چراخان و شه‌وه‌زه‌نگ - 16

لە سەروبەندی بۆردومانکردنی بەغدا، خه‌ڵك خه‌ڵووزیان دەکڕی، تا ماسكی گازی سه‌ره‌تایی لێ دروست بكه‌ن

مه‌حمود ئه‌حمه‌د عوسمان
و. له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: ئیسماعیل به‌رزنجی

 

رۆژانی شه‌ڕ، جادرییه‌ 2003

شه‌ممه‌ (15) ئادار
رادیۆ رای گه‌یاند، كه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا شه‌ڕ ده‌ست پێ ده‌كات، ره‌شنووسی ئه‌و بڕیاره‌ی، كه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌ریتانیا و ئیسپانیا پێشكەشیان كرد، له‌لایه‌ن شه‌ش ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش پاڵپشتی نه‌كرا، هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن به‌ریتانیاشه‌وه‌ ده‌ستكاری كرا، بۆیه‌ ئه‌وان ده‌كشێنه‌وه‌. سبه‌ینێ بووش و بلێر و خوزی ماریا ئه‌زنار، كۆبوونه‌وه‌ی باڵا ساز ده‌که‌ن و رێگه‌ بۆ شه‌ڕ خۆش ده‌كه‌ن. ماڵ هێوره‌ و باخچه‌ بێده‌نگه‌ و داروبار بێ جووڵه‌ن (عه‌لی، له‌یلان، سیكۆ، حه‌سه‌ن) سبه‌ینێ ده‌چنه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام عه‌لی ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ كاتی هێرشكردنه‌ سه‌ر به‌غدا له‌گه‌ڵماندا بێت، گومان ده‌كه‌م رێگه‌ی بده‌ن تا بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ردوو رێگه‌ی سه‌ره‌كی زۆر ناخۆشن، ژماره‌یه‌كی زۆر ئۆتۆمبێل رێزیان به‌ستووه‌ و خاڵه‌كانی پشكنین هه‌ڵسوكه‌وتیان زۆر خراپه‌ و به‌ شه‌ش حه‌وت سه‌عات ئینجا ده‌گه‌ن، وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا رێگه‌كان دابخرێن، منداڵه‌كان بزر ده‌كه‌ین، عه‌لی پاڵپشتم بوو و له‌ زۆر كاروبار یارمه‌تیی ده‌دام.

یه‌كشه‌م (16)ی ئادار
عه‌لی و له‌یلان و سیكۆ و حه‌سه‌ن سپێده‌ی ئه‌مڕۆ چوونه‌ هه‌ولێر، ماڵئاواییه‌كه‌ زۆر به‌ئازار بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌چنه‌ شوێنێك ئاسایشی تێدا به‌رقه‌راره‌، به‌ڵام روویان له‌ پاشه‌ڕۆژێكی نادیار كردووه‌ و نازانین كه‌ی یه‌كتر ده‌بینینه‌وه‌، عه‌لی نیگه‌ران بوو، له‌و باوەڕه‌دا بوو مانه‌وه‌مان له‌ به‌غدا مه‌ترسییه‌، ده‌یگوت دوای ئه‌وه‌ی له‌یلان و منداڵه‌كان بگه‌یه‌نێته‌ هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لامان، به‌ڵام ئێمه‌ مكوڕ بووین، كه‌ لای ئه‌وان بێت، چونكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا له‌و بارودۆخه‌دا مه‌ترسیداره‌. رێگه‌ی كه‌ركووك ـ هه‌ولێر داخرابوو و له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كیشدا رێگه‌ی مووسڵ ـ هه‌ولێر داده‌خرێت، سه‌ران له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ته‌له‌فۆنی بۆ له‌یلان كرد و داوای كرد به‌زووترین كات به‌غدا جێ بهێڵێت، هه‌روه‌ها ئامۆژگاریی كرد، كه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لیدا زۆر وریا بن، به‌تایبه‌تی له‌كاتی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ دوا خاڵی پشكنینی حكوومه‌تدا و خۆیان كۆنترۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌كان زۆر نابه‌جێ و بێزاركه‌ر بوو.
خه‌ڵك په‌له‌یان ده‌كرد بۆ كڕینی خه‌ڵووز، تا ماسكی گازی سه‌ره‌تایی لێ دروست بكه‌ن، خه‌ڵووزه‌ هاڕاوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خوێ تێكه‌ڵ ده‌كرا و په‌ڕۆیه‌كی شه‌فافیان له‌سه‌ر داده‌نا، له‌ كاتی به‌كارهێنانی گازی ژه‌هراویدا په‌ڕۆكه‌یان بۆن ده‌كرد، ئه‌و ماسكانه‌ سه‌ره‌تایی بوون، به‌ڵام ماسكی سه‌ربازیی له‌ بازاڕی مریدی له‌لایه‌ن عه‌سكه‌رییه‌كانه‌وه‌ ده‌فرۆشرا.

دووشه‌م (17)ی ئادار
(لارا)م گه‌یاندە كۆلێج، فه‌رمانگه‌ی پاسپۆرت خه‌ڵكێكی زۆری به‌ ده‌وره‌وه‌ بوو، هه‌ندێك رێگه‌ داخرابوون، خه‌ڵك به‌ ترسه‌وه‌ رایان ده‌كرد، هێزه‌كانی ئه‌من له‌ كه‌ربه‌لا ته‌قه‌یان له‌ گه‌ژاوه‌یه‌كی عاشوورا كرد، ناتوانین له‌وه‌ بگه‌ین ئه‌م سه‌ركورتكردنه‌ به‌رده‌وام بێت، له‌كاتێكدا لۆجیك ده‌ڵێت، رژێم چه‌ند رۆژێكی دیاریكراوی ماوه‌.
لەناكاوێكی چاوه‌ڕوانكراو هاته‌ پێشه‌وه‌، عه‌لی له‌ هه‌ولێر گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا و گوتی ناتوانم لێره‌ به‌ته‌نیا جێتان بهێڵم، گوتی دوای ئه‌وه‌ی هه‌ولێری جێ هێشت، هه‌موو رێگه‌كان داخران، ئێمه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی سه‌ركۆنه‌مان كرد و گوتمان بوونی تۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ مه‌ترسیی تێدایه‌.
ئه‌مڕۆ به‌یانی گوێم له‌ به‌رنامه‌ی (نامه‌یه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا)وه‌ی ئالاستركوك له‌ رادیۆی (BBC) گرت، جاری یه‌كه‌م له‌ په‌نجاكان یان له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان گوێم له‌و به‌رنامه‌یه‌ گرتبوو، زمانی ئالاستركوك به‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی زۆر پڕ چێژ بوو، له‌و دنیا شێته‌دا ئه‌و ده‌نگه‌ ئۆكسجین بوو.
بڕیاری ئه‌مه‌ریكایی ـ به‌ریتانیایی كێشرانه‌وه‌، دوای چه‌ند سه‌عاتێك بووش وتارێك ئاراسته‌ی گه‌لی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا شه‌ڕ راده‌گه‌یه‌نرێت.

سێشه‌م (18)ی ئادار
سپێده‌ی ئه‌مڕۆ بووش، سه‌دامی ئاگادار كرده‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی 48 سه‌عاتدا عێراق جێ بهێڵێت، ترس له‌گۆڕییه‌، به‌ڵام هیواش به‌دی ده‌كرێت.

چوارشه‌م (19)ی ئادار
به‌غدا نیمچه‌ چۆڵ كراوه‌، دیاره‌ ئه‌مڕۆ دوا ڕۆژی به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌، سێ ماسكی دژ به‌ گازی ژه‌هراوییمان له‌ دوكانێكی نزیك گۆڕه‌پانی ـ الحریه‌ـ دا كڕی، هه‌روه‌ها ئامێرێكی ئاگركوژێنه‌وه‌شمان كڕی، شه‌م سه‌ردانی كردین، كه‌ ڕۆیشت له‌ پڕمه‌ی گریانی دا، بۆ دڵنیابوون سه‌ردانی (هێنری)م كرد، ئه‌مڕۆ به‌یانی پۆستێكی له‌ ـ مریام ـ ی خوشكه‌زایه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ندێك خواردنی له‌قوتوونراو و چه‌ند پارچه‌ رۆژنامه‌یه‌ك، هه‌روه‌ها گوتی زۆربه‌ی كاتم به‌ كتێبه‌كه‌ی حه‌نا به‌تاتۆ (پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ عێراق) كه‌ (3) جوزئوبه‌نده‌، به‌سه‌ر ده‌به‌م.

پێنجشه‌م (20)ی ئادار
رۆژی یه‌كه‌می هێرش
سه‌عات پێنج و نیوی سه‌رله‌به‌یانی به‌ ده‌نگی شه‌یپووری ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌ خه‌و ڕاپه‌ڕین، چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌دوا داهات، ئه‌مه‌ راگه‌یاندنی هێرشی وشكانی بوو، تۆپه‌ ته‌یاره‌شكێنه‌كان ده‌نگیان هات، دوای چه‌ند سه‌عاتێك بووش هاته‌ سه‌ر ته‌لەڤزیۆن و جاڕی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی دا، سه‌دامیش وتارێكی خوێنده‌وه كه‌ چه‌ند پارچه‌ شیعرێكی به‌خۆوه‌ گرتبوو، له‌ده‌ره‌وه‌ چه‌ند ته‌له‌ڤزیۆنێكمان بۆ هات.

هه‌ینی (21)ی ئادار
رۆژی دووه‌م:
نه‌ورۆزه‌ و له‌ به‌خت باشی خۆر ده‌دره‌وشێته‌وه‌، وه‌ك هه‌موو ساڵان ئاهه‌نگی نه‌ورۆزمان گێڕا، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌ ساده‌یی بوو و ته‌نیا پیرۆزباییمان ئاڵوگۆڕ كرد، له‌به‌ر بۆردومان نه‌مانتوانی ئاگر بكه‌ینه‌وه‌، سبه‌ینێ زوو له‌ ده‌رگا درا، ئۆتۆمبێلی زبڵڕێژ بوو، چه‌ند شتێكی جوان بوو كه‌ ئه‌و جۆره‌ كارگوزارییانه‌ به‌رده‌وام بن، هێڵی ته‌له‌فۆن كاری ده‌كرد و ئاو نه‌بڕا و ئۆتۆمبێلی زبڵرێژ ئاماده‌یه‌، شتێكی گه‌وره‌یه‌، عه‌لی له‌لای ئه‌و دوكانه‌ی كه‌ ماسكه‌كانمان لێ كڕی، هه‌ندێك ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی پێویستی وه‌ك ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن و پۆلیس و به‌رگریی شارستانی وه‌رگرتبوو.
ره‌مزی له‌ له‌نده‌نه‌وه ته‌له‌فۆنی كرد، به‌ زه‌حمه‌ت گوێمان له‌ ده‌نگی ده‌بوو، چونكه‌ باڵه‌فڕه‌ به‌چڕی وه‌زاره‌تی پلاندانانی له‌ كه‌ڕاده‌ مەریه‌م و فه‌رمانگه‌كانی پشت ئه‌وێ بۆردومان ده‌كرد.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵی (BBC) هێزه‌ هاوپەیمانه‌كان به‌ قووڵاییی 150 كم هاتوونه‌ته‌ باشووری عێراقه‌وه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌ر ئوم قه‌سردا گرتووه‌، به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی ـ جۆن سمیت ـ په‌یامنێری (BBC) له‌ هه‌ولێر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكن ده‌ست به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووكدا ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌لایه‌ن هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ پشتڕاست نه‌كرایه‌وه‌، یه‌ك له‌ ته‌قینه‌وه‌كانی دوێنێ له‌ نزیك ماڵی ـ سهی التریحي ـ بووه‌، به‌ڵام (سعاد الراضي) ده‌ڵێت هیچ زیانی پێ نه‌گه‌یشتووه‌.

شه‌مە (22)ی ئادار
رۆژی سێیه‌م
له‌ کاتژمیر 8ی ئێواره‌ی دوێنێوه‌ بۆردومانی ئاسمانی ده‌ستی پێ كرد و تا به‌ره‌به‌یانی رۆژی دوایی به‌رده‌وام بوو، من و فائیزه‌ و عه‌لی و لارا له‌ ژووره‌ بچووكه‌كه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن، له‌ نهۆمی خواره‌وه‌ بووین، بێ ئه‌وه‌ی بخه‌وین، به‌پێی هه‌واڵێكی (BBC) دوێنێ شه‌و 320 مووشه‌ك له‌ به‌غدا دراوه‌، واته‌ زیاتر له‌و مووشه‌كانه‌ی ماوه‌ی شه‌ڕی كه‌نداو.
سپێده‌ی رۆژی دواتر وه‌رامی ته‌له‌فۆنه‌كانمان دایه‌وه‌، ئاهه‌نگ، داده‌، پووره‌ نه‌فیس له‌ هه‌ولێر و نه‌وزاد له‌ پۆرتلاند سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆنیان كردبوو، پێمان گوتن سه‌لامه‌تین، سه‌ردانی ـ هێنری ـ م كرد، بینیم ئه‌و شووشه‌به‌نده‌ی، كه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ وردوخاش بووه‌، له‌ناو شووشه‌ی وردوخاش دانیشتبوو، نازانم چی ده‌كرد، باش بوو ـ چاری ـ هات و به‌ هه‌رسێكمان هه‌ندێك پارچه‌ شووشه‌ی گه‌وره‌مان كۆ كرده‌وه‌ و به‌ تێب به‌ یه‌كه‌وه‌مان نووساند و به‌ كارتۆن بۆشاییه‌كانمان پڕكرده‌وه‌، ئیشه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام كاتی بوو.