خاڵە سێوه‌.. له‌ كه‌نیسه‌ی كۆیه‌وه‌ بۆ رادیۆی به‌غدا

 

سێوه‌ هونه‌رمه‌ندێكی مه‌قامبێژی کریستیانی کوردستان بوو، مه‌قامه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی گوتوون. ده‌نگێكی خۆشی گڕی هه‌بوو، گونجار و له‌بار بوو بۆ مه‌قام و گۆرانی. توانیویه‌تی به‌ هه‌وڵ و كۆششی خۆی و له‌ ڕێی گوێگرتنه‌وه‌ ئاشنا بێ به‌ مۆسیقای رۆژهه‌ڵاتی.
له‌كاتی مه‌قام و گۆرانی گوتندا، به‌ چاكی له‌گه‌ڵ مۆسیقادا ده‌ڕۆیشت و ده‌یزانی له‌كوێوه‌ ده‌ست پێ بكا و له‌كوێوه‌ش بوه‌ستێ. ده‌قی ئه‌ده‌بی و ئاوازی مه‌قامه‌كانی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سازگاری كورده‌وارییه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون.
سێوه‌ی (سێوه‌ی كۆیی) مه‌قامزانی هونه‌رمه‌ندی ناوداری كوردستان لە ساڵی١٨٩٠ له‌ گه‌ڕه‌كی به‌فریقه‌ندی شارۆچكه‌ی كۆیه‌، له‌ ئامێزی خێزانێكی مه‌سیحی له‌دایك بووه‌.
سێوه میراتگری مه‌قامزانانی كۆیه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌م بووه‌، له‌ سه‌ره‌تادا هونه‌ری مه‌قامبێژی له‌ (نه‌شئه‌تی ره‌شید ئاغای حه‌وێزی)یه‌وه‌ فێر بووه‌. له‌دواییدا بۆ ماوه‌ی ساڵێك چووه‌ته‌ لای (حه‌ننا تۆما)ی ناسراو به‌ (حه‌نیل)ی شاگردی (مه‌ربێن)، كه‌ یه‌كێ بووه‌ له‌ مه‌قامبێژه‌ ناسراوه‌كانی‌ ناوچه‌ی كۆیه‌، له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا.
له ‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا هه‌موو ده‌ستوور و بنچینه‌كانی مه‌قامی كوردی به‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بی و ئاوازه‌كانییه‌وه‌ به‌ نووسین و له‌به‌ركردنه‌وه‌ فێر بووه‌. هەر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان فێری هونه‌ری مه‌قامی ڕه‌سه‌نی كوردی بوو، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و ڕ‌استییه‌ش بڵێین، كه‌ سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند كتومت مه‌قامه‌كانی ئه‌وانی نه‌گوتووەتەوە، به‌ڵكوو سۆزی خۆی خسته‌پاڵ و خۆی بووه‌ خاوه‌ن ڕێبازێكی هونه‌ری مه‌قامی ڕه‌سه‌نی كوردی.

سێوه‌ له‌ سه‌رده‌می گه‌نجیدا
له‌ تافی لاویدا عاشقی (وارێ)ی كچی یوسف ناوێك ده‌بێ، به‌ عیشقی ئه‌و كچه‌ نازداره گاوره‌وه‌، هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی له‌لا ده‌خولقێ و به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌ی، كه‌ ئه‌و كچه‌ شۆخه‌ عه‌‌‌شقه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا ئاڵوگۆڕ ده‌كرد و ورده‌ ورده‌ ئاوازی مه‌قامی ڕه‌سه‌نی كوردی فێر ده‌بوو و به‌ عیشقی (وارێ)ی دۆستی ناسك و نازداری، په‌ره‌ی به‌ ئاوازه‌كانی ده‌دا، كاتێكیش كه‌ (وارێ) نابێ به‌ خێزانی ئه‌و و باوكی به‌نابه‌دڵی ده‌یداته‌ خزمێكی خۆی، ئه‌و مه‌قامانه‌ی په‌رده‌یه‌كی خه‌ماوییان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌كێشرێ.
سێوه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانی گه‌نجییه‌وه‌ خولیای هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات بووه‌ و به‌ شیعره‌كانی حاجی قادری كۆیی و ئه‌خته‌ر و قاسید و دڵدار و سافی هیرانی سه‌رسام بووه‌. ژیانێكی سه‌خت و ناخۆشی بردووەته‌ سه‌ر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وازی له‌ خولیای هونه‌ریی نه‌هێناوه‌ و به‌رده‌وام بووه‌.
له‌سه‌ره‌تادا هونه‌ره‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی دیوه‌خان و كۆڕ و دانیشتنی دۆست و یارانی نه‌ده‌چووه‌ ده‌ره‌وه‌، تاكوو چله‌كان، ئینجا هونه‌ره‌كه‌ی برده‌ سه‌ر شانۆی ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز.
سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ كەنیسە بچووكه‌كه‌ی كۆیه‌دا، شوێنێكی تایبه‌ت و دیاری هه‌بوو له‌ هه‌ڵسوڕاندنی كاروباری ئایینی، له ‌كاتی نوێژكردن و سرووتەكاندا، هه‌ر ده‌نگ و ئاوازه‌كانی ئه‌و بوون له ‌گوێی نوێژكه‌راندا ده‌زرنگایه‌وه‌.
خه‌ڵكه‌كه‌ تام و چێژێكی زۆریان له‌و ئاواز و گۆرانییه‌ ئایینییانە وه‌رده‌گرت، كه‌ له‌ هه‌موو ئێواره‌یه‌كی یه‌ك شه‌مە و له‌ جه‌ژن و سرووتە ئایینییە‌كاندا به‌ ده‌نگه‌ پڕ جۆش و خرۆشه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یگوتن. یه‌كێ له‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگترین ئه‌و ئاواز و گۆرانییانه‌، ئاوازێك بوو به‌ناوی (نقوم شه‌پیر)، كه‌ ماناكه‌ی به‌ كوردی واتا (با هه‌ستین ته‌سبیحات بۆ خودا بكه‌ین)، سێوه‌ ئه‌م سرووده‌ دینییه‌ی له‌سه‌ر ئاوازی (مه‌قامی حیجاز) خوێندووه‌، كه‌ به‌و ده‌نگه‌ پڕ سۆزه‌ی نوێژكه‌رانی ناو كەنیسەی به‌ جارێ ده‌هێنایه‌ گریان و فرمێسك به‌ چاویاندا ده‌هاته‌ خوارێ.
ئه‌و ئاوازه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ڕۆژی (هه‌ینیی ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار) كه‌ به‌لای مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ بیره‌وه‌ریی ڕۆژی لهخاچدانی په‌یامبه‌ر حه‌زره‌تی عیسایه‌.
سێوه‌ له‌ناو كەنیسە و له‌ كاتی جێبه‌جێكردنی سرووتی ئایینیی مه‌سیحی (كریستیانی) هه‌ر ئاوازی كوردیی به‌كار هێناوه‌.
ته‌واشیحی ئایینی و مه‌زمووره‌كانی (حه‌زره‌تی داود)ی هه‌ر به‌و ئاوازانه‌ ده‌گوت، كه‌ له‌ كۆڕ و دانیشتن و ئاهه‌نگه‌كاندا مه‌قام و گۆرانییه‌كانی (عایشه‌ گوڵ) و (ئه‌وه‌ل سه‌حه‌ره‌) و (مه‌قامی نیوه‌ شه‌وێ) و (به‌هار)ی پێ ده‌گوتن.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین، كه‌ كەنیسەی كریستیانه‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌راسیمی دوعا و نوێژ، سوودیان لە ئاوازی كوردی وه‌رگرتووه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن، گوایه‌ سێوه‌ كاریگه‌ریی مۆسیقای كه‌نیسه‌ی له‌سه‌ر بووه‌.
ساڵی 1952 له‌ ڕێی قادر دیلانی هونه‌رمه‌نده‌وه‌ چووەته‌ ڕادیۆی كوردیی به‌غدا و له‌وێ پێنج مه‌قامی تۆمار كردووه‌، به‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی كوردستاندا ناسراوه‌.
سێوه‌ له‌ ساڵی 1952 پێنج مه‌قامی له‌ مه‌قامه‌ ره‌سه‌نه‌كان له‌ ئێزگه‌ی رادیۆی به‌غدا ـ به‌شی كوردی تۆمار كردووه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ن:
- مه‌قام عه‌جه‌م (سه‌حه‌ر).
- مه‌قام حیجاز (گورێ).
- مه‌قام به‌یات (ئایشه‌ گوڵ).
- مه‌قام حیجاز (به‌هار).
- مه‌قامی (شه‌نگ مێره‌م).
ئه‌و مۆسیقاژه‌نانه‌ی موزیكیان بۆ ژه‌ندووه‌ و هاوكاری بوونه‌ له‌ تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كانی، ئه‌م موزیكژه‌نانه‌ بوون:
ـ هونه‌رمه‌ندی موزیكزان و ئاوازدانه‌ر ئه‌حمه‌د خه‌لیل ـ عوودژه‌ن بوو، كوردی خه‌ڵكی دهۆك بوو.
ـ ئایڤن بهنام ـ نای ژه‌ن بوو.
ـ هونه‌رمه‌ند قادر دیلان، كلارنێتی ده‌ژه‌ند.
ـ ئیبراهیم محەمەد، ئامێری جومبوشی ده‌ژه‌ند.
ـ هونه‌رمه‌ند نازم نه‌عیم، یه‌كێ بوو له‌ باشترین كه‌مانژه‌نه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌.
ـ سه‌عید شابۆ ـ كه‌مان.
ـ عەبدولئەحەد جەرجیس ـ ئامێری قانوونی ده‌ژه‌نی.
ـ سامی عەبدولئەحەد ـ ئیقاع (ریتم).
ـ حیكمه‌ت داود ـ نه‌ی.

مه‌قامی نیوه‌ شه‌وێ
ئه‌م مقامه‌ یه‌كێ له‌ ئاوازه‌ ره‌سه‌ن و فۆلكلۆرییه‌كانی كورده‌، ئاوازێكی خۆش و دڵگیری هه‌یه‌، هه‌روه‌ك له‌ ناوه‌كه‌یدا دیاره‌، به‌تایبه‌ت له‌ شه‌وان ده‌خوێنرێ، زۆر له‌ مه‌قامبێژانی كورد ئه‌م مه‌قامه‌یان خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش (سێوه‌) ئه‌م مه‌قامه‌ی به‌ تایبه‌تمه‌ندیی ده‌نگ و ئەدای خۆی خوێندووه‌:
(له‌گورێ له‌ سووره‌ گورێ
له‌ نارنجێ له‌ تورنجێ له‌ لیمۆیێ ماڵوێران)....

مه‌قامی چوارگا
له‌ باغان ئاه و ناڵین دێ، ده‌ڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی.
له‌ مه‌یخانان سه‌دای شین دێ، ده‌ڵێن پیری موغان ڕۆیی.
ئه‌م ئاوازه‌ی له‌ شیعری (وه‌فایی)ه‌ و له‌سه‌ر ئاوازی مه‌قامی چوارگایه‌. له‌لایه‌ن ده‌نگخۆشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ (مه‌لا ئه‌سعه‌د و سێوه‌ و تاهیر تۆفیق) خوێندراوه‌.
سێوه‌ حه‌زی له‌ گوێگرتن له‌ مه‌قاماتی عێراقی بوو، گوێی له‌ ده‌نگی مه‌قامبێژی ناوداری عێراق (محەمەد قه‌پانچی) و (حه‌سه‌ن خێوكه‌) و خانمه‌ هونه‌رمه‌ند (سه‌لیمه‌ موراد) راده‌گرت و حه‌زی به‌ ده‌نگیان بوو، ئه‌وانه‌ مامۆستا و مه‌دره‌سه‌ی مه‌قامات بوون، زۆر له‌ ده‌نگخۆش و هونه‌رمه‌ندانی نه‌وه‌ی دوای خۆیان لاسایی ئه‌وانی ده‌كرده‌وه‌.
سێوه‌ش ئاوازی ئه‌و مه‌قامانه‌ی به‌شێوه‌ی (سه‌ماعی) فێر بووبوو، به‌ شیعری شاعیره‌ ناوداره‌كانی كوردی وه‌ك (وه‌فایی، مسته‌فا به‌گی كوردی، ئه‌مین ئاغای ئه‌خته‌ر) ئه‌و مه‌قامانه‌ی ده‌خوێند.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ناسراوه‌ له‌ رۆژی 9ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1963 كۆچی دوایی كرد و له‌ گۆڕستانی هه‌رمۆته‌ی شاری كۆیه‌ به‌ خاك سپێردرا، به‌ڵام ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌ن و ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی هه‌ر به‌ نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:
1ـ مه‌قامه‌كانی سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند، كه‌ریم شاره‌زا.
2ـ گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان، باكووری.
3ـ شیته‌ڵكردنی چه‌ند مه‌قامێكی ‌(سێوه‌)، نووسینی: ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی.