دەقی کۆن و جڤاکی نوێ

فەلسەفە ئینسان فێری فیکرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لێکدانەوەی عەقڵانی دەکات

نزیکەی هەموو دەقێک، زادەی دەقئاوێزانە، دەقئاوێزان بەرهەمهێێنانی دەقێکی نوێیە لە دەقە دێرێنەکان. هێرمنیۆتیکا کە لێکدانەوەی دەق و ڕەمز و ئەفسانەیە، فێرمان دەکات هەموو دەقێک، ڕەمزێک، یان ئەفسانەیەک دەشێت هەڵگری کۆمەڵێک مانا بێت. تەئویل: لێکدانەوەیەکی زانستی نییە، زادەی زانیارییەکی دیاریکراو بێت و هەمووان ناچار بن، ملکەچی بن، بەڵکوو ڕامانێکی فەلسەفی و سۆفییانەیە. دەقی دینی کە پشتی بە ڕەمز و ئەفسانە و داستان قایمە، ئاسۆیەکی بەرینی بێ سنوور بۆ لێکدانەوە، لەبەردەم خوێنەردا واڵا دەکات و مافی ئەوەی پێ دەبەخشێت، وای لێک بداتەوە، لەگەڵ ژینگەی خۆیدا بگونجێت. هێرمنیۆتیکا، لێکدانەوەی مەجازییە بۆ دەق، نەک لێکدانەوەی حەرفی. هێرمنیۆتیکا: سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەقە، سۆفییەکان بەو جۆرە دەقی قورئانیان لێک داوەتەوە.

فەلسەفە بۆ تێگەییشتن لە ئایین پێویستە، ئاخر فەلسەفە ئینسان فێری فیکرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لێکدانەوەی عەقڵانی دەکات. فەلسەفە هانمان دەدات لەبری هێز، هانا بۆ ئەرگومێنت ببەین و فێری ورووژاندنی پرسیاری نوێمان دەکات. فەلسەفە لێ ناگەڕێت باوەڕ بە وڕێنە بکەین، وڕێنەی لە چەشنی حەفتا و دوو حۆریی بەهەشت. فەلسەفە فێرمان دەکات تامەزرۆی ڕابردووی تاریک نەبین، چاو ببڕینە داهاتووی گەش. لە فەلسەفەوە فێر دەبین، ژیانمان خۆش بوێت، وەهم بە واقیع نەزانین و دیلی دەستی نەقڵ نەبین، عەقل وەگەڕ بخەین.

ئیبن حەزم (٩٩٤ – ١٠٦٤) دەیگوت: (ئەوە گرنگ نییە لە دەقی قورئان و فەرموودە تێبگەین، گرنگ ئەوەیە گوێڕایەڵیان بین،) بەڵام ڕاستییەکەی دەبێت سەرەتا لە دەق تێبگەین، ئەوسا ڕەچاوی بکەین، نابێت نابینایانە خۆمان بە دەست هیچ دەقێکەوە بدەین، پێویستە تێگەییشتن بەر لە گوێڕایەڵی بێت. هەزاران ساڵ خەڵک پێیان وابووە، ئینسان بە دڵ بیر دەکاتەوە و بە دڵ باوەڕ دەهێنێت و بە دڵ ئەمی خۆش دەوێت و ڕقی لەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوە دەماغە ئەو کارانە دەکات، دڵ ترومپایەکە بۆ دابەشکردنی خوێن.

ئایین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەر دیاردەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی، بابەتی توێژینەوەی زانستییە. گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ئایین ناچار دەکات لەگەڵ گٶڕانی کۆمەڵدا خۆی بگونجێنێت، نەک کۆمەڵ لەجێی خۆی نەبزوێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئاییندا بگونجێت. ناوبەناو پێشهاتە دیرۆکییەکان، حوکمە دینییەکان هەموار یان تەنانەت ڕەت دەکەنەوە، ئەگەر بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لێ نەگەڕێن، دین لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵدا بگونجێت، بەوە دین تووشی بەبەردبوون دەبێت و لەبەردەم گەشەسەندنی مێژووییدا وەکوو کۆسپی لێ دێت.

توێژەرەوە لە جڤاکی ئیسلامیدا، پێویستە بێلایەنانە سەرنجی دینەکەی بدات، ئەگەرنا توێژینەوەکەی زانستی نابێت، ئاخر پۆڵ ڕیکۆر گوتەنی: ئیمان قەناعەتێکە تایبەت بە خودی ئینسان، حەقیقەتێکی زانستی نییە. (کە دەچم بۆ پەرستگە، زانست لە ژووری جلوبەرگ بەجێ دەهێڵم، کە دەچم بۆ تاقیگە، ئیمان لە ژووری جلوبەرگ بەجێ دەهێڵم.) موسوڵمانێک نیازی توێژینەوەی لە ئیسلام هەبێت، ناچارە بڕوای بەو پرەنسیپە هەبێت. ئەوی پێی وابێت، هاکا دونیا کۆتایی هات، ئەوە وڕێنەکارە، نەک باسکار، ئاخر ئەو پێشبینییە زانستی نەبوو کە چواردە سەدە زیاتر لەمەوبەر دەیگوت: ئاخربوونی دونیا لە ئانوساتدایە.

ئایین و زانست ناکۆکن، حەقیقەتی دینی خودییە، تایبەتە بە تاکی بڕوادار، بەڵام حەقیقەتی زانستی بابەتییە، ئەوی عەقڵ وەگەڕ بخات، پەسەندی دەکات. زانای دینی و کۆنەوەزیری ئەوقافی میسر، موتەوەلی شەعراوی دەڵێت: (ئەوانەی دەڵێن قورئان کتێبێکی زانستی نییە، ڕاست دەکەن، ئاخر قورئان بۆ ئەوە هاتووە، فێری حوکمەکانی ئیسلاممان بکات، نەک جوگرافیا و کیمیا.) ئەگەر پێمان وابێت: (هەموو داهێنانێکی نوێ، لادانە لە ڕێی ڕاست و سزاکەی دۆزەخە،)(*) ناتوانین لەگەڵ زانستدا کۆک بین، کە زوو زوو شتی نوێ دێنێتە ئاراوە، بۆیە چارەسەر لای سیکولاریزمە کە پێمان دەڵێت: (ئیمان بۆ خۆت و نیشتمان بۆ هەمووان.)

وەک چۆن باوکێک لەسەر زەوی خۆشی دەوێین، بە هانامانەوە دێت و دەمانپارێزێت، بەپێی سایکۆلۆجیای ئایینەکان، باوکێکیش لە ئاسمان هەیە، وەختی تەنگانە هەمان ڕۆڵ دەبینێت، ئەویش خواوەندە، ئەوە بۆیە کریستیان بە خوا دەڵێت: باوک. ئەوەی ئینسان نوستالجیای بۆ گەڕانەوە بۆ ناو سکی دایکی هەیە، وەک تامەزرۆییی ئادەم وایە بۆ گەڕانەوە بۆ بەهەشت، ئاخر کۆرپەلە کە لە سکی دایکی دێتە دەرەوە، وەک ئەوە وایە بەهەشتی بەجێ هێشتبێت. کۆرپەلە هەر کە ناوکەداویان بڕی و لە دایکی جوێ بووەوە، تووشی شۆکێک دەبێت، وەک فڕێ درابێتە نێو دۆزەخەوە، لە شیر بڕینەوە و خەتەنەکردنیش دوو شۆکی دیکەن.

ئیسلام لە سەرەتاوە ئایینێکی کراوە و لێبوردە بوو، بۆ نموونە: خوا بە پەیامهێنی گوتووە: هەر تۆ لەسەر هەق نیت، ئەوانەیش لەسەر هەقن، کە پێش تۆ پەیامی منیان پێ گەیشتووە. (والذین یٶمنون بما أنزل إلیک وما أنزل من قبلک. بەقەرە ٤) یان دەڵێت: ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، ئیدی جوو بن، سوببی بن، یان کریستیان، هیچ کێشەیان نییە. (إن الذین أمنوا والذین هادوا والصابئون والنصاری من أمن باللە والیوم الأخر ومن عمل صالحا فلا خوف علیهم ولا هم یحزنون. مائیدە ٦٩) کێشەکە ئەوەیە، ئەو ئایەتانە نەسخ کراونەتەوە کە کۆسپن لەبەردەم بەزۆرەملێ بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا. هەموو ئەو ئایەتانەی ددان بە ئازادیی ئاییندا دەنێن و داوای لێبوردەیی و دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکەن، بە تاقە ئایەتێک کە دەڵێت: (دین لای خوا هەر ئیسلامە) نەسخ کراونەتەوە. (إنما الدین عند اللە الإسلام. ئال عیمران ١٩) بۆ ئەوەی ئیسلام لەگەڵ حاڵی حازردا بگونجێت، پێویستی بەوەیە، گوێی خۆی لەو تێکستانە بخەوێنێت کە لەگەڵ ئازادیی ئاییندا ناگونجێن، ئەمەیش کارێکی سەخت نییە، لەمێژە سۆفییەکان وایان کردووە.

ئیبن عەرەبی (١١٦٥ – ١٢٤٠) کە بە ڕەمزی تۆلێرانسی دینی ناسراوە، دەڵێت:

دڵم جێگەی
هەمووانی تیا
دەبێتەوە
لەوەڕگەی کارمامزانە و
جێنمازی ڕاهیبانیش
بتخانەیە و کەعبەی تائیف
هەم تەوراتە و هەم قورئانیش
خوشەویستی
هەم ئایینمە و هەم ئیمانیش.

ئیبن عەرەبی لە مێژووی ئیسلامدا کەم وێنەیە، هەشت سەدە لەمەوبەر ددانی بە ئایینی بتپەرستانیشدا ناوە و ئەو ڕێزەی بۆ ئایینە ئاسمانییەکانی هەبووە، هەمان ڕێزی لە ئایینی بتپەرستانیش گرتووە، کەچی زۆرێک لە زانا ئیسلامییەکانی ئەم سەردەمە، ددانی خێر بە ئایینی کریستیان و جوویشدا نانێن، هەرچەندە وەک ئیسلام، ئاسمانیین.

لای موسوڵمانان ئەوەی بوخاری و موسلیم لەسەری کۆک بن، ئیدی مشتومڕ هەڵناگرێت. ئەو دوو (پێشەوا)یە لەسەر ئەوە هاوڕان کە پیاو بۆی هەیە ئاگری ئاڵۆشی خۆی بە کچی گچکەیش ئەگەر مارەی کردبێت، دابمرکێنێتەوە، ئەمەیش بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئیسلام پێویستی بە ڕیفۆرمە، ئاخر چێژوەرگرتن لە منداڵ، تاوانە و دەکەوێتە خانەی منداڵبازی و دەستدرێژیی سێکسییەوە. لە دونیای مۆدێرندا تەمەنی شووکردنی کچ، هەژدە ساڵە و سێکسکردن لەگەڵ کچێکدا تەمەنی لە پازدە ساڵ کەمتر بێت، بە سێکسی زۆرەملێ هەژمار دەکرێت، با کوڕەکە تەمەنی شازدە ساڵیش بێت.

قورئان چەندان ئایەتی نەسخ کردەوە، چونکە لەگەڵ واقیعی نوێدا نەدەگونجان و وەختیان بەسەر چووبوو. (وما ننسخ من أیة أو ننسها نأتي بخیر منها أو مثلها. بەقەرە ١٠٦) ئەو ئایەتانەی نەسخ دەکرانەوە تایبەت بوون بە کاروباری دونیایی کە هەمیشە لە گۆڕاندان. دوای مەرگی پەیامهێن، (ئەبووبەکر، عومەر، عەلی و مەعاز بن جەبەل)یش هەندێک ئایەتیان سڕییەوە. لەمێژە وەختی ئەوە هاتووە، کار بەو ئایەتانە نەکرێت کە لەگەڵ جاڕنامەی مافەکانی ئینساندا ناگونجێن، وەک ئەو ئایەتانەی موسوڵمانان لە دژی غەیرەدین هان دەدەن، بانگاشە بۆ جیهاد دەکەن و یەکسانی لە نێوان نێر و مێدا ڕەچاو ناکەن. لەمێژە وەختی ئەوە هاتووە، هەر چی دەکەوێتە خانەی زەبروزەنگی شەرعییەوە فەرامۆش بکرێت. (إنما المٶمنون أخوة.) هەر باوەڕداران برای یەکدی نین، بەڵکوو مرۆڤایەتی هەموویان بران، برایەتی هەقی بەسەر ئایین و کولتوورەوە نییە. مرۆڤایەتی هەمووی لە ماف و لە شکۆدا یەکسانە، بەچاوپۆشین لە ڕەنگی پێست و لە زمان و لە دین، بەچاوپۆشین لە توخم و لە ڕەگەز.

شارستانیی ئیسلامی، شارستانیی دەقە، کولتووری نەقڵە، نەک عەقڵ. عەقڵ لای ئیسلامی، هەر کە لە بێشکەدا بووە، گیانی لە دەست داوە. چونکە (ئەوە کوفرە لێکدانەوەی نوێ بۆ قورئان بکرێت،) بۆیە وەڵاتی بندەستی ئیسلامی، لە وەڵاتانی دیکە دواکەوتووترە. ئیبن ڕوشدیان بۆیە کافراند، چونکە لە قازانجی عەقڵ لێکدانەوەی بۆ دەق دەکرد. ناعەقڵانیبوون ئەوەیە، وای بۆ بچین هەموو شتێک قەدەرە و پێشەکی لە نێوچاوانمان نووسراوە، ئیبراهیم نەززام (٧٧٧ - ٨٣٥) کە یەکێک بوو لە موعتەزیلەکانی بەسرە دەیگوت: (ئێمە لە بەسرە پێمان وایە، ئەوەی ژن و پیاوێکی زیناکار بە یەک دەگەیەنێت، دەویتە، کەچی لە بەغدا دەڵێن: قەدەرە.)

دیالۆگ لەنێوان ئایینەکاندا هەوێنی گەشەسەندنی شارستانییە، ڕاستەڕێی هەڵکشانە و کردنەوەی دەرگەیە بە ڕووی ڕیفۆرمدا، بەڵام مەنەلۆج کە خۆدواندنە و وەک ئۆتیزم وایە، داخستنی دەرگەیە لەسەر خود و کۆمەڵ بەرەو داچوون دەبات. ئەحمەد بن حەنبەل بۆیە ڕێی بە دەستپەڕ داوە، چونکە جۆرێکە لە مەنەلۆج، ئاخر سێکسکردنە لەگەڵ خۆتدا، نەک لەگەڵ ئەوی دیکەدا. لە سەدەی دوازدە بەدواوە، دەسەڵاتی ئیسلام لێ نەدەگەڕا، کریستیان سەردانی قودس بکات، بۆیە (خاچپەرستان) جەنگیان لە دژی ئیسلام هەڵگیرساند، ئیدی موسوڵمانان لە ئوممەتێکی هێرشبەرەوە، دەبن بە ئوممەتێکی پەلاماردراو.

دیسکۆرسی ئۆتیست، ڕای جیاواز بە حەرام لە قەڵەم دەدات و دەرگا لە شتی نوێ ناکاتەوە، ئیبن تەیمییە خوێندنی لۆگیک، گەردوونناسی و موسیکی حەرام کرد. سووتاندنی کتێب نەریتێکی دێرینی دەسەڵاتی ئیسلامییە، کە سەعدی کوڕی وەققاس، فەرماندەی لەشکری قادسییە، لە خەلیفە عومەر دەپرسێت: چی لە کتێبی نێو کتێبخانەکانی وەڵاتی فارس بکەم؟ پێی دەڵێت: بیانسووتێنە! عوسمانی کوڕی عەففان هەموو ئەو مەسحەفانەی سووتاند کە لەم مەسحەفەی ئێستا جیاواز بوون. ئەم کولتوورە داخراوە کارێکی کرد، موسوڵمان لە خوا بپاڕێتەوە کە مردنێکی باشی هەبێت، نەک ژیانێکی خۆش. حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی حیزبی خوای لوبنان دەڵێت: (جوو چەند ژیانیان خۆش دەوێت، ئێمەش مردنمان ئەوەندە خۆش دەێت.)


*

(١) العفیف الأخضر، إصلاح الإسلام، دار الجمل ٢٠١٤ بغداد.
(*) کل جدید بدعة، وکل بدعة ضلالە، وکل ضلالة في النار.