تاکایەتی و سەرکردایەتی

لە پەراوێزی نماییشکردنی 4 کتێبەکەی ساسان عەونیدا

یەکەم جار، لە ساڵی ١٩٩٣دا، لە ماڵی ڕەوانشاد عەلی حەسۆ میرخان، کاک ساسان عەونیم بینی. ئەودەم من تازە لە زانکۆ وەرگیرابووم و کاک ساسان سکرتێری (ی. ق. ک.) بوو. لەوێ من ھیچ قسەیەکم نەکرد، تەنیا گوێگر بووم و خزمەتیانم دەکرد. ئەوەی لە یادمە، گرنگترین شت لەو دانیشتنە، ڤیان و پێزانینی عەلی حەسۆ و بەڕێزی و ھێژایی ساسان عەونی بوو.


لە ڕۆژی 29/9/2019دا لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارکی شانەدەر، چوار کتێبی بەڕێز ساسان عەونی پێشکەش کران، لەوێ منیش قسەم کرد، ئەم نووسینە پوختەیەکی قسەکانی ئەو ڕۆژەمن:


کانت، کە باسی مافی چارەنووسی کرد، لەگەڵ ئەویشدا باسی تاکایەتیی کرد. ئەم باسە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە دیرۆکی مرۆڤایەتیدا. ئەو دەیگوت: ھەرچەند سەختە، بەڵام دەکرێ مرۆڤ وەک تاک دەرکەوێ. مانایەکی تاکایەتی، ئازادییە، بەوەی تاکێکی ئازاد رێگە نادات ھێز و گوشارە دەرەکییەکان بەرپرسیارێتیمان لێ بستێننەوە، بەرپرسیارێتی بەرامبەر خۆمان و ھەڵسوکەوتمان. تاکایەتی بەو مانایەی، خۆمان بەھاکانمان ھەڵبژێرین و ھۆکارمان ھەبێ، کە چی لامان پیرۆزە. ئەودەم ھەست بە ئازادی دەکەی و دەبی بە خاوەنی ڕەوشتێک، کە ھەست بە مرۆڤبوونی خۆت دەکەی، بنەما بۆ خۆت دادەنێی و بەپێی بنەماکان ھەڵسوکەوت دەکەی.


زۆر جار فەرمان لە شوێنێکی بەرزتر و پیرۆز دێن، بەھاکان دیاری دەکه‌ن و بنەماکان دادەڕێژن، بەڵام گرنگ ئەوەیە، بە ئیرادەیەکی ئازاد وەریانبگری و گومانت لەسەریان نەبێ. ھەندێ لە بەھاکان، لەگەڵ بوونمان ھەن و ھەندێکیان دروست کراون. تاکی ئازاد، خۆی ھەڵدەبژێرێ و بە ویستی خۆی بەھاکانی دیاری دەکات و خۆی ناخاتە نێو بازنەیەکی داخراو، کە پێشتر دیاری کراوە.


ئەم ئازادی و تاکایەتییە، زۆر جار سەختی و ژانی بەدوادا دێت. لە سەردەمی بەعس ھەبوون، کەسانێک خۆیان دابووە دەستی دەسەڵات و بووبوون بە بەعسی، یان جاش. ئەوان لە مرۆڤایەتی کەوتبوون، بەڵام ھەبوون بە ئازادی بیریان دەکردەوە و وەک مرۆڤ دەژیان و تووشی سەختی و زیندان و دەربەدەری بوون.


لەبەرامبەر تاکایەتی و ئازادیدا، کۆیلایەتی دێت. کۆیلایەتی، تەنیا ئەوە نییە زنجیر بخرێتە دەست و پێت، لە کێڵگەکان زەویت پێ بکێڵن، یان قامچی بەدەستێک لەسەر سەرت بێت و لە کانگایەک بتچەوسێنێتەوە.


ئەوەی کە پێت وایە تەنیا یەک شت پیرۆزە، ئەو شتەش ئەوه‌ بێ، کە پێیان گوتووی و بەبێ بیرکردنەوە، ملکەچی بووی، دەکەوێتە خانەی کۆیلایەتییه‌وه‌. کوردێک، کە قسەکانی (ئیبن تەیمییە)ی پێ پیرۆزە و بێڕێزی بەرامبەر (مەم و زین)ی خانی دەکات، کۆیلەیە.


ئەو باوەڕدارەی بەبێ بیرکردنەوە، ئایدیۆلوژیەکی دینیی کردبێتە تەوقی ملی و ھیچ دین و باوەڕێکی دیکەی پێ ڕاست نییە، نازانێ ئازادی چییە و چێژ لە سەربەستی نابینێ.


ئێمە لە کوردستان دەژین، ھەن بەوە دەنگیان بەرز دەکەنەوە، کە حەقیقەت تەنیا لای ئەوانە و تەنیا یەک دین جێی ڕێزە و ھیچ ئایین و دینێکی دی لێرە جێیان نابێتەوە! ئەوان کۆیلەی ئایدیۆلۆژیی ھاوردەن، نە کوردستانیان ناسیوە، نە خۆیان بە بەشێک لە کوردستان دەزانن.


من ساسان عەونیم بە تاکێکی ئازاد ناسیوە کە ڕێز لە ھەر کەسێک دەگرێ، لە ھەر باوەڕ و دێنێک، لە ھەر تاکێک بە بۆچوونی جیاواز.


لەدوای کانت، دوو بیرۆکەی مارکسیزم و ناسیۆنالیزم سەریان ھەڵدا. ئەم دوو بیرۆکەیە وایان کرد، بژارە بەرامبەر جڤاک و خەڵک، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت.


ناسیۆنالیستەکان، جیا لەوەی خەمی خەڵکی خۆیان دەخۆن، گەیشتوونەتە قۆناغێک، ئەو بەھا و بیرۆکانەیان لا گرنگ بێت، کە خزمەتی جڤاک دەکات. ئەوان نەتەوەی ئازادیان پێ گرنگتر و پڕ بەھاترە لە تاکی ئازاد، پێیان وایە ئەگەر جڤاک و نەتەوە ئازاد نەبێت، تاکی ئازادیش نابێت.


مارکس ھیوای بۆ دونیایەک (ئەوەی کاپیتالیزم بنیاتی نابوو) دەخواست، کە تێیدا کرێکارانی چەوساوە دەیگرێتە دەست. لە وێنای مارکس، مەودای نێوان واقع و بەھاکان نامێنێ. ئەگەر دیرۆک ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی ھەیە، ئەودەم ھۆشیاریی چینی کرێکار، ڕێڕەوی دیرۆک دەگرێتە دەست، وێجا ئەزموونی چینەکانی دیکە (چینی خوێندەوار، چینی ناوەند) دەبێتە ھەڵم. ئەم بۆچوونە لەگەڵ تاکایەتی ناگونجێ.


ئەوانەی بەپێی پێڕەوی ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو ھەنگاو دەنێن، کۆتاییان بەو بابەتە ھێناوە، کە چی بەھایە و بیر ناکەنەوە و بواری پرسیار نادەن. ھەموو شتێک لای ئەوان یەکلا بووەتەوە. ئەوە وریایی و ژیری نییە بە نرخی ژێرپێخستنی ھەموو پیرۆزییەکانی دی، بەھاکانی خۆت بسەپێنی.


ناسیۆنالیستەکان، ئەو بوێرییەیان تێدایە، بەھای نوێ بخولقێنن. ئەوان بەھاکانی نەتەوەیی بەرز دەنرخێنن و ڕێز لە سیمبول و پیرۆزی نەتەوەکانی دیکە دەگرن.


ئەمڕۆ لە کوردستان شەپۆلێک دەبینین، کە باس لە بیرۆکەی (ئازادیی گەلان) دەکات. ئەمە وتاری بێ ماناییە، کە بڕوات بە ئازادیی گەلانی داگیرکەر ھەبێ و بە ڕەوای ببینی ئەوان دەوڵەتیان ھەبێ، کەچی خۆت بکەی بە کۆیلەی ئەم دروشمە و وەک داگیرکەر بیر بکەیتەوە و بڕوات بە سەربەستیی نەتەوەکەت نەبێ و پێت وابێ، سەردەمی ناسیۆنالیزم گوزەراوە.


ساسان عەونی، وەک مرۆڤێکی ناسیۆنالیست بیر دەکاتەوە و ھەڵسوکەوت دەکات و پێی وایە، کورد دەبێ وەک ھەر نەتەوەیەکی دیکە، قه‌واره‌یه‌كی سەربەخۆی ھەبێ.


لە چەند ساڵی رابردوودا، بەرپرسی ئۆرگانێکی گرنگی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. منیش بۆ ماوەیەک لەنزیکەوە کارم لەگەڵیدا کرد. ھەندێ شت سەرنجی راکێشام، کە باسیان دەکەم:


- ئەوەی دەکرێتە بەرپرسی ئۆرگانێک، یان پلەیەکی بەرز وەردەگرێ، مەرج نییە سەرکردە بێت، یان ببێتە سەرکردە.


سەرکردە، ئەو کەسەیە بە کردارەکانی، ھیوا و ئامانج لای خەڵکی بخولقێنێ و ھەوڵ بدەن زیاتر فێر بن و بیر لە پێشکەوتن بکەنەوە.


سەرکردەکان لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی خۆپێگەیاندندان، ئەوان ئاگەدارن کە ھەموو شت نازانن و دەزانن لە ھەر باشێک باشتر ھەیە، ئەمە دۆخیش دەگرێتەوە. لەدەرەوەی پێوەندیی کار، سەرەڕای ئەوەی ھەوڵ دەدات لە کارەکەی باشترین پێشکەش بکات، ساسان عەونی زۆریش دەخوێنێتەوە. بۆ ئەوەی بنووسی دەبێ بخوێنیەوە (نووسینی چوار کتێب چەند خوێندنەوەی ویستووە!)، بەڵام ئەو لەپێناو نووسین نەیخوێندووەتەوە. لەبەر پێویستی، ئاخر خوێندنەوە بەھای تایبەتی ھەیە. گۆڕینەوەی زانیاری و باسکردن لەو کتێبانەی بەلایەوە سەرنجڕاکێشن، لەو تەوەرانەن لەگەڵ ھەڤاڵانی باسی دەکات.


زۆربەی بەرپرسەکان، کە دەڕۆیە لایان، باسی ھەر چییان لەگەڵ بکەی، لە باسی ژینگە بگرە تا سۆسیالیزمی مودێرنی چۆمسکی و کوانتۆم، سەری قسەت نەکردووەتەوە، وەھا تۆنی دەنگی دەگۆڕێ و ئەوەندە قسەت بۆ دەکا، وەک ئەوەی شارەزای ھەر شتێکە. سەرکردەکان بە وریایی گوێ دەگرن و دەزانن گوێگرتن لە قسەکردن گرنگترە.


سەرکردەکان ڕوانینیان بۆ ئەو بابەتانە ھەیە، کە لایان گرنگە و پرۆگرام بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دادەنێن، ئەو ئامانجانەی پێوەستن بە بەرژەوندیی گشتی و پێشخستنی جڤاک.


ئەمڕۆ دیاردەیەک دەرکەوتووە، ھەر کەسێ پۆستێک وەردەگرێ، دەوروبەری خۆی پڕ دەکات لە خزم و کەسی بە ناونیشانی جیاواز، ئەوانە وادەزانن خزمەتی خۆیان دەکەن، نازانن خۆیان و وڵات بە ئاراستەیەکی خراپ دەبەن. سەرکردە، ھەوڵ دەدات لە کەسانێک نزیک ببێتەوە و ھاوڕێیەتییان بکات، کە ببێتە ھەلێک بۆ فێربوونی زیاتر. بەپێچەوانەوە، کەم نین ئەوانەی تەنیا ڕێگە بە خەڵکانێک دەدەن لێیان نزیک ببنەوە، کە جیا لە پیاھەڵدان، ھیچی دیکە نازانن.


سەرکردەکان، لە ھەڵبژاردنی ستاف، ھەوڵ دەدەن کەسانی بەتوانا و کاراکتەری بەھێز ھاوکاریان بێت، ئەوان خۆیان دەناسن، کاراکتەریان بەھێزە و دەزانن بە گرووپ کارکردن، باشترین ڕێگە بەرەو سەرکەوتن دابین دەکات. ھەن کەسانێک ھەر پێگەیەکیان ھەبێ، لەبەر ئەوەی ھیچ کاراکتەرێکیان نییە، ئەوەی لە خۆیان کۆ دەکەنەوە، خەڵکێکی بێ توانان. ئەوان ترسی نەگەیشتن بە ئامانجیان نییە، ئەوان دڵەڕاوکێی لەدەستدانی پێگەی خۆیانیان هەیە.


سەرکردەکان، ئاگایان لە ستایل، جۆری قسەکردن، ھەستان و دانیشتنی خۆیانە و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لەوەی دەیڵێن. ئەوان لە کارەکانیان داھێنان دەکەن و ھەوڵ دەدەن ئاگایان لە دەوروبەریان بێت و پێیان بگەیەنن.