هەلێكی زێڕین بۆ هەڵسانەوەی ئابووری

 

كارێكی هێندە ئاسان نییە، ئەگەر بمانەوێت بە شێوازێكی میتۆدیانە ئەم واقیعە ئاڵۆز و ناوازەی ئابووریی عێراقی نوێی دوای ڕووخانی ڕژێمی فاشیی بەعس بخوێنینەوە، بەڵام بە هەموو پێوەرەكان، ئەو ئاستەیان ڕوون و دیارە، كە لەم كاتە هەستیارەدا ململانێ حزبی و دەستێوەردانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان ڕۆڵی كاریگەرانەیان هەبوو، لە گۆڕینی ڕەوتی خۆپیشاندانەكانی پارێزگا شیعەنشینەكان، لە داواكاریی مەدەنییانەوە بۆ داواكاریی سیاسییانە و لادانی فەرمانڕەوایانی بەغدا، تا گەیشتن بە توندوتیژی و زبریی زیاتر و خوێنڕژان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارانە. ئەم هەڵایسانە ترسناكە بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی هاوچەرخدا ڕوو بدات، كە خەڵكی تەنانەت داوای ڕووخانی دەزگایەكی شەرعیی وەك پەرلەمانیش بكەن، كە دوو ساڵ پێشتر هەر خۆیان دەنگیان بە دامەزراندنی داوە، ئەمەش نەك تەنیا زیانی بۆ بەغدا، بەڵكوو زیانی بۆ هەموو ناوچەكانی تری عێراق و تەنانەت بۆ هەرێمی كوردستانیش دەبێت. لەم روانگەیەوە، زۆربەی پێشبینییەكان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەچن، كەوا کۆدەنگییەكی ناوخۆیی و حزبي و نێودەوڵەتی بۆ هێوربوونەوەی دۆخەكە دروست بێت، چونكە حكوومەتێكی ئیفلیجبوو لە توانایدا نابێت بەڵێنە خەیاڵی و قەبەكانی، كە بە خۆپیشاندەرانی دەدات، جێبەجێيان بكات، حكوومەتی ئێستا ئەو گۆچانە ئەفسووناوییەی پێ نییە، تا هەموو شوێنەوارە خراپەكانی حوكمڕانە لارەكانی پێش خۆی ڕاست و چاك بكاتەوە.


درێژبوونەوەی وادەی خۆپیشاندانەكانیش زیاتر دۆخی خەڵك و بازاڕ بەرەو خراپ و خراپترین دەبات و سێكتەرەكانی ئابووری و بازرگانی و ناردنەدەرەوەی نەوتیش دووچاری زیانی گەورە بوون و داشكانی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، بەڵگەیەكی روونی ئەو زیانانەیە. هاووڵاتییانی عێراق مافی خۆیانە ئەو ڕاستییە بزانن، زیاتر لە یەك ترلیۆن دۆلار لە چیدا خەرج كراوە، لەكاتێكدا وڵاتەكەیان لە خراپیی خزمەتگوزاری و وێرانەیی كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستیدا، لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتانی داتەپیو و داڕزاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیاوە دێت. مافی خۆیانە بزانن، كێ لەپشت دزین و ناردنە دەرەوەی زیاتر لە 400 ملیار دۆلار بووە؟ ئەی 200 ملیار دۆلارە لە چ بوارێكی وەبەرهێناندا خەرج كراوە؟ بە سەدان ملیار دۆلاريش بۆ پرۆژەكانی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری چیيان بەسەر هاتووە؟ بەڵام ئێستا خەڵك هەلی كار و ژیانی خۆش و دادپەروەرییان دەوێت، ئەمەش ئەركی حوكمڕانەكانە بۆیان دابین بكەن. حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، میراتگری هەڵە و كەموكورتییەكانی حكوومەتەكانی مالیكی و عەبادییە، كەچی سەرۆك وەزیرانی پێشووش، كە تا بینەقاقایان ئەوانیش بە هاوشێوەی حزبە شیعەكان، سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان بوون، گەرچی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە تەواوكەری خۆیشاندانانەكانی 2011 و 2013 و 2015ەیە، بەڵام ئەمجارەیان مەترسییەكە گەورەترە، چونكە ئەمە بۆ یەكەم جارە خۆپیشاندانەكان لەپانتایی جوگرافیا و چەقی ناوماڵی حزبە باڵادەستە شیعەكاندا روو بدەن. هەرچۆنێك بێت، ئێستا ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە، بەوەی وا خەریكە حكوومەت بەتەواوەتی ئیفلیج بێت و دۆخەكە بەرەو نادیاری بڕوات.


كێشەكانيش پێش ئەوەی ئابووری بن سیاسیین و پێویستی بە ئیرادە و بڕیاری بوێرانە هەیە. چاكسازی و گۆڕانكاری بەبێ چاكسازیی سیاسی و گۆڕانكاری لە بنیاتی بیركردنەوەدا روو نادەن، ئەمەش بە حكوومەتێك ناكرێت كە حزبەكان و خۆپیشاندەرانیش دەستیان لە بینەقاقای سەرۆك وەزیران توند كردبێت و تا ئێستاش نەیتوانیبێت بودجەیەكی رێكوپێك و باش پێشكەش بە پەرلەمان بكات.


هەر بۆیە بەرژەوەندییەكی هاوبەش دروست دەبێت بەوەی هەمووان (هاووڵاتییان و حزبەكان و وڵاتانی دراوسێ و ئەمەریكا و هەرێمی كوردستانیش) لە بەرژەوەندییاندا نابێت دۆخەكە زیاتر ئاڵۆزتر بكەن. هەمووان بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بەرژەوەندییەك كە لە چاوەڕوانی بودجەیەكی 146 ترلیۆن دیناردایە، بەڵام ئەمجارە بەدیهێنانی ئەم بەرژەوەندییە ئابوورییە بەبێ رازیكردنی خۆپیشاندەران نابێت، هەر بۆیە، حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی جدییە تا كاری گرنگ بکات، لەولاشەوە ئامادە نییە لەبەر بودجە و دەستوور بەرەیەكی دیكەی پێكدادان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكاتەوە، چونكە عادل عەبدولمەهدی باش ئەو راستییە دەزانێت، چاكسازی و گۆڕانكاری و باشكردنی باروگوزەرانی هاووڵاتییان، پێویستی بە چاكسازییەك هەیە كەوا هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق تێیدا هاوبەش و بەشدار بن، بە كورد و سوننە و شیعەوە. هەرچۆنێك بێت، وڵاتێكی دەوڵەمەندی وەكوو عێراق بە نەوت و غاز و كانزا و كشتوكاڵ و سامانی مرۆیی، هەرگیز وا ئاسان ناڕووخێت و دووبارە هەڵدەستێتەوە، گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداش، كە هەنگاوی باشی بڕیوە، دەست پێدەكەنەوە و راستییەكانی پشت پەردەوە زۆر دوورە لە قسەكانی ناو فەیسبووك و رەشبینییەكانەوە، چونكە هەر هیچ نەبێت، حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دڵی برا كوردەكانی ناڕەنجێنێت و لەناو پەرلەماندا زۆرینەیەك بۆ تێپەڕاندنی بودجەكە دروست دەكات. لەلایەكی دیكەشەوە، ئەگەر حكوومەت لە گەڕانەوەی متمانەی خۆپیشاندەران و هێوربوونەوەی دۆخەكە سەركەوتوو بێت، ئەوە هەلێكی زێڕینی بۆ هەڵسانەوە لەبەردەمدا دەبێت، بەپێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەی كە باسیان لە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران دەكرد و گرەویان لەسەر زیاتر تێكچوونی دۆخەكە دەكرد.