تیرۆری نەرم

 (خۆراکی ماوەبەسەرچوو) وەک نموونە!

لە دوو رۆژی رابردوودا، لە یەک لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان، کۆگایەکی گەورە، کە رێکەوتی خۆراکی ماوەبەسەرچوویان دەگۆڕی و بە خۆراکی تازە و بە خەڵکیان دەفرۆشت، پیشان درا. کرێکارێک دەرکەوت گوتی: "ماوەی دوو ساڵە ئەم کارە دەکەین". واتە ماوەی دوو ساڵە، ئەم کۆگایە ژەهر بە هاووڵاتییان دەفرۆشێت!


ئەم حاڵەتە گومان و دڵەڕاوکێی خەڵک، بەرامبەر بە خۆراک سەبارەت بە کوالێتی نزم و ماوە بەسەرچوو پشتڕاست دەکاتەوە. لە کاتێکدا دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، سەرەتاییترین مافی خەڵکە و هیچی لە دابینکردنی ئاسایش لە بوارەکانی تر کەمتر نییە. دەکرێ بە (تیرۆری نەرم) ناوی ببرێت!


ئەم کارە ناکرێ هەروا هەڕەمەکی و سادە بە بەرگوێ و چاوی خەڵکدا تێپەڕبێت. هەر کەس بەشێک لە بەرپرسیارێتی بەپێی شوێن و پێگە (لە هاووڵاتییەکی ئاسایی تا پلەی باڵای بەرپرسیارێتی)ی بەردەکەوێت. بێدەنگبوون بەرامبەری ئەم ئەنفالە رەشە، نیشانەی رەزامەندی و هاوکارییە لەم بوارەدا.


 بێ وەفایی و خیانەت، ته‌نیا بوارێکی کۆمەڵگە ناگرێتەوە. خیانەت لە ئاسایشی خۆراکی خەڵک، وەکوو خیانەتە لە خاک و نەتەوە. دەبێ ئەوەش بزانین، کە هەر گیر و گرفتێک لە هەر بوارێکی کۆمەڵگە پەیدا بێت، دەرئەنجامی گیر و گرفتی گشتیی کۆمەڵگەیە، چونکە کۆمەڵگە وەک جەستەیەک تەواوکاری فرمانەکانی یەکترە. فرۆشتنی خۆراکی ئیکسپایەر، دەرئەنجامی ئیکسپایەری عەقڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و فەرهەنگییە. هەروەها دەرئەنجامی لاوازبوونی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، لەنێوان خەڵک و هەموو جۆرە دەسەڵاتەکان، هاوکات لاوازی و بێهۆشی کەناڵەکانی پەروەردە (راگەیاندن، ئایینی، حزبی و خێزانی) بەرچاو دەکرێت.


دابەشبوونی دەسەڵات لەنێوان هەژموونی هزری، رۆشنبیری و دەسەڵاتی سیاسی، وای کردووە، کە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێمە لە دەرەوەی گەمەی سیاسیی ئەم قۆناغە بێت. هەروەها لە رووی جیۆپۆلەتیکی سیاسییەوە، کوردستان گەمارۆ دراوە، بەداخەوە بەشێک لە سیاسەتمەدار و بەرپرسانی ئێمەش، دەستێکی باڵایان بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە حاڵەتانە هەیە، کە بازرگانی بە خەڵکی رەش و رووتەوە بکرێت!


کاتی ئەوە هاتووە، کە هاووڵاتی کورد بگاتە ئاستێک لە هوشیاری، دوژمنان بە هاوکاریی بازرگانە بێویژدانەکان، نەتوانن ژەهری پێبفرۆشن. بەوەی کە بەپیر کاڵای بیانییەوە نەچن و هاندەر بن بۆ پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و گیانی گەڕانەوە بۆ لادێکان و لەسەرپێی خۆ وەستانیان تێدا زیندووبێتەوە. هاوکات دەسەڵاتی پەیوەندیدار ناچار دەبێت زیاتر چاودێری و کۆنتڕۆڵی کاڵای هاوردە بکات.


دەبێت دەسەڵاتی سیاسی ئەوە بزانێت، کە دەرخوارددانی خۆراکی خراپ بە خەڵک، تەنیا بواری تەندروستی وێران ناکات و خەڵک تووشی شێرپەنجە ناکات، بەڵکوو سەر دەکێشێ بۆ کوشتنی مۆڕاڵ و متمانەی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتەی، کە بە خوێن و خەباتی باپیرانی، ئەم خەڵکە هاتووەتە دی. هەروەها دەبێتە بەشێک لە تاریکی و بارگرانی لە سەر رەوشتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینیی ئێمە و نەوەی داهاتوو. کۆمەڵگە یان دەسەڵات، تەنیا روویەکی سیاسیی وشک نییە، بەڵکوو چاودێری و ئاراستەکردنی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەیە.


راستە هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوە، چونکە شەڕی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، لە کاتێکدا کەمتەرخەمی لە بواری چاودێریدا و بازرگانی وێژدان مردوو هەبێت، قورسە. شەڕێکە بە ئاوایەکی نەبینراو و سارد دەڕواتە ناو هەموو ماڵێک و کاریگەری لەسەر هەموو تاکێک دادەنێت. لەبەر ئەوە، دەبێ هەم یاسا و هەم کەناڵەکانی پەروەردە و راگەیاندن، زۆر بەجددی لەسەر ئەم حاڵەتانە بوەستن. مەلاکان لە خوتبەی رۆژانی هەینی، لەجیاتی باسکردن لە جلوبەرگی ژنان و شتی زۆر تایبەت، با باس لەم (تیرۆری نەرم)ی خۆراکی ماوەبەسەرچوو سزا ئاینییەکانی بکەن. هەروەها راگەیاندن بە ئەرکی خۆی هەستێت و رۆڵی لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک هەبێت. دیسان حزبەکان، بەجۆرێک ئەندام و لایەنگرانیان پەروەردە بکەن کە هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەم دۆخە بکەن. ئەمە شەڕێکە پێویستە حکوومەت لەپێناو خەڵکدا بیکات. خەڵكێک کە بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە تەحەمولی بێ مووچەیی و شەڕی داعش و داگیرکاری لەمێژینەی کردووە. بەپێچەوانەوە چاوپۆشیکردن، لەم حاڵەتە درێژەدانە بە کاری داگیرکاران!


نائاساییە بازرگانێک، ئەم کارە بکات کە، (مرۆڤ، کورد و موسوڵمان یان هەر ئایینێکی تر بێت)، لە کاتێکدا هەموو ئەو ناوانە سانسۆرێک بۆ رەفتار و هەڵسوکەوت دادەنێت، کە مرۆڤایەتی، کوردبوون و ئینتیمای نەتەوەیی یان سانسۆری ئایینەکان بەرامبەر کاری ناشیاو و حەرام. کاتێک مرۆڤ گەیشتە ئاستێک، هیچ کام لەم سانسۆرانە نەیوەستێنێت، دەبێت سزایەکی توند بە ئاگاداریی کەناڵەکانی کۆمەڵگە هەبێت بیوەستێنێت و ئاسوودەیی و متمانە بۆ خەڵک بگەڕیندرێتەوە.