کورد لە گەمەى هەموارکردنەوەى دەستور

پرسى هەموارکردنەوەى دەستورى عێراق بۆتە مژاری ڕۆژ  و تێکەڵ بە خواستى خۆپیشاندەران کراوە , ئەگەرچى ئەو پرسە  خواستى بەشێک لە گروپ و لایەنە سیاسیەکانى عێراقە و لە زەمەنى حومکڕانى نورى مالیکىش چەند جارێک چ وەک خواست چ وەک بانگەشەى هەڵبژاردن لە لایەن خودى مالیکیەوە  وروژێندرا ,  پێش سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکانى عێراقیش بابەتى هەموارکردنەوەى دەستور باس دەکرا . بۆیە داواى هەموارى دەستور لە پاڵ داواکانى ترى خۆپیشاندەرانى عێراق  پرسێکى سیاسیە  و خواستى چەند لایەنێک و وڵاتانى ئیقلیمیە خزێنراوەتە ناو کۆى داواکانى خۆپیشاندەران کە خۆى دەبینێتەوە لە نەهێشتنى گەندەڵى چاکسازى سیاسى و ئابورى وکۆمەڵایەتى ,رەخساندنى هەلى کار و  گەیاندنى خزمەتگوزارى بۆ تەواوى ناوچەکانى عێراق  , دەنا دەستورى عێراق بە پێى ئەو هەڵسەنگاندنەى لە لایەن پسپۆرانى دەستورى بۆى کراوە بە بەراورد لەگەڵ دەستورى ولاتانى رۆژهەلاتى ناوین باشترین دەستورە کە بنەماکانى دیموکراسى تێدا چەسپاوە و زەمانەتى کۆمەڵێک لە ماف و خواستەکانى کورد و  گەل و نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانى ترى عێراقى تێدا جیگیر کراوە , کێشەى عێراق دەستور نیە بەڵکو پێشێلکردنى ناوەڕۆکى دەستورە لە لایەن کاربەدەستانەوە , کەڵەکەبوونى گەندەڵی و  بێ کارى و کەمى خزمەتگوزارى  وپشکپشکێنە و  دەستوەردانى  حزب و کەسایەتیەکان لە کارو بارى حکومەت, وە حساب نەکردنى گروپ و میلیشیا چەکدارەکانى دەرەوەى حکومەت بۆ دامەزراوەکانى دەوڵەت عێراقى بەو ڕۆژە گەیاند نەک ناوەڕۆکى دەستور  .

لە پەرلەمانى عێراق لێژنەى هەموارى دەستور پێکهێنراوە شەش کەس لەو لێژنەیە کوردن  و لە هەرێمى کوردستانیش  جوڵە  و گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان دەسەڵات و لایەنە سیاسیەکانى هەرێم دەستى پێ کردووە  بە مەبەستى هەڵوەستە کردن لە سەر دەرەنجامەکانى هەموارى دەستور کە هەموارەکە بە زیانى مافە جێگیرکراوەکانى  کورد و هەرێمى کوردستان لە ناوەڕۆکى دەستورى عێراق  نەشکێتەوە ,هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانى هەرێم کۆکن لە سەر ئەوەى لە هەموارکردنەوەى  دەستور  دەبێ مافە دەستوریەکانى کورد و هەرێمى کوردستان بە  پارێزراوى  بمێننەوە .

ڕێگاکانى هەموار کردنەوەى دەستورى عێراق 

بنەما دەستوریيەکان، بە پێی ئەو بارودۆخ و ژینگە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان  دەنوسرێنەوە کە لە کۆمەڵگاکاندا باوە. بارودۆخەکەش بە پێی کات و زەمەن تێپەڕدەبێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت, بۆیە دەبێت ڕێسا دەستوریيەکان لەگەڵ گۆڕانکاریەکان بگونجێن، لێرەدا هەموارکردنی دەستور لە ناوەڕۆکی دەستور و لە ماددەیەک یاخود چەند ماددەیەک  جێکەوت دەکرێ ، لەو چەند دێرەى سەرەوە مەبەستەم کۆى گشتى دەستورەکانە دەنا وەک دەبینین دەستورى عێراق ڕێو شوێنەکانى بۆ چارەسەر کردنى کێشەکان داناوە نەک خۆى سەرچاوەى کێشەکان بێت .

هەموارکردنی دەستور بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی تایبەت تێپەڕ دەبێت، بەمەش جیاى  دەکاتەوە  لە هەمواری یاسای ئاسایی ، ئەرکی هەمواری دەستور دەسپێردرێ بە دەسەڵاتێکی تایبەتمەند، ئەوانیش دەسەڵاتی یاسادانان یان جێبەجێکردن یاخود یەکێک لەم دوانەیە بە ڕەزامەندی ئەوەی تر , هەمواری دەستور بە قۆناغەکانی پێشنیارکردن، بڕیاردان تێپەڕ دەبێت .

لە دەستورى هەمیشەیی عێراق دوو ماددە بۆ هەموار کردنەوەى دەستور دانراون , ماددەى ١٢٦ و ماددەى ١٤٢ , لە ماددەى ١٢٦ باس لە هەموارى ئاسایی دەکات کە لە بارودۆخێکى ئاسایی بە پێى ئەو ماددەیە بڕیار لە هەموار کردنى دەستور دەدرێ , لە ماددەى ١٢٦ لە بڕگەى یەکەم هاتووە ( سەرۆک کۆمار وسەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران بەیەکەوە یان پێنج یەکى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران مافى پێشنیار کردنى هەموارکردنى دەستوریان هەیە ) , لە بڕگەى چوارەمى هەمان ماددە هاتووە ( نابێ هیچ هەموار کردنێک لەو ماددانەى دەستوردا ئەنجام بدرێت کە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى ئەو دەسەڵاتانەى هەرێمەکان کە ناکەونە سنورى دەسەڵاتە تایبەتیەکانى حکومەتى فیدراڵیەوە تەنیا بە ڕەزامەندى دەسەڵاتى یاسادانانى هەرێمى پەیوەندیدار ڕەزامەندى زۆرینەى دانیشتوانى لە ڕێگاى ڕاپرسى گشتى یەوە )

بە پێى ماددەى ١٢٦ بێت ئەو مافانەى هەرێمى کوردستان کە لە دەستورى عێراق زامن کراوە هەموار ناکرێتەوە تەنها لە ڕێگاى ڕاپرسى گشتى و ڕەزامەندى زۆرینەى ئەندامانى پەرلەمانى کوردستانەوە دەبێت , واتا هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەى دەسەڵاتە دەستوریەکانى هەرێم لە ڕێگاى هەموارى دەستورى عێراقەوە بدرێ دەبێ بە فلتەرى پەرلەمانى کوردستان و ڕاپرسى گشتى دانیشتوانى هەرێمى کوردستانەوە تێپەڕ بێت , بەمەش هەوڵەکان سەر ناگرێ بۆیە گرینگ بوو نوێنەرانى کورد لە بەغدا و دەسەڵاتدارانى  هەرێم پێداگریان بکردبا لەوەى هەموارى دەستورى بە پێى ماددەى ١٢٦ بێت نەک ماددەى ١٤٢ کە لە سەرو بەندى نوسینەوەى دەستور لە سەر داخوازی لایەنە ناڕازیەکانى ناوەڕۆکى دەستور لەوانە لایەنە سونیەکان زیاد کرا , بە پێى ماددەى ١٤٢ بێت  هەموارکردنى  ماددەکانى دەستور ڕەت دەکرێتەوە ئەگەر لە راپرسى گشتى  زۆرینەى سێ پارێزگا ڕەتى بکەنەوە , ئەو کات کۆى هەموارەکە ڕەت دەکرێتەوە , لێرەدا کێشەکە قوڵتر دەبێتەوە , چونکە هەموارکردنەوەى  دەستور بە مەبەستێکى سیاسى  خزێنراوەتە  ناو داخوازیەکانى خۆپیشان و لە ڕێگاى وەسائیلەکانى ڕاگەیاندنەوە وا وێنا کراوە کێشەى عێراق دەستورە , ئەگەر دەستور هەموار کرێتەوە و دەست بۆ ئەو ماددانە ببردرێ کە پەیوەندى بە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستانەوە هەیە , هاوڵاتیانى هەرێم ڕەتى کەنەوە بەمەش کۆى هەموارەکە ڕەت دەکرێتەوە و ئەو کات بە ئەگەرى زۆرەوە لایەنە عێراقیەکان ئەنجامەکەى دەخەنە ئەستۆى کورد و دەڵێن هەرێمى کوردستان هەموارى دەستورى ڕەتکردەوە .

بۆ دەرباز بوون لەو کێشەیە گرینگە شارەزایانى دەستورى  لە ڕێگاى گروپێکەوە کە ئەو کەسانە لە خۆ بگرێ قەناعەتیان وایە دەستورى عێراق دەستورێکى زۆر باشە و کێشەى بنەڕەتى دەستور نیە , گرینگە ئەو گرووپە لە نەتەوە جیاوازەکانى عێراق پێکبێت بە پیشنیارى کورد  دەست بە چاڵاکى بکەن خەڵکى عێراق بە تایبەت خۆپیشاندەران هۆشیار کەنەوە کە بە هەموار کردنەوەى دەستور عێراق لەو قەیرانە قوڵەى تێیکەوتووە ڕزگارى نابێ , چارەسەر فشار خستنە سەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ دادگایی کردنى گەندەڵکاران و پێشکەش کردنى خزمەتگوزارى و جێ بەجێ کردنى داخوازیەکانى ترى خۆپیشاندەرانە  نەک دەست بردن بۆ هەموارکردنەوەى دەستور.