هۆنراوە و گۆرانییەکانم - 43

هاینریش هاینێ


      بەندبێژێکی ئەڵمانیی سەردەمی رۆمانتیک
              هاینریش هاینێ
        Heinrich Heine  (1856 - 1797)
          
پێشکەشکردن و لە ئەڵمانیشەوە هەر بە شیعر وەرگێڕانی لیریکی (لە مانگە زۆر خۆشەکەی گوڵاندا im Wunderschoenen Monat May) بۆ سەر کوردی:
  هۆمەر دزەیی


هاینێ و هەڵبەست
هاینێ، پتر بە ”لیریک بێژ lyricist“ نەک ”هەڵبەست بێژ، شاعیر poet “ دەژمێردرێ. 


لیریک lyric وشەیەکی لاتینی/ گریکییە، بە واتای هەڵبەستێکی سادە و ساکار دێت، کە داندرابێ بۆ ئەوەی بە دەنگ بگوترێت. لەبەر ئەوە، زۆرترایەتیی لیریک شێوەیەکی فۆلکلۆرییانەیان پێوە دیارە، میتەر و دوادەنگیان (کێش و سەروا، وزن و قافیة)یان وەک هی شیعرێکی رێکوپێک دروست نین. لەوانەیە لە چوارینێکدا تەنیا جووتێکی هاودوادەنگ بن، جووتەکەی تریان نا. یانیش لە هەمان چوارینا دێڕێک لەوانی تر درێژتر بێت و هەمان ریتمی موزیکیشی نەبێت. جا لێرەدا پیاو دەتوانێ، تا رادەیەک، (بەیت و بەند و بالۆرە)ی کوردەواریی خۆمان بە (لیریک) دابنێ. ئەوەندە هەیە، کە لیریکی ئەوروپای ئەوڕۆ، یان باشترە بڵێین ئەروپای دوای رێنێسانس renaissancs، دانەرەکەی دیارە، هەرچی بەیت و بەند و بالۆرەی کوردەوارییە، ئەمانە بە زۆریی دانەرەکانیان نەناسراون. ئەوەش هەیە، کە هەمان لیریکی ئەوروپایی لە سەردەمی رۆمان و گریکەکاندا، ئەوانیش دانەری نەناسراویان هەبووە. وشەی (بالۆرێ، لۆراندن، بلۆرێنە، ئەز دلۆرینم) کە یەکەمیان ژانڕێکە لە گۆرانیگوتن لای سۆران زارەکان و ئەوانی تریش زۆر جار کرمانجەکانی باکوور بۆ گۆرانی و سترانی بەکار دێنن، جا ئەمانە هەمووی، لە رووی ئێتیمۆلۆژییەوە تا رادەیەک، لە وشەی (لیرا، لیریک)ە گریکییەکەوە نزیکە. خۆی هەر (لیرا lyra) ئامێرێکی موزیکاڵی کۆنی گریکی بووە. 


بابەتەکانی لیریک پڕن لە ئەوینداری و دڵی شکاو و جەرگی بڕاو و قارەمانیەتیش. شێوازی دەربڕینی ئەو هەستانەش توزێ زیاد لە پێویست ئاگرین و بە سۆژە. جا سەبارەت بەو یەکلابوونەوانە، پیاو نابێ شیعری هاینێ لەگەڵ شیعری شاعیرە گەورەکانی سەردەمی رۆمانتیزمی ئەڵمانی وەک گۆتە Goethe، شیلەر schiller، ئایشندۆرف Eichendorf، نۆڤالیس Novalis، مۆریکە Moerike و زۆری تر بەراورد بکات، هەرچەندە کە هاینێ بە گەورەترین لیریکبێژی ئەڵمان دادەندرێ. 


ئەم هەڵبەستەی کەوا لێرەدا لێی دەدوێم، خۆی بژاردەیەکە لە ژمارەیەک کەرتی (ستانزا)ی جیاجیای لیریکێکی ناوداری هاینێ (لە مانگە زۆر خۆشەکەی گوڵاندا) کە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەنێواندا نییە. لەبەر ئەوە پیاو دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی چەند ستانزایەک هەڵبژێرێت و ئەوانی تر بخاتە پشتگوێ، یان پاش و پێشیان بخا، بێ ئەوەی واتای گشتیی لیریکەکە تێک بچێت.


من کە لە ساڵانی 1965 -1961 لە پاریس دەمخوێند، کچە ئەڵمانێکی دۆستم (ئینگە فرانکە Inge Franke) هەستی کرد، کە حەزی زۆرم لە شیعر و ئەدەبییاتە، بەتایبەتی شەیدای شیعری سەردەمی رۆمانتیکی ئەوڕوپاییم، کە ئەو خۆیشی هەر وابوو. جا کە گەڕایەوە بۆ ئاڵمانیا، لەوێوە کۆمەڵێک لەو لیریکانەی هاینێی بۆ ناردم، کە خۆی بە دەست چاپی کردبوون و ئێستاش ماومن. لەپاشاندا خۆیشم دیوانێکی شاعیرم کڕی و سەیرم کرد پاش و پێش هەیە لەنێوان ستانزاکانی دیوانەکە و ئەوانەی ئینگە بۆی ناردبووم. دیار بوو ئینگە تەنیا بەشێکی لەو لیریکە درێژەی هاینێی بۆ ناردبووم، کە لە 65 ستانزا پێک هاتووە. جا منیش لەم و لەو ئەم کۆمەڵەم هەڵبژارد، کە پێم وایە چێژ و بۆیەکی تەواوی بەند و بەستە و شیعری کوردی و رۆژهەڵاتییان پێوەیە. 


وەک دەیبینن، ژمارەی دێڕی ستانزاکان لە یەکتری جیان: ستانزای هەشت دێڕی و دوازدە دێڕی و شازدە دێڕیشیان تیایە. هاینێ زۆر لەوە پتریشی هەیە.  


جا کە هاینریش هاینێ جۆش و خرۆش و سێنتیمێنتالیزمێکی بەو چەشنە هەڵڕێژتبێت، خۆ جێی خۆیەتی موزیککارە رۆمانتیکەکانی ناوداری ئەڵمانیا و نەمسای وەک شوبێرت و شومان و برامز زۆرێک لەو لیریکانەیان کردبێتە ( لید Lied) کە ئەمەش ژانرێکە (genre) لە گۆرانیی رۆمانتیکی بە زمانی ئەڵمانی و راستییەکەی ناکرێ بەم چەشنە ئاوازە بگوترێ (گۆرانی song) و دەبێ هەر بە (لید) ناوی بێت، بە هەمان پێوەر کە ناکرێ بە (حەیران و لاوک)ی کوردی بگوترێ گۆرانی، بەڵکوو هەر بە ناوی خۆیان، حەیران و لاوک. لیدی ئەڵمانی و حەیران و لاوکی کوردی کلاسیکن و جیاوازییان هەیە لەگەڵ گۆرانیی ئاسایی، کە رۆژانە گوێمان لێ دەبێ.


هاینێ ئەم لیریکەی لە دەوروبەری تەمەنی 23 - 20 ساڵیدا نووسیوە. هی واشی هەیە، کە بە 16 ساڵی نووسیویەتی. کە تۆزێ بەناو ساڵدا چووە و شیعرەکانیشی گەییوتر بوون و پتر لە شیعری رێک و پێکیان دەکرد. 


هاینریش هاینێ بە دواترین شاعیری سەردەمی رۆمانتیزمی ئەڵمانی دادەندرێ. کاروانسەرا بووە لەنێوان بەسەرچوونی قۆناخی سێنتیمێنتالیزم و سەرهەڵدانی قۆناخێکی نوێ، قۆناخی رێئالیزم Realism. ئەو کاروانسەرایەی کە بە ئەڵمانی پێی دەڵێن (Spaet Romantik) کە واتا ( دوادواییەکەی رۆمانتیزم) بۆیەکا بۆنی ماڵاوایی و نۆستالگیای لێ دێ.


هاینریش هاینێ رۆژی 13/12/1797 لە خێزانێکی جوو لە شاری دوسڵدۆرفی ئەڵمانیا لە دایک بووە. ویستوویەتی وەک باوکی کاری بازرگانی بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و چۆتە کۆلێژی (رەوا -حقوق). ساڵی 1831 بە یەکجاری بار دەکات بۆ پاریس و تا مرد لەوێ مایەوە. 
بێ لە هۆنراوەدانان، هاینێ بە رۆژنامەوانیش خەریک بووە و کۆمەڵێک نووسینی لەسەر باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیلۆسۆفیکی ئەوساکە هەیە.


دەردێکی گران لە شەش حەوت ساڵی دوایی، ژیانی لێ تاڵ دەکات و لە ماڵەوەی دێخێت تا لە رۆژی 17/2/1856 ماڵاوایی لەم دنیایە دەکات. 


لە بازنەی هەفتەی داهاتوودا، دەقی وەرگێڕدراوە کوردییەکەی (لە مانگە زۆر خۆشەکەی گوڵاندا) بخوێننەوە، کە راستەوخۆ لە ئۆریگیناڵە ئاڵمانییەکەوە هەر بە شیعریش وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.