من لە رەقە بووم - 26

لە پێشبڕکێی لەبەرکردنی قورئاندا خەڵاتم وەرگرت

به‌شی 17

له‌ قۆناغی گه‌نجێتیم و له‌پاڵ ئه‌و بایه‌خدانه‌ى، كه‌ به‌ فه‌له‌ستین هه‌مبوو و حه‌زكردنم به‌ جیهاد، حه‌ز و خولیایه‌كى تر له‌ مندا دروست بوو، ئه‌ویش حه‌زكردن به‌ له‌به‌ركردنى قورئان بوو. ڕۆژێك دایكم له‌ مزگه‌وتى (الكرمه‌)وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌ و زۆر باس و تاریفی شێوازى خوێندنه‌وه‌ى پێشنوێژى مزگه‌وته‌كه‌ى بۆ كردم. ئه‌و پێشنوێژه‌ له‌و كاتانه‌دا ناوى (النوبی) بوو، كه‌ زۆر به‌جوانى قورئانى ده‌خوێنده‌وه‌. هه‌ناسه‌یه‌كى دوورودرێژى هه‌بوو، كه‌ پچڕانى نه‌بوو. تا ئێستاش شێوازى خوێندنى قورئانى ئەلنوبی له‌ زه‌ینمدا ماوه‌. زۆر جار له‌به‌ر حه‌ز و خۆشه‌ویستیى دایكم به‌ ئەلنوبی، منیش لاسایی قورئانخوێندنه‌وه‌كه‌ى ئه‌وم ده‌كرده‌وه‌.


لەوەى كه‌ دایكم له‌ خوێندنه‌وەى قورئانی ئەلنوبی خۆشحاڵ بوو، ئیره‌ییم پێ ده‌برد و تا ڕاده‌یه‌كیش خه‌فه‌تم پێى ده‌خوارد. نه‌مده‌ویست هیچ كه‌س جگه‌ له‌ خۆم كارێك بكات، دایكم خۆشحاڵ بكات. ده‌مویست تاقانه‌ كه‌س له‌ دونیا بم، كه‌ دایكم خۆشی ده‌وێت! به‌ڵێنم به‌ خۆم دا، كه‌ له‌به‌ركردنى قورئان ده‌ست پێبكه‌م تا له‌ دایكم زیاتر نزیك ببمه‌وه‌. (رۆژێك دێت له‌جێى ئەلنوبی وه‌ك پێشنوێژ قورئان ده‌خوێنمه‌وه‌). ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ڕاستى ئاوا بیروڕایه‌ك له‌ دڵمدا دروست بوو.


چوومه‌ مزگه‌وتى ئەلكەرەمه‌ و داوام له‌ شێخێكى گه‌وره‌ى مزگه‌وته‌كه‌ کرد، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ سووچێكى مزگه‌وته‌كه‌دا داده‌نیشت، بۆ له‌به‌ركردنى قورئان هاوكارییم بكات، چونكه‌ ئەلنوبی به‌ شێوازێكى ڕێكوپێك و هه‌میشه‌یی نه‌یده‌توانى بۆ مزگه‌وتى ئەلكەرەمه‌ بێت و نه‌مده‌توانى لای ئه‌و قورئان له‌به‌ر بكه‌م. بیری له‌به‌ركردنی قورئان وازى لێ نه‌ده‌هێنام. شتێك كه‌ حه‌ز و خولیای منى زیاتر بۆ له‌به‌ركردنى قورئان هان ده‌دا، ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ بوو كه‌ پارێزگاری نابل له‌ هه‌موو مانگێكى ڕه‌مه‌زان به‌ قورئان له‌به‌ركه‌رانى ده‌دا. جارێكیان له‌ شه‌وى 27ى ڕه‌مه‌زان، كه‌ شه‌وى قه‌در بوو، مه‌ڕاسیمى خه‌ڵاتكردنى ئه‌وانه‌ى قورئانیان له‌به‌ر كردبوو، به‌هۆی به‌رپرسانى فه‌رمیی نابلم بینى. هه‌ر ئه‌مه‌ش حه‌زى منى بۆ له‌به‌ركردنى قورئان زیاتر كرد. له‌بیرمه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌ پوورم كه‌ له‌ من گه‌وره‌تر بوو، له‌ مزگه‌وتى ئەلكەرەمه‌ بووین. پرسیم ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ چین لێره‌دا كۆ بوونه‌ته‌وه‌؟ ئه‌و گوتى، ئه‌مانه‌ له‌به‌ركه‌رانى قورئانن. له‌پاشاندا به‌ گاڵته‌وه‌ به‌ منى گوت، ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندیى به‌تۆوه‌ نییه‌! ئه‌وكاته‌ به‌ كوڕه‌ پوورم گوت، ده‌بینى كه‌ ساڵێكی تر منیش له‌ ڕیزى ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌بم، كه‌ له‌ ئاوا مه‌جلیس و بۆنه‌یه‌كدا ڕێزیان لێ ده‌گیرێت. كوڕه‌ پوورم پێم پێكه‌نى. نه‌مزانى له‌به‌ر بانگه‌شه‌كه‌م بوو یان له‌ منى ڕانه‌ده‌بینى. ئه‌و كاتانه‌ له‌ قۆناغی ناوه‌ندیدا بووم. ده‌رس خوێندنى مه‌كته‌ب بۆ من گرنگ نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ركردنى قورئان بووبووه‌ ئامانجێكى گرنگی ژیانم.


كۆتایی مانگى ڕه‌مه‌زانى ئه‌و ساڵه‌، داوام له‌ ئیمامى جه‌ماعه‌تى مزگه‌وته‌كه‌ كرد، من بۆ لای كه‌سێك بنێرێت، كه‌ له‌ژێر چاودێری و ڕێنمایی ئه‌ودا قورئان له‌به‌ر بكه‌م. ئیمامى جه‌ماعه‌تى مزگه‌وته‌كه‌مان منى بۆ مزگه‌وتى (ئەلرەبت) كه‌ ناوى ناوچه‌كه‌ش هه‌ر به‌م ناوه‌وه‌ بوو برد. له‌وێشدا ڕاهێنه‌رێك بوو، كه‌ منداڵان و هه‌رزه‌كاران له‌لای ئه‌و قورئانیان له‌به‌ر ده‌كرد. گه‌یشتنی من به‌و مزگه‌وته‌ شتێکی گرنگ بوو. هه‌ر له‌و مزگه‌ته‌دا توانیم كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك، كه‌ به‌ناوى (ڕیشداره‌كان) بوون، ببینم. له‌ مزگه‌وتى ئەلكەرەمه‌، كه‌ له‌ ناوچه‌ی (ئەلقبله‌)دا بوو (له‌و شوێنه‌ى كه‌ نیشته‌جێ بووبووین) بوونى ڕیشداره‌كان تیایدا زۆر باو نه‌بوو.


له‌ مزگه‌وتى ئەلرەبت، هه‌ندێك منداڵم دى كه‌ له‌به‌ركه‌رى قورئان بوون. هه‌ندێك له‌وان ته‌واوى قورئانیان له‌به‌ر بوو. هه‌ندێكیان نیوه‌ى و هه‌ندێكیشیان یه‌ك له‌سه‌ر پێنج و هه‌ندێكى تر به‌ ڕێژه‌یه‌كى كه‌متر. به‌ هه‌ر حاڵ ئیره‌ییم پێیان ده‌برد.


كه‌شێكى ترم له‌گه‌ڵ ئه‌م منداڵ و هه‌رزه‌كار و گه‌نجانه‌دا بۆ دروست بووبوو. به‌توندى گیرۆده‌ى له‌به‌ركردنى قورئان بووم و توانیم پێنج بەشی قورئان تا كۆتایی سووره‌تى (جومعه‌) له‌به‌ر بكه‌م. هه‌ركاتێك سووره‌تێكى تازه‌م له‌به‌ر ده‌كرد، ده‌چوومه‌وه‌ لای دایكم و به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ بۆم باس ده‌كرد. له‌گه‌ڵ توندبوونى ڕاهێنه‌ره‌كه‌مان، له‌ بابه‌تى له‌به‌ركردنى قورئان و ئه‌و لێدانانه‌ى بۆ هه‌ڵه‌كانم له‌ ڕوانگه‌یدا داینابوو. ئه‌و لێدانانه‌م وه‌ك (پێدانى گوڵێك) ده‌زانی، پێچه‌وانه‌ى ئه‌و لێدانانه‌ى، كه‌ له‌ قوتابخانه‌ حكوومییه‌كاندا لێیان ده‌دام.


ڕاهێنه‌ره‌كه‌مان، كه‌ به‌ شێوه‌زارى تونسی به‌و (ئەلمدب)یان ده‌گوت، جه‌ختى ده‌كرده‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا جوان خوێندنه‌وه‌ گرنگ نییه‌. به‌ڵكوو یاسا و ڕێزمانى ئه‌و گرنگه‌. له‌ مزگه‌وتى ئەلرەبت، خۆشترین ساته‌كانى ژیانم له‌ژێر سێبه‌ر و قورئاندا گوزه‌راند.


مانگى ڕه‌مه‌زان هات و توانیبووم بانگه‌شه‌كه‌م، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر كوڕه‌ پوورمدا كردبووم، بەجێ بێنم. یه‌كه‌م خه‌ڵاتم، كه‌ بۆ له‌به‌ركردنى پێنج بەشی قورئانى پیرۆز بوو وه‌رگرت. بێ ئه‌وەى هیچ یه‌كێك له‌ خزمانم له‌وێ ئاماده‌ بن.


له‌دواییشدا كه‌ توانیم ده‌ بەش له‌به‌ر بكه‌م، خه‌ڵاتێكى ترم له‌ مزگه‌وتى ئەلكەرەمه‌ وه‌رگرت. ئه‌مجاره‌یان خه‌ڵاته‌كه‌م له‌ پارێزگاری نابیله‌وه‌ پێ درا و منیش به‌شانازییه‌وه‌ وه‌رمگرت. پێش له‌م مه‌ڕاسیمه‌ش، نوێنه‌رى پارێزگار منى له‌ شه‌قامى گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان بینیبوو. بانگهێشتنامه‌ی ئاماده‌بوون له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌ى بۆ وه‌رگرتنى خه‌ڵاتى پێم دابوو. گوتی تۆیش له‌نێو براوه‌كاندایت و ڕۆژى 27ى مانگى ڕه‌مه‌زان له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه‌ ڕێزت لێ ده‌نرێت.


ده‌عوه‌تنامه‌كه‌م وه‌رگرت و خێرا به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ڕامكرد، مزگێنیى ئه‌م هه‌واڵه‌ خۆشهم به‌ دایكم دا. له‌ خودى شاری نابل، كه‌ ناوه‌ندى پارێزگار به‌ئه‌ژمار ده‌هات، له‌و كاته‌دا من ته‌نیا كه‌سێك بووم، كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ى وه‌رده‌گرت، دایكم زۆر خۆشحاڵ بوو. ماچى كردم و پاش چه‌ند ڕۆژێك ناڕه‌حه‌تیى له‌من به‌هۆی شه‌ڕێكمه‌وه‌، كه‌ له‌ قوتابخانه‌ى حكوومى كردبووم، منى به‌خشی.


خه‌ڵاته‌كه‌م وه‌رگرت، دایكم له‌ به‌شی خانمان له‌ نهۆمى سه‌ره‌وه‌ى مزگه‌وتدا بوو، منى ده‌بینى. ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خزمانیشم له‌وێنده‌ر بوون، بوومه‌ جێى شانازیى هه‌موویان.


له‌بیرمه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ى، كه‌ بڕیاربوو خه‌ڵاتى له‌به‌ركردنى قورئان وه‌ربگرم، له‌به‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ى كه‌ له‌ خوێندنگاى حكوومى ئاماده‌ییه‌كه‌مدا كردبووم، بۆ ماوى ڕۆژێك له‌ خوێندنگا فه‌سڵى كاتی كرام. ئه‌و مامۆستایه‌ى له‌ خوێندنگا له‌ فه‌سڵه‌كه‌مدا رۆڵى هه‌بوو، كاتێك منى له‌ مزگه‌وت بینى سه‌رى سوڕما. گوتم ئێستا به‌ سوڕمانه‌وه‌ ده‌ڵێت، چۆن قوتابییه‌ك دایمه‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌گه‌ڵ قوتابییاندا ده‌نێته‌وه‌، ئێستا به‌م جلوبه‌رگى درێژى تونسییانه‌، به‌هێمنى و نه‌رمونیانییه‌وه‌ له‌ مزگه‌وت داده‌نیشێت و له‌به‌رده‌م به‌رزترین پله‌ی سیاسیی پارێزگاره‌، خه‌ڵاتی له‌به‌ركردنى قورئان وه‌رده‌گرێت.


هه‌ڵبه‌ت ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ى كه‌ به‌هۆی له‌به‌ركردنى قورئانه‌وه‌ وه‌رمگرت، هه‌ر له‌و ئاستى ناوچه‌ییه‌ی شاری نابل نه‌مایه‌وه‌. بڕیارم دا له‌ پێشبڕكێیه‌كى قورئانیدا به‌شداری بكه‌م كه‌ له‌ ئاستى وڵاتدا به‌ڕێوه‌ ده‌چوو. ئه‌م پێشبڕكێیه‌ كه‌ناڵى ته‌له‌ڤزیۆنى (هانیباڵ)ى تونس له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا به‌ڕێوه‌ى ده‌برد. دوو جار له‌م پێشبڕكێیه‌دا به‌شدارییم كرد. پێشبڕكێكان له‌ ته‌لەڤزیۆن په‌خش ده‌كران و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو خزمان و دۆستان له‌ گه‌ڕه‌ك ده‌یانبینى. براوه‌ به‌ ده‌نگدان له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ به‌هۆی مه‌سجه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرا. له‌و دوو جاره‌ به‌شداریكردنه‌م، جارێكیان توانیم له‌ ئاستى وڵات به‌ ده‌نگى بینه‌ران براوه‌ بم و خه‌ڵات وه‌ربگرم.