پرۆسەی هاوسەرگیری بەپێی پێوەری لۆژیکی.

 

جۆن گۆتمان نوسەری کتێبی (حەوت شتی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هاوسەرگیری) دەڵێ: هاوسەرگیری بێ نەوا ڕەنگە یەک لە لایەنەکان بەرێژەی %35 توشی نەخۆشی بکات، بگرە چوار ساڵ تەمەن کورتتتر دەکاتەوە.

 

ئاینشتاین.. بنیادنەری دیاردەی فیزیا، براوەی پاداشتی نۆبل لە شیکردنەوەی دیاردەی Photoelectric effect.. گرنگترین و کاریگەرترین فیزیاناسی سەدەی بیستەمە.. کاتی خۆی ئاینشتاین پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ژنێک بەست بەناوی میلڤیا، هەر بە خۆشەویستی هاوسەرگیریان کردو ماوەیەک بە بەختەوەری ژیان.. بەڵام بەهاتنی ڕۆژگار ئەم خۆشەویستیە کەمی کردو گیروگرفت لەنێوانیاندا پەیدا بوو، لە ئەنجامدا ڕێکەوتنێکیان مۆر کرد لەسەر کاغەز کە تیایدا هاتبوو، هەتا بەیەکەوەن میلڤیا نابێ یەک وشە قسەی لەگەل بکات.. لەو ماڵە وەکو ئەوەی یەکتر نەبینن مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد.. دوای ماوەیەکی زۆر توانیان لەیەکتر جیا ببنەوە، وەکو نرخی جیا بوونەوەش ئاینشتاین ناچار بوو پارەی خەڵاتی نۆبلەکەی پێشکەشی ژنەکە بکات.

 

ئاینشتاین توانی پێوەرو بنەمای فیزیای سەردەم بێنێتە کایەوە، بەڵام لە ژیانی خێزانیدا شکستی هێنا، زیرەکترین پیاوی سەردەم دووپاتی کردەوە کە دیاردەی هاوسەرگیری زۆر سەختترە لەو فیزیایەی کە دایهێناوە.

 

پرۆسەی هاوسەرگیری پرۆسەیەکی هەستیاری ئاڵۆزە.. ئەگەر مرۆڤ نەتوانێ ئەم پرۆسەیە بەجوانی بەڕێوە ببات، نابێ ئەم هەنگاوە گرنگە بنێت..

 

چونکە ئەم پرۆسەیە بەشێکی گرنگی کۆڵەکەی کۆمەلگایە کە پێی دەگوترێ خێزان..  کۆمەڵگا بەبێ خێزان دروست نابێت، ئەگەر دەوری خێزانیش بە هەڵە بروات کۆمەڵگا خەلەلی تێدەکەوێ، چونکە لەم خێزانە تاک بەرهەم دێت کە خزمەت بە کۆمەڵگا دەکەن، تاکی وەکو زانا، هونەرمەند، کرێکار، سیاسەتمەدار، بزنسدار، مامۆستا، دکتۆر، دایک باوک.. کە ئەمانە هەموویان کۆمەڵگا بەڕێوە دەبەن و بڕیارەکان دەدەن.. بۆیە ئەگەر خێزان کێشەی تێکەوت ڕێڕەوی بەرەوپێشەوە چوونی کۆمەڵگاش تووشی ئاستەنگی دەبێت..

 

لە سەرەتای دروست بوونی مرۆڤەوە هەتا ئێستا وەک هەموو بونەوەرەکانی سەر زەمین، هەمان غەریزەی مانەوە هەیە سەبارەت بە پاراستنی نەژادی مرۆڤ بە هەموو شێوەو ئاکارەکانی.. غەریزەی مانەوەی مرۆڤ بە شێوەیەک دیزایین کراوە لە ژێر هەر بارودۆخێکدا مرۆڤ دەتوانێ منداڵ دروست بکات جیا لە هەندێک ڕێگری تەنکیکی نەبێت. ئەم غەریزەیش لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە، ئەگینا مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەناو دەچن.

لەناو خێزاندا چەمکی لۆژیکی منداڵ خستنەوە چەندین جۆرە بەرپرسیارەتی لەسەر شانە، وەکو دابین کردنی ژینگەیەکی لەبارو ئارام بۆ منداڵ دوور لە هەموو ئالۆزیەکی دەروونی و ژینگەیی بە ئاسایی گەورە بێت، بە کورتی لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا کە منداڵ دروست دەبێت ئەرکی دایک و باوک دابین کردنی مافی ژیانی ئەم مناڵەیە، زۆر کەس دەڵێن ئەمە ئەرکی حوکمەتە، منیش دەڵێم حوکمەت لە پرۆسەی دروست کردنی ئەم مناڵە بەشداری نەکردووە، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە ئەرکی دایک و باوک دابین کردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ منداڵ، ئەگەر دایک و باوک نایانتوانی ئەم ژینگە لەبارە بۆ منداڵ دابین بکەن، نابێ منداڵ دروست مەکە هەر لەبەرئەوەی حەزو ئارەزوویەکی شەخسیە، یان فڵانە کەس منداڵی هەیە ئەرکە لەسەریان ئەمانیش منداڵیان هەبێ، چەندین پاڵنەری بێ بنەمای تریش کە وا دەکا خەڵک نا مەسئولانە منداڵ بخەنەوە.

بە داخەوە، کۆمەلگای کوردی تا ڕادەیەک خاڵیە لە هۆشیاری هاوسەرگیری و دروست کردنی خێزان، ئەمەش بە گران دەشکێتەوە سەر منداڵ و خێزان و کۆمەڵگا.

 

فەلسەفەو ئامانجی هاوسەرگیری لەوە دایە لە ئەنجامی بەیەک گەیشتنی دوو کەس خێزانێک پێک بێت و منداڵ دروست بکەن و بەخێوی بکەن، ئەمەش پێویستە بەپێی پێوەرێک بێت کە خێزانەکە دابینی دەکات.

 

بۆیە ئەگەر پرۆسەی هاوسەرگیری بەپێی پێوەرو بنەمای لۆژیکی بنیاد بنرێت کە لە چەندین پێوەر خۆی دەدۆزێتەوە وەک گونجانی تەمەن، لێرەدا مەبەستم کامڵ بوونی عەقڵە، نەک تازە پێی ناوەتە بیستەکانی تەمەن و خێزان دروست دەکات، دەبێ لە تەمەنێک بێت کە دەرک بە ڕاست و هەڵەکانی ژیان بکرێت، لە لایەنی ماددی کە ئەو توانایە هەبێت خێزانێکی بچووک بەخێو بکەن، نەک پشت بە دەوروبەر ببەسترێ، بەکورتی بتوانێ ئەرکی بەخێو کردنی خێزان لە ئەستۆ بگرێت.. لە هەمووی گرنگتر هەڵبژاردنی بەرامبەرە لەسەر بنەمای ڕێزو خۆشەویستی و پابەند بوون بە سیستەمی هاوکاری کردن لەم پرۆسەیەدا، نەک لەسەر ئەساسی حەزو زەوقی شەخسی، لەگەڵ پێکانی ئامانج پرۆسەکە بێ بەها بکرێت یان تێک بدرێت.. خەڵک هەیە پێی وایە ئەگەر کوڕە سەرکێشەکەیان ژن بهێنێت دەبێت بە پیاو، ئەبێ کۆمەڵگا ئەمە بزانێت کە پرۆسەی هاوسەرگیری تێراپی نییە بۆ کوڕە سەرکێشەکان بەم رێگایە چارەسەری کێشەکانی ناکرێت، ئەم پرۆسەیە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایە، مرۆڤەکان ئەبێ هەدەفیان هەبێ، بەبێ خۆ ئامادەکردن پرۆسەی زواج هەرەس دێنێ.. زۆر کچ هەیە لەبەرئەوەی زۆربەی هاوڕێکانی هاوسەرگیریان کردووە ئەویش بە پەلە دەیەوێ هاوسەرێک بدۆزێتەوە، ئاخر ئەمە فیلمێکی سینەمایی نییە لەبەرئەوەی هەموو کەس سەیری دەکات تۆش حتما ئەبێ بیبینی، ئەمە فیلمی ژیانە ئەکتەرەکەش خۆتی، ئەگەر نەتوانی ڕۆڵەکەت بە جوانی ببینی فیلمەکەت فەشەل دێنێ.

 

ئەم چەند فاکتەرەی سەرەوە زۆر گرنگە بۆ پرۆسەیەکی سەرکەوتووی هاوسەرگیری، ئەو بیروباوەرانە هەڵەن کەوا دەزانن بەتەنیا ماددە، یان بەتەنیا خۆشەویستی، یان تەمەن دەتوانێ پرۆسەی هاوسەرگیری سەر بخات، چونکە هیچ فاکتەرێک لەمانە بەبێ ئەوەیتر ناتوانێ شیرازەی خێزان هاوسەنگ بکات، تا خێزانێکی تەندروست و پۆزەتیڤ دروست بکات کە بتوانێ منداڵی تەندروست پەروەردە بکات کە باشترین خزمەت بە کۆمەڵگا و بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت.. ڕەنگە شتەکە نیسبی بێت بەڵام ئێستا ئەمە واقعێکی بەرجەستەی هاوسەرگیری و خێزانە.

 

بۆیە ئەگەر لەم چەند لایەنەوە هێشتا ئامادە نەبوون ، ڕاوەستن پەلە مەکەن هیچ کاتێک درەنگ نییە.. ئەگەریش پرۆسەکەتان کرد یەکسەر منداڵ دروست مەکەن، کەمێک بوار بەخۆتان بدەن بزانن دەتوانن بەردەوام بن لەم پرۆسەیە یان، نا.. ئەگەریش منداڵ دروست بوو هەوڵ بدەن لەهەندێک داواکاری خۆتان خۆش بن، تا بتوانن شیرازەی خێزان هاوسەنگ ڕاگرن.. ئەگەریش هەر نەکرا بەردوام بن، تکایە بس منداڵ کاریگەری سەختی لێکترازانی خێزانەکەی  نەکەوێتە سەرشان، چونکە لە کۆتاییدا تەنیا منداڵ زەرەرمەندی سەرەکی ترازانی خێزانە.

 

بەناز عەلی