بە پەیكەری جاڵجاڵۆكە تۆڵەی دایكی لە باوكی كردەوە!

لویس بۆرژوا 1911- ؟

ئەم ئافرەتە هونەرمەندە، كچی خێزانێكی سێ منداڵییە و خۆیشی منداڵی دووەمە، لە 25ی دێسەمبەری 1911ز لەدایك بووە. لە ساڵی 1936-1938ز كۆلیژی بەشی (ریازیات) بەجێ دەهێڵێت و دەڕواتە دونیای هونەرەوە.


لە ساڵی 1938ز لەگەڵ مێردەكەیدا، كە پسپۆڕی بواری مێژووی هونەر بووە، بەرەو ئەمەریكا كۆچ دەكەن و لە شاری نیۆیۆركدا دەگیرسێنەوە.


لە ساڵی 1945ز یەكەمین پێشەنگای تایبەتی لە كارە شێوەكارییەكانی لە گەلەری (پڕتاشتر) لە نیۆیۆرك دەكاتەوە.


لە ساڵی 1981ز باوكی دەمرێت و ڕەگەزنامەی ئەمەریكای پێ دەدرێت، هەمیشە بەتەنیا كاری كردووە و تێكەڵی هونەرمەندان نەبووە. لە ساڵی 1988- 1989ز لە بڕێك لە شارەكانی ئەمەریكا پێشانگە دەكاتەوە. ناووباو كەمێك درەنگ بەدەست دەهێنێت.


لە ساڵی 2007ز مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن، پێشانگەی تایبەتی بۆ دروست دەكات، ئەودەم تەمەنی 95 ساڵ بووە.


ئەم هونەرمەندە سەردەمی منداڵی پڕ بووە لە دەرد و فرمێسك و ڕەنج و ئازار، هەموو ئەمانەی لە دەرووندا گەورە كردووە و تا درەنگانێك توانیویە بە شێوەیەك بخاتە بەرچاو، تا ئەو سەردەمە بەو شێوەیە، كە ناسراوە بە (ئیستالیشن) هیچ هونەرمەندێك نەیكردووە. (ئیستالیشن) من ناتوانم بیكەمە كوردی، تەنیا دەتوانم بڵێم، ئەو شێوە كارە لە ئاسن و مەتریالێكی تر، كەرەستەیەكی تازەباوی دونیای ئاسن و پۆڵا و ئەو بابەتانەیە. وشەیەكی كوردی پڕ بە پێستمان نییە جێگەی (ئیستالیشن) بگرێتەوە. ئەو ناوە هەتاوەكوو لە زمانی ئینگلیزیشدا تازە باوە...


بە هەرحاڵ، ئەم خانمە هونەرمەندە لەمێژە بە هونەرەوە خەریكە، بەو شێوەیە تایبەتیی خۆی دەیەوێت، گەلێك درەنگ ڕەخنەگران و دونیای هونەر دانیان بە لێهاتووییدا ناوە، تا سەرەنجام شاری نیۆیۆرك هاتە دەنگ، بەڵام دوای چەندان ساڵ! لویسی ڕقهەستاوی ئاڵۆز و تووڕە، ئەو ماوە دوورودرێژە نەیتوانیبوو ڕەفتار و كرداری باوكە بەڕەڵاكەی فەرامۆش بكا. باوكێكی تووڕە و جنێوفرۆش و دەمپیس، باوكێكی كەللـەكەری دەستوشێن، باوكێكی سەرخۆش و بێهۆشی بیرنەخۆش. لویسی منداڵ بە چاوی خۆی دەیدی، باوكی چۆن زۆر و بەڕەزا بە بەرچاوی منداڵەكانیەوە سواری ئافرەتە خزمەتكارەكەیان دەبێ و دایكی مەزڵووم و ناچاریش لە ترسی لێدان و ئاژاوەی زۆرتردا، جگە لە فرمێسك ڕژاندن بێدەنگ و سەبوور لە گۆشەیەكدا تەماشەكەر دەبوو. لویس لە ئاوا دۆزەخێكدا لەگەڵ گەورەبووندا ئازارەكانیشی گەورە دەبوون. كە گەورە بوو، ئەوەی باوكی پێی ناخۆش بوو دەیكرد. زۆربەی تابلۆ شێوەكارییەكانی لە بازنەی ڕق و ئاڵۆزییەكاندا دوور نەدەكەوتەوە، وەك ڕەخنەگرانی هونەری دەزانن. بەپێی بیروڕای گەورەدەروونناسی جیهان (فرۆید) هونەر خۆی دەوای دەروونە ئاڵۆزەكانە. ئەو خانمە دەكۆشا لەو ڕێگەیەوە لە ڕووی دژایەتیی باوكیەوە زامەكانی تیمار بكا. باوكی پێی ناخۆش بوو شووی بە كەسێكی ئەمەریكی كرد، هەروەها پێی ناخۆش بوو چووە ئەمەریكا، بەڵام ئەو خانمە بەم دووركەوتنەوە ئاسۆی ڕوانینی دوو هێندە فراوان و گەش بوو. لەوێ كەوتبووە خوێندنەوەی بیروبۆچوونەكانی فرۆید و چەندان كاری هونەری لەو خوێندنەوە وەردەگرێت. كارەكانی لویس برژوا لە زۆریاندا كاروبابەتی هەندەسەی تەلارسازیی تیا دەبینرا، ماڵی خۆیان و سەردەمی منداڵیی خۆی و باوكی بە شێوەی پەیكەرسازی دروست كردبوو، بینەری تووشی ترس و تۆقان دەكرد و دەیخستە بیری كوشتنی ناو ئەفسانەكان. خۆ ئەگەر یەك لە هاوەڵەكانی تووڕەیان كردبا، هەڕەی بۆ دەهاویشت، یان چەكوش و ئامێری تری تێ دەگرتن.


ئەو چەندان كتابی نووسیوە و تیادا كۆشاوە دڵ و دەروونی ئازاردیدەی خۆی تیادا دەرمان بكات. لە زۆربەی كارەكانیدا ڕەگەزی نێرینەی وەك گیانلەبەرێكی دڕ و دەستوەشێن و زرتەزەلام خستووەتە بەرچاو. لە ساڵی 1999ز پەیكەری (هەرێمی خۆڵەكەویی) دروست كردووە، واتا لە نەوەت ساڵیدا ئەو كارەی كردووە، ناوی كەوتووەتە سەر زمانی دۆست و دوژمن. فكری لێ بكەوە، ئافرەتێكی نەوەد ساڵە كارێكی وا سەختی پەیكەرتاشین بخاتە ڕوو، تەواوی ریكلام و ڕۆژنامە و كەناڵەكان و ڕەخنەگرانی دونیای هونەر بهێنێتە جەولان و گفتوگۆ. ئەو خانمە پۆڵایینە سەروكاری لەگەڵ ئاسن و پۆڵا و ئیستیلا هەبووە، بەو شێوەیەی ویستوویەتی چەماندوویەتەوە و لوولی كردووە. گریەی تێخستووە و شكڵ و شەمایلی نەبینراوی خستووەتە بەرچاو. وەنەبێ بە ناووباوی ئەو پەیكەرەی كە بووە پلەكانەی ناووباو و شۆرەتی داكەوتبێ، بەڵكوو دەروونی نائارام و كەفكردووی هانی داهێنانی زۆرتری داوە. سەرەنجام پەیكەرە بەناوبانگە عالەمگیرەكەی (دایك)ی كرد. ئەو هەمیشە هاوخەمی دایكە مەزڵووم و غەدرلێكراوەكەی بووە. پەیكەری دایك لە سەرتاسەری جیهان دەنگی دایەوە. ئەو نەهات پەیكەری ئافرەتێكی داماو بخاتە بەرچاو، ئەو نەیویستووە وەك هونەرمەندانی دیكە ئازارەكانی منداڵیی بخاتە بەرچاو. لە جێی دایكە داماوەكەی، پەیكەری جاڵجاڵۆكەیەكی مینگەی زلزەلامی كرد. وەك زانراوە جاڵجاڵۆكەی مێ دوای جووتبوون نێرەكەی دەخوا، ئەو بەو شێوەیە تۆڵەی دایكی لە باوك و هەرچی پیاوی دەستەوەشێن هەیە، كردەوە.


لە ساڵی 2016ز خەڵاتی (ئەدەب و هونەر)ی یەكێتیی ئەورووپام پێ بەخشرا، دەبوو بڕۆیشتمایە بۆ هۆڵەندە بۆ شاری لاهای بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە. لەوێ ڕێم كەوتە شارێك ناوەكەیم بیر نەماوە، پیاسەم دەكرد، ساختمانێكی پێش شووشە سەرنجی ڕاكێشام، كە لە بەشی ناویەوە ورد بوومەوە، پەیكەری جاڵجاڵۆكەیەكی بەرز و بڵندم بەرچاو كەوت، بڵندییەكەی دە مەتر دەبوو. بەندە ناوی ئەو خانمە هونەرمەندە و جاڵجاڵۆكەیم بیستبوو، وێنەكەیشم لەمێژدا دیبوو، باوەڕم نەدەكرد من ئەوەندە خۆشبەخت بم، لەنزیكەوە ئەو پەیكەرە ببینم. جا جاڵجاڵۆكە چ دەعبایەكی سەیر بوو، بە قەپێك پیاوێكی قووت دەدا، قوڕساییەكەی پێنج سەد كیلۆ بوو. لەژێریدا لەناو شەش پا بەرز و بڵندەكەیدا چوارمەشقی لێی دانیشتم. هاوژینەكەم (بە ڕەحمەت بێت) لەگەڵ بوو، ئەو لای ناخۆش بوو خەڵكی تر وێنەم لێ دەگرێت، كە لە چەقی پاكانیدا چوارمەشقی لێی دانیشتووم، بەڵام من ئەركی خۆم ئەنجام دا، چونكە دانیشتنەكەم ستایشێك بوو بۆ داهێنانەكانی ئەو ئافرەتە هونەرمەندە زەجردیوە. لویس هەمیشە لە باسی دایكیدا دەڵێـت: "دایكم گەلێك زیرەك و بەگوزەشت و دڵفراوان و سەبوور و كۆڵنەدەر بووە، هەمیشە وەك جاڵجاڵۆكە بووە". ئەم هونەرمەندە تەنیا بە پەیكەری جاڵجاڵۆكە ڕازی نەبووە، بەڵكوو تابلۆیەكی دیكەی كردووە، ئەو و برا و خوشكەكانی لەجیاتی خواردن، بەسەر مێزەوە خەریكن باوكیان دەخۆن.