ئەمبێرتۆ ئێکۆ وای گوت

 

ڕۆمانی من زیاتر بەو خۆراکە دەژی کە لە هەست و سۆزی خۆمەوە پێی دەگات

١ لە ٢

ئەمبێرتۆ ئێکۆ (١٩٣٢ - ٢٠١٦) (ئالیساندریا - ئیتالیا) فەیلەسووف، ڕۆماننووس، ڕەخنەگری ئەدەبی و زانای بواری سیمیۆتیکا. ئێکۆ Eco لە سێ حەرفی یەکەمی (ex coelis oblatus)ەوە هاتووە کە لاتینییە و بە مانای (دیاریی ئاسمان) دێت. خۆی لە وەڵامی پرسیاری (ئێکۆ لە چییەوە هاتووە)دا، گوتوویەتی: باپیرم چونکە منداڵێکی (ناشەرعی) بووە، فڕێ دراوە و کە شارەوانی هەڵیان گرتووەتەوە، ئەو ناوەیان لێ ناوە. باوکی دەیخواست ئەمبێرتۆ ببێت بە پارێزەر، بەڵام ئەو چوو فەلسەفەی خوێند و دۆکتۆرانامەکەی لەبارەی (تۆمای ئەکوینی)یەوە بوو.

لەگەڵ ناوهێنانی (ئێکۆ)دا، یەکسەر ڕۆمانی (ناوی گوڵ)مان بیر دەکەوێتەوە کە ڕووناکی دەخاتە سەر بڕێک لەو تاوانانەی بە کۆمەکی ئایین کراون. ناوی گوڵ کە ١٩٨٠ بڵاو کراوەتەوە و تەرجەمەی دەیان زمان کراوە، بوێرانە گەلێک پرسی گرنگ سەبارەت بە ئایین دەورووژێنێت، لەو پرسانەی لەگەڵ لۆگیکی ئەوانەدا ناگونجێت کە بازرگانیی پێوە دەکەن. ناوی گوڵ پێمان دەڵێت: فەلسەفە گەڕانە لەدووی حەقیقەت، حەقیقەتێک بەختەوەری بۆ ئینسان دابین بکات. بەدرێژایی دیرۆک، دەسەڵاتی دینی دژی ئەوە بووە، ئینسان خۆی بناسێت، گومان بکات و عەقڵ وەگەڕ بخات.
*
ئەگەر هەلم بۆ بڕەخسێت کۆڕێک ببەستم، ئیدی لەبارەی مێژووەوە بێت، یان دەربارەی فەلسەفە، ئەو زانایانە بانگهێشت دەکەم، کە نە وەک من بیر دەکەنەوە و نە بانگاشە بۆ ئەو تیۆرییانە دەکەن کە من داکۆکییان لێ دەکەم. لەو کۆڕەدا بوار بۆ هەمووان دەڕەخسێنم، بەوپەڕی ئازادییەوە بەڵگەکانی خۆیان بخاتە ڕوو. چش با دیالۆگی نێوانمان بە هیچ ئەنجامێکیش نەگات، گرنگ ئەوەیە نە مافی ئازادیی دەربڕین لە کەس زەوت بکرێت و نە کەسیش بەو مەبەستە داوەت بکرێت، داکۆکی لە بۆچوونی ئەم یان ئەو بکات. بە هەموو توانامەوە دژی ئەو دروشمە دەوەستمەوە کە دەڵێت: (تۆ بۆیە لێرەیت، چونکە لەگەڵ ئێمەیت،) ئاخر دروشمی وا هیچ لەگەڵ دیالۆگدا کۆی ناکاتەوە.

هەمیشە پێم دەڵێن: تۆ بۆ نووسینی ڕۆمان، ئەوەندەی سوود لە کتێب وەردەگریت، نیو هێندە پشت بە واقیع نابەستیت. ئەوە ڕاستە بەڵام لەوە ڕاستتر ئەوەیە، ڕۆمانی من زیاتر بەو خۆراکە دەژی کە لە هەست و سۆزی خۆمەوە پێی دەگات. ئەستەمە بتوانم لە ڕۆمانێکدا بڵێم: فڵان ڕێبوار لە فڵان وێستگە دابەزی، ڕۆژنامەیەکی کڕی و سواری شەمەندەفەرەکە بووەوە، ئەگەر خۆم بەو قیتارە سەفەرم نەکردبێت و لە ئیمکانی کڕینی ڕۆژنامەیەک لەو وێستگەیە دڵنیا نەبووبم. هاوڕێیەکی منداڵیم کتێبێکی لەبارەی ئیشەکانی منەوە نووسیوە، تێیدا پێم دەڵێت: (کتێبەکانت لە ژیاننامەی خۆت زیاتر، هیچی دیکە نین.) ڕاست دەکات ئاخر بۆ نموونە کە باسی کچێکی کراسزەردم کردووە، ئەوە ئەو کچە کراسزەردەیە کە سەروەختی هەرەزەکاریم عاشقی بووبووم.

کە گەنج بووم، مامۆستایەکی زانکۆم پێی گوتم: (هەر لە منداڵییەوە بیرۆکەیەک سەرقاڵمان دەکات، ئیدی بەدرێژایی تەمەنمان خەریکی گەشەپێدانی ئەو بیرۆکەیە دەبین.) ئەوسا بە خۆمم گوت: باشە ژیان هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نییە! چەند مامۆستایەکی کۆنەپەرستە! کە تەمەنم بوو بە پەنجا ساڵ، تێگەییشتم مامۆستاکەم لەسەر هەق بووە، ئاخر بە درێژایی تەمەنم لەدووی بیرۆکەیەک وێڵ بووم، کێشەکە ئەوەیە، خۆم نازانم ئەو بیرۆکەیە چییە!

فاشیستەکان هەوڵیان دا زمان بکەن بە بەشێک لە ڕژێم، پێیان وابوو دەتوانن سوود لە وشەی بێگانە وەرنەگرن. هەر وشەیەک بە فەرەنسایی، ئەڵمانیایی، یان ئینگلیزییان زانیبا، بەکاریان نەدەهێنا. ئەوە قەدەغە بوو، وشەی شوفێر، باڕ، یان کۆکتێل بەکار بهێنرێت، هەرچەندە دواتر ئەو وشانە سەرکەوتنیان بە نسیب بوو. زمان هێزێکی بایەلۆجیی هەیە، بڕیاری سیاسی ناتوانێت بیگۆڕێت. باش بەکارهێنانی زمان، لە نەرمونیانیدا خۆی نمایش دەکات، نەرمونیانی لە بەکارهێنانی وشەی بێگانەدا، ئەگەر پێویست بوو. ئەو زمانەی باسکاڵ و دیکارت باسی فەلسەفەیان پێ دەکرد، زمانێکی سادە و ڕۆژانە بوو، تەنانەت (هەنری بێرگسۆن)یش کە باسی چەمکی قورسی دەکرد، زمانی ئاڵۆز نەبوو، زمانی جاک لاکان قورس بوو، ئاخر لەبن هەژموونی ئەڵمانیاییدا بوو.

نەزانینی زمان، زەبروزەنگ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام مەرج نییە ئەوی زمانی ئەوانی دی بزانێت، کەسێکی لێبوردەی لێ پەیدا دەبێت. سەرب و کروات لە یەکدی تێدەگەن، کەچی شەڕی یەکدی دەکەن. سەرەتا ئەوانە بەگژ داگیرکاردا دەچنەوە کە لە وەڵاتی داگیرکار خوێندنیان تەواو کردووە. دەشێت نەتەوەیەک قەلاچۆ بکەین، با شارەزای زمان و کولتووریشی بین، زانین هەمیشە ئاشتی بەرهەم ناهێنێت، ئەوە نییە ژن و مێرد، تا زیاتر پێکەوە بژین و زیاتر شارەزای یەکتر ببن، زیاتر بە یەکدیدا هەڵدەشاخێن.

ئایا ئینسان لە سەردەمی ئینتەرنێتدا کە زانیاریی لێ دەبارێت، دەتوانێت لێزان بێت؟ تا کەناڵەکانی بەخشینی زانیاری زیاتر بن، زیاتر پێویستمان بە زانیاری دەبێت. ئەوە گرنگ نییە لەدووی شتێک بگەڕێیت، هەزاران ناونیشانت بداتێ، گرنگ ئەوەیە، بە کۆمەکی ئەو زانیارییە کۆنانە، بە شتێکی نوێ بگەیت. یادگە ئەوە نییە، زانیارییەکان کەڵەکە بکات، یادگە ئەوەیە زانیارییەکان لێکدی جوێ بکاتەوە. لەوساوە ئینتەرنێت پەیدا بووە، خۆری کتێب بەرەو ئاوابوون نەچووە، بەڵکوو ئێستا کتێب زیاتر لە جاران چاپ دەکرێت و زیاتر دەخوێنرێتەوە.

زۆر لەوانەی بەرپرسی کەمپی ئاوشویتز بوون، ئەو کەمپە بەدناوەی جووی تێدا قەلاچۆ دەکرا، (گۆتە)یان دەخوێندەوە و گوێیان لە موسیکی یوهانس برامس دەگرت. بڕوام بەوە نییە ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری، هەمیشە چاکە بڵاو بکەنەوە. ئێستا خەڵک زمان باشتر دەزانن، کتێب و ڕۆژنامە دەخوێننەوە، بەڵام نە چاکە بەهێزتر بووە، نە مرۆڤایەتی لە جاران تەندروستترە و نە گەوجایەتی کەمی کردووە.

مێژوو لە درۆی گەورە پێک هاتووە، داستانی (ئەنیادە)ی ڤیرجیل درۆیەکی گەورەیە، بۆ خوڵقاندنی (ئوگوست)ێکی مەزن. ئەگەر لادین بیت، هەموو ئایینەکان بە هەڵە دەزانیت، ئەگەر بڕوادار بیت، بێجگە لە ئایینەکەی خۆت، هیچ ئایینێکی دیکە بە راست نازانیت. دونیا بەگوێرەی داستانە گەورەکان بەڕێوە دەچێت کە لەڕووی زانستییەوە، هەموویان هەڵەن. پاپایش لاری لەوە نییە، ئەگەر بڵێم: تەنیا ئایینی من ڕاستە، ئەوانی دی هەڵەن.

ئەگەر کەسێکی بێدینیت، لە ڕۆژەکانی کۆتاییی تەمەندا، سەردانی هیچ کاهینێک مەکە، ئاخر مەبەستت لەو سەردانە هەر چییەک بێت، هەر بەوە لێک دەدرێتەوە کە بۆ تۆبەکردن چوویت.

دوو هەزار ساڵ زیاتر بەسەر کوشتنی سوکرات و مەسیحدا تێپەڕیون، بەڵام هێشتا مرۆڤایەتی لەبن کاریگەریی ئەو دوو شۆکە ڕزگاری نەبووە و هێشتا هەر پەنجەی پەشیمانی دەگەزێت.

چونکە پێمان وایە لەسەر حەقین، ئەمە ئەو مافەمان پێ نادات، ئەوانە بکوژین کە بە دوژمنی حەقیقەتیان دەزانین. ڕێبوارانی ڕێی حەقیقەت، هەمیشە کەسانی لێبوردەن.

هەموو تەکنیکی نووسین لە (چڕیی زمان)دا کۆ دەبێتەوە، ئەوی نەتوانێت بە زمانێکی چڕ بنووسێت، نە توانای داهێنانی ئەدەبیی دەبێت، نە توانای لێکدانەوەی داهێنانی ئەدەبی.

هەموو دەقێکی ئەدەبی دوو جۆر خوێنەری هەیە، یەکێکیان توانای لێکدانەوەی ئاماژە و ڕەمزەکانی هەیە، ئەوی دیکەیان هەم چێژی لێ وەردەگرێت و هەم دەرس.

قەت خاک مەفرۆشن، ئاخر گەورەترین گەوجایەتی لە مێژوودا، ئەو گەوجایەتییەی ناپلیۆن بوو کە بۆ دابینکردنی بوودجە، بۆ پەلاماردانی ڕووسیا، (لویزیانا)ی بە ئەمریکا فرۆشت.(*)

ئەوەندە خەریکی سیمیۆتیکا (نیشانەناسی) بووم، وام لێ هاتووە بڕوا بەوە بکەم، دونیا لە غەیری بەرهەمی زمان، هیچی دیکە نییە.

کە فاشیزم ڕووخا تەمەنم یازدە ساڵ بوو، چەند ساڵێک پێشتر پەخشانێکم نووسیبوو، تێیدا گوتبووم: خەو بەوەوە دەبینم لە پێناوی (مۆسۆلینی)دا بمرم! لەسەر ئەو پەخشانە قوتابخانە خەڵاتی کردم.

لە ڕاگەیاندنەوە باسی خوا ناکەم، هەر ئەوەندە دەڵێم: تا تەمەنم بوو بە بیست و شەش ساڵ بڕوام پێی هەبوو. ترسم لەوە هەیە سیستەمی دوای هەرەسی دیموکراسی، ئازادیی ڕا دەربڕین بەرتەسک بکاتەوە و لەوەیش دەترسم بەدەم ئازاری سەختەوە بمرم.

هیچ لەوە خراپتر نییە، سوپا دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، هەست بە بێزاری بکات.

من سەر بە نەوەیەکی بزربووم، تەنیا لەگەڵ ئەوانەدا خۆم دەدۆزمەوە کە هەست بە تەنیایی دەکەن.

ئەرکی سەرەکیی ڕۆشنبیر، ڕەخنەگرتنە لە هاوڕێیەکانی.

ئەگەر زیاد لە پێویست قۆشمەچی بیت، سووک سەرنجت دەدەن، ئەگەر زیاد لە پێویست وشکوبرینگ بیت، لێت بێزار دەبن.

نابێت شاعیر یان چیرۆکنووس، هەرگیز بەرهەمی خۆی لێک بداتەوە، ئاخر دەق خۆی خەیاڵی خوێنەر بۆ لێکدانەوە هان دەدات. ئەگەر خوێنەر لەبارەی دەقێکەوە پرسیارێکی هەبوو، نابێت لە خاوەنی دەقەکەی بکات.

جێی داخە ژیان هێندە ساکار نییە، ئاخر فاشیزم توانای ئەوەی هەیە، لە شێوەی فریشتە و فەریادڕەسدا بگەڕێتەوە.

ئەگەر دەخوازیت سەرکەوتوو بیت، پێویستت بەوەیە لە تاقە شتێک بزانیت، وەختی خۆت بەفیڕۆ مەدە بۆ ئەوەی لە هەموو شتێک بزانیت.

کە زوو زوو داوای لێبوردن دەکەیت، بەڵگە نییە بۆ ئەوەی کەسێکی بێفیزیت، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کەسێکی ڕووقایمیت.

*

(١) إسکندر حبش، هکذا تکلم أمبرتو إیکو، ورد للنشر والتوزیع ٢٠١٨ دمشق.
(*) (ئابی ٢٠١٩ ترەمپ ویستی گرینلاند لە دانمارک بکڕێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.)