ده‌وڵه‌تی خەلافەت سه‌گێكى گومڕایه‌، كه‌ كوڕه‌كان له‌ دایكیان جیا ده‌كاته‌وه‌

من لە رەقە بووم - 24

به‌شی چوارده‌یه‌م

منداڵیم له‌ دۆرتمۆند (1990-1995)
ناوم (محەمەد فاهم)ه‌ و به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى 23ی مانگى ئه‌پڕیڵى ساڵى 1990 له‌ شارى دۆرتمۆند له‌ باكوورى ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووم، كه‌ له‌ خێزانێكى كۆچبه‌رى وڵاتى توونس بووین و له‌ باوك و دایك و من و دوو خوشك پێكهاتبووین. من دوایین منداڵى خێزانه‌كه‌ و تاقانه‌یه‌كى ئازیز و خۆشه‌ویست بووم. باوكم وه‌كوو هه‌موو پیاوانى كۆچبه‌ر له‌ وڵاته‌دا ده‌ژیا، تا ڕاده‌یه‌ك كراوه‌ و بڕواى به‌ ئازادی هەبوو، به‌ڵام دایكم پێچه‌وانه‌ى ئه‌و، زۆر بایه‌خى به‌ دابونه‌ریت و بیروباوه‌ڕ و كو‌لتووری توونسییه‌كان ده‌دا.


كاتێك هاتمه‌ دونیاوه‌، چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ڕووخانى دیوارى به‌رلیندا تێپه‌ڕیبوو، كه‌ ئه‌ویش وه‌ك ده‌ستپێكى دونیایه‌كى تازه‌ بوو، كه‌ قۆناغی ئازادى و پێكه‌وه‌ژیان و لێك تێگه‌یشتن و ڕووخانى كۆتایی سیسته‌مى ده‌سه‌ڵاتداری بلۆكى ڕۆژهه‌ڵات بوو، به‌ڵام له‌ دونیاى وڵاتانى عه‌ره‌بیدا، ڕه‌وته‌كه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كى تر ده‌ڕۆیشت. له‌دایكبوونى من هاوتاى ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردنى بزووتنه‌وه‌ ئیسلامخوازه‌كان بوو. چه‌ند مانگه‌ بووم، كه‌ ئه‌ستێره‌ى به‌ختم هاوتاى سه‌رهه‌ڵدانى بەره‌ى ئازادیى ئیسلامیى جه‌زائیر بوو. هه‌مان ئه‌و ڕه‌وته‌ى، كه‌ ڕاى هه‌موو دونیای تا ماوه‌یه‌ك به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریك كردبوو، کە دوای ئه‌ویش 10 ساڵی خوێناوى و سه‌رهه‌ڵدانى گرووپ و تاقمه‌ ئیسلامخوازه‌ چه‌كداره‌كان له‌ وڵاتى جه‌زائیر و میسڕ ده‌ستى پێكرد.


ئیتر ئه‌و جێگایانه‌ى، كه‌ كۆچبه‌رانى عه‌ره‌ب ڕوویان تێكردبوو، شه‌پۆلی ئیسلامخوازانه‌ى دونیای عه‌ره‌بیش ده‌ستى پێكردبوو و ئه‌وانیش تا ڕاده‌یه‌كى زۆر له‌مه‌ بێبه‌ش نه‌بوون. وڵاتانى ئه‌وروپیش كه‌ كۆچبه‌رانیان وه‌رده‌گرت، گۆڕان به‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئه‌ندامانى ئه‌و رێكخراو و دامه‌زراوه‌ بنیاتگه‌رایانه‌، كه‌ له‌ وڵاتانى خۆیان دوور كه‌وتبوون. ده‌توانرێت ناونیشانى ئه‌م قۆناغه‌ چ له‌ جیهانى عه‌ره‌ب و چ له‌ جیهانى ئه‌وروپادا بنێین، ده‌رچوونە گەورەکەی ئیسلامى له‌ شووشه‌به‌نددا.


له ‌ئه‌نجامدا ژیان له‌ناو كۆچبه‌ران، ترسێكى هه‌میشه‌یی له‌ له‌ده‌ستچوونى منداڵه‌كانیان له‌ بواری دابونه‌ریت و بیروباوه‌ڕیاندا دروست كردبوو، دایكم بایه‌خێكى زیاترى به‌ ئەرکە ئایینییه‌كان ده‌دا و زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى ده‌كرد، تا ئێمه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنێكى پارێزراوانه‌ى توونسی بار بێنێت.


له‌دایكبوونى من ڕووداوێكى دڵخۆشكه‌ر و گرنگ بوو بۆ خێزان و بنه‌ماڵه‌كه‌مان، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ من دواى دوو كچ له‌دایك بووووم. به‌ڵكوو له‌پاڵ ئه‌ودا، داپیر و دایكیشم زۆریان حه‌ز له‌ منداڵى كوڕ بوو. خێزانه‌كه‌م بۆ ماوى حه‌وت ڕۆژ له‌دایكبوونى منیان كردبووه‌ جه‌ژن و شادى و خۆشی.


لانیكه‌م ساڵى جارێك بۆ وڵاته‌كه‌شمان ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ توونس، به‌دیاریكراویش بۆ شاری نابل ده‌چووین، كه‌ شوێنى له‌دایكبوونى دایك و باوكم بوو. بنه‌ماڵه‌كه‌شمان له‌وێ نیشته‌جێ بوون. زۆر بیره‌وه‌رییه‌كى ئه‌وتۆم له‌ شارى دۆرتمۆند له‌بیر نه‌ماوه‌. تەنیا ئه‌وه‌ ده‌زانم له‌ كۆلانه‌كه‌مان زۆر جار به‌ یاریكردن له‌گه‌ڵ كچه‌كانى ماڵه‌ كۆچبه‌ره‌كانى تردا دڵخۆش بووم. له‌بیرمه‌ ئه‌وه‌ى له‌و كاتانه‌دا بێتاقه‌تى ده‌كردم، نزیكبوونه‌وه‌ى منداڵە ئه‌ڵمان بوو له‌ منداڵه‌ كچه‌ كۆچبه‌ره‌كان بۆ یاریكردن له‌گه‌ڵیان.


منداڵییه‌كى خۆشم له‌ شارى دۆرتمۆندا به‌سه‌ر برد. له‌ نموونه‌ى ئه‌و شته‌ خۆشانە، له‌گه‌ڵ دایكم له‌ شارى دۆرتمۆند ڕۆژانى یه‌كشه‌ممه‌ ده‌چووینه‌ سه‌نته‌رى ته‌له‌فۆنى گشتیى شار و له‌گه‌ڵ داپیره‌مدا قسه‌م ده‌كرد. من له‌ داپیره‌مه‌وه‌ زۆر نزیك بووم و هاوینانیش، كه‌ بۆ نابل ده‌گه‌ڕامه‌وه‌، زۆر ئاگادارى من بوو. هه‌ڵبه‌ت زۆریش په‌یوه‌ست به‌ دایكیشمه‌وه‌ بووم و هه‌ركاتێك كارێكى خراپم ده‌كرد، په‌نام بۆ داپیره‌م ده‌برد. به‌ڵام دایكى باوكمم زۆر خۆش نه‌ده‌ویست، چونكه‌ هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌ى له‌ دایكم ده‌گرت، كه‌ كوڕه‌كه‌ى لێ دوور كردووەته‌وه‌.


پێنج ساڵى یه‌كه‌مى ژیانم له‌ دۆرتمۆند گوزه‌راند و زۆر شتی منداڵیم هه‌ر له‌بیر ماوه‌، به‌ڵام چه‌ند ڕووداوێك هه‌یه‌، كه‌ له‌ مێشكمدا زیاتر ماونه‌ته‌وه‌ و كه‌ گه‌وره‌ بووم، دایکم ئه‌وانى بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌. له‌بیرمه‌ جارێكیان له‌گه‌ڵ دایك و باوكمدا بۆ ماڵی یه‌كێك له‌ ماڵه‌ كۆچبه‌ره‌كان، كه‌ ناسراومان بوون ده‌چووین، من له‌پێشیانه‌وه‌ به‌ڕێ كه‌وتم و له‌دووره‌وه‌ بانگیانم ده‌كرد، كه‌ له‌ناكاو سه‌گێك له‌ ماڵه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ترسام و ڕام كرد و له ‌دایك و باوكم دوور كه‌وتمه‌وه‌، له‌ هاتوهاوارى دایكم و وه‌ڕینى سه‌گه‌كه‌ له‌ ترسا به‌ره‌و هێڵی ئاسنینى شه‌مه‌ندۆفێره‌كه‌ چووم و مه‌ودایه‌ك له‌نێوان من و دایك و باوكمدا دروست بوو. شه‌مه‌ندۆفێر و سه‌گه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك مه‌ودایه‌كى خسته‌ نێوان من و دایكمه‌وه‌، كه‌ بۆ من به‌ چه‌ند ساڵێك به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ بوو. نه‌ ئه‌وان ده‌یانتوانى من ببینن و نه‌ منیش ئەوانم ده‌بینى، له‌دوایییدا دایكم بۆی باس ده‌كردم، كه‌ هیچكات له‌ ژیانیدا ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستى به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر گیانم نه‌كردووه‌.


ساڵانى دواتر، كاتێك له‌ شاری ڕه‌قه‌ بووم، بیری ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌وتمه‌وه‌. ئایا سه‌گێك، كه‌ له‌نێوان من و دایكم مه‌وداى دروست كردبوو، سه‌گى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بوو. به‌ڵێ ده‌وڵه‌تی خەلافەت سه‌گێكى گومڕایه‌، كه‌ كوڕه‌كان له‌ دایكیان جیا ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام چ خه‌لافه‌تێك؟ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ له‌ توونس، یان ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت؟


به‌ هه‌رحاڵ، دوای ڕۆیشتنى شه‌مه‌ندۆفێره‌كه‌ و ونبوونى سه‌گه‌كه‌، باوكم و دایكمم بینى. ئه‌م ڕووداوه‌ ئه‌وه‌ى بۆ من ده‌رخست، كه‌ من چه‌نده‌ دایكمم خۆش ده‌وێت و دایكیشم منى خۆش ده‌ویست.


به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌نێوان من و دایكمدا هه‌بوو، به‌ینم له‌گه‌ڵ باوكمدا ئاسایی بوو. ئه‌و باوك بوو و منیش كوڕی. له‌ چوارچێوه‌ى ڕێزێكى به‌رامبه‌ركێی نێوان كوڕ و باوك ده‌ژیاین، هه‌ر ئه‌مه‌و به‌س!


نزیكه‌ى چوار ساڵان بووم، كه‌ نه‌خۆشی جه‌سته‌ى باوكمى داگرت، ئه‌و ڕۆژه‌ى كه‌ له‌ دۆرتمۆند بووم، ساڵانى سەرەتای نه‌خۆشیی باوكم بوو. له‌به‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ى خانه‌نشینیى پێش له‌ وادەى خۆی داوا كرد. ئه‌م بابه‌ته‌ و خه‌ریك نه‌بوون به‌ كارى ئیداری وای كردبوو، زوو زوو سه‌ر له‌ توونس و شاری نابل بده‌ینه‌وه‌، لانیكه‌م شه‌ش مانگ جارێك سه‌رمان ده‌دایه‌وه‌. سه‌ردانى به‌رده‌وام له‌ توونس و دواجار بڕیاردانى یه‌كجاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ توونس هه‌مووى بڕیاری دایكم بوو. باوكم ده‌رفه‌تى هه‌ڵبژاردنى به‌و دابوو و په‌روه‌رده‌كردنى ئێمه‌یشى به‌و سپاردبوو. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌به‌ر خۆشه‌ویستیى باوكم بوو، كه‌ سەبارەت به‌ دایكم هه‌یبوو. باوكم به‌ڕاستى دایكمى خۆشده‌ویست.


گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ توونس بە هۆكارى مادى نه‌بوو، چونكه‌ به‌هۆی خانه‌نشینى پێش وادەى باوكمه‌وه‌، ژیانمان باش بوو. ئه‌م بڕیاره‌ به‌گشتى بۆ ترسی دایكم ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، كه‌ ده‌ترسا خێزانه‌ كۆچه‌رییه‌كان له‌ ئه‌ڵمانیا دابونه‌ریت و بیروباوه‌ڕى خۆیان واز لێ بێنن و كو‌لتووری نائیسلامییانه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت.


ساڵانى دواتر و دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان و دوای ئه‌و چیرۆكانه‌ى، كه‌ له‌ توونس به‌سه‌رمان هاتن، له‌ گرتن و به‌ندكردنمان، كه‌ دواجار بۆ چوونه‌ ناو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت په‌لی هاوێشت، دایكم ڕێك ئه‌وه‌ى گوت: ”ئه‌گه‌ر ده‌مزانى ئاوات لێ دێت، تۆم هه‌ر له‌و ئه‌ڵمانیا‌دا داده‌نا تا بمێنیته‌وه‌. غه‌ریببوونمان له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌زاران جار باشتر بوو له‌ غه‌ریببوونمان له‌نێو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت“.


بۆ من ئه‌ڵمانیا خه‌یاڵێكى له‌ده‌ستچوو بوو. به‌و هیوایه‌وه‌ گه‌وره‌ بووم، كه‌ ڕۆژێك بۆ ئه‌وێنده‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌. هه‌ر جاره‌ی ده‌مویست بۆ ئه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌، شتێك ڕێگه‌ى لێ ده‌گرتم و نه‌یده‌هێشت بگه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام ئیتر چاره‌نووس منى به‌ره‌و ڕێگایه‌كى تر برد. له‌ هه‌رزه‌كاریمدا دیوارێكى بڵندیان له‌نێوان من و ئه‌م هیوایه‌م كێشا.


شۆڕش كرا و هه‌ر ئه‌مه‌ش ئاواتێكى به‌دیهاتووى له‌ مندا چه‌كه‌ره‌ پێ دا. توونسی دوای شۆڕش له‌ دۆرتمۆند و ئه‌ڵمانیا و شاره‌كانى تر جوانتر و ڕازاوه‌تر ده‌هاته‌ به‌رچاو.


دوای قۆناغی بەندكردنم، بیرى گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ئه‌ڵمانیا به‌ته‌واوى له‌بیر كرد، چونكه‌ خه‌یاڵێكى ترم له‌ زه‌ینمدا بنیات نابوو، خه‌یاڵى كۆچكردن بۆ شام. له‌ زه‌ینى مندا شام بووبووه‌ ئه‌ڵمانیایه‌كى ڕاسته‌قینه‌.


به ‌هه‌رحاڵ، نابێت ئه‌وه‌ له‌بیری خۆم به‌رمه‌وه‌، پێنج ساڵی جوانى ژیانم له‌وێ برده‌ سه‌ر و پاشان خێزانه‌كه‌مان هێدى هێدى به‌ره‌و توونس گه‌ڕانه‌وه‌. دایكم منى له‌ یه‌كێك له‌ باخچه‌ ساواكانى نابل تۆمار كرد. هێشتا ناوى ئه‌و باخچه‌یه‌، كه‌ به‌ناوى ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی ناو نرابوو، له‌بیرمه‌. باخچه‌ى ساوایانى (مادام اتیه‌)، كه‌ یه‌كه‌مین بیره‌وه‌رییه‌كانى جوانى ژیانمى خوڵقاند، به‌ دڵ خۆشم ده‌ویست.