كاريگه‌ریى كه‌مخوێنى لەسه‌ر ئاره‌زووى سێكسى

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

وه‌ك ده‌زانين كه‌مخوێنى كاريگه‌ریى بۆ سه‌ر ته‌واوى ته‌ندروستیى مرۆڤەوە هه‌يه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ تووشى كه‌مخوێنى دەبن، سه‌ريان گێژ ده‌خوات و هه‌ست به‌ بێهێزی ده‌كه‌ن. به‌گشتى حه‌وسه‌ڵه‌ و تواناى هيچيان نييه‌. چالاكیى سێكسيش يه‌كێكه‌ له‌و شتانه‌ى كه‌ كه‌مخوێنى كارى تێده‌كات.

پ: چۆن كه‌مخوێنى كار ده‌كاته‌ سه‌ر په‌يوه‌ندیى سێكسى؟
و: له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندیى سێكسى پێويستى به‌ وزه‌ هه‌يه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌مخوێنن، به‌گشتى چالاكیى جه‌سته‌ييشيان كه‌مه‌ و له‌ جووڵه‌ و هاتوچۆى ڕۆژانه‌شدا سستن. له‌ كاتى په‌يوه‌ندیى سێكسيشدا لێدانى دڵيان گۆڕانى به‌سه‌ردا دێت، هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌كه‌ن دڵيان په‌له‌په‌ل ده‌كات، يان لێدانى خاو ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها سه‌ريان گێژ ده‌خوات و له‌وانه‌يه‌ له‌ ناوچه‌ى سنگياندا هه‌ست به‌ ئازار بكه‌ن و تووشى هه‌ناسه‌سوارى ببن.
ئه‌گه‌ر كه‌مخوێنييه‌كه‌ به‌ هۆى كه‌میى بڕى ئاسنه‌وه‌ بێت له‌ له‌شدا، ئه‌وا له‌ ژندا ئاره‌زووى سێكسى لاواز ده‌بێت، له‌ پياوشدا به‌ ئه‌سته‌م ڕه‌پبوونى ته‌واو ڕوو ده‌دات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر كام له‌ ژن و پياو كه‌مخوێن بن، خۆبه‌خۆ له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسى دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌.
هه‌روه‌ها كه‌مخوێنى ده‌بێته‌ هۆى لاوازبوونى تواناى ته‌ركيز و بيركردنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت، گه‌ر په‌يوه‌ندييه‌ سێكسييه‌كه‌ ده‌ستيش پێ بكات، ئه‌گه‌ر يه‌كێك له‌ دوو هاوبه‌شه‌كه‌ كه‌مخوێن بن، ده‌شێ په‌يوه‌ندييه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویى ته‌واو نه‌بێت، واته‌ هه‌ردوولا نه‌توانن بگه‌نه‌ لوتكه‌ى چێژ.

پ: چۆن بزانم كه‌ كه‌مخوێنم؟
و: كه‌مخوێنى كۆمه‌ڵێ نيشانه‌ى هه‌يه‌ وه‌ك:
- سه‌رگێژخواردن و بێهێزى.
- بێحه‌وسه‌ڵه‌يى و سستى له‌ جووڵه‌ و ئه‌نجامدانى چالاكييه‌ ئاساييه‌كانى ڕۆژانه‌.
- سه‌رئێشه‌.
- ساردیى ده‌ست و قاچ.
- ناڕێكیى لێدانى دڵ.
- كێشه‌ى هه‌ناسه‌دان، نه‌خۆش هه‌ست ده‌ست ده‌كات به‌ قورسیى هه‌ناسه‌ ده‌دات.
- ئازارى سه‌رسنگ.
- به‌رده‌وام هه‌ستكردن به‌ شه‌كه‌تى و ماندووبوون.
- نه‌خۆش ڕه‌نگى مه‌يله‌وزه‌رد يان سپى هه‌ڵده‌گه‌ڕێ.
مه‌رج نييه‌ ئه‌م نيشانانه‌ هه‌موويان له‌ نه‌خۆشدا ده‌ربكه‌ون، به‌تايبه‌تى له‌ سه‌ره‌تاى كه‌مخوێنيدا زۆربه‌ى كات نه‌خۆش هه‌ر هه‌ستيشى پێناكات، ده‌شێ ته‌نيا هه‌ست به‌ شه‌كه‌تى بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێى وايه‌ ته‌نيا هيلاكييه‌كى كاتييه‌. ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ى زياتر له‌ دوو هه‌فته‌ نيشانه‌يه‌ك له‌و نيشانانه‌ يان زياتر له‌ خۆتدا تێبينى كرد و هاوكات له‌ ڕووى ئاره‌زووى سێكسیيشه‌وه‌ هه‌ستت به‌ گۆڕان كرد، ئه‌وا باشتر وايه‌، كه‌ سه‌ردانى پزيشك بكه‌يت و له‌ ڕێى ئه‌نجامدانى هه‌ندێ پشكنينى خوێنه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌گه‌ر تووشى كه‌مخوێنى بووبيت. هه‌روه‌ها جۆرى كه‌مخوێنيیه‌كه‌شت ده‌رده‌كه‌وێ.

پ: كه‌مخوێنى چى ده‌گه‌يه‌نێ؟ جۆره‌كانى چين؟
و: به‌گشتى كه‌مخوێنى واته‌ خڕۆكه‌ى سوورى خوێن به‌شى پێويست ناكات بۆ گه‌ياندنى ئۆكسجين بۆ هه‌موو به‌شێكى له‌ش. هۆكاره‌كه‌ى به‌پێى جۆرى كه‌مخوێنييه‌كه‌ ده‌گۆڕێ. به‌گشتى كه‌میى بڕى هيمۆگڵۆبين و ڤيتامين B12 له‌ هه‌ره‌ باوترين هۆكاره‌كانى كه‌مخوێنين، كه‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ئاسايين و ده‌كرێ له‌ڕێى ده‌رمان و خۆراكى دروسته‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. به‌ گشتى جۆره‌كانى كه‌مخوێنى ئه‌مانه‌ن:
- سالاسيميا، كه‌ تێكچوونێكى بۆماوه‌ييه‌ له‌ خوێندا و ده‌بێته‌ هۆى كه‌میى بڕى هيمۆگڵۆبين و خڕۆكه‌ سووره‌كان.
- كه‌مخوێنى به‌ هۆى وه‌ستانى له‌ش له‌ دروستكردنى خڕۆكه‌ى سوور، كه‌ حاڵه‌تێكى قورسه‌، به‌ڵام ڕوودانى ده‌گمه‌نه‌.
- ئه‌و كه‌مخوێنييه‌ى كه‌ په‌يوه‌ندیى به‌ شێوه‌ و سروشتى خڕۆكه‌ سووره‌كانه‌وه‌ هه‌يه‌، خڕۆكه‌ سووره‌كان لينج و ڕه‌قن و به‌ئاسانى هاتوچۆ ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، كه‌ هيمۆگڵۆبين نه‌توانێ بڕى پێويست له‌ ئۆكسجين بۆ له‌ش بگوێزێته‌وه‌.
- كه‌مخوێنى به‌هۆى كه‌میى بڕى ڤيتامينه‌كان، به‌تايبه‌تى ڤيتامين B12 و ڤيتامين C. ده‌شێ هۆكارى ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌هۆى سيستمى خۆراكيیه‌وه‌ بێت، يان په‌يوه‌ندیى به‌ له‌شه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ كێشه‌يه‌كى هه‌بێ له‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ڤيتامينه‌كان.
- كه‌مخوێنى به‌ هۆى كه‌میى بڕى ئاسنه‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌ هۆى چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ ڕوو ده‌دات، بۆ نموونه‌، به‌ هۆى له‌ده‌ستچوونى بڕێكى زۆر له‌ خوێن، بۆ نموونه‌ له‌ كاتى بريندارى، يان سووڕى مانگانه‌ و منداڵبوون له‌ ژناندا. هه‌روه‌ها ده‌شێ په‌يوه‌ندیى به‌ جۆرى سيستمى خۆراكييه‌وه‌ هه‌بێت، له‌وانه‌يه‌ خۆراك باش بخۆيت له‌ ڕووى بڕه‌وه،‌ به‌ڵام له‌ ڕووى چۆنێتييه‌وه‌ باش نه‌بێ. يان ده‌شێ هۆكارى كه‌میى ئاسن فسيۆلۆژى بێت و له‌ش كێشه‌ى له‌ مژينى بڕى پێويست له‌ ئاسن و سوودوه‌رگرن لێى هه‌بێت.


پ: چاره‌سه‌رى هه‌يه‌؟
و: بێ گومان. به‌تايبه‌تى ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌ ئاسانه‌كان بن، كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ دۆخێكى تايبه‌تى يان سيستمى خۆراكييه‌وه‌ هه‌بێت. ئه‌گه‌ر كه‌مخوێنى فسيۆلۆژى بێت، يان زگماكى بێت، ئه‌وا نه‌خۆش به‌درێژايى ژيانى پێويستى به‌ چاره‌سه‌ر و چاودێریى پزيشك ده‌بێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌يوه‌ندیى به‌ خواردنه‌وه‌، يان له‌ده‌ستچوونى خوێنه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وا ده‌كرێ له‌ ڕێى پاشكۆ خۆراكيیه‌كان و خواردنى ڕۆژانه‌وه‌ به‌زوويى چاره‌سه‌ر بكرێ. هه‌ر كه‌ كه‌مخوێنيیش چاره‌سه‌ر كرا، ئيدى نه‌خۆش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بارى ئاسايى چالاكييه‌كانى ڕۆژانه‌ى، به‌ چالاكیى سێكسيیشه‌وه‌.
گرنگترين ئه‌و خۆراكانه‌ى به‌خێرايى چاره‌سه‌رى كه‌مخوێنى ده‌كه‌ن ئه‌مانه‌: گۆشتى سوور، هێلكه‌، نيسك، كه‌ره‌وز، مێوژ، خورما، هه‌موو جۆره‌كانى ميوه‌ و سه‌وزه‌ باشن. ده‌كرێ له‌ ڕێى شه‌ربه‌ته‌وه‌ به‌ بڕى زۆر ئه‌و مادده‌ پێويستانه‌ وه‌ربگرى. بۆ نموونه‌، ڕۆژانه‌ خواردنه‌وه‌ى شه‌ربه‌تى تێكه‌ڵ به‌و ميوانه‌ى حه‌زيان لێ ده‌كه‌يت، مۆز، قه‌يسى، سێو، هه‌نار،...هتد هه‌موويان به‌سوودن. هه‌روه‌ها خواردنه‌وه‌ى شه‌ربه‌تى سه‌وز به‌ تێكه‌ڵه‌ى گه‌ڵاى سپيناخ و بروكلى به‌سووده‌، به‌ڵام واباشه‌ له‌م باره‌دا ته‌ماته‌يه‌ك يان ئاوى ليمۆيه‌كى بۆ زياد بكه‌يت.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.