دۆڵی دوو ڕووبارەکە.. لە بەرهەمهێنانی شارستانییەوە بۆ دەسەڵاتی مەرجەع

لە هاتنی عەرەبەکانەوە بۆ ئەم دۆلە ئیدی سەرەتای مێژووی رەشی شمشێر و خوێن دەست پێدەکات

وەک لە مێژوودا باس دەکرێت، دۆڵی دوو رووبارەکە، کە ئێستا پێی دەگوترێت عێراق، بەرهەمهێنی بەشێک لە شارستانێتیی کۆنی مرۆڤایەتییە. بۆ یەکەمین جار مرۆڤ لەم ناوچەیە دەستی کرد بە چاندن، واتە کشتوکاڵ و ئەوەش سەرەتای قۆناغی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بوو لەسەر زەوی، واتە بەستنەوەی مرۆڤ بە خاکەوە، کە یەکەم ئینتیمای مرۆڤ بە زەوییەوە لەوێوە دەست پێدەکات و سەرەتای کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤیش وەکوو مرۆڤ لە نیشتەجێبوون و پێکەوە کۆبوونەوەی مرۆڤەکانەوە دەست پێدەکات. هەروەک یەکەمین بەردی بناغەی سادەترین شێوەی ژیانی شارستانێتیش لە نیشتەجێبوونەوە دەست پێدەکات.


دیسان لە مێژوویەکی زۆر کۆندا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە و حەڤدەی پێش زایین، مرۆڤ لە دۆڵی دوو رووبارەکە جۆرێک لە نووسینی داهێناوە، کە نووسینی وێنەیی بووە و ئەوەش بە کۆنترین شێوەی نووسین دادەنرێت. ئاشکرایە دەرکەوتنی نووسین سەرەتای گواستنەوەی کۆمەڵگەیە لە قۆناغی سەرەتایی، یان قۆناغی پێش نووسینەوە بۆ قۆناغی نووسین، کە بەراورد بە پێش خۆی جۆرێکە لە گواستنەوە و بەرەوپێشەوەچوون. هەروەک باس دەکرێت، بۆ یەکەم جاریش لە سەردەمی حامورابیدا و لە دۆڵی دوو رووبارەکە یاسا لەدایک بووە، کە ئەوەش مانای دۆزینەوەی رێگا و رێوشوێنی پێویستە بۆ رێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان. ئاشکرایشە، کە ئەم جوگرافیایە لە مێژووی کۆنەوە چەندین دەوڵەت و ئیمۆراتۆریەتی تێدا دامەزراوە، کە ئەویش بەرهەمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و بوونی پێداویستییەکانی ژیان بووە لەم ناوچەیەدا. رەنگە قسەیەکی هەڵە نەبێت، کە بگوترێت، بۆ یەکەم جار بەدبەختی و نەهامەتی یەخەی ئەم ناوچەیەی گرت، لەگەڵ گەیشتنی رەگەزی عەرەبدا بوو لە فەتحی ئیسلامیدا. راستە پێشتر دۆڵی دوو رووبارەکە شەڕگەی ئیمپراتۆرێتییەکانی ئەکەدی و بابلی و ئاشووری و میدی و فارسی و گریکیش بووە، بەڵام هەریەکە لەمانە بە جۆرێک، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە سەرزەمینی میزۆپۆتامیادا لەدایک بوون، رۆڵیان هەبووە لە بەرهەمهێنانی ئەو شارستانێتییەی، کە دۆڵی دوو رووبارەکەی پێ دەناسرێتەوە. هەر لێرەشەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەم رووبەرە بەرهەمهێنی مرۆڤی روو لە ئایندە و بنیاتنەر بووە، هەر ئەوەش هۆکار بووە بۆ بەرهەمێنانی شارستانێتی و ئاوەدانی.


ئەم دۆڵی دوو رووبارە، کە هەریەکە لەو دەوڵەتە گەورانەی پێشتر تیایدا دامەزراون و بەشێک لە شارستانێتییەکەیان بنیات ناوە، بە هەرچۆنێک سیاسەتیان کردبێت و هەرچۆن وڵاتیان بەڕێوە بردبێت، ئەو مێژووەیان دروست کردووە کە مێژووی میسۆپۆتمیایە، سەرباری دەسەڵاتکردنی فارسەکانیش بەسەر بەشێکی فراوانی ئەم رووبەرەدا، بەڵام هێشتا ئەو شارستانێتییە نەڕووخاوە، بەڵکوو فارسەکانیش لەبەرئەوەی میللەتێکی خاوەن کولتوور و شارشتانێتی بوون، چینی زیاتریان خستووەتە سەر شارستانێتیی میسۆپۆتامیا و پاشماوەی شارستانێتیی ئەوانیش تا سەروەختی دەرکەوتنی ناسیونالیستی عەرەبی، وەکوو بەشێک لە پاشماوەی شارستانێتیی دۆڵی دوو رووبارەکە سەیر کراوە، بەڵام دوایی لەلایەن عەرەبە تازە هاتووەکانەوە بە پاشماوەی مەجووسی و ئێرانی و تەنانەت شعووبی ناو براوە. ئەوەش وەکوو جۆرێک لە سووکایەتی کردن بووە بەو پاشماوانە، لەلایەن عەرەبە ناسیونالیستە بەدووەکانەوە. لەگەڵ هاتنی ئەماندا بۆ دۆڵی دوو رووبارەکە، سەرەتای مێژوویەکی رەش دەست پێدەکات کە مێژووی شمشێر و خوێنە. راستە دەسەڵات پێویستە بۆ بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، بەڵام دەسەڵاتێک کە لەدایکبووی سەرزەمینەکە خۆی بێت. هەموو دەسەڵاتێکی دەرەکی لەژێر هەر ناوێکدا بێت بەپێی قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و هەر ناوێکی لێ بنرێت، دەسەڵاتیکی رووخێنەر و تێکێدەر و وێرانکەرە. هەر لەو رووەشەوە دەسەڵاتی عەرەبە بەدووەکانی نیمچە دوورگەی عەرەب، کە لەپێناو گەڕان بەدوای خۆراک و ژیان و بە پاساوی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام، دۆڵی دوو رووبارەکەیان داگیر کرد، لەبری بنیاتنانی شارستانی، بە خوێنڕشتن دەستیان پێکرد. ئەنفالی یەکەم، کە ئەنفالی هەموو رەشەخەڵکی دۆڵی دوو رووبارەکە بوو، هیچی لە ئەنفالکردنی کورد لە لەلایەن سەدامی نەوەی ئەو عەرەبانەوە کەمتر نەبوو. ئێستا لە کوردستان و لە عێراقی عەجەمیش دەبینین، بکوژانی دانیشتوانی میسۆپۆتامیا گۆڕەکانیان بووەتە شەخس و پەرستگە و مەرقەد و گۆڕی باپیرە کوژراوەکانی دانیشتوانە رەسەنەکەش بوونەتە گۆڕە جوو. سەرەتای مێژووی ئەوەی پێی دەڵێن عێراقی نوێ لێرەوە دەست پێدەکات. لەو خوێنڕشتن و لەو ئاوەژووکردنەوەیە، کە گۆڕی خاوەن ماڵ گۆڕە جووە و ئەوی بێگانەش شەخس و مەرقەد و خاوەن ماڵە.


بێ گومان مێژووی خوێنڕشتن لە عێراقدا دوور و درێژە و بەلایەنی کەمەوە لە کوشتنی حوسەینی کوڕی عەلییەوە لە ساڵی ٦١ی کۆچیدا دەست پێدەکات و ئەو خوێنە ناوەستێت و بەردەوام لە جەستەی هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە دەڕژێت و بێجگە لەو خوێنەی، کە مەغۆل بە سەرکردایەتیی هۆلاکۆ لە ساڵی ٦٥٦ی کۆچی بەرامبەر ١٢٥٨ی زایینی رژاندی و ئەو خوێنەی کە داگیرکەری ئینگلیز لە داگیرکردنی عێراقدا لە سەروبەندی جەنگی یەکەمدا رژاندی، کۆی خوێنی رژاوی عێراقییەکان بە دەستی عێراقییەکان خۆیان رژاوە، کە دواترینیان خوێنی ئەو لاوە برسییە خوێنگەرمانەیە، کە بە دەستی هێزە چەکدارە هەمەجییەکانی عێراق خۆی و لەژێر سایەی دەسەڵاتی عادل عەبدولمەهدی، هێمنترین و خوێندەوارترین و شارستانیترین سیاسیی شیعەی عێراقدا رژا. واتە لە کوشتنی حوسەینەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، بکوژی یەکەمی عێراقییەکان هەر ئەو دەسەڵاتانە بووە کە فەرمانڕەوای عێراقیان کردووە و خۆیشیان بە نوێنەری گەلانی عێراق زانیوە.


ئەگەر بەخێرایی چاوێک بە مێژووی دەوڵەتی نوێی عێراقدا بگێڕین، کە تەمەنی خەریکە دەبێت بە سەدەیەک، ئەوا ئاشکرا دیارە مێژووەکەی، مێژوویەکی خوێناوییە و هەمیشە دەسەڵاتێک لەسەرووی خەڵکەوە فەرمانڕەوایی وڵاتی کردووە، کە لە زیهن و روانینی ئەودا هەمیشە گەل غائیب بووە و لە هیچ کات و سەردەمێکدا گەل ئامادەیی نەبووە. لە سەردەمی ئینتیداب و پاشایەتیی پاشکۆدا، هەموو هەوڵێک دراوە بۆ ئەوەی شتێک لە عێراقدا دروست نەبێت بەناوی گەل یان جەماوەر، بە جۆرێک بگاتە ئاستێک، کە راوبۆچوونی هەبێت و کاریگەری لەسەر دەسەڵات دابنێت. چ لە سەردەمی ئینتیداب و چ دواتریش، کۆشکی پاشایەتی، بە ڕێنوێنیی بەریتانیای پارێزەری، چارەسەری ناڕەزاییەکانی خەڵکی بە گۆڕینی ئەم سەرۆک وەزیران بەوی تریان دەکرا و دەیانویست لەم رێگایەوە جەماوەر بێدەنگ بکەن. لەڕاستیدا سەرباری ئەوەی کە بەلایەنی کەمەوە ٦٠٪ی عێراقییەکان شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە بوون، ئەمە دوای ئەوەی کە ناوچە کوردییەکانی سنووری ولایەتی مووسڵیش خرانە سەر ئەو دەوڵەتە نوێیە، بە مەبەستی دروستکردنی هاوسەنگیی مەزهەبی، بەڵام شیعە لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا نە وەک جەماوەر و نە وەک نوخبەی سیاسی و لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە، نە وەک مەرجەعیەت رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو. کەواتە جێگای خۆیەتی بپرسین، شیعە لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرینە بوون وەکوو ئێستا، خۆیان نماییش دەکەن بەو هەموو حزب و گرووپە سیاسییانەیانەوە و بەو هەموو ئیمام و ئاخوندانەیانەوە و لەسەری هەمووشیانەوە بە مەرجەعەکانیانەوە، لە کوێ بوون بەرامبەر بە دەوڵەتی پاشایەتی، کە دەوڵەتێکی لاواز و شلۆق و دواکەوتوو لە رووی ئابووریشەوە لاواز بوو؟ ئەی رۆڵی دواتریان چی بووە؟


ئاشکرایە، کە لەم عێراقەدا بۆ یەکەم جار و بەئاشکرا، کە دەنگێک بەناوی دەنگی جەماوەر یان دەنگی گەلەوە بیسترابێت، لەدوای کودەتای ١٤ی تەمووز و هاتنی عەبدولکەریم قاسم بووە، وەکوو ئەفسەرێکی نیشتمانیی عێراقی، کە ئینتیمای عێراقیبوونی لە کۆی بەرپرسانی عێراقی پێش و پاش خۆی جیاکردووەتەوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی زوو لەناوبردنی. هەنگاوەکانی ئەو بۆ دەرهێنانی عێراق لەژێر سایەی هەژموونی داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانی و دانانی دەستوور و یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و زەوی و زار و تێڕوانینی بۆ کورد و... کە هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بوون، کەچی دەنگی ئەو مەرجەعەی شیعە، کە ئەمڕۆ بە ئاماژەیەک عادل عەبدولمەهدی دوای ناشیرینبوونی، ناچار دەکات دەست لە کار بکێشێتەوە، ئەوکات لە هیچ شوێنێک دیار نەبوو، بۆ پشتگیریکردنی عەبدولکەریم قاسم دژی هێنانی بەعسی و قەومییەکان لەسەر پشتی تانکی ئەمەریکی و رۆژئاوا، کە ئەوانی رۆژئاوا مەبەستیان ئەوە بوو رێگا نەدەن سیستیمێکی فەرمانڕەوایی نیشتمانی لە عێراقدا پێکبێت و رەگ دابکوتێت.


لە هاتنی قەومییەکانی عەرەب و بەعسییەکانیشەوە، مەگەر بە ئاستەم نووزەی شیعە و مەرجەعی شیعە بیسترابێت و رەنگە هاوسۆزیی ئێمەی کوردیش لەگەڵ شیعە لەبەرئەوە بێت کە کاتێک قەومی و بەعسییەکان شاڵاوی قەلاچۆکردنی کوردیان لەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی قاسم راگەیاند، هەندێ لە رابەرانی شیعە ئامادەی فتوادانێکی لەو جۆرە نەبوون. بەڵام نەیانتوانی نوێنەرایەتیی رۆحی دیلکراو و لەقەفەزنراوی جەماوەری شیعەی عێراق بکەن و بە ئاراستەی کۆکردنەوە و بڵندبوون رابەرایەتییان بکەن. بێ گومان ئاراستەکردنی جەماوەری شیعە لەبەر هەست بە غەدرلێکردنیان لەدوای کوشتنی بەناهەقی حوسەینی کوڕی عەلی، دەشێت کارێکی ئاسان بووبێت. ئەو پاڵنەرە مەعنەوییەی کە لە رۆژی دەیەمی مانگی موحەڕەم، کە رۆژی شەهیدکردنی حوسەینە و لە چلەکەیشیدا ملیۆنان گەنج و پیر و شیعە کۆدەکاتەوە بۆ شینی حوسەین و لەخۆیان دەدەن، ئەگەر مەرجەعیەت کەسێتیی رابەرایەتیکردن و سەرکردایەتیی هەبوایە، ئەوا لەمێژ بوو توانیبووی کار لە کۆنەستی ئەو جەماوەرە بەرفراوانە بکات و بە ئاراستەی بەدەستگرتنی دەسەڵات رابەرایەتیی کردبوون. بەڵام بە درێژایی چواردە سەدە، مەرجەعیەتی شیعە نەیانتوانی ئەوە بکەن و ئاشکرایشە کە رووخاندنی رژێمی شاهەنشایی لە ئێران بەرنامەی تەواوەتی ئەمەریکا بوو و بەرهەمی رۆحی راچەنیوی شیعە، ئەمەریکییەکان خومەینییان هێنا و دەسەڵاتی ئێرانیان رادەستی خۆی و هاوەڵەکانی کرد (بڕوانە بیرەوەرییەکانی جەعفەری شەفیعی، بەرپرسی پاراستنی ئیمام).


بێ گومان لەگەڵ دروستبوونی کۆماری ئیسلامی و نەخشەی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ ئەو شوێن و وڵاتانەی شیعە، بەشی دیار و لەبەرچاوی دانیشتوانەکانیان پێکدەهێنێت، کە عێراق هەم لەبەر زۆریی ژمارەی دانیشتوانی شیعە تیایداو هەم لەبەر هاوسنووریی لەگەڵ ئێراندا، پێش هەر جێگایەکی تر هەناردەی شۆڕشی شیعە بە دەربڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی رووی لە عێراق بوو. ئەوکاتیش مەرجەع نەیتوانی هەموو شیعە وەکوو شوێنکەوتووە غەدرلێکراوەکانی حوسەینی کوڕی عەلی کۆ بکاتەوە و بەلایەنی کەمەوە لە دەستی زەبروزەنگی دەوڵەتی تۆتالیتاری شۆڤێنی سوننەی بەعس رزگاریان بکات. پێگەی لاوازی مەرجەعیەتی شیعە وای کرد، شوێنکەوتووانی ئیمامی عەلی و کوڕە بەناهەق شەهیدکراوەکەی لە ریزی حزبی دەعوە و پاشانیش لە ریزی چەند حزبێکی تردا کۆببنەوە. دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش لە عێراقدا، کە شیعە زۆرینە بوون و فەرمانڕەوایی عێراق کەوتە دەستی ئەوان، هێشتا مەرجەعیەت ئەو هێزە مەعنەویەی نەبوو بتوانێت هەموو شیعە لەژێر چەتری خۆیدا کۆ بکاتەوە. هەڵبەت لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە مەرجەعیەت هەژموون بەسەر شیعەی عەلمانیدا بکات، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە مەرجەعیەت نەیتوانیوە شیعەی مولتەزیمی ئایینیش کۆ بکاتەوە. راستە شیعە لە رووی ژمارەی ئیمام و هەندێ رێوشوێن و سرووت و جێبەجێکردنی پەیڕەوکردنەوە جیاوازن، بەڵام هەموویان لە سەرچاوەدا یەکن. کەواتە ئەگەر مەرجەع نەتوانێت یەکیان بخات، ئیتر دەبێ رۆڵ و گرنگیی مەرجەع چی بێت؟ بەتایبەتی، کە پیاوێکی بەئەزموونی سیاسی و خوێندەواری وەکوو عادل عەبدولمەهدی، هیچ حسابێک بۆ کوژرانی نزیکەی ٤٠٠ گەنج و برینداربوونی نزیکەی ١٥٠٠٠ کەسی تر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە نەکات، بەڵام بە ئاماژەیەکی ئەو مەرجەعیەتە دەست لە کار بکێشێتەوە. بە تایبەتی مەرجەعێک کە هەتا ئێستا عێراقییەکان تەنیا وێنە بەناوی ئەوەوە دەبینن و نازانن ئایا لەڕاستیدا ئەو مەرجەعە بوونی هەیە؟ ئەگەر بوونی هەیە تەمەنی چەندە؟ بۆچی کەس نایبینێت؟ ئایا پێغەمبەری ئیسلام کەسی نەبینیوە؟ تێکەڵاوی خەڵک نەبووە. بەشداریی خۆشی و ناخۆشیی کەسی نەکردووە؟ سەردانی کەسە نزیکەکان و هاوەڵانی نەکردووە؟ ئایا ملکەچی و گوێڕایەڵیی نوخبەی سیاسی و خوێندەواری شیعە بەگشتی بۆ مەرجەعێک، کە لە وەهم دەچێت چی دەگەیەنێت؟ گریمان ئەو مەرجەعە راستە و بوونی هەیە، دیسان ملکەچی نوخبەی سیاسی و خوێندەوار و لەسەرووی هەموویشیانەوە عادل عەبدولمەهدی بۆ مەرجەع، جۆرێک لە کۆیلایەتی ناگەیەنێت؟ جێگای خۆیەتی لێرەوە سەیری ئەو عێراقە بکەین کە هەمان دۆڵی دوو رووبارەکەی پێش زایین و بەرهەمهێنی شارستانێتییە، ئەو جوگرافیایەی یەکێک لە دیارترین شارستانێتییەکانی مرۆڤایەتیی تیادا بەرهەم هاتووە، کەچی لە کۆتایی دەیەی سەدەی بیست و یەکی زایینیدا، هێزێکی نەبینراو، یان غەیبی، یان وەهمی، بڕیاری بۆ دەدات و چارەنووسی دیاری دەکات. ئەمە ئەو عێراقەیە، کە ئێمەی کوردی بەدبەخت بە زۆری زۆرداران کراوینەتە پاشکۆی و بەتەماین ببێتە وڵاتێکی دیموکراتی و ئێمەش لەسایەی ئەو دیموکراتییەدا، کە دیارە بێجگە لە وەهم هیچی تر نییە، ببینە خاوەنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان. ئایا چاوەڕوانکردنی دیموکراتی و پێکەوەژیان لە وڵاتێکدا، لەم سەردەمی پێشکەوتن و تەکنۆلۆجیایەدا، شتێکی نەبینراو بەناوی مەرجەعەوە بەڕێوەی ببات و بڕیاری بۆ بدات، بێجگە لە وەهم دەبێ چیتر بێت؟