واستی.. هونەرمەندێكی باڵا

 

ئەم هونەرمەندە ناوی (یەحیای كوڕی مەحموودی كوڕی یەحیای ئەبووحەسەنی واستی)یە. بڕێك سەرچاوە لایان وایە، بە ڕەگەز ئەرمەنی بووە و لە شاری واستدا گەورە بووە و ئەو ناسناوەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە، یان بۆیان داناوە.
(واست) شاری (كووت)ی ئێستایە. واستی لە سەدەی حەوتەمی كۆچیدا هاتووەتە دونیاوە، بە دروستی نەزانراوە كەی و لە كوێ هاتووەتە دونیاوە، هەروەها نەزانراوە لەلای چ مامۆستایەك هونەری (مینیاتۆر)ی خوێندووە!

 


لەبیرمە ساڵانی هەشتا، ئافرەتێكی هونەرمەند كتابێكی نووسیبوو، ئەو كتابە بڕوانامەی دكتۆراكەی بووە، بەندە ئەو كتابەم خوێندەوە، پڕ بوو لە هەڵەی مێژوو، پڕ بوو لە نالۆژیكی و درۆ و دەلەسە. هەمان ئافرەت شەونشینییەكی كردبوو، زۆربەی زۆری هونەرمەندانی شاری بەغدای داوەت كردبوو، شەونشینییەكە سەرەتا وەك كۆڕێك وابوو. ژنە لەپێشدا دەربارەی كتابەكە دوا و ئەودەم دەرگای پرسیار و وەڵامیان كردەوە. یەك دوو كەس چەند پرسیارێكی كرچوكاڵیان كرد، تا یەكێك هەستا و گوتی: "تا ئەوەی من بزانم خوسرەو جاف لەبەر ئەوەی دەرچووی زانكۆی تارانە و هونەرەجوانەكانی تەواو كردووە، بە تەئكید دەربارەی شێوەكاریی واستی دەزانێ، داوای لێ دەكەم بێدەنگ نەبێت و لەم ڕووەوە قسەمان بۆ بكات...".


لە وەڵامدا گوتم: لام خۆشە بێدەنگ بم...


ژنە زۆر بە غروور و لەخۆڕازیبوونەوە هەڵیدایە: نا، نا، مامۆستا دەتوانی پرسیارەكانت بكەیت، منیش ئامادەی وەڵامدانەوەم.


گوتم: خانمی دكتۆرە، لام چاكە بێدەنگ بم، شەوێكە و دەیگوزەرێنین. بە حاڵەتێكی تۆزێك لەخۆباییەوە گوتی: لەوە دەچێت ڕەحممان پێ بكەیت؟


ئیتر غروور و فشەكەی ژنە دەمارگیری كردم و ناچاری قسەكردن بووم، گوتم: لە هەر هەلومەرجێكی سیاسی، یان كۆمەڵایەتی بێ، حەقیقەت بەسەر پۆپەوەیە، جا دكتۆرە ئەم كتابەی جەنابتە لە چەندان لاوە لە حەقیقەت لای داوە. یەكەم، ئەم هونەرمەندە عارەب نەبووە و عارەبییشی باش نەزانیوە.
دووەم، لە لاپەڕەی ئەوەندەدا دەڵێیت: بە لای مامۆستایانی عارەبەوە فێری هونەر كراوە. كام مامۆستای عارەب؟ لەپێش واستیدا لە وڵاتە عارەبییەكاندا كێ هونەری مینیاتۆری ئەنجام داوە؟ ئەگەر هەبوون كوانێ ناویان؟ كوا یەكێك لەو كارانەیان؟ هەر هیچ نەبێ یەكێك، كە وەك نووسین ئاماژەی بۆ كرابێت؟ شەڕی ئێران و عێراق گڕی گەیشتبووە ئاسمان، ڕۆژانە سەدان تەرم دەگەڕایەوە ناو بەغدا و شارەكان. ژنە وای دەزانی هیچ كەسێك زاتی ئەوەی نییە لەو جۆرە ڕەخنانە بگرێت، بۆیە گوتم: زۆرم پێیە و كەمی دەڵێم. هەستام و دانیشتنەكەم بەجێ هێڵا...


هەر بوارێكی هونەری زنجیرەیەكە بە یەكەوە بەسراون و تەواوكەری یەكترن. هونەری مینیاتۆر لەمێژەوە لە ڕۆژهەڵاتدا سەری هەڵداوە و گەشەی كردووە، بەتایبەت لە (ئێران و چین و هیندستان)دا، بە غەیری ئەو دوو سێ وڵاتە هیچ سەرچاوەیەك ئاماژەی بە وڵاتێكی تر نەكردووە و هیچ نموونەیەكی دیكەیش بەدەستەوە نییە.


(واستی) عەرەب نەبووە و یەكێك بووە لە ئەرمەنییەكانی شاری ئەسفەهان و دیارە لە مێرمنداڵیدا بەرەو واست هاتووە. چۆن هاتووە، كەی هاتووە؟ نەزانراوە. بەدڵنیاییەوە مێردمنداڵیی لە ئەسفەهاندا بووە و ئەو هونەرەیشی هەر لەو شارەیدا فێر كراوە. لەوەیش دڵنیام، بۆ فێربوونی زۆرتر و لێزانینی باشتر سەردانی ئەسفەهانی كردووە. واستی هونەرمەندێكی بەتوانا بووە، بەتایبەتی لە دەرخستنی غەم و شادیی ڕوخسارەكاندا. جیاوازیی شێوەی هونەری واستی لەگەڵ هونەری مامۆستا ئێرانییەكانیدا، ژینگە و جلوبەرگ و ئاژەڵەكانە. ئەو دارودرەختانەی لە ژینگەی گەرمدا هەن، یان حوشتر وەدەرخستن. هەروەها شێوەی دەستەڵات، كە ئەو دەم دەستەڵاتی عەباسی بووە و خەلیفەی عەباسی حوكمڕانیی كردووە. بەندە زۆربەی زۆری تابلۆكانی واسیتیم دیوە. تاكە عەگالێك تێیاندا وەدی ناكرێ. سەرتاسەری كەسانی وەدەرخراو كەسانی عەمامە لەسەر و كەوا و سەڵتە و پەستەكیان لەبەردایە. ئەو كاتە دەڤەری ئەسفەهانیش لەژێر فەرمانی دەوڵەتی عەباسییدا بووە و پەیڕەوی ئایینی ئیسلام بوونە. ئەوانیش عەمامە لەسەر بوونە، تەقریبەن جیاوازییەكی ئەوتۆی جلوبەرگ نەبووە. دیارە (عەبا و عەگال) لەو سەردەمەدا بادیەنشینەكان و كۆچەرییەكان لەبەریان كردووە. ئەگینا لە دوو سێ تابلۆی حوشتر و ڕەوەحوشتری وەدەرخستووە، تەواوی كەسەكان عەمامە لەسەرن.


واستی بە قەڵەمی ڕەش (ڕەساس) نەقاشی كردووە، مۆخی ئەو قەڵەمانە ئەو كات لە ڕیشووی كافوور و ڕۆنی خەردەل تێكەڵاو دەكرا. ئەو قەڵەمانە باشتر وردەكاریی لۆچ و چرچی ڕوخسارەكانیان پێ وەدەردەخرا. هەروەها پێچ و لوولی كەوا و كراسەكان. واستی وەستاكارانە توانیویە ڕەنگەكان تێكەڵ بكات، بۆیە تا بە ئێستا، هێشتا ڕەنگی تابلۆكانی هەر وەك خۆیان ماونەتەوە. ئەوەیش بووەتە هۆی بەربڵاوی ناوی واستی لەناو هونەرمەندان و هونەردۆستاندا. ئەوسا و ئێستایش ئەو تابلۆیانەی واستی كێشاونی، بە دیكۆمێنتێكی مێژوویی لە قەڵەم دەدرێن و چۆنیەتیی ژیانی ئەو سەردەمەی نەخشاندووە. بەتایبەت، كە چۆن چیرۆك و ڕووداوەكانی بە شێوەی (مەقاماتی حەریری) نەخشاندوون. لەو نەخشانەدا هیچ گۆشەیەكی بێ كاركردن بەخاڵی بەجێ نەهێڵاوە. بڕێك لەو مەختووتە ڕەنگاوڕەنگانەی ئیمزا كردووە و ساڵی دروستكردنی تیادا دەرخستووە 634ك. ئەو مەختووتانەی واستی ئێستا لە كتابخانەی ئەهلیی شاری پاریسدا بە ژمارە 5847 تۆمار كراون.


دیارە (مەختووتاتی مەقاماتی حەریری) پڕۆژەیەكی ئەدەبیی هونەریی بووە لەنێوان نووسەرێك بەناوی ئەبوو محەمەد قاسم كوڕی عەلی حەریری ئەلبەسڕی و واستیدا. واستی تەنیا ڕووداوەكانی كردووەتە تابلۆی ڕەنگی.


ئەم حەریرییە خەڵكی بەسڕە بووە، ساڵی 446ك لە بەسڕەدا هاتووەتە دونیا، لە دیوانی خەلافەتدا لە بەشی پۆستەدا بووە. وەك ئەدیبێك ناسراوە. لەناو ئودەبا و ڕۆشبیرانی بەسڕە و بەغدادا ناسراوە. هەتا خوا حەز بكات جلوبەرگی پەڕپووت و شلوشۆڕ بووە. ناووباوی گەلێك لە سەر و شكڵی باڵاتر بووە. دەڵێـن كابرایەك هاتووە لەلای ببێتە قوتابی، هەواڵی حەریریی لێ دەپرسێ، ئەویش دەڵێ من ئەوم، كابرا پێی دەڵێت تاقەتی گاڵتەم نییە، بڕۆ پێی بڵێ دەمەوێ بیبینم.


حەریری چەندان كتابی لێ بەجێماوە، لە هەموویان بەناوبانگتر مەقامەكانیەتی، كە سەرجەم پەنجا مەقامن. زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ شێوەكارییەكانی واستی، ئەگینا لەگەڵ نووسینەكانی دیكەیدا جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە. لەو پەنجا مەقامەیدا باسی چیرۆكی: بەخشین، ئازایی، غەدركردن، خیانەت و وەفا... دەكات.


ئەوی ڕوونە، ئەگەر شێوەكارەكانی واستی لەناو ئەو پەنجا مەقامەیدا نەبوایە (حەریری) ئەوڕۆ لە بیری كەسدا نەمابوو. ئەوە واستییە ئەو مەقامانەی هێڵاوەتەوە، نەك خودی حەریری.


دەمەوێ خاڵێك ڕوون بكەمەوە، زۆر لە ناودارانی ڕابردوو چەند وڵاتێك كێشەیانە لەسەر ڕەگەزەكەیان، كێشەكەیان تەواوبوونی بۆ نییە و تا بە ئێستایش نەتوانراوە بگەنە ئەنجام. كەسایەتییەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندان: سیاسی، ئابووری، فەلسەفی، ئەدەبی، هونەری...گرفتەكە بۆ گۆڕانكاریی دەستەڵات و نەخشەی وڵاتەكان و سیستەمی فەرمانڕەوایی. زۆر وڵات هەتاوەكوو ئێستا وەك جاران بەهێز نین و سنووری وڵاتەكەیان ساڵ بە ساڵ بچووكتر بووەتەوە، لە قۆناغێكدا ناودارێك بەو وڵاتەوە ناسراوە، ئێستا ئەو وڵاتە بۆ خۆی سەربەخۆیە و سنووری وڵاتەكەی دیاریكراوە و لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا، وا بەئاسانی دەستەبەرداری لێهاتووانی خۆیان نابن، بۆ نموونە: مەولانا جەلالودینی بەڵخی یان ڕۆمی؟


لە سەردەمی مەولانادا شاری بەڵخ و ئەفغانستان بەشێك بوون لە ئێران، مەولانا لە شاری بەڵخدا هاتووەتە دونیاوە و بە زمانی فارسی نووسیویەتی، لە شاری قۆنیەدا گەورە بووە و ژیاوە و مردوویشە. دوای هەزار ساڵ، هێشتا ئەو باسە نەبڕاوەتەوە، ئایا مەولانا ئەفڤغانییە، یا ئیرانییە، یا عوسمانییە؟


كاتێك مەولانا لە قۆنیەدا بووە، دەوڵەتی عوسمانی نەبووە و زمانی توركی هیچ پێگەیەكی ئەدەبیی بۆ دانەنراوە. مەولانا شیعری بە توركی نەنووسیوە، تەواوی نووسینەكانی بە زمانی فارسین. باووباپیری لە شاری بەڵخدا ژیاون و مردوون، یەك مانگ لەپێش پەلاماری مەغۆلدا، باوكی لە بەڵخ دەرچووە و لە شاری قۆنیەدا دەگیرسێتەوە. بنواڕە كتابی (مەولانا و ڕازی نەی - خوسرەو جاف".