تاک له‌نێوان توندوتیژیی کۆمه‌ڵدا

ئه‌گه‌ر هه‌موو تاکێکی کورد وه‌ک گوڵه‌به‌ڕۆژه رەفتار بکات، ده‌توانێت ڕێگا له کۆمه‌ڵێک ناخۆشییه‌کانی ژیان بگرێت

بیست و یه‌ک دانه ساڵی ئه‌زموونی ژیانم، له‌گه‌ڵ توندوتیژیی ڕژێمی به‌عسدا بووه. سیستێمی به‌عس له قووڵایی ژیانی کۆمه‌ڵگادا بوو، چ به عه‌ره‌ب و چ به کوردیشه‌وه. چه‌ند خۆت دووره‌په‌رێز بگرتایه له به‌عس، بۆ ئه‌وه‌ی زیانی ڕۆحییت پێنه‌گات، که‌چی له شوێنێکی تردا، به‌عس له فۆڕمێکی تردا ده‌هاته‌وه سه‌ر ڕێگات. له ماڵه‌وه، له قوتابخانه، له داموده‌زگاکاندا، ته‌نانه‌ت له خودی گه‌ڕه‌ک و بازاڕه‌کانیشدا. تاکی کورد ده‌شکێنرا و بریندار ده‌کرا، به‌بێ گوێپێدانه هیچ پرینسیپێکی پێداگۆگییژانه، ده‌روونناسییانه و مۆڕاڵانه. له ماڵه‌وه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی دایک و باوک و خوشک و برا، له گه‌ڕه‌کدا له‌سه‌ر ده‌ستی کۆمه‌ڵێک گه‌نج، که مۆبیان ده‌کردیت، له قوتابخانه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا و کۆمه‌ڵێک خوێندکاری مۆبکار...هتد. ئه‌م دیدگا هێرشبه‌ره شکێنه‌ره، بووبووه به‌شێک له سروشتی تاک، ئه‌م دیدگا هێرشبه‌ره، شکێنه‌ره بووه به کولتوور، که نه‌وه‌ لەدوای نه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ئاینده.


ژیانی تاک پێویسته به دڵی تاک خۆی بێت، نه‌ک خه‌ڵکانی تر. بۆچی کۆمه‌ڵ لێناگه‌ڕێت، که تاک وه‌ک خۆی بێت، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌وان ده‌یانه‌وێت؟ وه‌ڵام، چونکه تاک خاوه‌نی ئیمپولزێکه بۆ توندوتیژی، پێویستی به ده‌ستدرێژیی فیزیکی و ڕۆحی هه‌یه، بۆ سه‌ر خه‌ڵکانی تر، هه‌تاوه‌کوو له ڕێگایه‌وه هه‌ست به خۆشیی خۆی بکات. ئه‌م تاکه له کۆمه‌ڵدا ده‌سته‌ڵاتدارتره وه‌ک له‌وه‌ی به ته‌نیا بێت. تاک لێره‌دا که‌سێکی سۆسیال نییه، به‌ڵکوو که‌سێکی ترسنۆکه که ناتوانێت ته‌نیا بێت، که‌سێکی تینووی ده‌سته‌ڵاته، هه‌ر بۆیه له کۆدا ئاسووده‌تره وه‌ک له‌وه‌ی که به ته‌نیا بێت. ئاگره‌سیۆنی کۆمه‌ڵ، به‌شێکه له سروشتیان، که له ڕێگای دیدگایه‌کی فه‌ناتیکه‌وه، ئینجا ئه‌گه‌ر سیاسی، یان ئایینی، یان دابونه‌ریتیی بێت هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت، ئه‌م دیدگایانه ده‌یانکاته خه‌ڵکانی هێرشکه‌ر و بریندارکه‌ر، له هه‌ندێک تاکدا بگره ده‌یانکاته خه‌ڵکانی ئێکسترێمیست.


ئه‌م جۆره خه‌ڵکانه به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی که چ کاره‌ن، به‌ده‌ر له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تاریک و زیانبه‌خش هیچی تر ناتوانن به‌رهه‌م بهێنن. تۆ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێک لهمانه بناسیته‌وه، پێویسته سه‌رنج بده‌یت، که ئه‌و وشانه‌ی، که له قسه‌کردندا به‌کاری ده‌هێنێت چین؟ چونکه هه‌ڵبژاردنی وشه‌کان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌دات که تاک چ ڕێچکه‌یه‌کی بۆ یاسای ژیان هه‌ڵبژاردووه. هه‌موو تاکێک خاوه‌نی زمانێکی ئیندیڤیدوێلی خۆیه‌تی که پێناس له کاراکته‌ری ده‌کات.


بۆ نموونه، کاتێک تاک له کۆیه‌کدا به که‌سێک ده‌ڵێ، گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌کی خوێڕی، له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه کاراکته‌ری خۆی پیشانی خه‌ڵکی ده‌دات، پاشانیش ئه‌و ڕێچکه‌ی ژیانه‌ی که هه‌ڵیبژاردووه. با لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین که گوڵه‌به‌ڕۆژه چییه؟ گوڵەبه‌ڕۆژه ڕووه‌کێکه، که له پله‌ی گه‌رمیی لانیکه‌م بیست پله‌ی سێلسیوسدا به‌رهه‌م دێت. گوڵه‌به‌ڕۆژه خاوه‌نی کولتوورێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی. گوڵه‌به‌ڕۆژه‌یه‌کی باڵاکردوو، ڕۆژانه زۆرترین ڕێژه‌ی دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن هه‌ڵده‌مژێت. گوڵه‌به‌ڕۆژه پابه‌نده به ڕووناکییه‌وه، به تیشکی خۆره‌وه، چونکه ته‌واوی وزه‌ی خۆی له خۆره‌وه وه‌رده‌گرێت، به‌بێ خۆر گوڵه‌به‌ڕۆژه هیچ به‌رهه‌مێکی نابێت. کا‌راکته‌ری ئه‌م ڕووه‌که ئه‌وه‌مان پیشان ده‌دات، هیچ بوونێک ناتوانێت گه‌شه‌ی پێ بدات، خۆر نه‌بێت. گڵ و ئاو به‌س نین بۆ به‌رهه‌مهێنانی گوڵه‌به‌ڕۆژه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی هۆکاری سه‌ره‌کیی بوونی ئه‌وه، خۆره.


کاتێک تاک به گوڵه‌به‌ڕۆژه ده‌چوێنین، له نه‌زانییدا تاک به گوڵه‌به‌ڕۆژه ده‌چوێنین، چونکه له نه‌زانییدا پێمان وایه، که له ڕێگای سروشت و کولتووری گوڵه‌به‌ڕۆژه‌وه سووکایه‌تییه‌ک به به‌رامبه‌ر ده‌که‌ین. لێ ڕاستیی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه که گوڵه‌به‌ڕۆژه خاوه‌نی ڕۆشنبیرییه‌کی گه‌وره‌یه و ده‌زانێت که خۆر چاوگه‌ی ئه‌نه‌رگی و گه‌شه و بوونی ئه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هه‌موو تاکێکی کورد له کۆمه‌ڵگای کوردییدا وه‌ک گوڵه‌به‌ڕۆژه به‌دوای چاوگه‌ی ئه‌نه‌رگی و گه‌شه‌ی بوونی خۆیدا بگه‌ڕێت، ئه‌وا له ڕێگای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م چاوگه‌ی ئه‌نه‌رگییه‌وه، ده‌توانرێت ڕێگا له کۆمه‌ڵێک کاره‌سات و ناخۆشییه‌کانی ژیان بگیرێت. له ئه‌ورووپادا به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان، هه‌ر چوار ساڵ جارێک ده‌نگ ده‌ده‌ن به پارتێکی تر، یاخود ئه‌گه‌ر پارتی هه‌ڵبژێردراویان به‌دڵ بووبێت، له چوار ساڵی ڕابورددا ئه‌وا دیسان ده‌نگی پێده‌ده‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا پارتێکی تر هه‌ڵده‌بژێرن، چونکه ده‌یانه‌وێت پارتێک بدۆزنه‌وه، که ئه‌نه‌رگی به‌خش بێت و گه‌شه‌یان پێ بدات. ئه‌گه‌ر تاکی کورد هونه‌ری گوڵەبه‌ڕۆژه له سیاسه‌تدا به‌کار بهێنن، ئه‌وا له‌دوای ده‌نگدانیان که‌متر نیگه‌ران ده‌بن. ئه‌گه‌ر پارتێک هونه‌ری خۆر له پراکتیزه‌کردنی سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییدا به‌کار بهێنێت، ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌نگی هاووڵاتییان بۆ خۆی ده‌باته‌وه، چونکه دواجار ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان ده‌یانه‌وێت ژیان و گه‌شه‌کردنیانه بۆ هه‌بوونی به‌رهه‌م. به‌م شێوه‌یه هاووڵاتییان ده‌بنه گوڵه‌به‌ڕۆژه و ڕوو ده‌که‌نه خۆر.


ژیان هیچ کاتێک جه‌نگ نییه و جه‌نگ نه‌بووه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه، پێویست نییه مرۆڤ له خه‌و هه‌ڵبستێت بۆ جه‌نگ، ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات که ژیان جه‌نگێکی بێ کۆتا بێت، خه‌ڵکانی ئێکسترێمیستن، سایکۆپاتن، سادیستن ...هتد. هه‌بوونی ئه‌مانه له کۆمه‌ڵدا خه‌مباری، شه‌ڕ و ئاژاوه و ناخۆشی ده‌خەنه‌وه. زۆربوونی ئه‌م خه‌ڵکانه له کۆمه‌ڵگادا وا ده‌کات که دوودڵی و بێهیوایی له‌ناو خه‌ڵکیدا بخاته‌وه، چونکه دواجار ئه‌م جۆره مرۆڤانه بەهۆی باوه‌ڕێکی زۆریانه‌وه به خۆیان، ده‌گه‌نه به‌ده‌ستهێنانی پۆست له شوێنه هه‌ستیاره‌کاندا و ڕۆشنبیرانیش چ نیگه‌ران و چ دووڵ و بێهیوا ده‌بن. مرۆڤ پێویست نییه دوور بڕوانێت، چونکه له نموونه‌یه‌کی کلاسیکیدا به‌شێک له پیاوان و ژنانی نه‌خوێنده‌وار خاوه‌ن قسه و ده‌سته‌ڵاتن له خێزانێکدا، له ده‌زگایه‌کدا، له پارتێکدا...هتد.


بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که تۆ وه‌ک تاک له ماڵێکدا، له‌گه‌ڵ خوشک و برا و دایک و باوکی خۆتدا ده‌ژیت، ئه‌م ژیانه پێکه‌وه‌ییه واتای ئه‌وه نییه، که ئه‌وان ژیانی تۆ بژین، چونکه دواجار تۆ ڕێگای تایبه‌تی ژیانی خۆت هه‌یه، بیرکردنه‌وه، هه‌ست و بڕیاردانی خۆت هه‌یه، ئه‌مه‌ش وه‌ک مافێک، که تۆ له‌گه‌ڵیدا له‌دایک بوویت و هیچ که‌سێک له ئه‌ندامانی ئه‌و ماڵه ناتوانێت لێت زه‌وت بکات و ژیانی تۆ بژی. چی وا ده‌کات که ئه‌ندامانی خێزانێک هه‌وڵی دروستکردنی ڕێگای تۆ بده‌ن؟ وه‌ڵام، زاڵده‌ستیی بیرکردنه‌وه‌یه‌ک، که له دایکه‌وه، یان باوکه‌وه، یان هه‌ردووکیانه‌وه گه‌یه‌نرابێت به ئه‌ندامانی خێزان، پاراستنی دابونه‌ریت و کولتووری خێزان (تێبینی: هه‌ر خێزانه و خاوه‌نی کولتوورێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی، نه‌ک به کۆی گشتیی کورد، خاوه‌ن یه‌ک کولتوور بین له خێزاندا). زۆر جار زاڵده‌ستیی بیرکردنه‌وه، بریتییه له خولیایه‌کی کۆنترۆڵکردن و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردن، چه‌وساندنه‌وه و زۆرلێکردن، که دواجار توندوتیژیی ڕۆحی و فیزیکیی لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌م توندوتیژییه له پێشینه‌ی گه‌شه‌ی منداڵییه‌وه شوێنێکی گه‌وره له‌سه‌ر کاراکته‌ر و چاره‌نووسی تاک داده‌نێت. له جیهانی ڕۆشنبیریی کوردیدا زۆر جار قسه له‌سه‌ر کات و شوێن ده‌کرێت، لێ لێره‌دا من به پێویستی ده‌زانم، که قسه له‌سه‌ر ئه‌م کات و شوێنه بکه‌م، که له ڕێگای ڕۆشنبیریی کوردییه‌وه به خوێنه‌ر ده‌گات. ئه‌م کات و شوێنه، وێنه‌ی شوێنێک و کاتێکمان پێده‌دات، له چ سەعاتێکدا. ئه‌مه ئه‌و وێنه‌یه‌یه، که له مێشکی خوێنه‌ردا بوونی هه‌یه، کاتێک قسه له‌سه‌ر کات و شوێن ده‌کرێت. بیهێنه پێشچاوی خۆت، له گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵییتدا، زاڵده‌ستییه‌کی بیرکردنه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ پراکتیزه ‌کراوه که له ڕێگایه‌وه ویستراوه کولتووری خێزانت چ پێبناسێنرێت و چ فێریش بکرێیت بیپارێزیت. ئه‌گه‌ر لێره‌دا قسه له‌سه‌ر کات و شوێن بکه‌ین، ئه‌وا بۆ نموونه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ناکه‌ین، که له کوێ ڕووی داوه و له چ کاتێکدا ڕووی داوه، چونکه لێره‌دا به‌ده‌ر له فێنۆمێنێکی ده‌روونی، قسه له‌سه‌ر فێنۆمێنێکی کوانتییش ده‌که‌ین. شوێن لێره‌دا بریتییه له درێژیی ئه‌و شه‌پۆله توندوتیژ و زاڵده‌ستییه‌ی که له‌گه‌ڵتدا پراکتیزه کراوه. کاتیش بریتییه له چه‌ندیی دووباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌پۆله‌کان له چرکه‌یه‌کدا. ئه‌و کاته‌ی ئه‌م توندوتیژییه پراکتیزه ده‌کرێت، میکانیزمییه‌تێکی ئاوتۆماتیک له تاکدا دروست ده‌کات. واتا له ڕێگای کۆمه‌ڵێک نۆیرۆنه‌وه له سه‌نته‌ری هه‌ست و بیرکردنه‌وه‌دا، پرۆسێسه‌کان به‌رده‌وام دووباره ده‌بنه‌وه، وه‌ک چۆن ڕووبارێک به‌بێ وه‌ستان به‌رده‌وام له جووڵه و هاژه‌دایه، ئه‌ویش ئاوها.


گریمان تۆ ئێستا ته‌مه‌نت سی بۆ چل ساڵێکه، چۆن گۆڕان به‌سه‌ر ته‌مه‌ن و شێوه‌تدا هاتووه، ئاوهاش گۆڕان به‌سه‌ر کات و شوێنتدا هاتووه. یه‌که‌م کات و شوێنت مۆبیل بوون، واتا خاوه‌نی جووڵه‌ن، جووڵه‌ی ئاوتۆماتیک، لێره‌دا درێژیی شه‌پۆله‌کان به‌رده‌وام له جووڵه‌دان، واتا شه‌پۆله‌کان درێژتر ده‌بنه‌وه و ڕوویان له ئاینده‌یه. کاتیش هه‌مان شێوه‌یه، چونکه دووباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌پۆله‌کان له چرکه‌یه‌کدا گه‌شه‌یان کردووه، واتا شه‌پۆله‌کان خێراتر بوون، ئه‌مه‌ش ده‌بێته زیادبوونی شه‌‌پۆله‌کان له چرکه‌یه‌کدا. به‌م شێوه‌یه کاریگه‌ریی زاڵده‌ستیی خێزان ده‌بێته پرۆسه‌یه‌کی کرۆنی، واتا هه‌میشه‌یی، که تاک هه‌تا مه‌رگی له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی.


له‌نێوان نه‌رمیی ڕۆشنبیر و توندوتیژیی کۆمه‌ڵدا، هیچ خاڵێکی لێکتێگه‌یشتن بوونی نییه، یان ئه‌وه‌تا کۆمه‌ڵ پراکتیزه‌ی زاڵده‌ستی ده‌کات و ڕۆشنبیریش له دوودڵی و بێهیوایی خۆیدا نقووم ده‌بێت، یان ئه‌وه‌تا ڕۆشنبیر سنوورێک بۆ ئه‌م زاڵده‌ستییه داده‌نێت و کۆنترۆڵی ده‌کات، هه‌تاوه‌کوو زیانی زیاتری ڕۆحی و فیزیکی نه‌خه‌نه‌وه، چونکه دواجار ڕۆشنبیر پێویسته ئازادیی خۆی بپارێزێت، ڕۆشنبیریش کاتێک ئازاده، که ببینێت و هه‌ست بکات که ئه‌و خاوه‌نی دید و بڕیار و هه‌ڵبژاردنه. هه‌ڵبژاردن له‌نێوان ڕه‌ش و سپییدا، له‌نێوان ئێره و ئه‌وێدا ...هتد. هه‌موو بڕیارێکیش که تاکی ڕۆشنبیر ده‌یدات، بڕیارێکی ئیندیڤیدووێله، ئه‌گه‌ر سوود یان زیانی هه‌بێت، ئه‌وا ئۆباڵی ته‌نیا له ئه‌ستۆی تاکی ڕۆشنبیر خۆیدایه و هیچ که‌سێکی تر نا. ڕۆشنبیر لێره‌دا گورگێکی ته‌نیایه. مرۆڤ بەگشتی له جیهاندا قسه له‌سه‌ر گورگی ته‌نیا ده‌کات، لێ لە ڕاستی‌دا، گورگ هه‌رگیز ته‌نیا نییه، کاتێکیش گورگێک به ته‌نیا ده‌بینرێت، واتای ئه‌وه نییه که ته‌نیایه، به‌ڵکوو ئه‌و خۆی ئه‌و ڕێگایه‌ی به ته‌نیا هه‌ڵبژاردووه و دووره له گەلەگورگه‌وه. هه‌ر کاتێک خۆی هه‌ستی کرد پێویستی به تێکه‌ڵبوون و به گەلەگورگه، ئه‌وا خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه ناویان، به‌ڵام له‌م ته‌نیابوونه‌ی گورگدا، گورگ به‌هێزتر ده‌بێت و ئه‌زموونی زیاتر کۆ ده‌کاته‌وه، چونکه بڕیاره‌کانی ژیانی هه‌مووی له ده‌ستی خۆیدایه، به‌بێ کاریگه‌ریی ده‌ره‌کی.