كێشه‌ سێكسييه‌كانى نێوان ژن و پياو

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

جۆره‌ها كێشه‌ له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسیى نێوان ژن و پياودا هه‌يه‌. هه‌ندێكيان كێشه‌ نين، به‌ڵام په‌يوه‌ندييان به‌ سروشت و خه‌سڵه‌تى ئه‌و دوو كه‌سه‌وه‌ هه‌يه‌، كه‌ مه‌رج نييه‌ پێكه‌وه‌ بگونجێن. بۆ نموونه‌، كێشه‌ى خاووخليچكى، يان په‌له‌په‌لكردن له‌م په‌يوه‌ندييه‌دا. هه‌ندێ كه‌س به‌ لايه‌وه‌ دڵخوازتره‌، كه‌ له‌سه‌رخۆ و به‌شێنه‌يى ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ده‌شێ ئه‌م ئارامييه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى په‌يوه‌ندييه‌كه‌دا به‌ دڵى هاوبه‌شه‌كه‌ى نه‌بێ و ته‌نانه‌ت وا بزانێ، كه‌ كێشه‌ى له‌ توانست، يان حه‌ز و ئاره‌زوودا هه‌يه‌. لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێ له‌و كێشانه‌ ده‌ده‌ين.

پ: ئايا زوو ته‌واوبوونى پياو له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسيدا كێشه‌يه؟
و: له‌ڕاستيدا ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك كێشه‌ نييه‌. هه‌ندێ جار په‌يوه‌ندیى به‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ هه‌يه‌، به‌ زۆرى له‌ بيسته‌كانى ته‌مه‌ندا و له‌ سه‌ره‌تاى په‌يوه‌ندیى هاوسه‌رێتى، پياو به‌ زۆرى ڕانه‌هاتووه‌، كه‌ كۆنترۆڵى خۆى بكات و كاتى ته‌واو به‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى بدات، تا ئه‌ويش چێژ ببينێت، يان ئاماده‌ بێت بۆ ئه‌و ته‌واوبوونه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر جار ئه‌م حاڵه‌ته‌ كێشه‌ له‌نێوان هاوبه‌شه‌كاندا دروست ده‌كات، كه‌ زياتر په‌يوه‌ندیى به‌ هۆكارى فسيۆلۆژيى جه‌سته‌وه‌ هه‌يه‌، نه‌ك لايه‌نى سۆزدارى و ده‌روونى.

پ: ئه‌ى دره‌نگ ئاماده‌بوونى ژن بۆ په‌يوه‌ندیى سێكسى، ئه‌ويش كێشه‌يه‌؟
و: ئه‌مه‌ش هيچ كێشه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه‌ نانوێنێ، چونكه‌ ژن به‌ سروشتى خۆى دره‌نگتر ئاره‌زووى بۆ په‌يوه‌ندیى سێكسى ده‌جووڵێ و كاتێكى ده‌وێ تا له‌ ڕووى ده‌روونى و جه‌سته‌ييشه‌وه‌ ئاماده‌ بێت. ئه‌مه‌ش زۆرجار پياو جاڕس ده‌كات و هاوبه‌شه‌كه‌ى به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، كه‌ هيچ ئاره‌زوويه‌كى بۆ په‌يوه‌ندیى سێكسى نييه‌.

پ: ئه‌ى كه‌واته‌ ده‌بێ ژن و پياو چى بكه‌ن، تا له كێشه‌ى كات له‌م په‌يوه‌ندييه‌دا به‌دوور بن؟
و: ئه‌وه‌ى له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسيدا گرنگه‌، چۆنێتیى ڕوانينه‌ بۆى. ئه‌گه‌ر وه‌ك بابه‌تێكى جه‌سته‌يى ڕووت لێى بڕوانين، ئه‌وا كات ده‌بێت به‌ كێشه‌، ئيدى زوو ته‌واوبوونى پياو بێت، يان دره‌نگ ئاماده‌بوونى ژن بێت، به‌ڵام كاتێ سێكس وه‌ك په‌يوه‌ندييه‌كى سۆزدارى و جه‌سته‌يى ته‌ماشا ده‌كرێ، به‌ واتايه‌كى ديكه‌، كاتێك ژن و پياو له‌به‌ر ئه‌وه‌ په‌يوه‌ندیى سێكسى ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ ڕووى سۆزدارييه‌وه‌ يه‌كدييان خۆش ده‌وێ و به‌ دڵ يه‌كيان ده‌وێ، ئه‌وا به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك كات نابێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م چێژبينينیان له‌ يه‌كدى. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر به ڕاستى يه‌كێكيان كێشه‌يه‌كيشى هه‌بێت.
په‌يوه‌ندیى سێكس بابه‌تێكى هه‌ستياره‌ له‌نێوان ژن و پياودا، پێويستى به‌ تێگه‌يشتن و ئارامی هه‌يه‌ له‌ لايه‌ن هه‌ردووكيانه‌وه‌، وێڕاى فاكته‌رى ڕاهاتن و ناسينى يه‌كدى. ئه‌گه‌ر ژن و پياو يه‌كدييان بوێت، ئه‌وا به‌ئاسانى به‌ هه‌موو خاڵه‌ لاواز و به‌هێزه‌كانى يه‌كدى، هه‌روه‌ها هه‌موو بابه‌ته چێژبه‌خش و وه‌ڕسكه‌ره‌كانى يه‌كدى ئاشنا ده‌بن.

پ: بۆچى هه‌موو كاتێ ژن و پياو ناتوانن چێژ له‌ سێكس ببينن؟
و: وه‌ك گوتمان سێكس په‌يوه‌ندييه‌كى به‌تينى به‌ لايه‌نى ده‌روونييه‌وه‌ هه‌يه‌، هه‌روه‌ها مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكى ژيره‌ و له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر جياوازه‌. هه‌موو ئاژه‌ڵان -به‌ لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى، كه‌ تاقيكردنه‌وه‌يان له‌سه‌ر كراوه‌ - چێژ له‌ په‌يوه‌ندیى سێكسى ده‌بينن، چونكه‌ ئه‌وان هيچ جۆره‌ ژيرێتيیه‌كيان نييه‌ تا به‌رامبه‌ر هيچ بابه‌تێ، كه‌ په‌يوه‌ندیى به‌ سێكسه‌وه‌ هه‌يه‌ نائارام بن، به‌ واتايه‌كى ديكه‌، ته‌نيا جه‌سته‌يان‌ له‌و كاته‌دا كار ده‌كات. هه‌رچى مرۆڤه‌ ده‌شێ له‌ كاتى ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌دا بير له‌ چه‌نده‌ها شتى ديكه‌ بكاته‌وه‌، بۆ نموونه‌، ده‌شێ پياو خه‌ياڵى لاى ئه‌وه‌ بێت، چۆن بتوانێ به‌وپه‌ڕى توانسته‌وه‌ په‌يوه‌ندييه‌كه‌ ئه‌نجام بدات و پياوه‌تیى خۆى بسه‌لمێنێ. له‌م باره‌دا ده‌شێ ئه‌م بيركردنه‌وه‌يه‌ واى لێ بكات، به‌خێرايى په‌يوه‌ندييه‌كه‌ ته‌واو بكات، نه‌كا شكست بێنێ، يان ده‌شێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌وه‌ى كه‌ نه‌توانێ به‌ باشى ئه‌و كاره‌ بكات واى لێ بكات، كه‌ ئاره‌زووى نه‌مێنێ و جه‌سته‌ى خاو بێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى بگاته‌ قۆناغى ته‌واوبوون و ئۆرگازم.

پ: ئه‌ى چى باشه‌ تا له‌م كێشانه‌ به‌دوور بيت؟
و: تێگه‌يشتن و ويستنى يه‌ك به‌ بناغه‌ى په‌يوه‌ندیى سێكسى داده‌نرێ. پاشان ئاشنابوون به‌ يه‌ك و دۆزينه‌وه‌ى شێواز و با‌به‌ته‌كانى، كه‌ هه‌ريه‌كه‌يان به‌ لايه‌وه‌ چێژبه‌خشه‌. ئينجا سه‌برگرتن و كاتبه‌خشين به‌ يه‌كدى. به‌ شێوه‌يه‌كى گشتى، ژن زياتر له‌ پياو پێويستى به‌ كاته‌، بۆ ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ ئاماده‌ بێت، پياويش به‌ سروشتى خۆى ده‌يه‌وێ وه‌ك هه‌ر شتێكى ديكه‌ ده‌موده‌ست كاره‌كه‌ى ته‌واو بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێويسته‌ هه‌ردوو لا له‌م ڕوه‌وه‌ ڕه‌چاوى تايبه‌تمه‌ندێتیى سروشت و مۆركى يه‌كدى بكه‌ن.
به‌ گشتى ده‌كرێ ئه‌م خاڵانه‌ ڕۆڵيان هه‌بێ له‌م په‌يوه‌ندييه‌دا:
- ته‌ندروستى، شێوازى ژيان، خواردن و خه‌وتن، هه‌موويان كاريگه‌ريیان ده‌بێ له‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌دا. بۆ نموونه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ى ته‌ندروستيیان هه‌يه‌ - هه‌ر كێشه‌يه‌ك بێت - به‌ گشتى له‌ زۆر چێژ و چالاكى ژيان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، سێكس يه‌كێكه‌ له‌و شتانه‌. چونكه‌ هيچ حه‌وسه‌ڵه‌يه‌كيان نابێ، يان بارى ته‌ندروستیيان، بۆ نموونه‌، هه‌ستكردن به‌ ئازار له‌ شوێنێكى له‌شياندا، ده‌بێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پراكتيزه‌كردنى ئه‌و په‌يوه‌ندييه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى سروشتى.
- له‌به‌رئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌یشى‌ ته‌واو دروسته‌. خواردنى باش و ئه‌نجامدانى وه‌رزش يارمه‌تیى ئه‌م په‌يوه‌ندييه‌ ده‌ده‌ن، تا به‌ شێوه‌يه‌كى باشتر به‌ڕێوه‌ بچێ. چه‌نده‌ ماسولكه‌كانى ناوچه‌ى حه‌وز به‌هێزتر بن، هێنده‌ زياتر چێژ له‌ سێكس ده‌بينرێ.
- هه‌روه‌ها بارى ده‌روونى و فاكته‌رى سۆزدارى له‌ په‌يوه‌ندیى نێوان ژن و پياودا به‌ بناغه‌ى په‌يوه‌ندیى سيكسى داده‌نرێ.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.