چیم پێ ده‌كرێت لەم‌ شوێنه‌ی ئێستاوه‌؟

 

ئۆباما له‌ یه‌كێك له‌ دیداره‌كانیدا له‌گه‌ڵ گه‌نجان، باس له‌ پێوه‌ندیی نێوان نه‌خشه‌سازی بۆ ئاینده‌ و ئامانجه‌كان ده‌كات، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن هه‌ندێك ئامانج كه‌ بیری لێ ده‌كه‌یته‌وه‌، وه‌كوو مه‌حاڵ دێنه‌ پێش چاو، ئه‌مه‌ش وا له‌ گه‌نجان ده‌كات، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆڵ بده‌ن، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا بزانن كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌ركێكی ئه‌وتۆ بوون به‌دیدهێنانی ئه‌وه‌نده‌ سه‌خت بێت، كه‌ هیچ موتیڤ و پاڵنه‌رێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شانی بده‌نه‌ به‌ر.


ئامانج ده‌بێت هه‌بێت، پێویستیشه‌ به‌رده‌وام كار بكه‌یت، له‌ هه‌وڵ و كۆشش به‌رده‌وام بیت، كاتت به‌فیڕۆ نه‌ده‌یت، به‌رده‌وام پرۆژه‌ی ژیانت به‌ره‌و پێش به‌ریت.


ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌بێ ئامانج، به‌بێ نه‌خشه‌ و پلان، به‌بێ پرۆژه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌و شتانه‌یان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ ژیان، به‌بێ ویست و ئاره‌زووی خۆیان، پێیان ده‌به‌خشێت، به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت، ئه‌و شتانه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ویست و ئاره‌زووی خۆیاندا ناگونجێت، چونكه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و شتانه‌ بژاره‌ی خۆیان نه‌بووه‌، ده‌كرێت بڵێین، له‌م دۆخه‌دا ڕێكه‌وت چاره‌نووسیان بۆ دیاری ده‌كات، واته‌ ڕێكه‌وت، نه‌ك خۆیان، ڕه‌وتی ژیان بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات!


به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ژیاندا خاوه‌ن ئامانجن، ئه‌و كه‌سانه‌ی پلان و نه‌خشه‌ بۆ ئه‌نجامدانی خه‌و‌نه‌كانیان داده‌نێن، بۆ به‌دیهێنانیان به‌رده‌وام تێده‌كۆشن، ئه‌و كه‌سانه‌ خواست و خه‌ونه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌ ئامانج و ستراتیژ، ئه‌وانه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرین.


له‌ دۆخی یه‌كه‌مدا، كه‌ خۆت هیچ ئامانجێكت نییه‌، خۆت بڕیار له‌سه‌ر كرداره‌كانی خۆت نادەیت، ده‌بیت به‌ كه‌ره‌سته‌ و ئامراز بۆ به‌جێگه‌یاندن و به‌دیهێنانی ئامانجی كه‌سانی دیكه‌، به‌ڵام له‌ دۆخی دووه‌مدا، تۆ خۆت ئه‌ندازیاری ژیانی خۆتی و خۆت بڕیار له‌سه‌ر كرداره‌كانت ده‌ده‌یت.


كه‌واته‌ لێ مه‌گه‌ڕێ ژیان ناچارت بكات شتگه‌لێك ئه‌نجام بده‌یت، كه‌ به‌دڵت نین، بگره‌ هه‌وڵ بده‌ خۆت ژیانی خۆت دابڕێژیت و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ به ‌ئه‌نجام بگه‌یەنیت كه‌ خۆت پێت خۆشن.


یه‌كه‌م هه‌نگاو، كه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئامانجه‌كانت زۆر پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌، بزانیت ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ چین كه‌ پێویسته‌ له‌ ژیاندا به‌رپایان بكه‌یت، ئینجا یه‌كسه‌ر كاریان له‌سه‌ر بكه‌یت و به‌جێیان بگه‌یەنیت. ڕه‌نگه‌ به‌ئاسانی په‌ی به‌وه‌ به‌ریت كه‌ چی له‌ ژیانتدا پێویستی به‌ گۆڕانكارییه‌، به‌ڵام پێت وابێت ئه‌و كاره‌ له‌تواناتدا نییه‌. ئه‌مه‌ دیسان ئه‌و بۆچوونه‌ی ئۆباما ده‌سه‌لمێنێت كه‌ به‌ گه‌نجان ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و سه‌ر یان كۆتایی بكه‌یت، ڕه‌نگه‌ ده‌ستبه‌جێ كۆڵ بده‌یت، به‌ڵام له‌ کاتی ئێستادا كار بكه‌، به‌رده‌وام كۆشش بكه‌، چونكه‌ له‌ كار و كۆششدا گۆڕان و گۆڕانكاری و نوێبوونه‌وه‌ دێته‌ كایه‌وه‌.


منیش ڕووی ده‌مم له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م، كه‌ پێیان وایه‌ ناتوانن ژیانیان بگۆڕن، پێیان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری بكه‌یت به‌ ئامانج و كاری بۆ بكه‌یت، بێ سێ و دوو ژیانت ده‌گۆڕێت. ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ركه‌وتنت له‌ گۆڕانكارییدا بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات، ته‌نیا هه‌ستكردن به‌ پێویستیی و گرنگیی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ نییه‌، بگره‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ گۆڕانكاری خۆی بكه‌یت به‌ ئامانج و بۆ به‌جێگه‌یاندنیان تێبكۆشیت.


سه‌رنج بده‌! كه‌ رۆمان، شانۆنامه‌، ئه‌ده‌ب به‌گشتی، ژیاننامه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ركه‌وتووەكان، مێژوو، هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، كه‌ ته‌ماشای فیلم و دراما ده‌كه‌یت، كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وانه‌ن كه‌ ئامانجه‌كانیان ڕوون و دیارن، بزانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ چه‌ند سوورن له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌. ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ سه‌ركه‌وتوو بوون، چونكه‌ خاوه‌نی دید و ڕوانگه‌ی ڕوون بوون، پاشان كار و به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌یان بۆ داڕشتوون. تۆش له‌مه‌وه‌ په‌ندێك وه‌ربگره‌، هه‌مان شت بكه‌ به‌ ستراتیژی ژیانت، تۆش وه‌كوو ئه‌و كه‌سه‌یاتییه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ خۆت پڕۆژه‌ی ژیانی خۆت دابڕێژه‌. ئا‌مانجه‌كانت ده‌ستنیشان بكه‌ و نه‌خشه‌ی ئاینده‌ت داڕێژه‌. گه‌ر بته‌وێت به‌ ده‌ستی خۆت و به‌ ویست و خواستی خۆت ئاینده‌ت دابڕێژیت، هه‌ر له‌ ئێستاوه‌، نه‌ك له‌ سبه‌ینێوه‌، ئامانجه‌كانی ژیانت ده‌ستنیشان بكه‌ و هه‌ر له‌ ئێستاشه‌وه‌ كار بۆ به‌جێگه‌یاندنیان بكه‌.


كه‌ ده‌ڵێین دید و ڕوانگه‌ی ڕوون، واته‌ بتوانیت ئامانج و مه‌به‌سته‌كانت به‌ڕوونی وێنا بكه‌یت و بیانبینیت. ئه‌مه‌ش توانای ئه‌وه‌ت پێ ده‌به‌خشێت، كه‌ ئاینده‌ت به‌ ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆت به‌رجه‌سته‌ بكه‌یت. هه‌ر به‌و پێیه‌ش ژیانت گه‌شه‌ ده‌كات و پێش ده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر دیدت بۆ ژیان په‌ره‌ نه‌ستێنێت، به ‌هه‌مان شێوه‌ ژیانت چه‌قبه‌ستوو ده‌بێت و گه‌شه‌ ناكات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ناڕوات.


وه‌ك ئۆباما به‌ گه‌نجان ده‌ڵێت: له‌ خۆت بپرسه‌: چیم پێ ده‌كرێت له‌م شوێنه‌ی ئێستاوه‌؟


له‌ کاتی ئێستادا كۆشش بكه‌، ئه‌و كاره‌ی له‌م چركه‌ ساته‌دا ئه‌نجامی ده‌ده‌یت، ئه‌و كاره‌ گرنگه‌، ئه‌و كاره‌ت ڕێگه‌ت بۆ ئامانجه‌كانی ئاینده‌ت خۆش ده‌كات.