نه‌وبه‌ى لاجانگه‌ ده‌ماخ چييه‌؟

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

نه‌وبه‌ى لاجانگه‌ ده‌ماخ زۆر له‌ نه‌وبه‌ى فێ ده‌چێ، تووشى به‌شى لاجانگه‌ ده‌ماخ ده‌بێت، واته‌ ئه‌و به‌شه‌ى ده‌ماخ، كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ سۆز و ياده‌وه‌ریى كورتخايه‌ن. ئه‌م جۆره‌ نه‌وبه‌يه‌ زياتر له‌نێو گه‌وره‌كاندا ڕوو ده‌دات، هه‌ندێ جار ئه‌و نه‌خۆشانه‌ له‌گه‌ڵيدا هه‌ندێ كێشه‌ى ده‌روونيشيان هه‌يه‌، وه‌ك خه‌مۆكى و تێكچوونى مه‌زاج.

پ: نيشانه‌كانى نه‌وبه‌ى لاجانگه‌ ده‌ماخ چيين؟
و: كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى هه‌يه‌، به‌ڵام مه‌رج نييه‌ هه‌موويان له‌ يه‌ك كه‌سدا پێكه‌وه‌ ده‌ربكه‌ون. به‌ر له‌ نه‌وبه‌كه‌ هه‌ندێ نيشانه‌ هه‌ست پێ ده‌كرێ، وه‌ك:
- كتوپڕ هه‌ستكردن به‌ ترسێكى نائاسايى، به‌بێ بوونى هيچ هۆكارێ.
- ئه‌و شتانه‌ى له‌و كاته‌دا ده‌يانبينێ، وا هه‌ست ده‌كات پێشتر له‌ ڕابردوودا هه‌مان شت ڕووى داوه‌.
- له‌ناكاو هه‌ستكردن به‌ بۆن، يان تامێكى سه‌ير و نامۆ.
- هه‌ستكردن به‌ جۆرێ توندى و گرژى لەناو سك.
- له‌پڕ هه‌ست به‌ نامۆبوونێكى ناسروشتى ده‌كات، كه‌سانى ده‌وروپشتى ناناسێته‌وه‌ و نازانێت له‌كوێيه‌. ئه‌م باره‌ سى چركه‌ بۆ دوو ده‌قيقه‌ ده‌خايه‌نێ و ئه‌م نيشانانه‌ تێبينى ده‌كرێ:
- نه‌خۆش واقى وڕ ده‌مێنێ و چاو له‌ خاڵێكى دياريكراو ده‌بڕێ، يان به‌خێرايى و بێ ئه‌وه‌ى ئاگاى له‌ خۆى بێت چاو ده‌ترووكێنێ.
- زمان به‌ لێويدا ده‌هێنێ و چه‌ندين جار تف قووت ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ شتێ له‌ ده‌ميدا بێت و بيه‌وێ بيسڕێته‌وه‌ و قووتى بدات.
- ده‌ستى به‌ شێوه‌يه‌كى نائاسايى و بێ هيچ هۆكارێكى شياو ده‌جووڵێنێ، وه‌ك ئه‌وه‌ى شتێكى بۆ هه‌ڵبدرێ و بيه‌وێ بيگرێته‌وه‌. يان به‌ په‌له‌پيتكه‌ جله‌كانى ده‌ته‌كێنێ. له‌دوای ته‌واوبوونى نه‌وبه‌كه‌ش، كۆمه‌ڵێ نيشانه‌ى ديكه‌ تێبينى ده‌كرێ، وه‌ك:
- نه‌خۆش ناتوانێ به‌ سروشتى قسه‌ بكات و زمانى تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ ده‌بێت.
هيچ شتێك‌ ده‌رباره‌ى ئه‌و نه‌وبه‌يه‌ی له‌بير نه‌ماوه‌، كاتێكيش كه‌ پێى ده‌ڵێى بڕوا ناكات، وه‌ك ئه‌وه‌ وايه‌، ئه‌و ماوه‌ى سى چركه‌ بۆ دوو ده‌قيقه‌يه‌ لاى ئه‌و كات وه‌ستابێت، چونكه‌ نه‌خۆش هه‌ست ناكات هيچ ڕووى دابێت.
- نه‌خۆش له‌دواى نه‌وبه‌كه‌ ماندووه‌ و خه‌و ده‌يباته‌وه‌.
- له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا نه‌وبه‌ى لاجانگه‌ ده‌ماخ بۆ نه‌وبه‌ى فێ ده‌گۆڕێ و نه‌خۆش تووشى گرژبوون و ڕه‌قبوونى ماسولكه‌كان ده‌بێت و له‌ هۆش خۆى ده‌چێ.

پ: چ كاتێ ئه‌م نه‌وبه‌يه‌ جێى مه‌ترسييه؟
و: له‌م حاڵه‌تانه‌دا پێويسته‌ نه‌خۆش به‌خێرايى فرياى نه‌خۆشخانه و چاودێریى پزيشك بخرێ:‌
- ئه‌گه‌ر نه‌وبه‌كه‌ له‌ پێنج ده‌قيقه‌ زياترى خاياند.
- ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژێكدا چه‌ند جارێ دووباره‌ بووەوه‌.
- ئه‌گه‌ر نه‌خۆش به‌و خێراييه‌ى كه‌ پێشتر له‌و حاڵه‌تانه‌دا چاك بووەته‌وه‌، نه‌هاته‌وه‌ سه‌ر خۆى.
- ئه‌گه‌ر له‌دواى نه‌وبه‌كه‌ نه‌خۆش له‌ هۆش خۆى چوو، يان تێبينى كرا‌ به‌ باشى هه‌ناسه‌ى بۆ نادرێ.
- ئه‌گه‌ر تاى هه‌بوو.
- دووگيان بوو.
- نه‌خۆشیى ديكه‌ى له‌گه‌ڵدا بوو، بۆ نموونه‌ شه‌كره‌.
- ئه‌گه‌ر به‌هۆى نه‌وبه‌كه‌وه‌ زيانێكى جه‌سته‌يى پێكه‌وتبوو، بۆ نموونه‌ كه‌وتبوو.

پ: هۆكارى نه‌وبه‌ى لاجانگه‌ ده‌ماخ چييە؟
و: تا ئێستا هۆكاره‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ته‌واوى ده‌ستنيشان نه‌كراون، به‌ڵام چه‌ند فاكته‌رێ ڕۆڵيان له‌ ڕوودانيدا هه‌يه‌، وه‌ك:
- به‌ركه‌وتنى ده‌ماخ و زه‌بر پێگه‌يشتنى.
- تووشبوون به‌ هه‌ندێ نه‌خۆشى، بۆ نموونه‌ هه‌وكردنى په‌رده‌كانى ده‌ماخ.
- بوونى حاڵه‌تى له‌و جۆره‌ له‌ خێزاندا.
- بوونى كێشه‌ له‌ بۆڕييه‌كانى خوێن له‌ ده‌ماخدا.
- سه‌كته‌ى ده‌ماخ.
- وه‌ره‌مى ده‌ماخ.

پ: ئايا ئه‌م نه‌وبه‌يه‌ زيان به‌ ده‌ماخ ده‌گه‌يه‌نێ؟
و: له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى كات و چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ى نه‌وبه‌كه‌دا، ئه‌و به‌شه‌ى ده‌ماخ، كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ فێربوون و ياده‌وه‌رى ده‌چێته‌وه ‌يه‌ك، واته‌ ده‌ماخ به‌شێك له‌ خانه‌كانى له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى كێشه‌ له‌ ياد‌گەيدا.

پ: ئه‌ى له‌ كاتى ئاساييدا نه‌خۆش چۆن ڕه‌فتار ده‌كات؟ هيچ نيشانه‌يه‌كى پێوه‌ دياره‌، كه‌ ئه‌و كێشه‌يه‌ى هه‌يه‌؟
و: به‌ده‌ر له‌و نه‌وبانه‌ى، كه‌ تووشى نه‌خۆش ده‌بن، له‌ كاتى ئاساييدا هه‌ندێ خاڵ له‌ نه‌خۆشدا تێبينى ده‌كرێ، وه‌ك:
- كتوپڕ بايه‌خدان به‌ مه‌سه‌له‌ ئايينى و فه‌لسه‌فييه‌كان، يان به‌هه‌ندوه‌رگرتنى مه‌سه‌له‌ى حه‌ڵاڵ و حه‌رام به‌ شێوه‌يه‌كى زياده‌ڕۆیيانه‌، به‌ گشتى له‌ بابه‌ته‌ مۆڕاڵيیه‌كاندا قووڵ ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌ زه‌قى تێبينى ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشه‌ پێشتر خۆى له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ نه‌بووبێت.
- ئاره‌زووى سێكسیى زياد ده‌كات، يان كه‌م ده‌بێته‌وه‌. له‌وانه‌يه‌ تووشى هه‌ندێ پشێویى سێكسى ببێته‌وه‌، وه‌ك له‌به‌ركردنى پۆشاكى توخمه‌كه‌ى ديكه‌ و فيتشيزم.(له‌ بابه‌ته‌كانى پێشوودا باسى ئه‌م دوو پشێوييه‌ كراوه‌).
- هه‌ندێ جار تووشى وه‌سواسى ده‌بێ.
- تووشبوون به‌ خه‌مۆكى و دڵته‌نگى.
- ئه‌و نيشانانه‌ى، كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌فتارى نه‌خۆش ده‌رده‌كه‌ون، له‌ نيشانه‌كانى حاڵه‌تى شيزۆفرينيا ده‌چن.
- ده‌شێ توندوتيژى بنوێنێ.
- له‌وانه‌يه‌ بيرۆكه‌ى خۆكوشتن به‌ مێشكيدا بێت.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.