جه‌نگی عه‌ره‌ب و تورك له‌م هه‌فته‌یه‌دا

 

له‌م هه‌فته‌یه‌دا عه‌ره‌ب (ئیمارات) به‌ زنجیره‌ درامای مێژوویی (مه‌مله‌كه‌ته‌كانی ئاگر -ممالك النار-) له‌17/11/2019 و توركیش به‌ كۆپی دووه‌می زنجیره‌ درامای (هه‌ستانه‌وه‌ی ئۆرتوغرۆل) كه‌ به‌شی كۆپی دووه‌مه‌كه‌ به‌ ناوی (عوسمانی دامه‌زرێنه‌ر)ه‌وه‌یه‌، كه‌ دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌ت و دواتر ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌، ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ئه‌بنه‌وه‌.

 

پێشووتر، توركیا به‌ زنجیره‌ دراماكانی، كه‌ بۆ چه‌ندین زمانی جیاجیا دۆبلاژ، یان سه‌بتایتل كرابوون، كاریگه‌ری زۆری به‌سه‌ر بینه‌رانی هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌ب و هه‌روه‌ها به‌سه‌ر بینه‌رانی كوردیشه‌وه‌ دانابوو. نوێترینیان درامای (هه‌ستانه‌وه‌ی ئۆرتوغرۆل) بوو، كه‌ توركه‌كان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن، له38 وڵاتدا به‌زمانه‌ جیاجیاكان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌وان ئه‌ڵێن نزیك به‌ سێ ملیاركه‌س بینیوویانه‌و داهاته‌كه‌شی 350 ملیۆن دۆلاری تێپه‌ڕاندووه‌، هه‌رچه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌ بتوانین ئه‌و ئامارانه‌، كه‌ هی توركیا خۆیه‌تی به‌ ئاسانی پشتڕاست بكه‌ینه‌وه‌.  به‌ر له‌ساڵێك به‌شێكی زۆر له‌وڵاتانی عه‌ره‌ب نیشاندانی زنجیره‌ دۆبلاژكاروه‌ توركیه‌كانیان قه‌ده‌غه‌كرد. به‌تایبه‌ت  درامای (هه‌ستانه‌وه‌ی ئۆرتۆغرۆل)، به‌ڵام له‌2019دا وه‌ك هه‌ندێ له‌ڕۆژنامه‌و سایته‌ عه‌ره‌بیه‌كان بڵاویان كردۆته‌وه‌، كۆمپانیایه‌كی هونه‌ری ئیماراتی به‌ هاوكاری سینارستێكی به‌ناوبانگی میسرو ژماره‌یه‌ك ئه‌كته‌ری میسری و سوری درامایه‌ك به‌رهه‌م بهێنن كه‌  له‌ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی جیهانی (پیته‌ر ویبه‌ر)ه‌ و تێچووه‌كه‌شی چل ملیۆن دۆلاره‌و له‌ تونسیش وێنه‌ی گیراوه‌و بڕیاره‌ له‌17ی ئه‌م مانگه‌دا  له‌كه‌ناڵه‌كانی (MBC)دا بڵاوبكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها (Netflix)یش بڵاوی ئه‌كاته‌وه‌.

 

دراماكه‌ مێژووی هێڕشی عوسمانیه‌كان بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی مه‌مالیكه‌كان له‌میسر، ئه‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ هێڕشه‌كه‌ به‌ شكستی مه‌مالیكه‌كانی میسر و به‌ له‌سێداره‌دانی (تومان بای) كه‌ دواسوڵتانی مه‌مالیكه‌كانه‌ كۆتاییهات. عه‌ره‌ب له‌پشتی ئه‌و درامایه‌دا ئه‌یه‌وێ به‌ نه‌وه‌ نوێكانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی عه‌ره‌ب بڵێ، كه‌ سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌می عوسمانی له‌1516ی زاینیدا له‌(مرج دابق)ی نزیكی حه‌له‌ب سه‌ركه‌وتن و كوشتنی سوڵتانی ممالیك (قه‌نسوه‌ غورى) لێكه‌وته‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ش شام و حیجازیان كۆنتڕۆڵ كرد.  له‌هێڕشی سولتان سه‌لیمیشدا بۆ  سه‌ر میسرو له‌سیداره‌دانی دوا سوڵتانه‌كه‌یان ئیتر ده‌وڵه‌تی مه‌مالیكه‌كان كۆتایی پێ هێنا. مێژوونووس و تیۆریسینه‌كانی عوسمانی ئه‌وساو توركانی ئێستاش ئه‌و له‌شكركێشی و په‌لاماره‌ سه‌ربازیه‌كانی عوسمانییان به‌ (فه‌تح، یان فتوحات) ناودێر كردووه‌ و ئه‌یكه‌ن. به‌ڵام له‌م زنجیره‌ درامایه‌دا، له‌شكركێشی و كۆنتڕۆڵكردنی عوسمانیه‌كان بۆ ناوچه‌كانی عه‌ره‌ب به‌ داگیركردن (غزو و احتلال) ناودێر ئه‌كرێ و پێشیان وایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌ توركه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ڕێی دراماو سینه‌ماشه‌وه‌ شێواندوویانه‌.

 

میدیای میسری و سعودی و ئیماراتی و هه‌روه‌ها هی تریش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان پڕوپاگنده‌ بۆ دراما عه‌ره‌بیه‌كه‌ ئه‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ ڕۆژنامه‌ی عوكازی سعودی له‌ڕاپۆرتێكیدا ڕۆژی 4/11/2019 و له‌باسی دراما عه‌ره‌بیه‌كه‌دا ئه‌نووسێ (مه‌مالیكه‌كانی ئاگر، زوڵم و سته‌مه‌كانی عوسمانیه‌كان و مێژووه‌ خوێناوییه‌كه‌یان ریسوا ئه‌كا). هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ی الاهرام له‌14/11/2019دا به‌ دراما عه‌ره‌بیه‌كه‌دا هه‌ڵئه‌داو وا وه‌سفی ئه‌كا به‌وه‌ى دراماكه‌ باسی سه‌رده‌مێك ئه‌كا، كه‌ به‌ وشه‌كانی خوێن وئاگر نووسراوه‌ته‌وه‌.

 

(محمد سلمان عبدالملك)ی سیناریستی دراماكه‌ له‌ڕۆژنامه‌ی وه‌فدی میسریدا له‌15/11/2019دا له‌باره‌ی هێڕشی عوسمانیه‌كانه‌وه‌ ئه‌نووسێ (ئه‌مه‌ داگیركردن بوو  هه‌رگیز -فتح- نه‌بوو) هه‌ر له‌باره‌ی هێڕشه‌كانه‌وه‌ له‌هه‌مان ڕۆژنامه‌دا ئه‌نووسێ (ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌وساوه‌ تا ئێستا له‌ڕووی كلتوورییه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه‌، چونكه‌ شه‌ڕی بنه‌ڕه‌تی  شه‌ڕی هووشیارییه‌). محمد عبدالهادی نووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی (العرب)ی ئیماراتیش له‌12/11/2019دا نووسیویه‌تی (ئه‌و درامایه‌ ئاره‌زووی به‌رهه‌مهێنه‌رانی عه‌ره‌ب ئه‌كاته‌وه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر درامای مێژوویی، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌بێ بۆ سه‌ر ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه‌ توركه‌كان بۆ داگیركردنی هونه‌ری ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌كان پشتیان پێ به‌ستووه‌).

 

له‌به‌ره‌كه‌ی تردا، واتا ئه‌و به‌ره‌یه‌ی هێڕش ئه‌كاته‌ سه‌ر دراما عه‌ره‌بیه‌كه‌، توركه‌كان و ئیخوانییه‌ عه‌ره‌به‌كانیش پێكه‌وه‌و له‌یه‌ك به‌ره‌دا وه‌ستاونه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ سایتی عه‌ره‌بی(trt) له‌ڕاپۆرتێكیدا له‌باره‌ی دراما عه‌ره‌بیه‌كه‌وه‌ نووسیوویه‌تی (ئامانج له‌و درامایه‌ پیشاندانی مێژووی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌ به‌ دیدی كه‌نداوییه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی هونه‌رییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ درامای (هه‌ستانه‌وه‌ی ئۆرتۆغرۆل). نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر (محمد مرسی) له‌باره‌ی دراما عه‌ره‌بیه‌كه‌وه‌و له‌هه‌مان سایتدا نیشانیداوه‌ كه‌ سعودیه‌و ئیمارات له‌چێوه‌ی رابه‌رایه‌تی دنیای ئیسلامدا، توركیا به‌ دوژمنی خۆیان ئه‌زانن. هه‌ر له‌وێدا ڕۆژنامه‌نووس (سمیر العركی) نووسیوویه‌تى (دراماكه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی -هه‌ستانه‌وه‌ی ئۆرتۆغرۆل-ه‌. میدیاكار (تاریق مهنى)ش، ئه‌ڵێ (دراماكه‌ به‌هه‌موو نییه‌ت خراپی و درۆوه‌ له‌ئیسلامی شێوه‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌دا). هه‌روه‌ها له‌سایتی (نون پۆست)دا نووسه‌ر (ئه‌حمه‌د سوڵتان) دراماكه‌ وا لێكئه‌داته‌وه‌، كه‌ هونه‌ر بۆ شێواندنی مێژوو خراوه‌ته‌ خزمه‌تی ئایدۆلۆژیا.

 

دوو له‌ كلتووره‌ به‌هێزه‌ ناكۆكه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ مه‌به‌ستم تورك و عه‌ره‌ب و له‌لاكه‌ی تریشدا ئیخوانی و وه‌هابیه‌ته‌، له‌په‌نا تایتلی عوسمانیه‌ت و عه‌باسیه‌ته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌كترئه‌بنه‌وه‌. له‌لایێكه‌وه‌ 17ى مانگ دراما عه‌ره‌بیه‌كه‌ به‌و په‌ڕی سه‌روسه‌داوه‌ بڵاوئه‌بێته‌وه‌و 20ی مانگیش، واتا ته‌نیا دوای سێ شه‌و كۆپی دووه‌می دراما به‌ناوبانگه‌كه‌ی توركیاش، واتا (هه‌ستانه‌وه‌ی ئۆرتۆغرۆڵ) له‌كه‌ناڵی (Atv)ى توركیدا بڵاوئه‌كرێته‌وه‌، كه‌ كۆپیه‌ نوێكه‌ی به‌ ناوی (عوسمانی دامه‌زرێنه‌ر)ه‌وه‌یه‌.

 

پێش كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌م ئه‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ زلهێزێكی تری ناوچه‌كه‌، كۆماری ئیسلامی ئێران، ده‌مێكه‌ چۆته‌ ناو ئه‌و جه‌نگه‌و تیاشیدا كارایه‌. ئێران  به‌ر له‌22 ساڵ دراماو فیلمی (عه‌لی) سه‌باره‌ت به‌ عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب به‌رهه‌مهێناوه‌. له‌به‌ره‌كه‌ی تریشه‌وه‌، دره‌نگتر به‌ ساڵانێكی زۆرتر (2012) به‌سپۆنسه‌ری عه‌ره‌بستانی سعودی درامای (عومه‌ر) كه‌ سه‌باره‌ت به‌ عومه‌ری كوڕی خه‌تتابه‌، به‌ تێچوونی دووسه‌د ملیۆن ڕیالی سعودی به‌رهه‌مهێنراوه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ مێژووی ئه‌و ململانێیه‌ له‌نێوان ئه‌و سێ لایه‌نه‌ دژ و ناكۆكه‌ مێژووییه‌ (عه‌ره‌ب، فارس و تورك) له‌و بواره‌دا كه‌ به‌ شێوه‌ی ململانێی نه‌رم به‌رده‌وامه‌، زۆر دێرینتره‌ له‌داستانی ئه‌و درامایانه‌، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ له‌نێوان هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌داو له‌ ناوچه‌كه‌و له‌جیهانیشدا جیاوازه‌، چونكه‌ دۆخێكی هه‌ستیار، بوغرنجه‌و سه‌ره‌تاتكێی ته‌قینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌ئارادایه‌. بۆیه‌ ئه‌و لێكه‌وته‌و كاردانه‌وانه‌ی ئه‌و درامایانه‌ ئه‌یكه‌ن، ته‌نیا ڕاستكردنه‌وه‌ یاخود شێواندنی مێژوو نییه‌ وه‌ك ئه‌وان بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ دنه‌دان و هاندان و زه‌مینه‌سازی جه‌نگێكه‌، كه‌ به‌ بۆچوونی من بۆپاكتاوی حساباتی پێشووترو ئێستایان، زوو یان دره‌نگ هه‌ر ئه‌بێ ئه‌و جه‌نگه‌ ڕووبدا، چونكه‌ ئه‌وان له‌هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ناكۆكن و سنووره‌كانیان ناوه‌ندی تامپۆنی نێوانیانه‌، وه‌ك له‌ڕابردووی دوورتریشدا هه‌ر وابوو. بۆیه‌ دوور نییه‌ ئه‌م جه‌نگه‌ كلتووریه‌ی ئێستایان وه‌ك جه‌نگێكی نه‌رم بای پێش تۆفانی جه‌نگه‌ توندو تیژه‌كه‌یان بێ.

 

هه‌ولێر 16-11-2019