ئەمبێرتۆ ئێکۆ وای گوت

2
تیرۆر نە نیشتمانێکی دیاریکراوی هەیە، نە گۆڕەپانێکی دیاریکراو، بەڵام ئایین و ئایدۆلۆجیای دیاریکراوی هەیە

پۆپۆلیزم هاوارێکە لە سۆز، ڕووی دەمی لە قەوارەیەکە کە دیاریکراو نییە، بەڵام هەیە، پێی دەڵێین گەل، کە پۆپۆلیست لە هەوڵی ئەوەدایە جڵەوی بکات. پۆپۆلیزمی نوێ، وەک بەرلیسکۆنی لەڕێی کەناڵی تەلەڤیزیۆنەوە گەل دەخاتە بن هەژموونی خۆیەوە. جاران مۆسۆلینی بە تۆپزی خەڵکی کۆ دەکردەوە و گوتاری بۆ دەدان، هەنووکە تەلەڤیزیۆن برەو بە دیاردەی پۆپۆلیزم دەدات. بەرلیسکۆنی ناچێت لە پەرلەمانەوە گوتار بدات، لە تەلەڤیزیۆنەوە دەپەیڤێت، ئاخر چەندان کەناڵی هەیە. پۆپۆلیست زیاتر پشت بە توانای گوتاردان دەبەستێت، وەک لە بەرنامەی کار، گوتاردان لە تەلەڤیزیۆنەوە. بەهۆی ئەوانەوە کە سەیری کەناڵەکانی دەکەن و تەمەنیان لە پەنجا ساڵ بەرەوژوورترە، بەرلیسکۆنی دەتوانێت ماوەیەکی دوورودرێژ کەسی یەکەمی دەسەڵات بێت.

فاشیزم بە زەحمەت پێناسە دەکرێت، ئاخر وەک نازیزم یان ستالینیزم، ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراوی نەبوو، بریتیبوو لە کولاجکردنی فیکر و فەلسەفەی جیاوازی تژی لە ناکۆکی، هاوزەمان بریتیبوو لە ڕژێمی پاشایەتی و شۆڕش، لە سوپای شایانە و میلیشیای مۆسولینی، لە دەوڵەتی ستەمکار و بازاڕی ئازاد، لە داهاتووخوازی و هونەری فاشییانە. فاشیزم بۆیە گەشەی کرد، چونکە وەک سوپەر مارکیتێک وابوو، هەمووان دەیانتوانی لێی بدزن، بەڵام هەموو شتێک بە ویستی دیکتاتۆر بەڕێوە دەچوو. هێشتا لە ئیتالیا تەلاری ڕۆشنبیریی سیاسی، لەسەر بناغەی سەرکردەی کاریزماتیک ڕۆ نراوە. هێشا لە ئیتالیا ژن ئازاد نییە، هێشتا جڤاکێکی نێرسالارە. جاران کادیرانی حیزب، پارەیان بۆ حیزب دەدزی، هەنووکە بۆ خۆیانی دەدزن.

تیرۆر نە نیشتمانێکی دیاریکراوی هەیە، نە گۆڕەپانێکی دیاریکراو، بەڵام ئایین و ئایدۆلۆجیای دیاریکراوی هەیە. قاعیدە دوو بورجەکەی ئەمریکای بە دوو باڵافڕی ئەمریکایی وێران کرد. ئامانجی کاری تیرۆریستی، کوشتنی هەڕەمەکییانەی چەند کەسێک نییە، مەبەست لێی تێکدانی ڕیزەکانی دوژمنە. ڕاگەیاندن ئەوەندە ڕووناکیی دەخاتە سەر تیرۆر، با نیازیشی پاک بێت، دەکەوێتە خزمەتییەوە. بە شێوازی کۆن شەڕ لەگەڵ تیرۆر ناکرێت، هەمووان ئەم ڕاستییەیان دەزانی، (بوش)ی سەرۆکی ئەمریکا نەبێت، ئەگەرنا پەلاماری ئەفغانستانی نەدەدا.

من هیگڵی نیم، بڕوام بەوە نییە مێژوو هەمیشە بەرەو باشتر بەڕێوە بێت، ئاخر زۆر جار بۆ دواوە دەگەڕێتەوە. بەشێکی زۆر لەوانەی سەرقاڵی سیاسەتن، لە دووی بەرژەوەندیی خۆیان وێڵن، نەک بەرژەوەندیی گشتی. نووسین ئێستا ناگۆڕێت، داهاتوو دەگۆڕێت. کتێبێک دەخوێنێتەوە، قووڵ کارت تێ دەکات، بەکاوەخۆ کەسایەتی و شێوازی بیرکردنەوە و چۆنییەتی هەڵسوکەوتت دەگۆڕێت.

ئەوە باشە بزانین هیتلەر کێ بوو، بەڵام ئەوە هیچ گرنگ نییە بزانین، ئەو ڕۆژەی خۆی کوشت، ڕەنگی گۆرەوییەکانی چۆن بوو. کارەکتەرێکی بۆرخیس کە (فۆنیس)ی ناوە، یادگەی بەهێز دەیکوژێت، یادگەیەکی تژی لە شتی بێبایەخ. ئینسان کە وەک فۆنیس هەموو شتێکی لە بیربوو، شێتە، یان لای کەم گەوجە. ئینتەرنێت وەک ئەو کەسە گەوجە وایە، ئاخر نە دەتوانێت هەڵە و ڕاست لێک جیا بکاتەوە، نە پێی دەکرێت، بێبەها و بەهادار جوێ بکاتەوە. ڕۆشنبیری ئەوە نییە هەموو شتێک لە یادگەماندا کۆ بکەینەوە، ئەوەیە زانیارییەکان لەگەڵ یەکدا بگۆڕینەوە و گوتوبێژ لەبارەیانەوە بکەین. خەوشی سەرەکیی ئینتەرنێت ئەوەیە، شارەزای هونەری لەبێژنگدان نییە، پێویستە خوێندنگە، خوێندکار فێری هونەری لەبێژنگدان و بەراوردکاری بکات، تا بتوانێت چەوت و ڕاست بناسێتەوە. ئینتەرنێت چونکە توانای ئەوەی نییە (زانیاری)ی چەوت لە هی ڕاست جیا بکایەوە، بۆیە وەک تەونی جالجاڵۆکە و وەک ونگە وایە، لە درەختێک ناچێت کە قەد و لق و گەڵای بە ئاسانی جودا بکرێنەوە. خۆر شتێکی ڕۆشنە، بەیانیان لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێت و ئێواران لە ڕۆژئاواوە ئاوا دەبێت. هەمووان خۆر وەها دەبینن، بەڵام ئەوە زانیارییەکی دروست نییە.

ناتوانین شتێک دابهێنین لە کتێب باشتر، کتیبی ئەلیکترۆنی کە دەتوانین پەڕەکانی هەڵبدەینەوە، شتێکی نوێ نییە، لاساییکردنەوەی کتیبی کاغەزییە. کتێبی کاغەزی سەربەخۆیە، بەڵام کتێبی ئەلیکترۆنی سەربەخۆ نییە، لای کەم پێویستی بە کارەبایە، یان پشت بە پاتری دەبەستێت کە عومری کورتە. کتێبیکی کاغەزی با تەمەنی پێنجسەد ساڵیش بێت، هەر دەتوانین بیخوێنینەوە، بەڵام تەمەنی کتێبی ئەلیکترۆنی دیاریکراوە، ئاخر زوو یان درەنگ موگناتیسەکەی لە کەڵک دەکەوێت. کتێب کاغەزی بێت، یان ئەلیکترۆنی دەشێت تژی بێت لە گەوجایەتی، ئەوەی ڕۆشنبیری پێک دەهێنێت، هەڵبژاردنی کتێبی چاک و زانیاریی دروستە. لە کتێبدا، گرنگ تەنقیەیە، نەک تەقنییە. ویکیپێدیا بەڵگەیەکی ڕۆشنە بۆ لاوازیی ئینتەرنێت، ئاخر تژییە لە هەڵە، لە درۆ، لە هەڵبەستن و لە گەوجایەتی، چونکە هەڵە ناناسێتەوە و یادگەی وەک یادگەی (فۆنیس)ی بۆرخێس پڕە لە شتی بێکەڵک.

لە سەدەی چوارەم بە دواوە، ئینسان فێری ئەوەبوو، بێدەنگ بخوینێتەوە، ئاخر پێشتر بە دەنگەوە کتێب دەخوێنرایەوە. چاوەڕێی ئەوە مەبن خۆری کتێب ناوا ببێت، کتێب وەک کەوچک و چەکوش و مەقەست وایە، گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام لەناو ناچێت. هەرگیز ناتوانین دەستبەرداری کتێب ببین، ئاخر دەتوانین لە هەموو هەلومەرجێکدا کەڵکی لێ ببینین، ئیدی بەسەر درەختەوە بین یان لە بیاباندا، ئیدی کارەبا هەبێت یان نا؟ کتێب کە دەیگرین بە دەستمانەوە، کە پەڕەکانی هەڵدەدەینەوە، کە تێبینی لە پەراوێزی ڕووپەلەکانیدا دەنووسین، کە دووبارە دەچینەوە بۆ کنی، چێژی لێ وەردەگرین، چێژێک کە مەحاڵە جێگرەوەی بۆ پەیدا ببێت. تا زیاتر گۆڕانکاری لە کتێبی ئەلیکترۆنیدا بکرێت، زیاتر لە کتێبی کاغەزی دەچێت. خوێندنەوەی کتێبی کاغەزی، نەک هەر لە خوێندنەوە کتێبی ئەلیکترۆنی ئاسانتر و خۆشترە، بەڵکوو خوێندنەوەی کتێب لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤاریش ئاسانتر و خۆشترە. کتێب تەمەنێکی درێژی هەیە بەڵام دیسک نا، ئاخر کۆمپیوتەر زوو زوو گۆڕانی بەسەردا دێت و ڕەنگە ئەو دیسکەی هەنووکە کۆمپیوتەر دەیخوێنیتەوە، کۆمپیوتەری چەند ساڵێکی دیکە نەیکاتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان ئەوانەی زۆر سەیری تی ڤی دەکەن، ئەوانەی زۆر ئینتەرنێت بەکار دەهێنن و ئەوانەی زۆر گوێ لە ڕادیۆ دەگرن، زۆرتر لە کەسانی دیکە دەخوێننەوە. وێب نەک هەر ناتوانێت، خۆشەویستیمان بۆ بۆ خوێندنەوەی کتێب لاواز بکات، بەڵکوو هانمان دەدات زیاتر شەیدای کتێب ببین و لە دووی بگەڕێین. وەک چۆن فۆتۆگراف، هونەری وێنەکێشانی نەکوشت، وەک چۆن تی ڤی، سینەمای لەناو نەبرد، وەک چۆن باڵافڕ جێی بە شەمەندەفەر لێژ نەکرد، (وێب)یش زیانی بۆ وەشانخانە نابێت، بڵاوکردنەوەی کتێب هەر لە برەودا دەبێت و تەکنیکێک پەیدا نابێت، پێش کتێب بداتەوە، یان خواستی لەسەر کەم بکاتەوە.

لە ١٨٣٦دا بەلزاک گوتی: شارستانیی پیشەسازی کاری هونەریی وێران کرد، ئیدی شیاوی هونەر نین، هەر شیاوی (کاڵا)ین، بەڵام دوای چەند ساڵێکی کەم لەو گوتەیە، ستانداڵ (خەڵوەتخانەی پارما)ی نووسی و چل ساڵ دواتریش دەستۆیفسکی، (برایانی کارامازۆڤ)ی نووسی. خۆ لەبەر خوێنەری گەوج واز لە نووسین ناهێنم. کە کتێبێک هەزار دانەی لێ بڵاو دەبێتەوە، بێ گومان لێی دەکەوێتە بەردەستی کەسانی وا، توانای ئەوەیان نییە، بیروڕای کەسەکانی نێو کتێبەکە، لە بیروڕای نووسەری کتێبەکە جیا بکەنەوە. ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانیایی لێی پرسیم: چۆن ئیتالیا دەتوانێت بەرلیسکۆنی قەبووڵ بکات؟ منیش گوتم: ئەدی ئەڵمانیا چۆن توانی هیتلەر و فەرەنسا چۆن توانی فیشی قەبووڵ بکات؟

لای من ئیتاڵیا بەر لە هەموو شتێک زمانە. ئەگەر فەرەنسایییەک ئێستا فرانسوا ڕابلیە (١٤٩٤ - ١٥٥٣) بخوێنێتەوە، زەحمەتە تێی بگات، بۆ ئینگلیزێکیش هەمان شتە، ئەگەر کتێبی جێفری چاوسەر (١٣٤٣ - ١٤٠٠) بخوێنیتەوە، بە پێچەوانەوە، شۆفێرێکی تاکسیی ئیتالیایی بە ئاسانی لە کۆمێدیای خواییی دانتی (١٢٦٥ -١٣٢١) تێدەگات، چونکە زمانی ئیتالیایی لە هەزار ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی ئەوتۆی نەکردووە. زمان کاتێک گۆڕانی بەسەردا دێت، بەر واقیعی ڕۆژانەی ئەو میللەتە بکەوێت کە بەکاری دەهێنێت. ئەم ڕەوشەی زمان وای کرد، بەیەکبوونی ئیتالیا دوا بکەوێت.

تی ڤی ڕۆڵێکی گرنگ لە سەرهەڵدانی زمانی ستانداردا وازی دەکات، لە کۆتاییی ساڵانی پەنجادا، بەرنامەیەکی میللی لە تی ڤییەوە پەخش دەکرا: پارەکەت بکە بە دوو هێندە یان بڕۆ، ئێوارانی پێنجشەممان کە پێشکەش دەکرا، لە هەموو ئیتالیادا (ژیان دەوەستا) ئاخر هەمووان بە دیارییەوە دادەنیشتن. ئەو بەرنامەیە ڕۆڵێکی گرنگی لە جوانکردنی زمانی ئیتالیاییدا بینی، تەنانەت بەرلیسکۆنی کە بە زمانێکی باش دەپەیڤێت، لە تی ڤییەوە فێری بووە.

هەمیشە لەبارەی (ناوی گولەباخ)ەوە پرسیارم لێ دەکرێت، نەک لەبارەی کتێبەکانی ترمەوە، ئەگەر مارکیز دوای ڕۆمانی: سەد ساڵ دوورەپەرێزی، (کۆمێدیای خوایی)یشی نووسیبا، هەر سەبارەت بەو ڕۆمانە بەناوبانگەی پرسیاری لێ دەکرا. ڕەنگە بە ناوی خوازراوەوە، ئەوە بنووسم کە ئەم یان ئەو دەزگای پەخش داوام لێ دەکات، بینووسم، بەڵام بە ناوی خۆمەوە، هەر ئەوە دەنووسم کە خۆم دەخوازم بینووسم.

دوو هاوڕێم هەبوو لە خۆم گەورەتر بوون، فەلسەفەیان دەخوێند، زوو زوو هەوڵیان دەدا، بیسەلمێنن کە من زۆر گەوجم، لە داخی ئەوان چووم فەلسەفەم خوێند. من هەم بووم بە فەیلەسووف و هەم بە زانای بواری سیمۆتیکا کە ئەو زانستەیش فۆرمێکی نوێی فەلسەفەیە. من هاوڕێی ڕۆڵان بارت بووم و خۆشم دەویست، بەڵام ئەوەی پێی وابوو: (زمان فاشیستە،) گەوجایەتییەکی گەورە بوو، ئاخر شۆڕش هەموو سیستەمێکی فاشیست لە عەرشەکەی دەهێنێتە خوارەوە، زمان قەفەز نییە، شۆڕشێکی بەردەوامە.

وەرگێڕانەکان پیر دەبن، بەڵام (هاملێت)ی شەکسپیر بە گەنجیی دەمێنێتەوە، بۆیە دەبێت زوو زوو تەرجەمە بکرێتەوە. وەرگێڕان شێوەیەکە لە شێوەکانی لێکدانەوە و هەموو وەرگێڕانێک زادەی هەلومەرجێکی دیرۆکییە کە هەمیشە لە گۆڕاندایە. هەر وەرگێڕانێکی نوێ، هەمان کارە ئەدەبییە ئۆرجیناڵەکەیە بەڵام بەدەم گۆڕانەوە. هونەر بە گشتی، بەردەوام پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و سەرلەنوێ لێکدانەوەیە. ئاپیکۆر گوتوویەتی: زمان بەردەوام لە دایک دەبێتەوە.
تۆ کە نیشانەناسیت، نیشانە بە لاتەوە چییە؟ نیشانە ئەوەیە، ئەوەی لە خەیاڵی مندایە، بۆ خەیاڵی ئەوانەی دیکەی دەگوێزێتەوە. وەک زانایەکی نیشانەناسی، ئیشم ئەوەیە بۆنی ئەو شتە بکەم کە لەدوای دیسکۆرسەوە خۆی حەشار داوە. خۆ نووسەر فاڵگرەوە نییە، وەڵامی هەموو پرسیارێک بداتەوە، زۆر پرسیار هەن، نووسەر ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە. خۆ نابێت لەبەر ئەوەی لۆلیتای نووسیوە، نابۆکۆڤ بە منداڵباز تۆمەتبار بکەین، دەتوانین کەسێکی راستگۆ بین و کتێبێک لەبارەی درۆوە بنووسین.

لە ئیتالیا پێکەنین وەک قەدەغە وایە، ئەدیب نابێت لە قۆشمە نزیک بکەوێتەوە، پێویستە هەمیشە وشکوبرینگ بێت، فەرەنسا زۆر باشترە، قۆشمەی پێ هەرس دەکرێت، بەڵام لای ئینگلیز لە هەموو کۆڕێکی چاکدا، پێویستە سێ قۆشمە هەبێت. یەکەمیان بۆ ئەوەی ئامادەبووان بەرزەفت بکەیت، دووەمیان بۆ ئەوەی لەوە دڵنیا بیت، هێشتا ئامادەبووان گوێت لێ دەگرن و سێیەمیان بۆ ئەوەی جوان کۆتایی بە کۆڕەکە بهێنیت.

*
(١) إسکندر حبش، هکذا تکلم أمبرتو إیکو، ورد للنشر والتوزیع ٢٠١٨ دمشق.
(*) تنقیة: جیاکردنەوەی باش لە خراپ. تقنیة: تەکنیک.
(**) ونگە: مەتاهە.