(موقه‌ده‌س) و (دیموكراسى )

 

ساڵى 2004 (موقته‌دا سه‌در) و لایه‌نگرانى، چوارده‌ورى ماڵى (عه‌لى سیستانى)ی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌یان ته‌نى و دایانه‌ به‌ر ده‌ستڕێژى گوللە.


له‌وه‌ش زیاتر، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانی، كه‌ وێنه‌ى ڕووشۆرێكیم له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ده‌سته‌یه‌ك له‌ پیاوانى ئایینیی حه‌وزه‌ى نه‌جه‌ف له‌ رێکەوتى 18-5-2004 ده‌ریانكردووه‌، (موقته‌دا) هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ (سیستانى) كردووه‌ و داواى لێ كردووه‌ به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكات و پشتیوانیی لێ بكات!


به‌یاننامه‌كه‌ى پیاوانى ئایینى كه سه‌ركۆنه‌ى (سه‌در) ده‌كات و به‌ لاده‌ر له‌ ڕێبازى (ئه‌هلى به‌یت) و خوا و پێغه‌مبه‌ر تاوانبارى ده‌كات، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانى مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف، كه‌ له‌ هه‌مان ڕۆژدا به‌ ناوى (سیستانی)ه‌وه‌ بانگه‌وازێكى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، تیایدا داوا له‌ عه‌شایه‌رى عێراق ده‌كات، له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانه‌وه‌ ڕوو بكه‌نه‌ نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و شوێنه‌ پیرۆزه‌كان بپارێزن.


ڕووداوه‌كانى پێشووترى ئه‌م ڕۆژگاره‌ ده‌یسه‌لمێنن، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكاییه‌كان و هێندێك له‌ عه‌شایه‌رى فوڕات فریا نه‌كه‌وتنایه‌، هیچ دوور نه‌بوو (موقته‌دا سه‌در) و لایه‌نگرانى، (عه‌لى سیستانى)ی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عى شیعه‌ى عێراقیان، به‌ ده‌رده‌كه‌ى (شه‌ریعه‌تمه‌دارى)ی سایه‌ى (ئیمام خومه‌ینى) نه‌بردایه‌، كه‌ (خه‌لعى لیباس)یان كرد!


(عه‌لى سیستانى) شاگردى (ئه‌بولقاسم ئه‌لخوئیی)ه‌، ئه‌لخوئیش شاگرد و به‌رده‌ستى (موحه‌مه‌د حوسێن ئه‌لنائینى)ه‌.


زه‌مان دێت و ده‌ڕوات، تۆ خۆت نه‌ دۆست هه‌ڵده‌بژێریت و نه‌ په‌روات به‌وه‌یه‌ كام شته‌ت په‌سه‌ند بێت و كامه‌شت نه‌وێت.


له‌م سه‌روبه‌نده‌دا مرۆڤ گیرۆده‌ى كاروبار ده‌بێت. منیش زه‌مانێك گیرۆده‌ى كاروبار بووبووم و كتێبێكى (موحه‌ممه‌د حوسێن ئه‌لنائینی)م خوێنده‌وه‌، به‌ ناوى (المشروطة والمستبدة)ه‌وه.


با لێره‌دا شایه‌تییه‌ك بده‌م. هیچ كتێبێك له‌ مێژووى كتێبه‌كانى سوننه‌ و شیعه‌دا، كه‌ من خوێندوومنه‌ته‌وه‌، هێنده‌ى ئه‌م كتێبه‌ لایه‌نگرى دیموكراسى نییه‌ و هیچ كتێبێكیش وه‌ك ئه‌مه‌، دژى سته‌مكاری نییه‌.


سته‌مكار هه‌ر كه‌سێك بێت و له‌سه‌ر هه‌ر ئایین و ئایینزایه‌ك بێت.


پێده‌چێت ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ عێراقدا و له‌ژێر چه‌ترى ئه‌زموونى شكستخواردووى سیاسیى شیعه‌ى سایه‌ى ئه‌مەریكایى و ئێرانیدا ڕوو ده‌دات، خه‌یاڵێكى كتێبه‌كه‌ى (ئه‌لنائینى) بێت.


ساڵى 2016، كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كم له‌سه‌ر بارودۆخى عێراق بڵاو كردوه‌، ئاوهام نووسیوه‌: (ئه‌وه‌ى ئێستا به‌ دیارده‌ى موقته‌دا سه‌در ناودێر ده‌كرێت و سیمایه‌كى به‌رچاوى ڕووداوه‌كانى شه‌قامى عێراقه‌، گوزارشت له‌ كامڵبوونى هۆشمه‌ندیى عێراق ده‌كات، نه‌ك ئه‌و عێراقه‌ى له‌ خه‌یاڵى ئه‌مەریكا و ئێراندا هه‌یه‌ و گوزارشت له‌ خواست و ویستى ئه‌وان ده‌كات، به‌ڵكوو عێراقێك، كه‌ ئه‌جنداكانى ئه‌وان تێیدا شكست ده‌هێنێت و له‌ژێر داروپه‌ردووى سیناریۆ و وه‌همه‌كانیانه‌وه‌ پشكۆى گۆڕانكارى و سه‌ره‌تایه‌كى واقیعى به‌رجەسته ده‌بێت).


ئه‌م قسه‌یه‌م سه‌باره‌ت به‌ خودى (موقته‌دا سه‌در) نه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ى سه‌باره‌ت به‌رجه‌سته‌بوونى دیارده‌ى مۆدیلێك له‌ شیعه‌ى عه‌ره‌بییه‌، كه‌ دژ و پێچه‌وانه‌ى شیعه‌یه‌كى ئێرانییه‌، كه‌ ئه‌مەریكاییه‌كانیش دركیان پێی نه‌كردووه‌.


سیستمى سیاسیی عێراق له‌دواى ساڵى 2003وه‌ به‌ ڕادده‌یه‌ك بێدادی و گه‌نده‌ڵى و به‌ربادیى خسته‌وه‌، ڕۆژگارێك به‌ناچارى خه‌ڵكانێكى زۆر ئومێدیان به‌ (داعش) هێنا، ئیتر ئێستا بۆچى ئومێدیان به‌ مۆدیلێك نه‌بێت، كه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ى له‌ناو شیعه‌دا هه‌بێت و به‌شێك بێت له‌ نه‌وه‌یه‌ك، كه‌ خۆیان ڕۆژێك ئومێدیان به‌و لیسته‌ شیعه‌یه‌ هه‌بووه‌، كه‌ له‌ ساڵى 2005وه‌ خودى (سیستانى) پشتیوانیى كردووه‌؟


شكستى ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسییه‌ شیعه‌كان له‌ حوكمڕانیى عێراقدا چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌رگاى بۆ ئه‌وه‌ ئاوه‌ڵا كردووه‌، كه‌ هێندێك مه‌سه‌له‌ى هه‌سته‌وه‌رى و مێژوویى بێنه‌وه‌ به‌ر باس، به‌ جۆرێك پێگه‌ى مه‌زهه‌بی و كولتووریی شیعه‌گه‌رى به‌ شێوه‌یه‌كى تر بوروژێنێت.
هه‌موو زه‌مینه‌یه‌ك بۆ شكست و فه‌شه‌لى سیاسیى ده‌سته‌بژێرێك، ده‌شێت زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بێت بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سانى تر، سه‌ركه‌وتنى ترى تێدا به‌ده‌ست بهێنن.


له‌م بارودۆخه‌ى عێراقدا، له‌ بارودۆخى هاوشێوه‌ى ناڕازیبوون و شۆڕشدا، خه‌ڵكى ده‌زانن دژى چین و چیان ناوێت، به‌ڵام نازانن چیان ده‌وێت!


له‌دواى ساڵى 2003 بوو، هه‌ر زوو (موقته‌دا سه‌در) هاته‌ مه‌یدان و شاباڵى (ئه‌بولقاسم ئه‌لخوئى)ی مه‌رجه‌عى پێشووى حه‌وزه‌ى نه‌جه‌ف و زاواى (عه‌لى سیستانى) بڕى، كاتێك لایه‌نگرانى، (عه‌بولمه‌جید ئه‌لخوئی)یان كوشت.


له‌ناو حه‌وزه‌ى نه‌جه‌فدا وا باو بوو، كه‌ به‌ فارسى ده‌یانگوت: (فرزند مرجع، نیم مرجع)، واتا (كوڕى مه‌رجه‌ع، نیوه‌ى مه‌رجه‌عه‌). ئیتر نه‌وه‌یه‌ك له‌ عێراق دروست بوون، كه‌ نیوه‌ى مه‌رجه‌ع به‌ خوێنێكى سارده‌وه‌ بكوژن!


جا مه‌رجه‌ع خۆى چییه‌؟
ئێستا نه‌وه‌یه‌ك هاتوونه‌ته‌ ئارا، كه‌ گوێ له‌ مه‌رجه‌ع خۆیشى ناگرن.
ساڵى 2016 له‌ به‌غدا (دارئه‌لمورته‌زا) كتێبێكى پڕ گرنگى 132 لاپه‌ڕه‌یى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌. كتێبه‌كه‌ به‌ ئینگلیزى (دكتۆر عه‌باس كازم)ى توێژه‌ره‌وه‌ى په‌یمانگاى لێكۆڵینه‌وه‌كانى عێراقى سه‌ر به‌ زانكۆى (ستانفۆرد)ى ئه‌مەریكایى دایناوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ش گرنگ و بایه‌خداره‌، ناشێت ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت ئاگادارى بوارى سۆسیۆ - سیاسیى عێراق و ڕه‌وتى شیعه‌گه‌ریى ناوچه‌كه‌ش بێت، سه‌رنجى نه‌داتێ، یان لاى كه‌مى، سه‌رپێى موتاڵاى نه‌كات.
كتێبه‌كه‌ به‌رى ڕه‌نج و ماندووبوونى گه‌شتى دانه‌ره‌كه‌یه‌تى به‌ناو ئه‌رشیفێكى ده‌ ملیۆن به‌ڵگه‌نامه‌یى حزبى به‌عسدا، كه‌ موڵكى په‌یمانگاى (هۆڤر)ى سه‌ر به‌ زانكۆى (ستانفۆرد)ه‌ و ناونیشانه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ (حه‌وزه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانى به‌عسدا).
وا باوه‌، كه‌ (موحه‌ممه‌د سادق سه‌در) باوكى (موقته‌دا)، پڕۆژه‌یه‌كى به‌عسى بووه‌ بۆ دروستكردنى مه‌رجه‌عێكى عه‌ره‌بى له‌به‌رامبه‌ر مه‌رجه‌عى فارسیدا، كه‌چى ئه‌م كتێبه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كتێبى گه‌وره‌ بیرمه‌ندى عێراقى (فالح عه‌بدولجه‌بار) و ئه‌وی تریشیان كتێبه‌ به‌ ناوبانگه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌نووسى به‌ریتانیایى (پاتریك كوبیركوین)، كه‌ به‌ ناونیشانى (موقته‌دا سه‌در و كه‌وتنى عێراق 2008)ه‌، كه‌ پێیان وابووه‌ باوكى سه‌در پڕۆژه‌یه‌كى به‌عسى بووه‌ دژى شیعه‌ى فارسى و هه‌وڵى عێراق بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌عس حه‌وزه‌ى نه‌جه‌ف له‌ دژى قوم سه‌ربخات.


لێره‌دا من نامه‌وێت بچمه‌وه‌ سه‌ر ململانێى حه‌وزه‌ى (قوم) و (نه‌جه‌ف) و باسى ململانێى شیعه‌ى فارسى وعه‌ره‌بى بكه‌م، ئه‌مه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت.


چریسك و هوڕى ئه‌و هه‌موو زێڕه‌ى به‌ قوببه‌كانى ئیمامه‌كانى شیعه‌وه‌یه‌، هه‌مووى پادشاكانى ئێران له‌ زێڕیان گرتوون.


(عه‌لى سیستانى) كه‌وا باوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌عه‌ عه‌ره‌به‌كان، كوڕێكى خۆى به‌ناوى (محه‌ممه‌د ڕه‌زاشا)وه‌ ناو ناوه‌.


له‌دوایین ڕۆژه‌كانى ده‌سه‌ڵاتداریشیدا، كاتێك (فه‌ره‌ح دیبا)ى شاژنى ئێران چووبووه‌ لاى (ئه‌لخوئى)ی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عى شیعه‌ى عێراق، وه‌ك پشتیوانییه‌ك بۆ (شا)، موستیلیه‌كى زێڕینى پێشكه‌ش كردبوو.


خۆ كه‌ (شا)ى ئێرانیش له‌ ئاواره‌ییه‌كه‌ى قاهیره‌یدا مرد، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى (ئه‌نوه‌ر سادات)ى سه‌رۆكى میسڕ له‌ پێشه‌نگى ماته‌مگێڕانیشدا بوو، به‌ڵام هه‌ر ته‌رمى (شا)یان ئه‌سپه‌رده‌ نه‌كرد، هه‌تا نوێنه‌رێكى (ئه‌لخوئى) گه‌یشته‌ مزگه‌وتى (ئه‌لڕفاعى)ی قاهیره‌ و نوێژى مردووى له‌سه‌ر دانه‌به‌ست.


شه‌رعیه‌تى شیعه‌گه‌ری گومانى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، كه‌ مه‌رجه‌عه‌كه‌ى (نه‌جه‌ف)ه‌، به‌ڵام هه‌ر كه‌س له‌ ئێران ده‌سه‌ڵاتدار بووبێت، ئه‌وه‌ى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌، كه‌ خوازیاره‌ حه‌وزه‌ى (قوم) سه‌نگین و باڵاده‌ست بێت و شوێنى (نه‌جه‌ف) بگرێته‌وه‌.


نه‌وه‌یه‌ك هاتوونه‌ته‌ ئارا، ئه‌م دووالیزمه‌ تێك بشكێنن و به‌دواى خه‌ونى ژیانه‌وه‌ بن، ژیان چییه‌ جگه‌ له‌ جیاوازیى شوناس و خاوه‌ندارێتیى ماف؟


ماف له‌ شوناس گرنگتره‌.
موقه‌ده‌س به‌بێ ماف بایه‌خى نییه.
دیموكراسییش به‌بێ ماف موقه‌ده‌س نییه‌.
زۆر ماوه‌ به‌ كامى دڵ به‌دواى ئه‌م چیرۆكه‌وه‌ بم، بزانین په‌ڕه‌ى دڵ چه‌ند به‌رگه‌ ده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ى چیرۆكه‌كه‌ بگێڕینه‌وه‌؟
به‌شێك له‌ ڕووداوه‌كانى عێراق، له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان ئه‌وه‌ى ده‌ته‌وێت باسى بكه‌یت، په‌یوه‌سته‌ به‌ موقه‌ده‌سه‌وه‌.
باسكردن له‌ گه‌نده‌ڵییش و ئه‌وه‌ى ناتوانیت بیڵێیت، به‌شێكى په‌یوه‌سته‌ به‌ موه‌قه‌ده‌سیى مه‌رجه‌عه‌وه‌.
ڕاستی ئه‌وه‌یه كه‌ ناگوترێت و سه‌باره‌ت به‌ موقه‌ده‌سه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌گوترێت و سه‌باره‌ت به‌ دیموكراسییه‌.
له‌ داهاتوودا ئه‌وه‌ى ناگوترێت و باس ناكرێت، دێته‌ سه‌ر باس و ڕووى ڕه‌ش سوور ده‌كات.
ئه‌وه‌ى ئێمه‌ نایڵێین، خه‌ڵك به‌ ده‌نگى به‌رز ده‌یڵێن!
ئێمه‌ ناترسین له‌ گوتن، چونكه‌ هیچ شتێك موقه‌ده‌س نییه!