کەس هێندەی کورد تەنیا نییە

 

ئێستا روون بووەته‌وه‌، بۆچى ریفراندۆم نه‌گه‌یشته‌ دوا ئامانجى خۆی، له‌وه‌ش روونتتر بووەته‌وه‌، بۆ ناتوانین له‌م عه‌یامى جیهانه‌دا ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت، ئه‌وه‌ى له‌ رۆژئاوای کوردستان رووی دا و ئه‌وه‌ى پێشتر له‌ باشووری كوردستاندا كرا و ئه‌وه‌ى له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان روو ده‌دات و ئه‌وه‌ى له‌ باكوور رووی داوه‌، یه‌ك رسته‌ى تۆخ كرده‌وە، ”سه‌د ساڵە كورد ته‌نیایه‌“، له‌ هه‌ندێك قۆناغدا به‌كار ده‌هێنرێن نه‌ك به‌كاربه‌ر بین، له‌ هه‌ندێ قۆناغیشدا ده‌مانخه‌نه‌وه‌ ناو قۆزاغه‌یه‌كى بچووك‌ و به‌ هه‌موو چه‌كێكى بچووك و گه‌وره‌ی مادى و مه‌عنه‌وى له‌ناومان ده‌به‌ن.


ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات، ئێستا هه‌ڵه‌ى سیاسی نییه‌، به‌ڵكوو پشتتێكردنى زه‌به‌لاحێكى وه‌ك ئه‌مه‌ریكایه‌، كه‌ پشت ده‌كاته‌ هه‌موو مه‌له‌فێكى كورد، هه‌ر له‌ ریفراندۆمه‌وه‌ بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئه‌وه‌ى بەدکارێکی وه‌كوو ترامپ جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌مه‌ ده‌ربڕینێكى (بوب وودورد)ه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌مه‌ریكا هه‌مان ئه‌و سییناریۆیه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵى 1991 به‌رامبه‌ر كوردستان جێبه‌جێی كرد، مێژوو پێمان ده‌ڵێت، ڕووكردنه‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌میشه‌ هه‌ڵە ‌بووه‌، ئه‌وه‌ى نسكۆى ساڵى 1975 هێنا ئه‌مه‌ریكا بوو، ئه‌وه‌ى ڕاپه‌ڕینى كوردستانى باشوورى خسته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا بوو ساڵى 1991، ئه‌وه‌ى تا ئێستا نایه‌وێت كورد خاوه‌نى كیانى خۆی بێت، زۆربه‌ى ئه‌مه‌ریكایه‌، ئه‌وه‌ى هاوكار بوو بۆ مانه‌وه‌ى ناوچه‌ى دژه‌فڕین، كه‌ بمێنێته‌وە فه‌ره‌نسا بوو ساڵى 1991. كه‌واته‌ هه‌موو به‌جێهیشتنه‌كانى له‌به‌رده‌م گورگه‌كانى (ئه‌نقه‌ره‌ و تاران‌ و دیمه‌شق‌ و به‌غدا) ئه‌مه‌ریكا بوو. له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێت سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كورد بە ئه‌زموونى چه‌ندین ساڵه‌ى، هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا به‌هه‌ند وه‌ربگرێت. میحوه‌رى تازه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانى كورد، كه‌ ئاسانتر ده‌توانێت یاریى تێدا بكات ئه‌وه‌یه‌، ئه‌زموون وه‌ربگرێت‌ و بڕیار بدات به‌ دۆستایه‌تیى تازه‌ى ئێران‌ و رووسیا، كه‌ گرنگه‌ بۆ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانى خۆی. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌مه‌ریكا یه‌كلابووه‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ كوردى له‌ نیوه‌ى رێگا به‌جێ هیشتووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت كاتى بێت كه‌ رێگایه‌كى تر له‌ده‌رەوه‌ى ئه‌م نائه‌خلاقییه‌ سیاسییه‌ى ئه‌مه‌ریكا دیار بكرێت. ئینجا بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ باسی شكستى ریفراندۆم ده‌كه‌ن، خۆ له‌ رۆژئاوای کوردستان ریفراندۆم نه‌كرا، ئه‌وه‌ جیهانه‌ وا بڕیار ئه‌دات، كه‌ كورد سنوورى بۆ دابنرێت، ئه‌و سنووره‌ى ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌ ڕووى ئازادى‌ و نه‌ته‌وه‌یى بۆی، نه‌ك خۆمان بڕیار بده‌ین.