‌يه‌ (له‌م باره‌دا هه‌ر له‌ سووڕى مانگانه‌ ده‌چێ).
- له‌ به‌ينى سووڕه‌كاندا به‌يناوبه‌ين خوێنى هه‌يه‌، به‌ڵام يه‌كجاره‌ و به‌رده‌وام نييه‌ (له‌م باره‌دا له‌ سووڕى مانگانه‌ ناچێ).
- ده‌شێ له‌ كاتى سووڕى مانگانه‌دا خوێنى زياتر بێت له‌و بڕه‌ى، كه‌ پێشتر پێى ڕاهاتووه‌ (هه‌ندێ ژن هه‌ر به‌ سروشتى خوێنى سووڕى مانگانه‌ى كه‌مه‌، هه‌ندێكیشیان زۆره‌).
- نه‌زۆكى يه‌كێكه‌ له‌و نيشانانه‌ى كه‌ ده‌شێ هۆكاره‌كه‌ى ئه‌م زياده‌گۆشتانه‌ بێ، به‌ زۆرى له‌ حاڵه‌تى ڕوونه‌دانى دووگيانبووندا، يه‌كێك له‌و پشكنينانه‌ى كه‌ پزيشك ده‌يكات، گه‌ڕانه‌ به‌ شوێن ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌دا، كاتێك، كه‌ ده‌يه‌وێ هۆكارى دووگياننه‌بوونى ژن ديارى بكات.
به‌ڵام هه‌ندێ جار نه‌خۆش تێبينیى هيچ كام له‌م نيشانانه‌ ناكات و ئه‌و زياده‌ گۆشتانه‌ش دروست بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌يناوبه‌ين پشكنين و سه‌ردانى پزيشك پێويسته‌، به‌تايبه‌تى له‌ قۆناغى به‌ر له‌ چوونه‌ ته‌مه‌نى نائومێدى و له‌و ته‌مه‌نه‌شدا.
ئه‌گه‌ر له‌نێوان سووڕه‌كانى خوێنى مانگانه‌دا خوێنت بينى، چه‌نده‌ كه‌ميش بێت، وا باشه‌ بۆ دڵنيابوون له‌ ته‌ندروستيت، سه‌ردانى پزيشك بكه‌يت. يان ئه‌گه‌ر ماوه‌يه‌ك بوو، بۆ نموونه‌، چه‌ند مانگێ بۆ چه‌ند ساڵێ سووڕى مانگانه‌ت وه‌ستا بوو، به‌ڵام خوێنت بينى، ئه‌وا پێويسته‌ له‌ ڕێى ئه‌و پشكنينانه‌وه‌ به‌دواداچوونى بۆ بكه‌يت، كه‌ پزيشك پێت ده‌ڵێ.

پ: هۆكارى دروستبوونى ئه‌م زياده‌گۆشتانه‌ چييه‌؟
و: هه‌ندێ هۆكار هه‌ن‌، كه‌ ده‌شێ ڕۆڵيان هه‌بێت له‌ دروستبوونى ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌دا، وه‌ك:
- هۆرمۆنه‌كان، ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ دروستبوونى ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌ په‌يوه‌ندیى به‌ هۆرمۆنه‌كانه‌وه‌ هه‌يه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ چوون به‌ ته‌مه‌ندا بڕيان كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
- قه‌ڵه‌وى.
- چوونه‌ ناو ته‌مه‌نى نائومێدى و وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌.
-وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌ به‌ هۆى هۆكارى ديكه‌وه‌، نه‌ك ته‌مه‌ن.
- تامۆكسيفين، كه‌ بۆ چاره‌سه‌رى شێرپه‌نجه‌ به‌كار دێ.

پ: كاريگه‌رييه‌ خراپه‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌ چيين؟
و: نه‌خۆش تووشى خوێنبه‌ربوون ده‌بێت، له‌كاتێكدا كه‌ واده‌ى سووڕى مانگانه‌ی نييه‌، يان سووڕى مانگانه‌ هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا وه‌ستاوه‌. هه‌روه‌ها ده‌شێ ببێته‌ هۆى زيادبوونى بڕى خوێنى سووڕى مانگانه‌ له‌و ژنانه‌دا، كه‌ گه‌نجن. سه‌ربارى نه‌زۆكى، كه‌ ده‌شێ هۆكاره‌كه‌ى دروستبوونى ئه‌م زياده‌ گۆشتانه‌ بن له‌ ناوپۆشى منداڵداندا.

پ: چۆن ده‌ستنيشان ده‌كرێ؟
و: بێ گومان سه‌ره‌تا له‌ڕێى هه‌ستكردن به‌و نيشانانه‌ى، كه‌ باسمان كرد ژن خۆى تێبينى ده‌كات، كه‌ حاڵه‌تێكى ناسروشتیى هه‌يه‌. پاشان كه‌ سه‌ردانى پزيشك ده‌كات، له‌ڕێى سۆنه‌رى ناوچه‌ى زێ -وه‌ پزيشك ده‌بينێت، كه‌ ناوپۆشى منداڵدان ئه‌ستوور بووه‌. يان له‌ڕێى ناوبينه‌وه‌، له‌ڕێى ملى منداڵدانه‌وه‌ پشكنينى بۆ ده‌كات، ده‌شێ پزيشك نموونه‌ى ناوپۆشى منداڵدان وه‌ربگرێ و پاشان له‌ تاقيگه‌ پشنينى بۆ بكرێ بۆ دڵنيابوون له‌وه‌ى كه‌ هه‌ن و ئايا چ جۆرێكيشن، به‌ڵام هه‌ندێ جار به‌ڕێكه‌وت ئه‌و به‌شه‌ى، كه‌ نموونه‌كه‌ى لێ وه‌رگيراوه‌، زياده‌ گۆشتى پێوه‌ نييه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وا باشه‌، كه‌ چه‌ند جارێ دووباره‌ بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر يه‌كه‌م جار هيچ نه‌بينرا و نيشانه‌ى حاڵه‌ته‌كه‌ش هه‌بوو.

پ: ئه‌ى ده‌شێ له‌ خۆيانه‌وه‌ نه‌مێنن؟
و: به‌ڵێ، هه‌ندێ جار، به‌تايبه‌تى له‌و حاڵه‌تانه‌دا، كه‌ قه‌باره‌يان بچووكه‌ و هيچ نيشانه‌يه‌كيشيان له‌گه‌ڵدا نييه‌، به‌ڵام به‌ڕێكه‌وت له‌ ئه‌نجامى پشكنين بۆ مه‌به‌ستى ديكه‌ پزيشك پێت ده‌ڵێ، كه‌ ئه‌و زياده‌ گۆشتانه‌ت هه‌يه‌ و ده‌كرێ لێيان بگه‌ڕێى تا خۆيان نامێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێويسته‌ له‌ڕێى پشكنينه‌وه‌ چاودێريیان بكه‌يت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر نه‌خۆش ئه‌گه‌رى تووشبوونى به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ كه‌سانى ئاسايى زياتر بوو، بۆ نموونه‌ له‌ خێزانه‌كه‌يدا پێشتر حاڵه‌تى شێرپه‌نجه‌ هه‌بووبێ، ئه‌وا بۆ دڵنيابوون هه‌ر باشتره‌، كه‌ لا ببرێن.
هه‌ندێ جار پزيشك به‌ لايه‌وه‌ باشتره‌ له‌ هه‌ر نه‌خۆشێكدا بێ لا ببرێن، چونكه‌ ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ى، كه‌ به‌سه‌ر ناوپۆشى منداڵداندا دێن له‌ حاڵه‌تى زياده‌ گۆشتدا، لێكچووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارييانه‌ى، كه‌ له‌ حاڵه‌تى شێرپه‌نجه‌دا به‌سه‌ر منداڵداندا دێن.

پ: ئه‌ى له‌دواى نه‌شته‌رگه‌رى، سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌؟
و: به‌ زۆرى نه‌خێر. له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تى ده‌گمه‌ندا نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌دواى پشكنين ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ندێكيان شێرپه‌نجه‌يين، يان ترسى ئه‌وه‌يان هه‌يه‌ ببنه‌ جۆرى شێرپه‌نجه‌يى، ئه‌وا له‌وانه‌يه‌ نه‌خۆش پێويستى به‌ نه‌شته‌رگه‌ریى ديكه‌ هه‌بێت. له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا پێويسته‌ ئاگادارى ته‌ندروستیى خۆت بيت، له‌ ڕێى به‌رده‌وام سه‌ردانى پزيشك و په‌يڕه‌وكردنى ڕێنماييه‌كانى.

پ: به‌ده‌ر له‌ نه‌شته‌رگه‌رى، هيچ ڕێگه‌يه‌كى ديكه‌ هه‌يه‌؟
و: به‌ڵێ، له‌ڕێى چاره‌سه‌رى هۆرمۆنييه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م ڕێگه‌يه‌ گره‌نتى نييه‌ و ده‌شێ له‌گه‌ڵ وه‌ستانى چاره‌سه‌ردا، دووباره‌ زياده‌ گۆشته‌كان دروست ببنه‌وه‌.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.