نووسین بە مەرجی رووتبوونەوە

12

ئازادتر
(ئازادتر) چیرۆکی خۆشەویستییەکە، کە مەرجەکەی ناوی کۆیلەبوون و خۆبەدەستەوەدانە، ئەمە لەکاتێکدا سادەترین پێناسەی خۆشەویستی بێجگە لە سەربەستی هیچی دیکە نییە، چونکە خۆشەویستی و سەربەستی دووانەی یەک سکن. بۆ هەمیشە پانتاییەک هەیە بۆ ئارامی و گەڕان بەدوای جوانی لەناو زەریای ڕۆتینیات و ژیانی بێڕەنگی ئێمەدا، ژیانێکە پتر دووبارەیە و بێ فانتازیا و ئەفسوونە. بێ گومان لەمیانەی هەر حەز و ئەوینێکدا سەرگەرم بین، دۆخێک نییە بێ نەنگی و کەموکوڕی بێت، بەڵام ئەگەر ئەو دوو کەسەی کە بە پەیوەندییەکی خۆشەویستی سەرمەستن، دەمامکدار و درۆزن بن، سەرگەرمی نماییش بن و خۆیان نەبن، بە مانایەکی دیکە لەوە دەردەچن، کە ڕەسەن و گەوهەردار بن، مەحاڵە لە مانای قووڵی خۆشەویستی تێ بگەن. خۆشەویستی زادەی ئاوەزێکی زێدە گەورەیە و سەرچاوەکەی لە دڵەوە نییە، ئەمەیان ئەفسانەیە، چونکە دڵ بێجگە لە پەمپێکی گۆشتین هیچی دیکە نییە.


خۆشەویستی دەگمەنە، چونکە ژمارەی ناڕەسەن و کاڵفام و بێئاوەزەکان زێدە زیاترە لەوەی کە مەزەندەی دەکەین. هەر لە سۆنگەی ئەوەشەوەیە، کە تەمەنی خۆشەویستیی ڕاستەقینە بۆ هەمیشە کورتخایەنە. ڕەسەنبوون شتێکی خۆڕسک و زگماک نییە، بەڵکوو زادەی پەروەردەیەکی ساغڵەمە، بە تەنیا ئەوانەش بەرگەی مانەوە دەگرن، کە پەروەردەیەکی ساغڵەمیان هەیە. ئەوانەی لە ڕێگەی نماییش و زۆر لەخۆکردن و زۆرکردن لە یەکدی، یان لە ترس و ڕێزگرتن لە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان خۆشەویستی دەکەن، پتر لە ئەکتەرە زیرەکەکان دەچن، بێ گومان ئەوانە دۆڕاو و بەدوورن لە ئەوینی جاویدانی. دەکرێت بڵێین ئەو زاتانەی گرەوی خۆشەویستییان بردووەتەوە، کەسانی فامیدەن بە ئەفسوونی خۆشەویستی. بۆ ئەوەی ئەمەش ئەزموون بکەیت، هیچ پێویست بەوە ناکات هەڵگری دکتۆرا و ماستەر بیت لەسەر فەلسەفەی خۆشەویستی، دەکرێت سەپان و جووتیار و شوانی بێسەواد بەم ئەزموونەدا تێپەڕن، چونکە شامەرجی خۆشەویستی، سادەیی و بوونی ڕۆحێکی خاکییە.


ئەوەی وا دەکات گومان بکەین، کە خۆشەویستی بەو مانا قووڵەی باسمان کرد لەم دەڤەرەدا هەبێت ئەوەیە کە بڕی ئەو ڕق و کینە و دڕدۆنگی و تۆرانە هەمیشەییانەی دوای ساڵانێکی زۆر لە خۆشەویستی بەر لە زەماوەند و دوای قۆناغی پێکەوەژیان و منداڵبوونیش دروست دەبن، ئێجگار زۆرە و لەبەر هەر هۆکارێک و بیانوویەک و بەدحاڵیبوونێک بێت، پەیوەندییەکان دەگەنە جیابوونەوە و تەڵاق. ئیدی لێرەوە ژن و پیاوەکە بەتەواوی دەبن بە دوژمنی یەکتری و ناتوانن ببن بە دوو دۆستی ئاسایی، یان دەلوێت، کە هێشتا لەبەر خاتری جوانی و یادگارییە کۆنەکانی سەردەمی سۆز و ئەوین، هەر هۆگری یەکتر بن و دوو هاوڕێ بن لەدەرەوەی پێخەفێکی گەرم. ئەمەیان لەناو شانشینی ئەم نێرگەلە و دیوەخانی کەڵەگایانە ئاسان نییە و لە مەحاڵ دەچێت. پیاو و ژنێک، کە دوو ڕۆڵی جیاوازیان پێ بەخشراوە: یەکەمیان سەردار و خاوەن بڕیار، دووەمیان بندەست و قوربانی، کەواتە مەحاڵە خۆشەویستی ببێت بە پردی نێوان ئەم دووانە.


بۆ خۆتان جوان نییە

لە بابەتی (بۆ خۆتان جوان نییە)دا، نووسەر لەژێر ناوی (تاجی زێڕین) ئاماژە بە دیدار و پێشبڕکێ دەکات، کە دیارە حزبێکی ئیسلامی سپۆنسەری ئەو ئاهەنگە بووە بۆ هەڵبژاردنی جوانترین جۆر و چەشنی (حیجاب) و باڵاپۆشی، ئەمەشیان وەک هەڵمەتێک بۆ هاندانی خانمان و کچان بەرەو پۆشینی پۆشاکی ئیسلامی گڕ دەدات، بەو ئامانجەی سەنگ و بەهایەکی زیاتریان هەبێت. لەناو خودی ئەو پێشبڕکێیەدا، گوتارێکی زاڵ پیادە دەکرێت، کە گومانکردنە بەرامبەر بە پۆشاکی تازە-بابەت و مۆدێرن کە بە (سفوور) و پۆشاکی ناشەرعی ناسراوە. دیارە ئەم گوتارە وا ئاڕاستە کراوە، کە ئەم جۆرە لە جلوبەرگی ناشایستە لە دیدگای ژمارەیەکی بەرچاو لە پیاوان و ژنانی موسڵمانەوە، هۆکاری ڕوودانی گێچەڵی سێکسی و تێکدان و پشێویی کۆمەڵایەتییە. هەر لەم بۆنەیەدا نموونەی واش دێننەوە، کە پتر لە پێگە و ئابڕووی ژنان و کچانی نائاسوودە بە حیجاب و باڵاپۆشی کەم دەکاتەوە و پێیان دەڵێت، کە ئەوە بۆ ڕەوشتی خۆیان جوان نییە. بە مانایەکی تر، ژنانی سفوور وەک کەسانی بەڕەڵا و بەلەسە و لادەر و یاخی بە شەرعی ئاسمان لە قەڵەم دەدات، بەتایبەتی لەسەر زمانی نێرینە مەزهەبدارەکان.


لە ناواخندا کچان و خانمان شوبهێندراون بەو گۆشتەی، کە مەرجە لە سەگ بشاردرێتەوە، ئەگینا پەلامار دەدرێت و دەخورێت، هەڵبەتە لێرەدا پیاوەکە ڕۆڵی سەگی دراوەتێ. خودی ئەم لێکچواندنەش لە زیهنێکی دەردەدارەوە هاتووە، کە هیچ نرخێک بۆ ئەوە دانانێت، کە ئەگەر خودی ژیانی هەموومان ئەزموون و تاقیکردنەوەیە لەسەر زەمین، کەواتە دەبێت تیایدا، لەپێناو گەیشتن بە بەهەشت، هەوڵ بدەین زاڵ بین بەسەر شەهوەتی شەیتانی و هەوەسی هارماندا. مەرجی گەیشتن بەو فیردەوسە، سەرکەوتنە بەسەر (نەفسی بەدخوومان) و هەر هەموو فریوەکانی دونیای پڕ لە چێژ و خۆشی، هەڵبەتە من بۆ خۆم بڕوام بەو گوزارشتە و دەستەواژانە نییە، کە بەکاریان دێنم، بەڵکوو ئەم چەشنە زمانە قەرزکراوە لە خانمان و پیاوانی مەزهەبزەدە، بەڵام لێرەدا دەبێت ئەو پرسیارە بکەین، کە ئایا ئەگەر هەموو خانمان حیجابدار و باڵاپۆش بن، هونەری تاقیکردنەوەی ئیمان و بڕواداری لە کوێدایە؟ کەواتە ئەگەر کچان و ژنان نیقاب و ڕووبەندیان پۆشی و کچانی سفووریش نەهاتنە سەر جادە، بۆ ئەوەی ئیمانی پیاوانی خوداناس لاواز نەبێت، یان کە چوونە کونی ژوورەوە و بوون بە ئەشکەوتنشین، ئەوسا هیچ پەند و ئازایەتی و حیکمەت و تاقیکردنەوەیەکی ئیلاهی بوونی نابێت. هیچ هونەرێک لەوەدا نییە کە دونیای دەرەوە ئاوەدان بێت بە پیاوان، ژنانیش وەک گۆشتی ڕووت لە پیاوانی برسی شاردرابنەوە. دیارە ئەم دۆخەی کە تیایدا ژنان لەناو ماڵەکاندا بگیرسێنەوە و داسەکنێن، یەکێک لە دروشمەکانی (ئیخوان ئەلموسلمین) بوو، کە بوو بە پەرچەم و لۆگۆی ئەو حزبە، سەرباری (جیهاد)یش. دوا جار مانەوەی خانمان بوو بە ستراتیژی زۆرینەی باڵەکانی ناو ئیسلامی سیاسی، بگرە ماڵەوەیان بە تاکە شوێنی شیاو دەزانی بۆ ژنان، بەڵام پێیان وابوو، کە هەموو دونیا بۆ پیاوەکان کراوەیە.


لەم بابەتەدا پەروەردەی نوێ پەرجووی خۆی هەیە و دەتوانێت وا بکات، کچان و کوڕان وەها شارستانی بن، کە هەرگیز ڕووتبوونەوە، یان جلی نیمچە ڕووت نەبێتە بیانوویەک، کە نێرینەکان هان بدات بۆ پەلاماردان و پەرەدان بە دیاردەی گێچەڵی سێکسی و بگرە لەوەش کوشندەتر، ببێت بە بیانوو بۆ ڕەواییدان بە ئەتککردن و لاقەکردنی خانمان. گرنگە ئەمە بڵێین، لەبەر ئەوەی زۆر جاران گوێبیستی ئەو تۆمەتبارکردنە دەبین، کە تیایدا ماف و هەق دەدات بە پیاوان بۆ ئەتک و پەلاماردان و لاقەکردن، چونکە کچەکان و ژنەکان بۆ خۆیان ئەرباب و شایستەن، دەنا پۆشاکی وا ناشەرعی لەبەر ناکەن.


(نەوال سەعداوی)یش باس لەو مەترسییە دەکات، کە خودی حیجاب ڕووبەندێک نییە بۆ داپۆشینی ڕووخساری شیرینی ژنان، بەڵکوو پێشتر هەوڵ دراوە، کە حیجابێک بۆ خودی خانمان هەبێت، کە ئەو وەک (حیجابی عەقڵ) چاوی لێ دەکات. ئەوەش دەمانباتەوە سەر داگیرکردنی ئاوەز و عەقڵی ژنان و ناچارکردنیان بە پەسەندکردنی ئەو یاسا و ڕێسایانەی پیاوان بۆ خانمانیان ساز و ئامادە کردووە.