چیرۆكی پێغەمبەران یان چیرۆكە نەمرەكان

37

حیكمەت لە سادەییدا
{دوای ئەوەی ئیسحاق لە داواكردنی بەرەكەت بووەوە بۆ یاقووب، یاقووب لە لای ئیسحاقی باوكی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەكە هاتەوە. ئەویش خواردنی ئامادە كرد و بۆ باوكی بردە ژوورەوە، بە باوكی گوت:
- باوكە هەستە لە ڕاوی كوڕەكەت بخۆ، تاكوو داوای بەرەكەتم بۆ بكەی}.
(ئیسحاقی باوكی پێی گوت:
- تۆ كێیت؟
ئەویش گوتی:
- من كوڕە نۆبەرەكەی خۆتم، عیسۆ. پەیدابوون، ٢٧}.
عیسۆ سادەیە، بیر لە پیلان و فێڵ ناكاتەوە، بەتایبەتی لە ماڵ و سێبەری پێغەمبەردا، كە لە هەمان كاتدا باوكیشیەتی. ئەو ناردوویەتی بۆ ڕاوكردن، تا نێچیری بۆ بێنێ. ئومێدی بەرەكەتداركردن و پیرۆزكردنی هەیە. ئەوەش بە مافی خۆی دەزانێ. ئەو باوەڕی بە بەڵێن و نیازی ئیسحاق هەیە. ئەو تاكە كەسە لە (قەدەر) بێ خەبەرە.

ئەو دەستانەی دژی عیسۆن
- قەدەر، ئەو قەدەرەی لە یەكەم چركەی لەدایكبوونییەوە بۆی كێشراوە. ئەو گەورەترە،
گەورەكە دەبێتە خزمەتكاری بچووكەكەیان. عیسۆ بۆیە گەورەترە، تەنیا بۆ ئەوەی ببێتە خزمەتكار. واتا عیسۆ تەنیا خزمەتكاری لە برا گەورەیی دەستكەوتووە. لە قەدەردا ڕۆڵی تەنیا ڕاكردنە بەرەو چارەنووسە ڕەسمکراوەكەی.
- ڕڤقە: دەكرێ ئەوە بابەتێكی سەربەخۆ بێت، بەناوی (ڕۆڵی ژن لە ئایینەكاندا) یان (خیانەتی ژن لە تەوراتدا) یان (ژن تەنیا بۆ هەڵە خولقاوە).
حەوا، ئادەم بە هەڵە دەبات و سێو یان لە درەختی مەعریفەی دەرخوارد دەدات، كە ئەوەش بەدرێژایی مێژووی ئەفسانەكان بە گەورەترین سەرپێچیی دانراوە. هەڵەیەك، كە سزاكەی تا دنیا هەیە بەردەوامە. هەڵەیەك، كە كوڕەكانی ئادەم و نەوەی نەوەی، هەموو مرۆڤایەتی سزاكەی دەكێشێ، سزایەك كە تەواو نابێ. وێنەیەكی چەند بێ ئومێدانەیە، وێنەیەكی چەند خەمناكە ”دنیا بە هەموو جوانی و ناشیرینییەكانیەوە تەنیا سزای هەڵەیەكە، كە یەكەم مەخلووق كردوویەتی“.
هەڵەی دووەم كە ژن دەیكات، ژنەكەی لووتە، چیرۆكی لووت تەنیا وانەیەكە بۆ ڕیسواكردنی نێربازی، دەتوانم بڵێم ”لووت بەدبەخترین پێغەمبەرە، سەرزەوی بەخۆیەوە دیبێ“. لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان لەو چیرۆكەشدا بە لاواز نیشاندانی ئافرەتی فەرامۆش نەكردووە. یان سەرەڕای ئەوەی، كە ئەو چیرۆكە چیرۆكی ڕیسواكردنی نێربازییە، كە دەشێ ژن هاوكار و هاودەست بێت، بە ئەدگاری لەبیرنەكراو یاد بكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو چیرۆكەش بۆ لاواز پیشاندانی ژن و كەتنەكانی دەگێڕدرێتەوە. ئەویش تەنیا لە یەك ڕووەوە نا، بەڵكوو لە دوو ڕووەوە. یەكەمیان كاتێك یەزدان هەمووان ئاگادار دەكاتەوە، كە ئاوەڕ نەدەنەوە و سەیری سووتانی شاری سەدۆم و عاموودا نەكەن، تا ئاگربارانی شارەكە لەلایەن یەزدانەوە نەبینن. هەمووان پابەند دەبن و خۆیان ڕادەگرن، تەنیا ژنەكەی لووت خۆی پێ ڕاناگیرێ و ئاوەڕ دەداتەوە، تا ئاگرباران و وێرانكردنەكە ببینێ.
خوداش سزای دەدات و دەیكاتە كۆمێك یان پایەیەك لە خوێ. ئەوەش لێكدانەوەی ئەفسانەیی خۆی هەیە. دوو كچەكەیشی ئەو ئابڕووچوونە ئەخلاقییەی گەلەكەی لووت، بە هەل دەزانن و دەچن لەگەڵ باوكیان جووت دەبن. واتا كە هەرتك شارەكە لەسەر نێربازی سزادرابن، كە نەنگییەكی نێرینەكانە، ئەوەتا كچەكان لەگەڵ باوكیان دەنوون.
ئەگەر بەسەر چەند وردە هەڵەیەكی دیكەی ژندا باز بدەین، ئەوە هەڵە و خیانەتكاری ڕڤقە دەبێتە سێیەمیان. ئایا ژن هەروا خیانەتكارن؟ تا هەمیشە و لە هەموو چیرۆكێكدا وەك فێڵباز و مەكركەر و خیانەتكار، خەنجەری پشت پەردە پیشان بدرێن.
ئەوەی خوێنەر چاوەڕێی دەكات، دیوی فكری ڕووداوەكان نییە، بەڵكوو دیوی درامییەتی. ئەوە سیحری چیرۆكی پێغەمبەرانە، تەنیا دەمانەوێ بزانین عیسۆ خیانەتەكە چۆن دەبیستێ؟ فێڵی دایك و براكەی بۆ دەردەكەوێ؟ عیسۆ چی دەكات، كە دەزانێ یاقووبی برای بەرەكەتەكەی لێ دزیوە؟ یان ئایا ئیسحاق ڕاستییەكەی بۆ دەردەكەوێت؟ چی دەكات كە زانی بە هەڵە بەرەكەتەكەی داوەتە یاقووب؟
ئەو نۆرەبڕییە چ ئاكامێكی لێ دەكەوێتەوە؟ ئەوە زۆر گرنكە لە دیوە درامییەكەیدا، ئاشكرابوونی ڕڤقەیە، ئیسحاقی مێردی، عیسۆی كوڕی چی دەكەن، گەر زانییان خیانەتی لێ كردوون؟ لە هەمووشی كاریگەرتر، یاقووب چۆن بەرگری لە خۆی دەكات؟ چۆن خۆی دەپارێزێ؟ لەوانەش گرنگتر، خودا چ بڕیارێك بەسەر خیانەتكاراندا دەدات؟
{ئیسحاقی باوكیشی پێی گوت:
- تۆ كێیت؟
- من كوڕە نۆبەرەكەی خۆتم، عیسۆ.
ئیتر ئیسحاق لەرزینێكی زۆر توند لەرزی و گوتی:
- ئەی كێ بوو ئەوەی نێچیرێكی ڕاو كردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەكەتیشم بۆ كرد، هەروەها بەرەكەتداریش دەبێت. پەیدابوون، ٢٧}.
دەركەوتنی ڕاستی، دەركەوتنی تەواوی پیلانەكە لە یەك وشەدا، ”عیسۆم“.
ئەی ئەو خواردنە كێ هێنای؟ ئیسحاقیش وەك ئێمەی خوێنەر دەپرسێ. ئەوە بەرنامەی پەسندی خودایە، هیچ هێزێك پێشی پێ ناگرێت. هەموو ئەوانەی دژیشی بن، هاوكارن لە سەرخستنی، بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن.
بەڵام ڕووداوەكان بە هێزێكی سەرنحڕاكێشەوە دەچنە پێشێ. ڕڤقە و یاقووب كاری خۆیان كردووە، عیسۆ و ئیسحاق بە فێڵەكەیان زانیوە. لە ڕووداوێكی ئاساییدا، چارەسەر زۆر ئاسانە. فێڵەكە ڕیسوا دەكرێت و فێڵكەرەكان سزا دەدرێن، بەڵام لە ئەفسانەدا هیچ شتێكی وا ڕوونادات، ئەوەی چاوەڕێ ناكەی ئەوە ڕوو دەدات. سیستەمی ئەفسانە چیرۆكەكە بۆ ئەو شوێنە دەبات، كە چیرۆك دەیەوێت، كە بەردەوامی و بەگەڕخستنی دنیاكەی خۆی پێویستی پێیەتی.

ئەفسانە پێویستی بە چییە؟
- ئەفسانە پەیڕەوی سیستەمی خۆی دەكات. هەر لەسەرەتاوە یەكێك لە گرنگترین یاساكانی ئەفسانەمان نووسییەوە. (لە ئەفسانەدا ئەوەی بەخشرا هەرگیز وەرناگیرێتەوە، ئەوە چۆن؟
- نموونەیەك، كاتێك ئەلێكس، كە چیرۆكەكەی بۆتە هەوێنی فیلمی (تڕۆی)، لەدایك دەبێت و دایكی زۆر دەترسێ دوژمنەكانی زیانی پێ بگەیەنن. دایكی لە خودای خوداكان داوا دەكات، كارێكی وا بكات، كە تیر كاری لێ نەكات، یان زەفەری پێ نەبردرێت. ئەوەیش ڕێگای دەدات بچێت و لە هادێس لە ئاوی ڕووباری ژیانی هەڵكێشێ. بەڵێ، لە ئاوی ژیانی هەڵدەكێشێ. تیر كاری تێناكات و كەس ناتوانێ هێزی ئەفسانەیی ئاوی ڕووباری ژیان لەناو بەرێ، هەتا خوداوەندەكانیش. دواتر هەر بۆ خۆیان نهێنییەك ئاشكرا دەكەن، كە بێ ئەوەی تەلیسمی ئاوی ڕووباری ژیان بەتاڵ بكەنەوە، زەفەری پێ ببرێت، ئەویش بەوەی كە تیر دەتوانێ تەنیا پاژنە پێی ببڕێ، چونكە لە كاتی نقوومكردنی لە ئاوی ژیاندا، دایكی پاژنەی پێی بەدەستەوە گرتووە، ئەو شوێنەش ئاوی پێنەكەوتووە، كەواتە تیر دەیبڕێ. هەر بەوەش دەمرێ. واتا كەس ناتوانێ توانای ئەفسانەیەك لە ئەلێكس وەرگرێتەوە. ئەلێكس تا ئێستا دەما، ئەگەر دایكی ئەو هەڵەیەی نەكردبا.
- ئیسحاقیش بە هەمان سیستەمی ئەفسانەیی كار دەكات. یان چیرۆك تا ئەو ڕۆژەی تەورات نووسراوەتەوە، لەژێر كاریگەریی لۆژیكی ئەفسانەدا كاری كردووە.
- ئیسحاق بەرەكەتەكەی دەبەخشێ، ئیسحاق بەرەكەتەكەی بەسەر یاقووبدا دەڕێژێ، بەڵام سیستەمی چیرۆكەكە هەرگیز ڕێگا نادات لێی وەرگیرێتەوە. هەتا ئیسحاقیش ناتوانێ جارێكی دیكە پیرۆزبوون، یان بەرەكەت لە یاقووب وەرگرێتەوە. ئەوەشم بۆیە ڕوون كردەوە، كە هیچ دەقێكی ئایینی، یان ئەفسانەیی لەبەر ڕۆشنایی بیركردنەوەی ئەمڕۆدا شی ناكرێتەوە، یان مانایەك نادات.
بۆیە ئیسحاق (دەلەرزێ) هیچ هەڵوێستێكی نابێ، كە سروشتی ئینسان داوای لێ دەكات. زۆر بەڕاشكاوی دەڵێت (داوای بەرەكەتیشم بۆ كرد و بەرەكەتداریش دەبێ) ئەو پاڵەوانێكی گوێڕایەڵی سیستەمی ئەفسانەیە. بەڵام ئێمە خولیای درێژەی ڕووداوەكانین.
{عیسۆ كە قسەكانی باوكی بیست هاواری كرد، هاوارێكی بەرز و زۆر خەمبار، بە باوكی گوت:
- باوكە دە داوای بەرەكەت بۆ منیش بكە!}
{بەڵام ئیسحاق گوتی:
- ئاخر براكەت بە فێڵبازای هات و بەرەكەتی تۆی برد.
عیسۆ گوتی:
- ئایا لەجێی خۆیدا نییە كە ناو نراوە ”یاقووب“، ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەكات، نۆبەرایەتییەكەی منی برد، وا ئێستا بەرەكەتەكەی منی برد.
عیسۆ جگە لە هاوار، هاوارێكی بەرز و خەمبار هیچی دیكەی لە دەست نادات، ئەو كەوتووەتە نێوان زیاد لە بەرداشێكەوە. ئەو قەدەرەی لە سكی دایكییەوە لەگەڵی هاتووە، بەرنامە و فێڵی یاقووب، نادادپەروەریی دایكی، باوكێكی پیر و نابینا، ئەوە سەرەڕای سادەییەكەی خۆی. دەبێ ئەوانە هەموویان هاوكار و ئامادە بن، تا عیسۆ بێومێد بكەن. دەبێ ئەوانە هەموویان پێكەوە بسازێن (لە ناكۆكیشدا) تا یاقووب ببێتە پێغەمبەر و گەورەی براكەی و خێزانەكەی.
ئێسحاق دەڵێ ”براكەت بە فێڵبازی هات و بەرەكەتەكەی تۆی برد. دیسانەوە عیسۆش هەمان پێناسە دەداتە براكەی “لەجێی خۆیدا نییە كە ناو نراوە یاقووب“ (یاقووب واتا پاژنە دەگرێت) مانایەكی مەجازییە، واتا هەڵدەخەڵەتێنێ.
دوو فێڵەكەی یاقووب تەواوكەری یەكترن، لە یەكەمیاندا نۆبەرایەتییەكەی لێ دەستێنێ و لە دووەمیاندا بەرەكەتەكەی.
{ئینجا گوتی:
- ئەی هیچ بەرەكەتێكت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟
ئینجا ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت:
- وا ئەوم كردووە بەسەروەری تۆ و هەموو كەس و كاریشیم داوەتێ، بۆ ئەوەی ببنە خزمەتكاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەڕابی نوێ پشتگیریم كردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بكەم كوڕم؟
عیسۆش بە باوكی گوت:
- ئایا تەنیا یەك بەرەكەتت هەیە؟ هەروەها بۆ منیش داوای بەرەكەت بكە باوكە. پەیدابوون}.
عیسۆ بەزینەكەی قبووڵ نییە، دەیەوێ باوەڕ نەكات، هەرچۆنێ بووە زیانەكەی قەرەبوو بكاتەوە. تا ئیسحاق ڕاستییەكەی پێ دەڵێت، بەبێ ئەوەی پێی بڵێ، كە بەرەكەت، بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی تەنیا یەكێكە و یەك جاریش دەدرێ، چارەنووسی خۆشی پێ دەڵێ:
{ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.
ئیسحاقی باوكی وەڵامی دایەوە:
- نشینگەكەت دوور لە دەوڵەمەندیی زەوییەوە دەبێت،
دوور لە شەونمی ئاسمان لەسەرەوە.
لەسەر شمشێرەكەت دەژیت و
دەبیتە خزمەتكاری براكەت.
بەڵام كاتێك سەركێش بوویت،
نیرەكەی دەشكێنێت، كە بە ملتەوەیە. پەیدابوون، ٢٧}.
ئەگەر تەورات بە كتێبی ئەزەلی دانێین، واتا كێشەی نێوان براكان، شەڕی براكان لە ئەزەلەوە وێنەی كێشراوە.
ڕاستە تا دابەشكردنی چارەنووسیش بەسەر كوڕەكانیدا، هێشتا ئیسحاق زیندووە، پیر و چاوكز لە چادرەكەیەوە، سەیری دنیایەك دەكات، كە بووەتە هی كوڕەكانی، كوڕەكانی كە بە دنیایەك كێشەوە دێن و بەسەر زەویدا دەسووڕێنەوە.
دیوی درامیی چیرۆكەكە ختووكەمان دەدات، ختووكەی ئەوەی، یاقووب و عیسۆ چۆن ڕووبەڕووی یەكدی دەبنەوە، گێژەڵووكەی خولیای دەسەڵات و تووڕەیی عیسۆ لە چ كە نارێك ئارام دەگرێ؟
ئەوەش چیرۆكێكی سەیرە، دەبێ سەر بەسەر تەوراتدا بگرین، تا ئەو گێژەڵووكەیە ببینین.