چیرۆكی پێغەمبەران یان چیرۆكە نەمرەكان

43

نەوە خستنەوەیەكی پێغەمبەرانە
ئەوەندەی لە تەواراتدا باس كراوە، تەنیا ئەو ماوەیەی لە لای خاڵی بووە، یاقووب لەگەڵ چوار ژندا ژیاوە و سەرجێیی كردووە، ڕاحێل و خزمەتكارەكەی، لێئە و خزمەتكارەكەی ئەویش.
منداڵ لە پەیوەندییە سێكسییەكانییەوە، پەیوەندییە سێكسییەكانی یاقووب چۆن كەوتووەتەوە؟
یاقووب پیاوی بەخت و تالعە، ڕاستە بەرنامە دادەنێ و ماندوو دەبێ، بەڵام هەمیشە ئەنجامەكەی، یان بەرهەمەكەی دوو ئەوەندەی چاوەڕوانییەكەیەتی.
حەوت ساڵ كاری بۆ خاڵی كرد لەبەرامبەر ژنێك، كەچی ژنێك و كەنزەیەكی دایە، حەوت ساڵی دووەمیش بە هەمان شێوە.

گوتاری یاقووب
گوتاری یاقووب لە ڕووی دینی و كۆمەڵایەتییەوە زۆر بەهێزە، لە یەكەم ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ یەزداندا مەرج دادەنێ، تا بە خودای خۆی بیناسێ، ئەوەش بەپێچەوانەی ڕەوشتی پێغەمبەرانە كە تەمەنێك پاڕاونەتەوە تا خودا لێیان ڕازی بێت، لە خەونێكدا بۆیان دەركەوێت، یان پەیامێكیان بۆ بنێرێ.
بۆیە لە وەڵامدانەوەی ڕاحێلی ژنیشی، كە داوای نزای منداڵبوون و سكپڕیی لێ دەكات، دەڵێ:
- ئایا من لەجێی خودام، كە لە بەرهەمی سك بێبەشی كردووی؟
ئەو وەڵام و شێوازی دەربڕینە زۆر لە شێوازی دانبەخۆداگرتنی باپیری (ئیبراهیم)ەوە دوورە، بەتایبەتی كە دەڵێ (من لەجێی خودام) وەك ئەوەی بڵێ من خودام؟ كە ئەوەش لە سروشتی هێمنانەی پێغەمبەران نەبینراوە. ئیبراهیم سەد ساڵی تەواو چاوەڕێ دەكات تا (سارای) ئیسحاقی دەبێت، چاوەڕوانییەكی پڕ ئومێد. سەرەڕای بێ ئومێدی و پێكەنینی سارا، خودا چاوەڕوانییەكەی ئیبراهیم بەهەند هەڵدەگرێت و كوڕێكی پێدەبەخشێ.

لەبەرامبەر تووڕەیی و بێمنەتیی یاقووب خودا چی دەكات؟
پێشتر خودا چوار كوڕی لە لێئە بە یاقووب بەخشیوە، بەشێك لە تووڕەبوونەكەی پشتگەرمیەتی بەو چوار كوڕە. واتا ئەو چوار كوڕی هەیە، دڵخۆش و دڵگەرمە پێیان و نەسلی دەپارێزن.
لەبەرامبەر تووڕەبوونەكەی یاقووب، لەجیاتی زویربوون و وەڵامدانەوەی توند، ڕاحێل دەڵێت:
{ - ئەوەتا بیلهەی كەنیزەم لەگەڵی بنوو، هەتا لەسەر چۆكم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش كوڕم دەبێت}. ئیدی پیاو دەزانێ ڕاحێل چ پێشنیارێكی بەخشندانە و پڕ لەزەتی بۆ پیاوەكەی كردووە.
پێشكەشكردنی كەنیزە بە مێرد، هەنگاوێكی تازە نییە، پێشتر سارای كەنیزەكەكەی خۆی (هاجەری) دایە ئیبراهیمی مێردی، تا لەگەڵی بنوێت و منداڵی بۆی ببێ، لە پاداشتی ئەوە، خودا ئیسماعیلی پێ بەخشین. ئەوەی تازەیە لەو هەنگاوەدا: ”با لەسەر چۆكم منداڵی ببێ، ئیتر لەوەوە منیش كوڕم دەبێت“.
كە بیلهە لەسەر كۆشی ئەو منداڵی ببێ، دەشێ ئەوەش ببێتە هۆیەك بۆ هاندانی جەستەی ئەو، تا بجووڵێت و بەرهەمی هەبێت.
(مریشكیش پێویستی بە ڕاوكەیە تا هەوڵ بدات و لەو شوێنەی پێویستە هێلكەكەی بكات).
{جا بیلهەی كەنیزەی خۆی دایێ، هەتا ببێتە ژنی. یاقووبیش لەگەڵی نووست. بیلهەش سكی پڕ بوو، كوڕێكی بۆ یاقووب بوو. ڕاحێل گوتی:
- خودا پشتگیریی لێ كردم و گوێی لە داواكەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو، كوڕێكی دامێ.
لەبەر ئەوە ناوی لێ نا دان. پەیدابوون. ٣٠}.
بەپێی پەراوێزی تەورات، (دان) لە عیبریدا بە واتای پشتگیری، یان ئەستۆپاكی دێت لە لایەن دادوەرەوە.
ئەوە ویستی یاقووبە؟ یان ویستی خودایە؟ یان ویستی ژنەكانە بۆ كوڕ، ئاوا كەنیزەكانیان دەخەنە ناو نوێنی مێردەكانیانەوە. ئایا سێكسی تاعوونی پێغەمبەرانە؟ ڕاستە ژن ڕەگەزی سەرەكیی چیرۆكی هەموو پێغەمبەرێكە، بەڵام بەپێی چیرۆکی خودی کتێبەکان كەرەستەیەكی بڕیاردەر نییە، هەمیشە وەك كاڵا بەكار هاتووە. لەكوێدا پێویست بێ دڵسۆز نییە و لە كوێدا پێویست بێ دڵسۆزە و لەكوێدا پێویست بێ كوڕی دەبێت، لە كاتی گونجاویشدا كەنیزەكەی دەخاتە باوەشی مێردەكەیەوە.
{دیسان بیلهەی كەنیزەكەی ڕاحێل سكی كرد و كوڕی دووەمی بۆ یاقووب بوو. ئینجا ڕاحێل گوتی:
- بە زۆانبازیی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشكەكەم كرد و بردیشمەوە.
لەبەر ئەو ناوی لێ نا نەفتالی. پەیدابوون. ٣٠}.
نەفتالی بە عیبری واتا ململانێ، سەركەوتن لە ململانێدا. دواتریش دەبێتە ناوی یەكێك لە دوازدە هۆزەكەی ئیسرائیل. شەڕی نێوان خوشكەكان لەسەر بەدیهێنانی دڵی یاقووب و ڕەزامەندیی ئەوە. نەفتالی كوڕی دووەمی بیلهەی كەنیزەكەی ڕاحێل، كە لە ڕووی خاوەندراییەوە هی ڕاحێلە، بیلهە تەنیا وەك مەشكەیەك منداڵەكەی لە سكیدا هەڵگرتووە. لە ڕاستیشدا كوڕی شەشەمی یاقووبە.
سەردەمی نووسینەوەی تەورات سەردەمی دەركەوتنی نێرسالارییە، یان لەو كاتانەدایە، كە نێرسالاری بەتەواوی پایەكانی خۆی دادەمەزرێنێ. لەوە ڕۆژەوە هەموو شتێك هی پیاوە.
نێرسالاری سیستەمێكە، كە هەموو ئامراز و ماهیەتی كۆمەڵگە لە بەرژەوەندیی نێردایە. لەو سیستەمەدا ژن وەك كارێكتەر بەكار خرا، وەك كاڵا لە خزمەتی ئەو سیستەمەدایە، بەبێ بەشداریی ژن ئەو سیستەمە هەرگیز ناكەوێتە سەر پێ. باشترین نموونەش هەڵوێستی ڕاحێل و لێئەیە. بە هەموو هێزیانەوە خەریكن یەكتر دەشكێنن، كەنیزەكانیان، كە ئەوانیش ژنن، وەك بێ بەهاترین كاڵا دەخەنە بەردەستی مێردەكەیان، تەنیا بۆ ئەوەی لەناو ئەو خێزانەدا، كە خۆیان تێیدا ژمارە نین، جێگای خۆیان بكەنەوە. بۆ بردنەوەی ئەو پێشبڕكێ دۆڕاوەش، لێئە هەوڵێكی تازە دەدات:
{كاتێك لێئە بینی لە سككردن وەستاوە، پەلی زیلپەی كەنیزەكەی خۆی گرت و دایە یاقووب، هەتا ببێتە ژنی، زیلپەی كەنیزەی لێئە كوڕێكی بۆ یاقووب بوو. لێئە گوتی ”بە بەختەوەری“ ئیتر ناوی لێ نا گاد. پەیدابوون، ٣٠}.
شەڕ لەنێوان ژنەكانە و بەرژەوەندی هی یاقووبە. حەوتەم كوڕی یاقووب، حەوتەم كوڕ بەختەوەرییە بۆ باوكەكە. حەوت برا لەوەوە كەوتووەتە سەر زاری خەڵك كە بووەتە پشتوپەنا لە ڕۆژە قورسەكان، لەكاتێكدا یاقووب هەم بۆ شوانییەكەی ئیشی پێیانە، هەم بۆ ڕكەبەرایەتیی برایەكەی.
{زیلپە كەنیزەی لێئە كوڕی دووەمی بۆ یاقووب بوو. لێئە گوتی:
- بە خۆزگە پێخوازراویم! چونكە كچان خۆزگەم پێ دەخوازن.
ئیتر ناوی لێ نا ئاشێر}. لە عیبریدا بە مانای شاد دێت.
یەزدان بەڵێنی بە یاقووب دا كە لەگەڵی بێت، كە خواردن و پۆشاكی بداتێ، كە ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیمی داوە، بە زۆركردنی نەوە هێندەی خۆڵی ببیابان بیباتە سەر.
دەكرێ شەڕی ئەو ژنانە، ململانێ و ئیرەییان بەیەكتر، شەڕیان لەسەر نەوەخستنەوە بە كاری یەزدان بزانین، كە دوای سەد ساڵ چاوەڕوانیی ئیبراهیم و تامەزرۆیی ئیسحاق، بەڵینەكەی خۆی ئاوا بێنێتە دی؟
هێشتا بەردەوامە، بەس بە تەكنیكێكی تازەوە:

دەرمانی سێكس و نەوەخستنەوە
{لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبین چوو هەندێك گیا ئادەمەی لە كێڵگەكە بینییەوە و هێنایەوە بۆ دایكی. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت:
- هەندێ لە گیا ئادەمەی كوڕەكەتم بدەرێ.
بەڵام لێئە گوتی:
- بەلاتەوە كەمە مێردەكەت بردووم؟ گیا ئادەمەی كوڕەكەشم دەبەیت؟
ڕاحێلیش گوتی:
- باشە با لەجیاتی گیا ئادەمەی كوڕەكەت ئەمشەو لەگەڵ تۆ بنوێت.
كاتێك یاقووب دەمەو ئێوارە لە كێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیكردنی چووە دەرەوە و گوتی:
- دێییتە لای خۆم، چونكە بە گیا ئادەمەی كوڕەكەم بەكرێم گرتوویت.
ئەویش ئەو شەوە لەگەڵی نووست. پەیدابوون، ٣٠}.
كۆمەڵگەی ئێمە ئاستی تێگەیشتن و لێبوردەیی و زانیاریی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە، من دوا دێڕ، یان دوا قسەی لێئە لێكدەمەوە. (بەكرێگرتن) بە سەرجێكردن لێكدەمەوە. ئەوە كارێكی مەترسیدارە و دواتریش زۆر لە پەیامبەرەكان كاریان لەسەر ئەو بەكرێگرتنە كردووە. تەنیا دەپرسم:
ژن و مێردایەتی بەكرێگرتنێكی دوورمەودا نییە؟
گیا ئادەمە چییە؟ ئەوەندە بەنرخە مێردی پێ بەكرێ دەدرێ؟
لە پەراوێزی تەوراتدا نووسراوە ”گیا ئادەمە جۆرە ڕووەكێكە، وایاندەزانی یارمەتیت دەدات بۆ سكپڕبوون”.
(mandrakes) (الفاح) گیائادەمە، دەشێ ناوی دیكەشی هەبێت، لە ئینسایكلۆپیدیای گیاناسییدا، لە ڕیزی ئەو گیایانەدایە، كە چەندان سوودی جیاوازی هەیە، وەكوو چارەسەركردنی برینی گەدە، كۆكەڕەشە، رەبۆ، ڕۆماتیزم، لەزەتكردن و درێژكردنەوەی چالاكیی سێكسی و سكپڕی.
ئایا ئەو مامەڵەیە لەنێوان ژناندا بۆ كڕینەوەی شەوانەسێكس ئاساییە؟ ئایا سەرەڕای ئەو هەموو منداڵە، مەبەستی سەرەكییان تەنیا نەوەخستنەوەیە؟
{خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سكی پڕ بوو، ئینجا لێئە گوتی:
- خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە، كە كەنیزەكەی خۆمم دایە پیاوەكەم.
ئیتر ناوی لێ نا یەساخەر}.
خودا جارێكی دیكە گوێی لە لێئە دەبێت و (زەبولون)ی دەداتێ.
لە دوای شەشەمین كوڕ، كچێكی دەداتێ و ناوی دەنێ: دینە.
دینە تاكە كچە لەناو كوڕەكانی یاقووبدا ناوی هاتووە. بە حیكمەتی تەورات هیچ ناوهێنان و ڕووداوێك بێ حیكەمەت نییە. وەكوو بەردێكیش نییە فڕێی دەنە ناو گۆمەوە. نەمامێكە دەیچێنێ، یان تۆوێكە بە زەوییەوە دەكات، دەبێ چاوەڕێی گەورەبوون و گەشەكردنی بكەین.
{خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد، خودا گوێی لە دەنگی بوو، منداڵدانی كردووە، ئینجا سكی پڕ بوو، كوڕێكی بوو گوتی:
- خودا سووكایەتییەكەی لەسەر لابردم.
ناوی لێ نا یوسف.
چونكە گوتی:
- یەزدان كوڕێكی دیكەشم بۆ زیاد دەكات. پەیدابوون، ٣٠}.
ناشكرێ پەیوەندیی نێوان سكپڕی و ژن لێك بدەمەوە، كە بەڕاستی بوونی ژن وەك ئینسان بەتەواوی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوەش مانای ڕاستەقینەی ناوی یوسفە. ئەو كوڕەی كە زیاد دەكرێ. هەم خۆی زیاد دەكرێتە سەر براكانی و هەم كوڕێكی دیكەش بۆ سەر ئەو زیاد دەبێ.
مەبەستی ڕاحێل بە كوڕێكی دیكەشم بۆ زیاد دەكات، بنیامینە، وشەی بنیامینیش بە مانای كوڕێك لە دەستی ڕاستەوە، یان كوڕێك لە خوارەوە.
بە لەدایكبوونی بنیامین ژمارەی كوڕەكانی یاقووب دەبێتە دوازدە كوڕ لە هەر چوار ژنەكەی.
بەرنامەی گێڕەڕەوە لە دروستكردنی هەر دوازدە هۆزەكەی ئیسرائیل لێرەوە تەواو دەبێ. لە هەمان كاتدا بەرنامەی چیرۆكەكانی داهاتوو لێرەوە دەست پێدەكات.
١- چیرۆكی گەڕانەوەی یاقووب بە خۆی و بە چوار ژن و دوازدە كوڕ و مانگا و مەڕ و كەر و سامانێكی زۆرەوە.
٢- ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ براگەورەكەی عیسۆ.
٣- چیرۆكی تاقە كچەكەی دینە، حیكمەتەكانی.
٤. چیرۆكی هەرە سەرنجڕاكێش، چیرۆكی یوسف.

ئەنجامی ئەو چیرۆكە:
- ژنەكان هەر هەوڵێكیان دابێ، سێكس و منداڵبوونەكانیان تەنیا بۆ ئەوە بووە پیاو لێیان ڕازی بێ، پیاو تەنیا بۆ ئەوەی پیاو لای خۆی بیانهێڵێتەوە، ژن وەك مرۆڤ هیچ بەهایەكی بۆ خۆی دانەناوە.
- جووەكان بەسەر سەدان دەوڵەتدا دابەش كران، نەك وەك كورد بەسەر چوار دەوڵەتدا، بەڵام ئەوان وازیان لە ناوە ڕەسەنەكانی خۆیان نەهێنا و بەها نەتەوەییەكانی خۆیان بە سووك سەیر نەكرد، هەر لەبەر ئەوەشە بوونە خاوەنی بەهێزترین دەوڵەت.