پەیكەرێك بۆ هەموو میللەتانی ئازاد

پەیكەری ئازادی لە ئەمەریكا..

دیزاینەر و ئەنجامدەری پەیكەری ئازادی، كە لەناو ئۆقیانووسێكی ئەتڵەسیدا، لە دوورگەیەكی بچكۆڵانەی ڕووبەڕووی شاری زلزەلامی نیۆرك، مەشخەڵ بەدەست، شانازی دەفرۆشێتە ئۆقیانووس و ئەو شارە مەزنە. پەیكەرتاشێك بەناوی فەرەدریك ئاگۆست بارتولدی بووە. ئەو هونەرمەندە شاكارسازە لە ساڵی 1833ز هاتووەتە دونیا. دوای ئەوەی كۆلیژی هونەرە جوانەكانی تەواو كردووە، لە دونیای بەربڵاوی هونەری پەیكەرتاشیندا دەستبەكار بووە.


داستانی پەیكەری ئازادیی لای زۆر كەس ڕۆشنە، كە دیارییەكی هونەریی دەوڵەت و دەستەڵاتی و میللەتی فەرەنسایە بۆ میللەتی ئەمەریكا لە ساڵی (1871-1872ز) ئەنجام دراوە. هەڵبەتە ئەو شانازییە بوو بە نسیبی هونەرمەند (بارتولدی). پلێتە پۆڵایینەكانی ناوەوەی ئەو پەیكەرە، كە بە ڕاگر و پتەوبوونی ئەو پەیكەرە دەژمێردرێت، لە لایەن هونەرمەند (كۆچلین) دیزاین كراوە.


لە ساڵی 1874ز بارتولدی دوورگەیەكی بچووكی لە بەندەرگەی نیۆركدا هەڵبژارد، پەیكەرەكەی ئەو دوورگە بچووكە چەند سەدمەترێك لە دوورگەی ئەلیسی باشوورەوە دوورە. ئەودەم هەرچیی كۆچبەری ئەورووپایی هەبووە، كە پێیان لەسەر زەوی ئەمەریكا داناوە، لەو دوورگەیەدا بووە. ئەو پەیكەرە لە ساڵی 1885ز ئامادە كراوە، لە ساڵی 1886ز ڕێوڕەسمی پەردەلادانی لە 28 مانگی ئۆكتۆبەردا بۆ ئەنجام دراوە. (ئیدوارد) خاوەنی بیرۆكەی پەیكەری ئازادی، نەگەیشتە ڕێوڕەسمی پەردەلادانەكە و لە شاری پاریسدا كوژرا.


بارتولدی لە مانگی ئۆكتۆبەر لە شاری پاریسدا مردووە. ئەو دوورگە بچكووكە، كە ناوی دوورگەی (بیدلو) بووە، ساڵی 1986ز ناوی بە دوورگەی ئازادی گۆڕاوە.


خانمی ئازادیی مەشخەڵ بەدەست، بوو بە دیاردە و پاڵپشتیی ملیۆنەها كۆچبەری دەربەدەر، كە بەدوای ژیان و ئاییندەی باشتردا گەڕاون.


ناكرێ بارتۆلدی وەك هەر هونەرمەندێكی ئاسایی و لەخۆگوزەشت بێ تەماح سەیر بكرێت. ئەم هونەرمەندە هەمیشە بیروبۆچوونی گەلێك گەورەی لە خولیادا بووە و بە ئەوپەڕی تواناوە كۆشاوە ئەنجامی بدات، یەكەمین كارێكی گەورە، كە ئەنجامی داوە، كارەكەی (ژەنراڵ ژان رپ)ە، كە سەردەمێك ئێشکگری تایبەتی ناپلیۆن بووە.


ئەوانەی ئەو كارەیان بە بارتولدی پێشنیار كرد، بەتەمابوونە پەیكەرێك بە ئەندازەی سروشتی ئەنجام بدات، بەڵام بارتولدی توانی ڕازییان بكات، كە پەیكەرەكە بە بڵندیی 7 مەتر دروست بکات. دووهەمی گوڵتەیەكی هونەری كە گۆیای ئابلووقەدانی شار لە لایەن لەشكری ئەڵمانەوە (1870-1871)، كە بە بەرد ئەنجامی دا، بڵندییەكەی 22،11 مەتر بووە، بە بڵندترین و گەورەترین پەیكەری سەدەی نۆزدەهەم ژمێردراوە.

 

گەورەترین پەیكەری تەواوی دەوران
ئەو كارانەی بارتولدی ئەنجامی داون، جێگەی ڕەزامەندیی ئەو نەبووە، تەماحگیری كارێكی مەزنتر بووە و خولیا و خەیاڵی بەرزەفڕانەی ڕۆژبەڕۆژ گەشەی كردووە و بۆ ئەنجامدانی بەدوای هەل و دەرفەتێكدا گەڕاوە. لەم پێناوەدا گەشتێكی بۆ وڵاتی میسڕ كردووە و ڕۆیشتووە بۆ دیتنی پەیكەری (ئەبولهەول)، كە ئەو پەیكەرەی دیوە، هێندەی تر بڕوای سوورتر بووە لەسەر كارێكی لەو بابەتە و كەوتە كارەوە و دیزاینی گەورەترین پەیكەری ژنە مەشخەڵ بەدەستی میسڕی ئەنجام دا، كە دوپای كراوەی لەمبەر و ئەوبەری قەناتی سویسدا مەشخەڵ بەدەست ڕاوەستاوی خستە بەر تەماشای (خدێوی ئیسماعیل)، بەڵام خدێوی لەبەر تێچووی زۆری پارەكەی، ڕەزامەندیی نەدا و نائومێدانە گەڕایەوە فەرەنسا، بەڵام نائومێدیی بارتولدی زۆری نەكێشاوە، لەگەڵ سیاسەتكاری گەورەی فەرەنسادا (ئدوار رینەدی) دۆست و ئاشنا بووە. ئەو سیاسەتزانە كتابێكی سێ بەرگی دەربارەی ئەمەریكا نووسیوە. فكری ئەنجامدانی كارێكی هونەریی بە بۆنەی تێپەڕینی سەدساڵ بەسەر سەربەخۆیی ئەمەریكا لە كەلـلەی داوە، بۆ ئەوەی وەك دیاری لە لایەن میللەتی فەڕەنساوە بدرێتە میللەتی ئەمەریكا، بۆ ئەوەی دەری بخەن، هەردوو وڵات پابەندی ئازادی و دیموكراسین.


بارتۆلدی بە بێدەنگی دەستبەكار بووە، دیزاینی پێشووی، كە بۆ كەناڵی سویس ئەنجامی دابوو، دووبارە وەك فكری یەكەمین هاتەوە نێو مێشكی، كە هەردوو كارەكە شێوەی ئەنجامدانیان لێك دەچوو. ڕوخساری پەیكەرەكە لە لایەن (لابولایا)وە دەستنیشان كرا، كە دەموچاوی (ئیزابیل ئیگینی) خێزانی (ئیزیك میتریك سینگر)، كە مەكینەی درومانی دروست كردبوو. ڕووپۆشی پەیكەرەكە لە برونز بووە. نۆ ساڵی مابوو بۆ سەدساڵەی ئازادیی ئەمەریكا، پارچەكانی پەیكەرەكەی ئازادیی تەواو بوون، کە سەرجەمیان 350 پارچە بوون. بە كەشتیی بەرەو دوورگە بچووكەكەی ئەمەریكا بەڕێ كەوت.. سەرجەمی سندووقەكان و پارچە دروستكراوەكانی تێدابوون، كە 214 سندووق بووە. كەشتی گەیشتووەتە نیۆرك، ئیتر بە بووق و زوڕنا و تەقینی 21 تۆپ بە نیشانەی پێشوازی لە پەیكەرەكە. لە پۆپەكەی 93 مەتر بڵندە تا بە ئەوڕۆ بەرزترین پەیكەرە لە جیهاندا و بەناوبانگترینیشە.


لە ساڵی 1975ز گوزەرم كەوتە شاری نیۆرك، لەمێژدا لە خولیامدا بوو لەنزیكەوە ئەو پەیكەرە ببینم، ڕاستییەكەی هەر وامكرد، بە پلەكانە لەناویەوە سەركەوتم تا گەیشتمە ناو سەری سەرەكەی. پەنجەرەی ڕووبەدەرەوەی تیادا بوو. خۆ دەكرا سەركەومەوە سەر بۆ ناو مەشخەڵەكە، بەڵام ئەوەم نەكرد، بەڵام لە من بەگوڕتر سەركەوتن بۆ ناو مەشخەڵەكە. ئەوەی من دیم، سەرسام ئاوەر بوو، ئەشهەدو بارتولدی شاكاری گەورەی ئەنجام داوە. ئەو پەیكەرە بە هێما و دیاردەی سەرەكیی ئەمەریكا و تەواوی میللەتانی ئازاد دەژمێردرێت.