کۆچی دوایی مام جەلال

 

من و كه‌ركووك - 32

لە ریفراندۆمدا، خه‌ونی له‌مێژینه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نیشتمان گه‌ر بۆ یه‌ك جاریش بێت هاته ‌دی، نەخاسمە كه‌ سه‌راپای كوردستانی باشوور به ‌كه‌ركووك و ناوچه‌ کوردستانییەكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیشەوە، لە شنگالەوە تا خەنەقین،‌ به‌شداریی كارا و جوامێرانه‌یان كرد له‌ ڕیفراندۆمدا، ئاڵای كوردستان له‌ به‌رزاییه‌كانی حه‌مرینه‌وه‌ تا خانه‌قین و بادینان و قه‌ندیل و هه‌وارامان و ناوچه‌كانی گه‌رمیانیش شكۆدارانە شه‌كایه‌وه‌، ریفراندۆم بۆ مێژووش ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زنی فه‌رمی بوو، له‌ مێژووی كوردستاندا بۆ یەکەمین جار بە ئاگاداریی هەموو جیهان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و میدیاکانی دونیا، ئەو راستییە تۆمار كرا كه‌ له‌ %93ی خەڵکی کوردستان، ده‌نگی (به‌ڵێ)ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی وڵاتەکەی دا، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ گه‌ره‌نتیی دروست کرد و کاکە حەمەی حاجی مەحمود گوتەنی (تاپۆیه‌كی ره‌شی خزانده‌ ناو گیرفانی كورده‌وه)،‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بێت یا سبه‌ی، ئه‌نجامی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ کارا دەکرێت و ده‌بێته‌ دیفاکتۆ و ئیدی وڵاتانی دنیا مامه‌ڵەی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ئەمە لە حاڵێکدا ئەگەر شتێک هەبێت لە مەزەبیاندا بە ناوی (ئازادیی مرۆڤ و مافی چارەنووسی میللەتان)!


هه‌ڵبه‌ته‌ پێنگاڤی ڕیفراندۆم هه‌ندێك له‌ دۆسته‌كانمانی خامۆش و بێده‌نگ و تا ڕادەیەک نیگەرانیش كرد، هه‌ندێكیشیان بێلایه‌ن بوون له‌مه‌ڕ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌، وه‌لێ دوژمن و ناحه‌زه‌كانمان ده‌ هێنده‌ی پێشوو رقئه‌ستوورتر بوون و پلانگێڕانەتر رەفتاریان هەمبەر بە کوردستانیان کرد، هه‌وڵەکانیان چڕتر كردەوە بۆ پراكتیزه‌كردنی دژایه‌تیی سه‌ركرده‌كانی كورد و ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێم و کیانی هەرێم، به‌تایبه‌تییش كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ کاریگەری و كاریزمای سه‌رۆك بارزانی نه‌هێڵن، لێ ئەو خەونەیان لەگۆڕ نرا و لە دوو هەڵبژاردنی دوای ریفراندۆم و لە دۆخێکی سەختی ئابووری و گوزەرانیشدا، حزبەکەی سەرۆک بارزانی (پارتی دیموکراتی کوردستان - کە نەیارەکان پێیان دەگوتن ریفراندۆمچی) دەنگەکانی بە شێوەیەکی سەیر و کەموێنە زیادی کرد، ئەمەش ئەو راستییەی سەلماند کە زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان پشتیوانی بڕیارەکەی سەرۆک بارزانی و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە. 


هه‌ڵبه‌ته‌ دوای ڕیفراندۆم تەگەرە و ئاستەنگیی زۆر به‌رۆكی كوردستانی باشووری گرت‌، ورده‌ ورده‌ لێرە و له‌وێ هه‌ندێك ئاماژە‌ بە هەڵوێست و بڕیاری نەرێنی ده‌ركه‌وتن له‌لایه‌ن حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبادی و هەردوو دراوسێ (ئێران و تورکیا)وە،‌ سه‌ره‌تا به ‌هه‌ڕه‌شه ‌و گوڕه‌شه و لێدوان و وتاردانی توند و هێرشی راگه‌یاندن ده‌ستیان پێ كرد، به‌دبه‌ختیی كورد وەک هەمیشە، وای كرد كه‌ عێراق و ئێران و توركیا كۆبوونه‌وه‌ی سێ كوچكه‌یان به‌ست بۆ پیلان داڕشتن دژ به‌ كوردستانی باشوور و له‌ناوبردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی، هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆربەی ئەو پیلانانه‌ی كه‌ دایانڕشتبوو سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا تا یاری به‌ رەوشی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و لێکترازاندنی نێوماڵی كورد بكه‌ن.


ئه‌مه‌ش وای كرد فشاری زۆرتر له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم پیادە‌ بكرێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی بڕیاری داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هەولێر و سلێمانیی دا له‌ گه‌شته‌كانی به‌ڕووی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا، هه‌روه‌ها هۆشداریی دا به‌و هێڵی فڕۆكانییانه‌ی كه‌ گه‌شتیان بۆ كوردستان ده‌كرد، ده‌بێ گه‌شته‌ راسته‌وخۆكانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان رابگرن، به‌مه‌ش گه‌شته‌كانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی رۆژئاوا سڕ كران و چیتر نه‌ده‌توانرا له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گه‌شتی راسته‌وخۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ بكه‌یت، ده‌بوو گه‌شتیاران له‌ رێگه‌ی به‌غداوه‌ گه‌شتیان بكردایه‌ هه‌روه‌ها به‌پێچەوانەشه‌‌وه‌ هه‌ر ده‌بوو له‌ رێگه‌ی به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان سه‌فه‌ر بكرایه‌.


ئێران سنووره‌كانی به‌ڕووی كوردستاندا داخست، هه‌رچی بارزرگانی و مامه‌ڵه‌یه‌ك هه‌بوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمدا وه‌ستێنرا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی حكوومه‌تی به‌غدا هه‌ڵوێستێكی دوژمنكارانه‌ی نواند، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رچی پێداویستییه‌كی خۆراك و ده‌رمانی ته‌ندروستی هه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ی كرد بێته‌ كوردستانه‌وه‌، باس له‌ توركیا ناكه‌م كه‌ چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی فاشسته‌ به‌رامبه‌ر به‌ كوردان و هەمیشە ئامانجیان لاوازکردنی حكومڕانیی هه‌رێمی كوردستانه و سەرۆکەکەی بەردەوام لێدوانی توندی دەدا‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وڵاته‌ دۆسته‌كانمان پاساوی ئه‌وه‌یان ده‌هێنایه‌وه‌ كه‌ ناتوانن ده‌ست وه‌رده‌نه‌ كاروباری ناوخۆیی عێراق و به‌رده‌وام دووپاتیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، پێداگرییان لەوە دەکرد کە ئەوان له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقدان. هه‌موو ده‌زانین كه‌ ئه‌مریكا و رۆژئاواییه‌كان پلان و ستراتیژیەتی خۆیان له‌ عێراق ناگۆڕن، ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ناكه‌ن به‌ قوربانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، فاكته‌ره‌كان گه‌لێك زۆرن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌هێڵن هه‌رێمی كوردستان دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت. هەر لەو سەروبەندەدا، ریفراندۆمی هەرێمی کەتالۆنیای ئیسپانیاش، بە هەمان حاڵ چوو، ریفراندۆم سەرکەوت و دەنگی (بەڵێ) بردیەوە، بەڵام ئیسپانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەیانهێشت خەونی کەتالۆنییەکانیش بۆ سەربەخۆیی بێتە دی، ئای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چ بێویژدانی و بێڕەوشتییەکی سیاسییانەی تێدا دەگوزەرێت هەمبەر بە کورد و گەلانی تری ژێردەستە!


هه‌ندێك فاكته‌ری تریش هه‌بوون وای كردبوو كه‌ ئامانجه‌كانی ڕیفراندۆمی کوردستان به‌و شێوه‌ نه‌بوو كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك فره‌ده‌نگیی ماڵی كورد کە جۆرێك لە شێواویی پێوه‌ به‌دی ده‌كرا، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ حزب و به‌رپرسه‌كان به‌ قسه‌ی خۆیانه‌وه‌ ده‌سته‌ودامێن بووبوون له‌ به‌شداریكردنیان له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا و خۆیان و خه‌ڵكیشیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تاند، هه‌مووشمان ده‌مانزانی كه‌ راستگۆ نین و له‌گه‌ڵ ته‌واوی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمدا نه‌بوون. هەر ئه‌و هێزه‌ له‌رزۆكه ‌بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌ناو شه‌قامی كوردستانیدا تا ڕادەیەک دڵه‌ڕاوكێ و كه‌مبڕوایی به‌ سه‌ركردایه‌تیی باڵای ڕیفراندۆم دروست بکات. به‌لای منه‌وه‌ فاكتە‌رێكی گرنگتر كه‌ زۆر به‌ئاسانی به‌سه‌ر كوردا تێپه‌ڕی، نه‌بوونی ده‌نگی به‌هێز و پێویست بوو له‌ وڵاتانی رۆژئاوا كه‌ داكۆكیكار بێت له‌ هەنگاوی ریفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، ده‌بوو پێشوه‌خته‌ لۆبی بێته‌ پێكهێنان به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم تێیاندا چالاك بوو،‌ بۆ ئەوەی بتوانێت ده‌نگێكی پۆزه‌تیف و باش بێت له‌ په‌رله‌مانه‌كانی وڵاتانی خۆیان یاخود په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌ برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا.


له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌م ڕوداوانه‌شدا، هه‌واڵی كۆچی دوایی مام جه‌لال تاڵه‌بانی زۆر له‌ خەڵکی كوردی خەمبار کرد و ناوچه‌كه‌ی هه‌ژاند، هه‌واڵی مردنه‌كه‌ی و هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی مام جه‌لال زۆربەی حزبه‌كانی خه‌مبار و ره‌شپۆش كرد، بێ گوێدانه‌ ئایدلۆژیای جیاواز پێشوازی لە تەرمەکەی كرا و سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی لە پێشەوەی ئەو پێشوازیکەرانەدا بوون، تەرمی مام جەلال به‌ ئاپۆڕایه‌كی جه‌ماوه‌ریی تایبه‌ت به‌ره‌و دوا مه‌نزڵگه‌ی خۆی به‌ڕێ كرا، له‌ كاتی به‌ڕێكردنی ته‌رمی خواڵیخۆشبوو و پرسەکەیدا زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ باڵاكانی کوردستان و عێراق و حزبه‌كان ئاماده‌ بوون، ئه‌و ده‌مه‌ وا ده‌بینرا كه‌ هه‌موویان نیشتمانی و كوردستانی بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ كاتی پێویستدا هه‌رچی ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی هه‌یه‌ وه‌لای ده‌نێن. سه‌رۆك بارزانی زۆر به‌ دڵته‌نگی و په‌رۆشییه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كرد كه‌س هێنده‌ی ئه‌و درك به‌وه‌ ناكات كه‌ بۆشایی نه‌بوونی مام جه‌لال چه‌ند كاریگه‌ره، له‌ گوته‌كانی سه‌رۆك بارزانیدا ئه‌وه‌ی نیشان ده‌دا كه‌ پێشتر بۆ جه‌نابیان زۆر سانا بوو به‌ دانیشتنێك یاخود په‌یوه‌ندییه‌كی تەلەفۆنی له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا كێشه ‌و گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌كرد.


رووداوەکانی دواتریش ئەوەیان سەلماند کە كۆچی دوایی مام جه‌لال بۆشایی گه‌وره‌ له‌ فه‌زای سیاسیی نێوان پارتی و یه‌كێتییدا دروست ده‌كات، چونكه‌ کەس ناتوانێت جێگای ​سكرتێری گشتی پڕ بكاته‌وه،‌ له‌به‌ر فره‌باڵی و جیاوازی و ناکۆکی و فره‌ده‌نگی له‌نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا.