لەبارەی حزب و كاروباریەوە

 

ئەزموونی پارتەكان لە دۆخی ئێمەی كورددا، ئەزموونێكی تازە نییە، بەڵكوو لە تەمەندا هاوتەمەنی هەندێك لە دەوڵەتانی ناوچەكەمانە، خۆ رەنگە هاوتەمەنی هەردوو دەوڵەوتی سووریا و عیراقیش بێت، وەك چۆن ئەو وڵاتانە شێوەیەك لە حوكمڕانییان نەهێنایە بەرهەم كە بەدەم خواستی خەڵكی هەدوو وڵاتەكەوە بێت و شادی و خۆشگوزەرانییان بۆ بەدی بهێنێت، ئەوا پارتەكانی ئێمەش، ئەگەرچی وەك كوارگ هەڵدەتۆقێن، كەچی تا ئێستا سەركردایەتیی قۆناغەكەیان پێ ناكرێت، پرۆژەیەكیشیان بەدی نەهێناوە كە لەگەڵ خواستی خەڵكەكەیاندا بگونجێت، تەنیا دوو یان سێ پارتی سیاسی نەبێت، كە دەكرێت بڵێین كاروباری خەڵكیان بەڕێوە بردووە و لە بەدیهێنانی خواستی ئەوانیش نزیك بوونەتەوە.


رەنگە هەندێك كەس لە هۆیەكە بپرسن، ئاخۆ لەبەر چی پارتەكان لە هەڵسووڕاندنی كاروباری خەڵك گەیشتنە قۆناغی ناتوانایی، ئەوان تەنانەت لە هەڵسووڕاندنی خواستی جەماوەر و هەوادارانی خۆشیان ناتوانا بوون، بەتایبەت لە وەرچەرخان و لە ژیانی گشتیدا؟


لە راستیدا دوو هۆكار هەن، یەكەمیان، بە تێكڕا پارتەكان زادەی "بلۆكی سۆشیالیزم"ن، یان با بڵێین بەرهەمی "شۆڕشی ئۆكتۆبەر" بوون كە لە سەرەتای سەدەی رابردوو بەرپا بوو.


دووەمیان، ژینگەی كۆمەڵایەتی، یان سستیی دەوڵەت لە دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوەكان، ئەمەش كاریگەریی قووڵی لە پرۆسەی پێگەیشتنی پارتەكان كرد.


سەبارەت بە هۆكاری یەكەم، وێڕای ئەوەی سیستەمی كۆمۆنیزم هەرەسی هێنا، گۆڕانێكی گەورەش بە سەر بنیاتی ئەو پارتانەدا هات كە لە ئەورووپای رۆژهەڵاتدا لایەنگری كۆمۆنیزم یان چەپ بوون، ناتوانایی سیستەمی پارتایەتی لە ناوچەكەی ئێمەدا لە هاوشان رۆیشتن لەگەڵ گۆڕنكاری، هەروەها شكست خواردنی سەركردایەتییەكانیان لە گەڕان بە دوای میكانیزمێكی كارا، تا گۆڕان نەك تەنیا لە زەینی ئەندامانی پارتەكەدا، بەڵكوو لە بنیاتی رێكخستنەكەش بكات.


لەبارەی دووەمین هۆکاریش، دەڵێین هەردوو هۆكارەكە تەواوكەری یەكن، سستیی دەوڵەت لە بەرهەمهێنانی دامودەزگا، هەمان هۆیە كە وای كرد پارتەكانیش سست بن، پێنەگەیشتنی پارتەكان لە بواری گشتی، بە نەرێنی رەنگدانەوەی دەبێت لە سەر حوكمڕانی و پاشان لەسەر دەزگاكانی دەوڵەتیش، ئەمەش واتای ئەوەیە كە ئەو دەوڵەتانەی بە ناتوانا لە رووی پیادەكردنی دیموكراسی دادەندرێن، ئەوانەن كە سیستەمێكی پارتایەتییان نییە كە كولتووری دەزگا و دامەزراوە و كاری هاوبەش بەرهەم بهێنێت. خۆ رەنگە هۆیەكی دیكەش هەبێت كە لەنێوان هەردوو هۆیەكەی پێشوو، سەری خۆی قوت بكاتەوە، ئەویش ئەوەیە كە كۆمەڵگاكانی ئێمە لاسایی سیستەمی حزبایەتیی چەپ دەكاتەوە، لەو كاتەی لە شەقامی رۆشنبیریدا چەمكی دەوڵەتی دەزگا و دامەزراوە و بڕێك لە لیبرالیزمی رۆژاوا، نادیدە گیراوە.


هەڵبەت، ئەزموونی پارتی سیاسی لە لای ئێمە شكستێكی گەورە خواردووە، بە تایبەتی لە كوردستانی سووریادا، دەبینین كە هەستی میللیی نێو خەڵك زۆر لە هەستی پارتایەتیی ئەوان پێگەیشتووترە، بەدەنگەوەهاتنی خەڵك بۆ پێداویستیی خۆیان زۆر بەهێزتر بوو لە بە دەنگەوەهاتنی ئەندامانی پارتەكان لە رووی ئەوەی كە ئاخۆ چ پێویستە بكرێت. ئەمەش تەنیا پەیوەست نییە بە خەڵكی ئێمەوە، بەڵكوو وڵاتانی عەرەبیش گیرۆدەی هەمان كێشەن، بۆیە دەبینین "نەوەی دووەم"ی بەهاری عەرەب هاتووەتە پێش، پاش ئەوەی نەوەی یەكەم لە داڕشتنی وەرچەرخانێكی نوێ لە سیستەمی فەرمیی دەوڵەتی عەرەبدا شكستی هێنا.


ماوەتەوە بڵێین، كاری نەگۆڕ و ئەوەی رۆژگار و ئەزموونی كورتی خەڵكی ئێمەش سەلماندوویەتی، پارتەكانمان چی دی لە توانایاندا نییە گوزارشت لە خواستی خەڵك بكەن، چونكە ناتوانان لە تێگەیشتن لە هەر رووداوێك كە لە تێگەیشتنی حزب بەولاوەتر بێت، سەردەمەكەش سەردەمی ئەوەیە كە بە ئاسۆیەكی سەرووی "حزبایەتی"یەوە لە ژیانی گشتی و كاروباری خەڵكدا بەشداری بكەیت، ئەمەش بە گوێرەی دەركەوتەكانی ئێستا، لە بەدیهاتن و جێبەجێبوون دوورە.


پوختەی وتارەكەش لە دوو رستەدا:


ئەگەر بتەوێ جەماوەرێكی زیندووت هەبێت، ئەوا كار بۆ ئاسۆیەكی دوورتر لە "پرۆژەی حزب" بكە.. خەڵكێكی زۆر بە دەوری ئەو شتەدا گرد دەبنەوە كە گوزارشت لە ویژدانی نەتەوە دەكات ​نەك ویژدانی حزب.