یەکەم جار کە پێیان گوتم مامۆستا

 

لە بەرەبەیانێکی پاییزی تازە زەردبووی ئەو شارەدا، لەوپەڕی گەنجی و جوانیدا خۆم گۆڕی و جانتاکەم یا بە شانمدادا و بە پێ کەوتمە ڕێ بە رەو پەیمانگا، کە ماڵەکامان لە هەمان گەڕەک بوو. کاتێ کە بیر لە تەمەنی تێپەڕیوی ئەو کاتانە دەکەمەوە، جگە لە تێڕامان زیاتر هیچ شتێکی ترم بۆ نایەت، نە پرسیار و نە وەڵامی پرسیارێکی قەتیسماوی ناو ناخیش. من هەنگاو هەنگاو بە رێدا دەڕۆیشتم و هیچ شتێکی تر نەبوو بیری لێ بکەمەوە، جگە لەوەی ئێستا چی روو دەدا؟ نە بیرکردنەوەم هەبوو بۆ داهاتوو، نە بۆ ئەو رۆژانەش کە بە جێم هێشتبوو، من بەم خەیاڵە رەنگاوڕەنگانەوە هەنگاوم دەنا، تا گەیشتمە بەر دەرگای پەیمانگا. بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا، لە تەمەنی بیست و حەوت ساڵیدا گوێم لە وشەیەک بو بە ناوی (ست، یان مامۆستا) کە بە ناوەکەمەوە لکێنرا، هەستێک ئەو کاتە دێتە ڕۆحتەوە، نازانی بە چ پێوەرێک بیسەنگێنی! هەستێکە پێت دەڵێ ئیدی تەواو تۆ بوویتە گەورە، بوویتە ڕابەر، بوویتە ناوێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی، سڵاوکردن و دانیشتن و هاتوچۆی نێو ژوورەکانی ئەو بینایە هەر لە بەڕێوەبەرێکی عەرەبەوە، کە ناوی (قیس فرحان) بوو، تا ئەو پاسەوانە کوردەی بەردەرگاکە، ئەمانە هەمووی بوونە ئەندامی خێزانی ئەم پەیمانگایە، ئێمە ئەو ساڵەی کە دامەزراین و بووینە مامۆستا، کۆمەڵێک گەنج بووین، لەوانە (نیگار، میدیا و فرمێسک)، ئێمە هەریەکەمان بە کۆمەڵێک تێڕوانینی تازەوە توانیمان خۆشەویستیی شانۆ و بەشێکی گەورەی خوێندکاران بۆ خۆمان راکێشین، کە تا ئێستاش بەشێکی زۆری ئەو خوێندکارانە هاوڕێ و خۆشەویستی نزیکمانن. من کۆمەڵێ وانەی هونەریم وەرگرت، یەکێ لەو وانانە (ئارایشت) بوو، کە وانەیەکی لاوەکی بوو و تەنیا لە ماوەی ئەو پێنچ ساڵەدا هەر لە پۆلی یەکدا دەخوێنرا و ئێمەش لە کۆلێژی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان، کە دەمانخوێند، هەر یەک ساڵ و لە پۆلی یەکدا بوو، مامۆ ستا (موئەید وەهبی)ی خوالێخۆشبوو پێی دەگوتین. من سوودێکی زۆرم لەو مامۆستایە وەرگرت و هەتا بڵێی مرۆڤێکی میهرەبان و مامۆستایەکی باش بوو، بووە هاوڕێمان و لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی بەغدا، یەک جار خۆی و منداڵەکانیم بۆ سلێمانی داوەت کرد و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە لامان مانەوە لە ماڵی خۆمان، باوکم و دایکم زۆر ڕێزیان لێ گرتن و ئەوانیش بە جوانیی شاری سلێمانی و نەریتی ئەو شارە دڵخۆش بوون، هەمیشە و بەردەوام باسی ئەو ڕۆژانەی دەکرد، کە لە سلێمانی لەلای ئێمە بەسەری بردبوو. ئەم ساڵانەی دواییش لە رێگەی هاوڕێکانمەوە ژمارەی تەلەفۆنی منی دۆزیبووەوە و کاتێک گەیشتبووە ئەمەریکا و لەوێ گیرسابووەوە، پەیوەندیی پێوە کردم و بە تاسە و دەنگێکی پڕ لە گریانی خۆشییەوە باسی ئەو ڕۆژانەی دەکرد و باسی لەدەستدانی کچە گەورەکەی بۆ کردم، کە بووبووە قوربانیی ئەو جەنگە خوێناوییەی عێراق، بەڵام بەداخەوە دوا بەدوای ئەو تەلەفۆنە بە چەند مانگێک، کۆچی دوایی کرد.


وانەی ئارایشتی شانۆ هەر چەندە وانەیەکی لاوەکی بوو، بەڵام زۆر شتی بە من بەخشی، کە بتوانم خوێندکارەکانمی پێ دڵخۆش بکەم، هەر لەو ژوورە تایبەتەی کە خۆم بۆ ئەو وانەیەم بە چەندەها وێنەی جۆراوجۆر و کەرەسەی ئارایشت رازاندبووەوە و هەر خوێندکارێکیش ئاوێنەی تایبەتی خۆی بۆ ئارایشتکردنی شانۆیی هەبوو، بەپێی ئەوەی داوام لێ دەکرد.