هنری مۆر 1898-1986ز

دامەزراوەی هنری مۆر لە شاری ماچهدهام، یەكێكە لە ئەنجومەنە هونەرییە ناسراوەكانی جیهان

ئەم كەڵەهونەرمەندە لە 30 مانگی (جۆلای) لە ئۆكسفۆردی بەریتانیادا هاتووەتە دونیاوە.


لە ساڵی 1917ز لە قوتابخانەی هونەریدا قوتابی بووە.


لە ساڵی 1918ز وەك بەجێگەیاندنی ئەركی سەربازی، بووەتە سەرباز.


دواتر دەچێتە كۆلیژی سەڵتەنەت لە شاری لەندەن، لە ساڵی 1928ز زەمالەی بەردەوامیی خوێندنی وەرگرتووە و ڕۆیشتووە بۆ ئیتالیا. لە ساڵی 1930ز بووە بە دیزاینەری دەوڵەت.


لە ساڵی 1958ز پەیكەری دەستكردی ئەو لە بەرامبەر پەیكەری یونسكۆ لە شاری پاریس دادەنرێت. لە ساڵی 1886ز لە شاری ماچهدهام كۆچی دوایی كردووە.


شایانی گوتنە، دامەزراوەی هنری مۆر لە شاری ماچهدهام بەردەوامە و یەكێكە لە ئەنجومەنە هونەرییە ناسراوەكانی جیهان. یەكێك لە پەیكەرە بەناوبانگەكانی هنری مۆر، كە لە سەرەتای كاری پیشەیی خۆیدا وەك پەیكەرتاش دروستی كردووە، بەناوی (شا و شاژن) بووە، چەند مانگێك لەپێش تاج لەسەرنانی شاژن ئەلیزابیسی دووەم دروستی كردووە، لە 1953ز شاژن ئەلیزابیس لە تەمەنی 27ساڵیدا بەسەر تەختی شاهییەوە دانیشتووە. بێ گومان پەیكەری شا و شاژنی هنری مۆر لە كاتی خۆیدا ئەنجامی داوە، بۆنەكە بووەتە هۆی بەناوبانگبوونی پەیكەرەكە. دوو پەیكەر بەسەر نیو كەتێكەوە شانبەشان دانیشتوون، شوێنەكەیان بەسەر گردێكەوەیە لە وڵاتی سكوتلەندا و دەڕواننە ئاسۆی دوور. ئەگەر لەو دوو پەیكەرە ورد بینەوە، سەری هەردووكیان لە سەری باڵندە دەچێت تا مرۆڤ. شاژن هەردوو دەستی خستووەتە سەر دامێنی، لەكاتێكدا شا دەستی خستوونەتە سەر ڕانی خۆی. ئەو دوو پەیكەرە ئارامی و ئاسایش و دڵنیایی زۆر دەپڕژێننە دەوروبەر. هنری مۆر لەو پەیكەرەیدا وەستایی هونەریی خۆی وەدەرخستووە و تەكنیكەكە تایبەتمەندیی پێوە دیارە. لەپێش هەر كارێكدا (هنری) مۆدیلەكەی لە مۆم درست كردووە و گۆڕانكاریی تیادا كردووە، تا گەیشتووەتە دوا گۆڕانگاری و قۆناغی دروستكردنی لە برونز. ئەویش بە ئەندازە و قەبارەی دڵخوایی خۆی. بڕێكی زۆر لە ڕەخنەگرانی هونەری دەربارەی پەیكەرەكانی هنری مۆر گتوویانە، زلزەلامیی پەیكەرەكانی، بینەر دەخاتە بیری سەردەمی قەد و قامە ئەفسانەییەكانەوە.


بۆخۆی هنری مۆر لەو ڕووەوە دەڵێـت: گرێكوێرەی پەیكەرەكانم ڕەنگە لەناو كەللـەسەری شادا بێـت، سەر و تاج و ریش و سمێڵی شا هەمووی ئەوانە لە سەرەكەی شادایە، كە بۆخۆی ئەوە ڕۆحی جەنگە. ئەگەرچی دیمەنێكی حەیوانییە، بەڵام بە بیری من مایە و هەوێنی شای تیادایە. (پن) لە ئەفسانەكاندا خودای جەنگەڵ بووە، لەگەڵ پەیكەری شادا یەك پەیكەر و دوو ڕۆحن و وجوودی مرۆڤ ستایش دەكەن، مرۆڤ بەو گەورەییە.


هنری زۆر جار لە پەیكەرە ڕاكشاوەكەی كردووە، لای وابووە ئەو پەیكەرە ڕاكشاوەی لە تەواوی پەیكەرە ڕاوەستاوەكانی لاجوانتر و شیاوتر بووە. ئەو جۆرە پەیكەرانە لە دیزاینەكانیدا زۆرتر دەخەمە بەرچاو. ئەو دەڵێت: "بۆ یەكەمین جار لە سەرەتای 1920ز، كە كەرەستەكانم تاقی كردەوە تا بزانم توانای من لە كامیاندایە، ئەو بابەتە دیزاینە كەوتە خولیامەوە، كەرەستە سروشتییەكان هەوێنی پەیكەرەكانمن، ئەو كەرەستە خوانە جوانتر و شیاوتر و باشتر لەگەڵ دیزاینەكانمدا دەگونجێن".


هەروەها دەڵێت: "سەرەتا پەنام بۆ دار و بەرد و گەچ برد و زۆر كارم بەو كەرستانە ئەنجام داون. لەبەر ئەوەی سروشت و دەوروبەر بۆ من گەلێك نەخشی خۆیان هەیە، ئەو جۆرە كەرەستانە بۆ من گرنگیی خۆیان هەبووە و ڕەنگە پێویستییەكانم تیادا بەكار بردووە، تاكوو لەگەڵ دەوروبەردا بە یەك بخۆن و لەگەڵ یەكدا بگونجێن، لە چەند سووچەوە حاڵەتی بۆ تەماشاكەر دەخاتە بەرچاو.


هنری هەمیشە لە پەیكەرەكانیدا باسی لە مرۆڤایەتی و حاڵەتی ئینسانی كردووە، دوای دووەم شەڕی جیهانی، لایەنگرانی زۆرتر كارمەندی دەوڵەت بوونە، لە رۆژانی سەختی جەنگی جیهانیدا (پەیكەری خەڵكی لە وێستگە ژێرزەوییەكان)دا، لە ترسی بۆمبابارانی شەو و ڕۆژی ئەڵمانیا، كە لەندەن و شارەكانی دیكەی بێ مەبادا و ڕەشبگیرانە بۆمباباران دەكرد، لەو سەردەمەیدا هاوكار و كارمەندیی دەوڵەتی كردووە. هەروەها دەوڵەت لەدوای شەڕ چەندان كاری پێشنیار كرد، تا هنری ئەنجامی بدات، هنری بە كاری بێ وەستانی شەو و ڕۆژانەی، توانی بەرهەمێكی بەرچاوی پەیكەر بەرهەم بێنێ. ئەوڕۆكە لە زۆر وڵاتاندا پەیكەری ئەم هونەرمەندە بەدی دەكرێن و شانازی پێیانەوە دەكرێت.


لە وڵاتانی دونیادا دەوڵەتان داوا لە پەیكەرتاشان دەكەن تا كارە هونەرییەكانیان بەپێی گرێبەست و ڕێككەوتنێك ئەنجام بدەن، تا گۆڕەپانی شارەكانیان پێ بڕازاێننەوە. لە وڵاتی ئێمەدا كارەكە پێچەوانەیە، هونەرمەندان بەبێ بەرامبەر ئامادەن پەیكەر بۆ شارەكانیان ئەنجام بدەن، شارەوانییەكان بە دژوار ڕازی دەبن، ئەوە چەندی بە چەندە؟


دەزانی بە چەندە و بۆ وایە؟


بەڵێ خۆیان هەڵگرتووە بۆ سەد ساڵی داهاتوو.


بەرەكەت بێت ئینشائەڵا!