ئەفسانە داهێنانە، بەڵام ترسناك و وێرانكەریشە لە حاڵێکدا!

چیرۆكی پێغەمبەران، یان چیرۆكە نەمرەكان - 40 

ئایا خودا لە ئاسمانە؟
بۆچی پەیژەكەی یاقووب لە كەشكەڵەی ئاسمانە؟
بۆچی هەمووان لە كاتی نزادا ڕوو لە ئاسمان دەكەن؟
ئینسان هیچ شوێنێك لەسەر ئەک زەوییە بە شایانی خودا نازانێ، هەر لە سەرەتادا خودای وەك گەورەتر لە هەموو زیندەوەرەكان دیتوە، واتا خالقیانە. خالقێك كە دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. هیچ كام لە زیندەواران هاوشانی خودا نیین، ئەی خودا لە كوێیە؟ لە زاكیرەی مرۆدا چەند شوێن هەیە؟
- دەریا یان ڕووبەری ئاوی: ڕاستە لە دەریادا جۆرێك لە سیحر و دەسەڵات و نهێنیی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەریا شوێنی ژیانی هەزاران زیندەوەری تەمەن كورت و شایان مردن و زۆر جار پیس و نەگریسیشە لە چاوی مرۆڤەوە.
- وشكانی، زەوی: ماڵی فانیی مرۆچەیە. سەر زەویش شوێنی فەنابوونە، فەنابوونی هەموو شتێك، زەوی شوێنی پیسبوون و لەكەڵك كەوتن و پیربوونە.
هەموو ئەو شوێنانەی مرۆ دەیانناسێ، شایانی ژیانی خودایی نیین. خودا ناكرێ لە ئەشكەوتدا بێ، ناكرێ شوێنی یەزدان ناو دارستان بێت. خودا بێ وەسف و بێ تاریفە، بێ شكل و بێ سیمایە، بێ تەمەن و بێ كاتە. خودا نهێنییە، نەزانراو و ونە. ئەو شوێنەی لێیشی دەژی، دەبێ شتێك لەو سیفاتانەی هەبێ. ئەو سیفاتانە شوێنێكی گونجاویان نییە لەسەر زەوی، لە هەموو زاكیرەی ئینساندا، لە هیچ شوێنێك، جێگایەكی پاكیزە و هەتا هەتایی و نەمر نییە، شایانی مانەوەی خودا بێ.
- هیچ قسەیەكی مرۆچە بەبێ كات و شوێن نابێ، خودا لە هەموو كاتەكاندا هەیە، ئەوەیان بڕاوەتەوە و باوەڕێكی پتەوی ئایینییە. خودا لەدەرەوەی كاتیشدا هەیە، هەر هەبووە، هەر دەبێت و كۆتایی نایەت. ئەوە باوەڕە یان ئەفسانە، كاری لێكۆڵینەوەكەی ئێمە ئەوەیە، كە هەردووكیانە. هەرچەندە كەس ناتوانێ ئەوە بسەلمێنێ، چونكە ناكرێ باوەڕدار گومانی هەبێ. كەواتە بۆ باوەڕدارێك شوێن كێشەیە، ڕوو لە كوێ بكات؟ قسەكەر، داواكار، كە هەمان نزاكەریشە، ڕوو لە كوێ بكات؟ وەك خودا بەرز و خاوێن و پڕ نهێنیی بێت، ترسیشی هەبێت؟ بە بەرەكەت و بەخشندەش بێ. بێ گومان ئاسمانە.
- ئاسمان چەند بەخشندەیە، ئەوەندەش ترسی هەیە. ئەوەش سیحریترین سیفەتی یەزدانە، بەخشندە و تۆقێنەر، بەسۆز و ترسێنەر، دادپەروەر و سزادەر. ئەوە ئاسمانە هەموو ئەو سیفاتانەی تێدایە، ژیان لە شێوەی باراندا دێتە خوارێ، دەشێ ببێتە مەرگیش، شنەبای خۆش دەشێ ببێتە ڕەشەبا، گەردەلوول تووڕەیی ئاسمانە، گەرمیی بەخشینی خۆر، دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەی سووتێنەر.
سەرەڕای ئەوانەش، ئەو زانیارییانە بەشێكی كەمن لە تواناكانی ئاسمان، مرۆ نەیتوانیوە ئاسمان كەشف بكات، تەنیا ئەوەندەی چاوی بڕیویەتی. تەنیا ئەوەندەی دیویەتی و عەقڵی پێ شكاوە، ئەویش تەنیا هەر بۆ نهێنگیری. ئاسمان پڕ نهێنیترین شوێنە مرۆ ناسیبێتی. خاوێنترین شوێنە، هیچ پاشماوەیەك بەرەو ئەوێ هەڵناكشێ. جوانترین شوێنە، ڕازاوەترین وێنەی هەیە. سەرچاوەی بەرەكەتی زەوییە، وەك خودا خۆی. باران لە ئاسمانەوە دێتە خوارێ، كە سەرچاوەی ئاو و ئاودانی و كشتوكاڵ و خۆراك بووە. سەرەڕای ئەوەی وزە هەرە گەورەكەی جیهان، سەرچاوەی ژیان و مان، خۆر لە ئاسمانەوە هەڵدێت. خۆر و گەشتی ڕۆژانەی (ئەگەر بە تێگەیشتنی كلاسیك بدوێین)، گەرمی و ڕووناكی بەخشینی، مرۆڤی تا كاسبوون سەرسام كردووە.
یاقووبیش بۆ دۆزینەوەی خودا ڕوو لە ئاسمان دەكات، نەك هەر ئەوە ئاسمان بەكار دێنێت و كەناڵی پەیوەندیی لەگەڵدا دروست دەكات.
- بەهۆی پەیژەیەكەوە پەیوەندیی لە ئاسمان دروست دەكات و دەیەوێ بڵێ ئەو دەتوانێ نهێنیی ئاسمان كەشف بكات، فریشتەكان لەپشت سەری ئەوەوە تێپەڕیون. دەستخستنە سەر نهێنییەكان، ئاسمان گرنگترین هێزە كەسێك بتوانێ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەوروبەری بیكات. هەر ئەوەندەی بتوانێ پیشان بدات، كە پەیوەندیی ئەو لە ڕێگای ئاسمانەوەیە، بەسە بۆ ئەوەی جێپێی خۆی لە دڵی خەڵكدا بكاتەوە.
- یاقووب هەنگاوێك زیاتر دەڕوات، یەزدان بۆ خۆی بەرامبەری دەوەستێ، پادشای جیهانەكان، خودا خۆی بە یاقووب دەناسێنێ. بێ ئەوەی هیچ شتێك لە یاقووب داوا بكات، بێ ئەوەی داوای پەرستن و بڵاوكردنەوەی پەیامێكی لێ بكات، بەڵێنی پێ دەدات، كە وەك خۆڵی بیابان زۆری دەكات و زەوی و موڵكی پێ دەبەخشێ. خودا لەو دەركەوتنەیدا یاقووب وەك میراتگری ڕاستەقینەی ئیبراهیم دەناسێنێ. ئەوەش شەرعیەتدانە بە هەموو ئەو پیلان و فێڵانەی، یاقووب و دایكی كردوویانە.
تەنیا پرسیارەكە ئەوەیە، هونەر چییە عیسۆ نۆبەرەیە و یاقووب پاژنەگرە؟ ئەگەر حیكمەت تەنیا ئەوە بێ، كە دەكرێ لە ڕێگای فێڵ و خراپەكارییەوە بگەیتە بەرزترین پلەی ئایینی، كە پێغەمبەرایەتییە!

خەونەكە وەك ڕووداو
خەونەكەی یاقووبیش لە بێت ئێل یەكەم هەنگاویەتی بەرەو پیغەمبەرایەتی، كە توانای خۆی تێدا بە خەرج دابێ. هونەری واقیعی سیحری ڕاستەقینە و خۆڕسك لە گابرێل گاریسیا ماركیزەوە دەست پێناكات، بەڵكوو لە یاقووبەوە دەست پێدەكات. ئەوەتا خەونێك، كە بەشێكە لە ئەفسانەش، وەك واقیع بۆ هەمووان وێنا دەكات و لەسەر باوەڕدارە، كە وەك بەشێك لە عەقیدە و بیروباوەڕ تەماشای بكات.

چیرۆك و ستەمكاری
ئەنجامگیریی ئەو بەشەی چیرۆكەكە، بەو شێوەیە دەخوێنمەوە:
گێڕانەوە تا ئەو كاتەی چیرۆكە بۆ حیكمەت و چێژ و هونەرە، ئەوە داهێنان و وەرزشی مێشكە، بەڵام كاتێك چیرۆك دەبێتە بیروباوەڕ و عەقیدە ترسناكە، خوێنڕشتن و وێرانكارییە.

كاریگەریی خەونەكە
خەونەكەی یاقووب جیهانی خودا دەباتە ئاسمان و بە پەیژەیەك بە زەوییەوە دەیبەستێتەوە، تەواو لەو شوێنەدا، كە خۆی لێی خەوتووە. مەلایكەتەكان لە ئاسمانەوە دێنە خوارێ، یەزدان لەو شوێنەوە دەردەكەوێت. ئەوە جگە لەوەی هەر باوەڕدارێك لە هەر شوێنێكی زەوییەوە یادی خودا بكات و نزا بكات، بێ ویستی خۆی سەر بەرەو ئاسمان بەرز دەكاتەوە، دەست ڕووەو سەرەوە پان دەكاتەوە.
{یاقووب لە خەوەكەی بەئاگا هات، گوتی:
- بێ گومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمدەزانی!
ترسیش دایگرت و گوتی:
- ئەم شوێنە چەند ترسانەكە! ئەمە هیچی دیكە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە. پەیدابوون، ٢٨}.
- خودا لەم شوێنەیە.
خودا دەبێ لە هەموو شوێنێك بێ، بەڵام یاقووب نازانێ خودا لەم شوێنەیە!
- ئەو شوێنە چەند ترسناكە!
شوێنی ترسناك بۆ دەبێ ماڵی خودا بێ؟
لەم ڕۆژەوە ترسێك چووەتە ناو هەموو ئەو شوێنانەی پەیوەست كراون بە ناوی خوداوە. ڕاستە هەموو سیفاتە جوانەكان دراونەتە پاڵ یەزدان، ئارامی، خۆشەویستی، دڵسۆزی، سۆز، بەڵام شوێنی خودا، ماڵی خودا هەمیشە ترسناكە. سەرەڕای هەموو ئەو سیفاتانە، مرۆڤە خودای پەیوەست كردووە بە مردنەوە، مردن ترسە گەوەرەكەی مرۆ.

گێڕانەوە لەپێناو پەیوەستكردنی
ڕووداوەكان بەیەكەوە
{یاقووب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا، كە لەژێر سەری خۆی دانابوو، بە ستوونی ڕایگرت و زەیتی بەسەردا كرد. ئەو شوێنەشی ناو نا بێت ئێل، بەڵام پێشتر ناوی لوز بوو.
یاقووب نەزرێكیشی لە خۆی گرت و گوتی:
- ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت، كە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بییۆشم، بەسەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوكم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. ئەم بەردەش، كە بە ستوونی ڕاگیرم گرتووە، دەبێتە ماڵی خودا و هەرچییەكیشم پێ ببەخشێ، دەیەكی لێ دەبەخشم. پەیدابوون، ٢٨}.

ئەگەر!
وشەی ئەگەر، چەند لە ئیمانەوە دوورە، چەند پەیوەندیی بە باوەڕەوە هەیە؟
كەموكوڕییەكە لە منە، من وەك پێویست خۆم ئامادە نەكردووە بۆ ئەو لێكۆڵینەوانە، بۆ ئەو بابەتانە. نیازم بوو بچمە ماڵی مۆردۆخایەكی بەتەمەن، پیاوێكی ئایینی لە خوداترسی جوو، لەو ئیسرائیلە، یان لە هەر شوێنیكی دنیا، كە ئەو پیاوە ترسی لە چەقۆ و مووس نەبێ، سێ مانگ لەلای بم، ورد و درشتی ئیمانی لێ بدزم، فێر بم بچمە ناو ناخیەوە، بزانم یاقووب چۆن وشەی (ئەگەر) بەكار دێنێ، بەڵام بۆم نەكرا دە ساڵی تەواو كارەكەم دواخست و هەوڵم دا، چاوەڕێم كرد، بۆم نەكرا، ئیدی بۆم نەكرا، بەرنامەم هەڵوەشایەوە و بەو توانا هەژرانەی خۆمەوە، كە سەرسەختانەشە شانم دایە بەر. بۆ ئەوەی بزانم پێغەمبەرێك چۆن گومانی هەیە، پێغەمبەرێك كە خودای دیوە چۆن نەتواوەتەوە. لە زمانی ئەو پیاوە باوەڕدارەوە پەیژەی ئاسمانی ببینم. بەڵام بۆم نەكرا، كارەكەم نیوەچڵە، بمبوورن.

بە تێگەیشتنی خۆم
بە تێگەیشتنی موسڵمانێك، كە هەزار و چوارسەد ساڵ لەسەر پشتی كەڵەكە بووە، هەزاران نوێژم كردووە، چاوم سپی بووە بۆ جامە ئاوێك و نەمخواردووەتەوە، هەزاران جار شەیتانم ڕاوناوە، كە ویستوویەتی گومانێك بە قورسایی (ئەگەر)ەكەی یاقووب نا، بە قورسایی دەنكە نۆكێك بخاتە سینگمەوە، ڕاوم ناوە. جا من كە كوڕی كولتووری یەقینم، كوڕی خێزان و كۆمەڵگەی یەقینم، چۆن لە (ئەگەر)ەكەی یاقووب، لە گومانەكەی یاقووب و لە سەودا و مامەڵەی یاقووب زراوم ناچێ و دەوم بەش نابێتەوە.
مەلایەكەی، كە مامۆستاشم بوو، دەیگوت زمانێك گومانی پێدا بێت دەبێ داغ بكرێت، چاوێك گومانی تێدا بێت دەبێ میللی پێدا بێت، دڵێك گومانی تێدا بێت دەبێ پان بكرێتەوە. ئیدی من جگە لە خەتاباركردنی یاقووب لەو (ئەگەر)ەیدا هیچی دیكەم لە دەست نایەت.
من لە ئەگەرەكەی یاقووب ڕادەبوورم، بەسەر گومانەكەیدا باز دەدەم، ئەو گومانەی وشەی ئەگەر لەناو خۆیدا شاردوویەتییەوە، دەیخەمە ناو پریاسكەیەك و هەڵی دەگرم، كە ڕێكەوتی یەكترمان كرد لە خۆی دەپرسم، ئەویش دەشێ بەدوای هەتیوێكی چەتوونی وەك مندا بگەڕێ، مەبەستم یاقووبە براكەی عیسۆ. دەچمە سەر مەرجەكەی، تۆش لێم بپرسە كام مەرج؟ منیش دەڵێم:
- خودا لەگەڵ من بێت.
- لەم ڕێگەیەدا بمپارێزێ.
- نانی دامێ بیخۆم.
- جلوبەرگیش بیپۆشم.
- بەسەلامەتییش گەڕامە لای ماڵی باوكم.
* بەو مەرجانە، ئەوە یەزدان دەبێتە خودای من.
دوای خەوە هەرە شیرینەكەی، یاقووب پێنج مەرج دادەنێ بۆ ئەوەی یەزدان بكاتە خودا خۆی.
ئایا پێویستە مەرج بۆ دروستكەری ئاسمانەكان دابنرێ تا بە خودا بیناسین؟ مەرجەكانیش ئەوەندە بەرژەوەندیخوازانە بن؟ ئایا ئیسحاق خودای بە ڕۆڵە لەسەر دڵانەكەی نەناساندووە؟
هاوشێوەی ئەو مەرجانەی یاقووب، لە ئایینەكانی دیكەشدا هەیە. وەك دەق هەمان دەقە، بە تۆزێك دەستكاری و ڕێكخستنی وشەكانیەوە. بە مەبەستی جیاوازیشەوە نا، چونكە لەوێشدا هەیە مەسەلە ئیمان و باوەڕهێنانە. بۆ نموونە: سورەتی قوڕەیش:- [ لايلف قريش (١), الفهم رحلة الشتاء والصيف (٢) .فليعبدوا رب هذا البيت (٣), الذي اطمعهم من جوع و امنهم من خوف.(٤)].
یاقووب لە سەفەردایە، قوڕەیشیش لە سەفەری زستانە و هاوینە دەدوێ، یاقووب مەرج دادەنێ كە بیپارێزێ، نانی بداتێ، جلوبەرگیش، سەلامەتیش بێ. لە سوورەتی قورەیشیشدا، پێش ئەوەی خەڵك بۆ باوەڕهێنانیان داوای ئەو شتانە بكەن، فەزڵی ئەو نیعمەتانەیان بەسەردا دەدات. ئەو خودایە بپەرستن، كە لە برسێتیدا نانتان دەداتێ و لە ترس دەتانپارێزێ.
ئایا ئەوە لێچوونێكی ئاساییە؟ یان پەیمانێكی بەردەوامە لەنێوان خودا و باوەڕدارانیدا؟