فەرهاد زیرەک.. زمانی عاشیقە لار و پتەکانی کورد

 

ساڵی دوو هەزار و یەکی عیساییە، هەوادارە سەرمەستەکانی ستران و مەقامات، هابەی پاشای قۆریات "خۆریات”یان داوەتی هەولێرێ کردووە. مەجلیسێکی عاسمانییە، هەر هێندە بە تیلەچاوێ ئاوڕێ دەدەیەوە، یەکێک دەگەڵ دەنگە ئەفسووناوییەکەی هابە، بە قۆریاتە جەرگبڕەکانی، خەیاڵی لە شەقەی باڵانی داوە و بەرەو حەوت تەبەقەی ئاسمان هەڵفڕیوە و لە زەوی نەماوە.


هابە، خەریکە بە وەستایی و لێهاتوویی لە قۆریاتی تورکمانی، لەخۆبایی بێت و لە خۆی بگۆڕێت. ناحەقیشی نییە، ئاخەر یەکدوو سترانبێژ دەگەڵی دانیشتوون، وەلێ دەنگ و تۆنی ئەوان شان لە شانی دەنگی وی نادەن. ئەوە (وسف)یش بەدیار کەوت، خوا هەڵناگرێ یووسفی کوردستانی، ئەویش قوڕگێکی عەجایبی لەبن کەلەسەریدایە. بەڵام، دەرناینی، وەسفیش دەرەقەتی تەبەقەی هابەی نایەت. تەحۆ بەخۆی و ماتۆڕەکەیەوە، گڤەی لێوە هات و دەرپەڕی. قیچێک نییە ڕۆییوە، کێڕا دەنگی ماتۆڕی تەحەی هاتەوە. لەهیکڕا خۆی و فەرە بەدەر کەوتنەوە. بەو دوو هەزارەی، زەمانی قاتوقڕی، ئەمەی ڕەشوڕووت مۆبایلمان لە کێ بوو، تا تەلەفۆنی بۆ بکەین، ئیدی تەحۆ ناچارە بە ماتۆرسکیلەکەی خۆی فەرهاد بهێنێت.


هەڵا هەڵا، بەدەر کەوت موسلیم بەبەی کوردان. هابە پشییەکی هاتیتەوە بەرێ، لۆ نا بابم! دڵی خۆشە هاوشانێکی خۆی کەوتووەتەوە لاشانێکی. سوارچاک لە مەیدان، حەز دەکات ئەوەی پێشبڕکێی دەگەڵ دەکات، سوار بی و مەکر و حیلان بەلەد بێت. مەیدانی هونەری مەقامیش، هەر وەهایە ئیدی.


 میوزیک ڕۆیی، هێدی هێدی حەشرکردن بە سترانان لە یەکدی وەردەگرنەوە، لە مەقامی بەیات، فەرهاد بە کوردی و هابە بە تورکی، بە هەستان وەرامی یەکتر دەدەنەوە. هابە لە تۆقەڵانی کێوی تەبەقەیە، قسە دەسەر وەی نییە، بەران بە خۆشی بێ یان ترشی، فەرهاد زیرەک وا ئەوی تێ پەڕاندووە و گەییوەتە بەندەن و ترۆپکی چیای تۆن و تەبەقەی قوڕگان. 


ئەوە سترانبێژن ئەو دینسزانە یان جادووکەر؟ دەگەڵ هەر (ئەی فەلەک) و (ئەی نەنەم نەنەم)ێکیان، فریزەکەی بنیان لەبنڕا هەڵقەڕاندووە، کەچی عەردەکەیش هەر نەرمە. گڕیان لە درەختەکانی دەوروبەریان بەرداوە، کەسیش هەست بە گەرمایی ئاگر ناکات. بتڵی سەرمێز دەستیان بە سەما کردووە، ئامادەبووان لەجێی بتڵەکان لەجێی خۆیان ڕەق بوونەتەوە. عاشیقە لار و پتەکانی شار هەموو دەوریان داوین، دەست بۆ زمانی فەرە درێژ دەکەن و تێمان دەگەیەنن، کە دەڵێن ئەو زمانە، زمانی مەی لاروپتە. سوڵتان مزەفەر لە گۆڕەکەی قیت بووەتەوە، بەدیار فەرە و هابەوە، فرمێسکی غەریبیکردنی ئێربیل لەسەر گۆنا پڕەکانی دەسڕێتەوە. عەشتار وازی لە خوایەتیی هێناوە، وەک بەندەیەکی موخڵیس، لەبەریان دەپاڕێتەوە زێتر و زیاتر دڵی ئەو خەڵکە کەللەڕەقەم بۆ نەرم کەنەوە و نەوەستن. 


حەزرەتی جوبرائیل دابەزیوە، منداڵان فریشتان دەبینن، منیش منداڵم، جوبرائیلم لێوە دیارە. ها خارە جوبرائیل گیان، کووە ڕێت بەو خەراباتخانەیە کەوتووە؟


ـ "کە هابە دەیچڕی، حەتا تەبەقەی حەفتەم، دەنگەکەی سەدای دەدایەوە، وەلێ کە فەرە گەیشتێ، ئەمەشی تێپەڕاند، سەدای دەنگی زیرەکی، گەییە بن عەڕشی و فیردەوسی ئەعلای هەژاندەوە .. فەرمان ئێزدانم وێیە، بێم بزانم چ باسە" .. 


ـ خارە جۆبرائیل، دە ئەوە زانیت چ باسە، هەڕۆوە سەرێ، خەبەران بنێرەوە.. 


+ "زۆر سەهووی کوڕم، هێوەڕوو، تازە کەتیمە جەو و نەشعە، لێم گەڕێ، منیش نەختێ گڕ لە هەناوی پڕ لە غوربەتم بدەم".


ئای لەوە، ئەویش خۆی لەبیر کردووە! ج ب ر ا ئ ی ل ۆ خۆی دەبیر کردووە، هابە خۆی وەبیر هاتەوە، هەموو دەمارەکانی وشک هەڵگەڕاون، تەنیا تاکە دەمارە دێرینە کوردییەکەی، بە ئیش کەوتەوە. جا چتۆ ئیشکردنێک، خوێنی هەموو دەمارەکانی دیکەی، دەنێو ئەو دەماری خڕ بوونەتەوە. پاڵدە پاڵدە قوڕگی "جانم سەن"ی سەرکۆپلەی قۆریات ڕۆییوە، ئاگایشی دەخۆی نییە وا "ئای دەردت چەند گرانە زەمانە" بە کوردی دەچڕێت، دەمارە کوردبوونەکەی گرژ بووەتەوە. فەرەش بە "با بڕووخێ دەورانت ئەی زەمانە" هەستانەکەی لێ وەرگرتەوە. هەموو لەخۆ چوونە، هەر من و حەزرەتی ج و ب ر ا ئ ی ل ۆ نەبێ. 


"بیلا مەست نیمە 
نامەوێ مامۆستا فیز و شانازی بکەمەوە 
دەمەوێ لەبەر سێبەری دارێ
 تێ بگەم سێبەرم
 بۆ هەموو کەسێ بڕواتەوە". 


ج و ب ر ا ئ ی ل ۆ ڕووی لە فەرە نا:
"من غەشیم نیمە، بەشەری خوای لەو شارەی هۆشی لەبەر نەماوە"، بەڵام، فەرهاد ئەو نابینێت. لەو قسانەداین، وا هەموو بە هۆش هاتوونەتەوە. هەر یەکەو لە ڕاست خۆیەوە وەک فڕفڕۆکە بەدەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە و چاوی دەسڕێتەوە: "کا، کەینێ دەچینە بەهەشت؟".


 ج وب ر ا ئ ی ل ی ش ئایەخ بووەتەوە، بە دزی هاتووەتە بناگوێی منەوە و دەڵێت: "دەگەڕێمەوە سەرێ، ئەو جارە لەجیاتی ئەوە لەسەرەوە پەیام بۆ خوارەوە بهێنم، پەیامێک بۆ سەرەوە دەبەمەوە. پەیامێک دەگەیەنمەوە ئاسمان، حەفت تەبەقەی ئاسمان دەبڕم تا بە عەڕشی ئێزدان نەگەم ڕاناوەستم، بە ئاسمان ڕادەگەیەنم، کاتێ دوو قوڕگی برینداری کورد بە یەک دەگەن، چ حەشر و مەحشەرێک لەسەر ڕووی زەوی بەرپا دەکەن، پێیان دەڵێم کووکوویی لەسەر عەردێ حەشرم بە چاوی خۆم دیت".


ڕووی لە من ناوە: "چکۆڵە، بەر لە چوونەوە، داخوە ئەتووش چت نییە دەگەڵە خۆمی بەرز کەمەوە"، دەستم دەنێو گیرفانم ناوە، دەمەوێ قەڵەمە شکایەکمی پیشان دەم، کە دوێنێ دەگەڵ نووسینی فەریکەشیعرێکی مێرمنداڵانەم دەرزی کەوتیتێ.
خوا لێی خۆش بێت، لێم وەرناگرێ و وا باڵەکانیشی دەجووڵێنێتەوە و بەرەو ئاسمان هەڵدەفڕێتەوە. هەڵفڕییەوە. هەڵفڕییەوە، زیکرایەتی دوو قوڕگی برینداری بردەوە عاسمانێ، قەڵەمێکی شکاوی کوڕە کوردێکیشی بەجێ هێشت.


 با هەر لێم وەرنەگرێت، چ باکم نییە. چوار خواوەندمان لەسەر قەڵات هەن، ئەو نا ئەوانە! ڕۆژێ هەر دێ یەکێکیان ببن بە برینپێچی قەڵەمە شکاوەکەم، نەخاسمە خواوەندە میهرەبانەکە، خاتوو عەشتاری نازدار و خۆشەویستی قەڵات.