لە ستایشی دایکە زەبوونەکاندا

1

+ هیچ شتێک نییە، کە دەنێو کایەی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی و فەرهەنگیدا بە چالاکیی مرۆیی ناسرابێت، لەسەر ئاستی هەموو دونیادا، کە پرد و پەیوەندی و رایەڵێکی نەبێت لەگەڵ رۆحی پیرۆزی دایکەکاندا، هەڵبەتە بە دیوە ئەرێنی و نەرێنییەکەی، کە هەمان دۆخ و هەلومەرجەکان کاریگەریی لەسەر مەردمگەل هەیە، بەتایبەتیش ژنان و کچان. من بڕوام بە هیچ پیرۆزییەک نییە، بەڵام تاکە بوونەوەرێک، کە شایستەی پیرۆزی بێت: دایکە، وەلی تەنیا بە مانا ئایینییەکەی نا.. بەڵکوو بە مانا شارستانییەکەی، بە دایکە بەدکارەکانیشەوە، کە هەمیشە ستەمدیدەیی و چەوساندنەوە وای کردووە ژمارەیەک لە دایکەکان بەدکار و شەڕانگێز لەقەڵەم بدرێن. دواجار ئەوان لە ئاستی خوداوەندە میهرەبانەکانی ناو ئەفسانە و داستانەکان بوون، مانەوە و زیندەگی و بوونی ئێمە بەوانەوە پەیوەستە، ژن و ژیان دووانەی هەمان منداڵدانن، بگرە زۆرینەی خوداوەندە دێرینەکان لە رەگەزی مێینە بوون، نەک نێرینە. ژنان بۆ خۆیان لەوەدا داهێنەرن، کە کانگا و سەرچاوەی کڕینەوەی ئەو فیردەوس و بەهەشتەن لەسەر زەمین، کە گوایە دایکە (حەوا) لەتەک (ئادەم)ی باوە گەورەدا رۆڵی هەبووە، کە بیدۆڕێنین. دایکەکان بەرجەستەی رۆحی بەخشین و میهر و سۆز و خۆشەویستی و خۆشنوودین، ئەوان تەنیا بوونەوەرێکن، کە ئەگەر بەدکاریش بن، هی ئەوەیە، کە قوربانیی دەستی سەد و یەک دەرد و دەست و دەمی نامرۆڤەکانن. من بەتەواوی هاوڕام لەتەک (نەوال سەعداوی)دا، کە ژنان بە سەرچاوە و کانگای بوون و ژیان دادەنێت. ئەوان هێشتا وان لەناو دڵی سروشتێکی پاکدا، ژنان بەسیانە کە دەبن بە دایک، شایستەی ئەوەن، کە بۆ هەتاهەتایە سەری رێز و نەوازشیان بۆ نەوی بکەین، هی ئەوەن شانازی بە خۆیانەوە بکەن، کە دەبن بە دایک، گەرچی ئەوەش بەو مانایە نایەت، کە خانمانی نەزۆک جێگەی رێز و خۆشەویستی نەبن، کە خودا یان سروشت وایان کردووە، کە کۆرپەلەی خۆیان بە بەر مەمکی خۆیانەوە نەبینن و واقە لە دامێنیانەوە نەبیستن.


ئێمە هەر بە هەوەنتە و لەخۆڕا و بێ هیچ بنەمایەک وا مەزەندە دەکەین، کە دایکانی خۆمان باش دەناسین، ئەوەیان تراویلکەیە، ئەوان لەو جۆرە توخم و رەگەز و بوونەوەرەن، کە دوای مەرگ دەیانناسین، ئەزموونی هەر یەکێک لە ئێمە لە تەک دایکیدا کاڵ و کرچترە، کە نازی ئەوە بکەین، کە بەوان ئاشناین. ئەوەیان رێک وەک بانگەشەی ماسییەکی توونەیە، کە وا مەزەندە بکات دەریایەکی بە هەموو پان و بەرینی و قووڵاییەوە تەی کردووە. دایک تاکە بوونەوەرێکە، کە لە دژوارییەکی ئەوتۆدا دەژی، کە بە چاوێک بگری و بە چاوەکەی دیکەی پێبکەنێت. لەدوای ماڵئاوایی یەکجارەکیی دایکەکان و ونبوونیان لە بەرچاوان، کەم کەس هەیە لەناو مەردمگەلدا هەستێکی کوشندەی پەشیمانی و حەسرەت و گوناهباری لەناو دڵدا نەگەڕێت، هەستێکی قووڵ بەوەی، کە دایکی مرد و فریا نەکەوت وەک پێویست خزمەتی بکات.


هەموومان لە دامەنی خوێناویی خانمێکەوە داخزاوینەتە خوارێ، کە نۆ مانگ بە پێستی سک هەڵیگرتووین، بەڵام بەدرێژایی ژیان بەهۆی خەمخۆریی خۆیانەوە، یان تلانەوە و چەشتنی ئازارێکی زۆر بەدەست ئێمەوە، لە سەرینی و سۆنگەی کێشە و گرفتەکانی ئێمەدایە، کە خەمە ناقؤڵا و هەمیشەییەکان دەبن بە چارەنووسی ئەوان و بۆ هەمیشە دڵ غەمین و چاو بە فرمێسک و جەرگ سووتاون. کێ بەرگەی ئەو ژان و ئازارەی زان دەگرێت، کە بۆ خۆی سەرکێشییە بە ژیانی خۆی لەپێناو خوڵقاندنی رۆحلەبەرێکی دیکە؟ کە ئەگەری خودی مەرگی دایکە خۆی وەها دوور و مەحاڵ نییە، ئەو ژنە نازدار و پیاوە چەلەنگانەی هەموومان شانازییان پێوە دەکەین، لەودا بوون. هیچ گیاندارێکی مێینە لە ئاسمان و وشکانی و لەناو ئاودا بەقەد دایکانی ئێمە رەنجی نەداوە و ئازاری نەچەشتووە و ماندووێتی پرزەی لێ نەبڕیوە و فرمێسک و ئارەقە و خوێنی لەپێناو بەخێوکردنی بێچووەکانی نەڕشتووە. تەمەنی منداڵیی و ساوابوونی هەموو گیاندارە گەورۆنەکان و زیندەوەرە چکۆلەکان زۆر کورتە، دوای ماوەیەکی کورتخایەن فەراقە و هەراش دەبن و پشت بە خۆیان دەبەستن و لە دایکان و باوانی خۆیان جیا دەبنەوە، بەڵام یەکێک لە هەرە گرفت و کێشەکانی ئادەمیزاد ئەوەیە، کە ماوەی قۆناغی منداڵی و ساوایەتی چەندان ساڵ دەخایەنێت، کە هەموومان دەزانین چ ئەرک و خەم و بەرپرسیارییەتی و دەردەسەرییەکی قورس و قەبە و نەبڕاوەیە، کە پتر کەوتووەتە سەر شان و ئەستۆی دایکەکانەوە. ئەوەش راست و رەوایە، کە دەگوترێت کچەکان و کوڕەکان لە چاوی دایکانی خۆیانەوە بۆ هەمیشە منداڵن، گەرچی و هەرچەندە خۆیان بە گەورە و پێگەییو بزانن، ئەوەش هەر راستە، کە زۆر جاران ژنان دەکەونە بەردەمی پرسیارێکی وا، کە ئاخۆ خاوەنی چەند منداڵن؟ لە وەڵامی وەها پرسیارێکدا گوێبیستی ئەوە دەبین، کە مێردەکانیشیان لەتەک منداڵەکانیاندا هەژمار دەکەن، بۆ نموونە، گەر حەوت منداڵی هەبن، دەیکەن بە هەشت و بە خەندەوە دەڵێن: میردەکەشم هێشتا منداڵە و بەڵکوو زۆر ساوایە و ئەرکی زۆرترە، دەی.. خۆ هەر واشە!


هیچ گومانی تێدا نییە، کە ئێمە خۆشەویستی و هەم نائومێدی، هێز و ویست و هەم ناسکی و میهرەبانی لە رێگەی ژنەکانەوە دەناسین، بەتایبەتیش لە دایکانمانەوە، هەر یەکێک لە ئێمە دوو جار لەدایک دەبێت: یەکێکیان لە دامێنی دایکی خۆمانەوە دەکەوینە خوارەوە، دووەمیان لەو ژنانەی، کە خۆشمانویستوون و خۆشیانویستووین، بەڵام ژیان و مەرگمان بە تەنیا وابەستەی دایکمانە، دایک تاکە هێلانەیەکە، کە دوای فڕین بەناو هەموو ئاسمانەکان و گەیشتن بە هەر حەوت چینەکانی و عەرشی فەلەک، دواجار هەر ناچارین بگەڕێینەوە ناو هێڵانە گەرم و بۆنخۆش و گوڵڕێژەکەی ئەواندا، بەڵام زۆر درەنگ بەو راستییە دەگەین، ئەوەندە ملهوڕ و بێباکین، کە تا ئەو ساتەی پەڕ و باڵەکانمان هەڵدەوەرێن، بەفر و باران و هەتاوی بەتین و تاوی ئاسمانەکان بڕستمان لێ دەبڕن و شەکەتمان دەکەن، ئەوسا دەگەڕێینەوە ناو هێلانەکانی دایکانمان، دیارە زۆر جارانیش فریا ناکەوین لە باری واقیعی و بە کۆنکریتی بگەڕێینەوە ناو باوەشی ئەوان، بەڵام وەک مەزەندە و بە زەبر و هێزی لەبن نەهاتووی فانتازیا و خەیاڵەوە: نۆستاڵژیا بۆ هەمیشە دەمانباتەوە ناو منداڵدان و ئامێزی دایکانی خۆمانەوە.