سوبحى كۆیى... بلیمه‌تێكى جوانه‌مه‌رگ

ته‌یراوه‌... هه‌ر بە ‌پیاسه‌ - 45

هه‌ر كه‌ ناسیم، ئه‌و له‌ بوارى شانۆ و به‌تایبه‌تى وه‌ك ئه‌كته‌رێكى كۆمیدى ناسرابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌رانى وەک (واحید مه‌رجان، سه‌لام كۆیى، فه‌یسه‌ڵ محه‌مه‌د، عه‌لى ئه‌حمه‌د و سابیر عه‌بدولڕه‌حمان) له‌ شانۆییه‌ كۆمیدیه‌كان به‌شدار ده‌بوو، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌ك (فاسل فكاهى) له‌ ئاهه‌نگ و كۆنسێرته‌كانى تیپى مۆسیقاى هونه‌رى هه‌ولێر پێشكه‌ش ده‌كران و جه‌ماوه‌رێكى باشیان هه‌بوو.


ئه‌ویش وه‌ك من سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى كارى هونه‌ریى له‌ ساڵى (1972) بووه‌، له‌ ساڵى (1955) له‌ شارى كۆیه‌ له‌دایك بووه‌، ناوى سێیانى (سوبحى ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا)یه‌ و به‌ (سوبحى كۆیى) به‌ناوبانگ بوو، له‌ ساڵى (1975) له‌گه‌ڵ خاتوو (سه‌بیحه‌ كه‌ریم)ى ئامۆزاى هاوسه‌رگیرییان كردووه‌.


من له‌دواى ساڵى (1975) و له‌ تیپى هونه‌رى هه‌ولێر باشتر (سوبحى كۆیى)م ناسى و تێكه‌ڵاو بووین، كوڕێكى خوێنده‌وار بوو و به‌رده‌وام ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێبى پێبوو، جار جاره‌ش له‌ بوارى هونه‌رى شانۆ ده‌ینووسى.


سوبحى پتر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (كوردۆ گه‌ڵاڵى) براده‌ر بوو، ڕه‌فیقایه‌تیى منیش هه‌ر به‌ ڕێگاى كوردۆوه‌ بوو، زۆر جاران هه‌رسێكمان به‌یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشتین و باسى هونه‌ر و شانۆ و گۆرانى و مۆسیقامان ده‌كرد، سوبحى ده‌نگێكى یه‌كجار خۆشى هه‌بوو، زۆر به‌ چاكى لاسایى هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ (ڕه‌فیق چالاك)ى ده‌كرده‌وه‌. به‌تایبه‌تى ئه‌و مه‌قامه‌ى به‌ (بابه‌) له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو بووەته‌وه‌ و هۆنراوه‌كه‌ى هى (شێركۆ بێكه‌س)ى شاعیره‌. (بابه‌)ى یه‌كجار خۆش ده‌گوته‌وه‌، شه‌وێكیان له‌ دانیشتنێكى دۆستانه‌، كه‌ جگه‌ له‌ من و سوبحى، كوردۆ گه‌ڵاڵى و ئازاد قه‌ره‌داغى و چه‌ند براده‌رێكى دیش ئاماده‌ بوون و شه‌وه‌ ئاهه‌نگێكى پڕ له‌ مۆسیقا و گۆرانیمان برده‌ سه‌ر، سوبحیش جگه‌ له‌ مه‌قامى (بابه‌)، چه‌ند گۆرانییه‌كى دیکەیشى چڕى و تۆماریش كرا، كاسێته‌كه‌ش وه‌ك ئه‌رشیف له‌لاى هونه‌ردۆست (جیهانبه‌خش كۆیى) پارێزراوه‌.


سوبحى كۆیى له‌ بوارى شانۆدا به‌شداریى له‌ كۆمه‌ڵێك شانۆگه‌ریدا كردووه‌، له‌وانه‌ (داستانى شۆڕش، ماره‌یى، مه‌سه‌له‌ى شارێك، ساخته‌چیى ئاخیر زه‌مان، چڵپاو، دوا فیشه‌ك، خه‌مڵى په‌مۆ، چاڵى جه‌رگى پیرێژن). له‌ ته‌مه‌نه‌ زۆر كورته‌كه‌شیدا، ته‌نیا پێنج به‌رهه‌مى بۆ ته‌له‌ڤزیۆنى كه‌ركووك تۆمار كرا، كه‌ بریتین له‌ (نه‌خۆشیى بیرچوونه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ى شارێك، ماره‌یى، كاروانى خه‌بات، هه‌ور و ساماڵ).


(سوبحى)یش وه‌ك ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ریى كرد و (شلێر)ى خوشكى هێنا ناو بواره‌كه‌ و هانده‌رى بوو، كه‌ له‌ بوارى شانۆدا واز نه‌هێنێ، یه‌كه‌مین به‌رهه‌میشیان كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شدار بوون، دراماى (هه‌ور و ساماڵ) بوو، له‌ ته‌ك هونه‌رمه‌ندان (سه‌لام عه‌دۆ، سابیر عه‌بدولڕه‌حمان، چه‌تۆ حه‌سه‌ن، جه‌لال به‌یار، فه‌خره‌دین تاهیر و ته‌حسین سابیر).


سوبحى به‌رده‌وام حه‌زى له‌ گاڵته‌ و نوكته‌ و به‌زم و ڕه‌زمى شه‌وانه‌ بوو، كۆڕى دانیشتنه‌كانى به‌ نوكته‌ و قسه‌ى خۆش گه‌رمتر ده‌كرد، دۆستایه‌تییه‌كى تایبه‌تیشى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى سلێمانى هه‌بوو، هاموشۆى ماڵى هونه‌رمه‌ندان (جوانه‌مه‌رگ حوسێن قه‌ره‌داغى، فریاد خه‌لیل، جوانه‌مه‌رگ ماجیدى حه‌مه‌جوان، به‌ختیارى عه‌بده‌ و فوئادى تاپۆ)ی ده‌كرد و ئه‌وانیش له‌ هه‌ولێر ده‌بوونه‌ میوانى ئه‌و.


هه‌ر كه‌ پڕۆژه‌ى دامه‌زراندنى تیپى نه‌ته‌وایه‌تیى بۆ نواندن و هونه‌ره‌ میللییه‌كان سه‌ری گرت، سوبحى كۆیى به‌شانازییه‌وه‌ ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى هه‌ردوو تیپه‌كه‌ بوو. سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌ شانۆیى (هه‌بوو نه‌بوو) به‌شدار بوو، ڕۆژانى یه‌كه‌مى خوێندنه‌وه‌ى ده‌قیش له‌گه‌ڵمان بوو و ڕۆڵى (ئۆمه‌ره‌ گه‌ده‌ى چاوچنۆك)ى ده‌خوێنده‌وه‌، به‌ڵام دواتر وازى هێنا، چونكه‌ ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ تیپى هونه‌ره‌ میللییه‌كان خۆى ئاماده‌ بكات، كه‌ به‌نیاز بوون به‌ره‌و (فه‌ڕه‌نسا) سه‌فه‌ر بكه‌ن، زوو زوو ده‌یگوت:


-له‌وێ له‌ پاریس، له‌بن بورجى ئیڤڵ ڕه‌سمێك ده‌گرم و بۆتان ده‌نێرمه‌وه‌.


كه‌چى به‌داخه‌وه‌ به‌م سه‌فه‌ره‌ش ڕانه‌گه‌یشت و هه‌موو خه‌ونه‌ جوانه‌كانى له‌گه‌ڵ خۆى برده‌ ژێرگڵ، ڕۆژى (13/10/1980) له‌كاتێكدا له‌ كۆیه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌هاته‌وه‌، به‌ كاره‌ساتى وه‌رگه‌ڕانى ئۆتۆمبێل گیانى له‌ده‌ست دا. هه‌ر كه‌ (سوبحى كۆیى )جوانه‌مه‌رگ بوو، (ئارى) كوڕى ته‌مه‌نى سێ ساڵان بوو. دوای مردنیشى كوڕى دووه‌مى به‌ ناوى (هونه‌ر) له‌دایك بوو.
هه‌میشه‌ ڕۆحى شاد و یادى گوڵباران.


وێنه‌كان

وێنه‌ى ژماره‌ (1) / سوبحى كۆیى جوانه‌مه‌رگ.