نووسین بە مەرجی رووتبوونەوە

11

 کڕیار
لە (کڕیار)دا، نووسەر ئاوڕ لە دیاردەیەک دەداتەوە، کە ڕووداوێک و دۆخێکی ڕاگوزەر و تیژتێپەڕی ژیانی ڕۆژانە نییە، بەڵکوو لە هەر چوارقوڕنەی دونیادا بە ملیۆنەها كچۆڵەی ناباڵق و ئافرەتی بەتەمەن، کە بە لەشفرۆش یان سۆزانی ناسراون، ڕووبەڕووی دەبنەوە. هەنووکە ئەو وشانەی لە ڕستەی پێشوودا بەکارمان هێنان، بە سووکایەتی لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام دەبێ بزانین کە ئەو خانمانە خۆیان قوربانیی دۆخی خراپی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەم دونیایەن، کە پڕە لە بێدادی و ستەم، قوربانیی ناو دونیایەکی سەرمایەداری و قازانج-ویستن، کە لەسەر حیسابی خەڵکانی بندەست و کەمدەرامەت بنیات نراوە.


لە ئەمڕۆکەدا بەو ژن و کچۆڵانەی لە بازاڕی هەوەسدا چاوەڕوانی کڕیارن دەگوترێت (کۆیلەی سپی) نەک لەشفرۆش، چونکە ئەو پیاوەی، کە گوایە لەشکڕە، دۆخی ئەویش لە هی لەشفرۆشەکە جوانتر نییە، دوا جار هەردووکیان قوربانیی هەمان دونیای شێواون. ئەوەش کارەساتێکی مرۆیی ناقۆڵایە و لە هەر حەوت کێشوەرەکەدا پیادە دەکرێت و لێرە و لەوێ، چ کەم و چ زۆر، وەک دیاردەیەک بەربڵاوە. ڕاپۆرتەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، کە قازانج و سوودی دارایی پیشەسازیی (پۆرنۆ) و بازاڕی (کۆیلە سپییەکان) لە قازانجی فرۆشتنی چەک و جبەخانەی جەنگ زۆرترە، بەتایبەتی لە هەنووکەدا، ئەوەش ئاماژەیە، کە جیهان بە گشتی لە دۆخی بێ مۆڕاڵی و داڕزانێکی ئەخلاقیی گەورەدا دەژی.


لە ژمارەیەک وڵاتانی دونیای زێدە پێشکەوتوودا، ئەم بازاڕی سێکسفرۆشییە بە ڕەوا دەبینرێت، بە بەڵگەی ئەوەی بە یاسا ڕێک خراوە و ژنەکان باج و خەراج دەدەن بە دەوڵەت، کە دیارە خودی وەها کارێکیش بە هەموو سیستماتیکی خۆیەوە گوزارشتە لە پشێویی پەیوەندییە مرۆییەکان، کە زادەی بێدادی و یەکسانی و جڤاتێکی ناتەندروستە، کە تیایدا زوو زووش پزیشکەکان چاودێریی ئەو خانمانە دەکەن، لە ترسی نەخۆشی و گواستنەوەی بۆ پیاوانی هەوەسکڕ.


دیارە لە ژمارەیەک لە وڵاتانی دونیاشدا قەدەغەیە و بگرە سزای لەسەرە، بەڵام بە دوو شێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت: یەکەمیان سزایەکی نامرۆیی و قێزەون، کە تیایدا پتر خانمەکان دەبن بە قوربانی و لە باری فیزیکی و ڕۆحییەوە ئازار دەچێژن و لە بەندیخانە هەرە ناخۆشەکاندا بۆ ساڵانێک توند دەکرێن. دووەمیان پتر دەچێتە خانەی چاکسازی و چارەسەری ڕۆحی و جەستەیی بۆ خانمانی گیرۆدە بەو دەردە!


(لۆنا) ئەو بازاڕە گەورەیەمان نیشان دەدات، کە تیایدا بنیادەمگەلێک ناچارن هەوەسفرۆش و شەهوەتبزوێن بن و لە مرۆڤەوە ببن بە شمەک و کوتاڵ و ئامراز و دەسکەلای پیاوگەلێک، کە ئەوانیش بۆ خۆیان بێ سۆز و هەست و خۆشەویستی هاتوونەتە پای تێرکردنی هەوەسێکی ڕاگوزەری. هەڵبەتە ئەو بازاڕە هەر لێرەیە و هەنووکە دونیای خۆمانە. نووسەر لەناو جوگرافیایەکی پەراوێزخراو و کەناری دونیادا، چیرۆکی کچێکی کلینکسفرۆش و دایکیمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە هەردووکیان ناچار بوون بۆ پارووەنانێک لەسەر شەقامەکان خۆیان هەڕاج بکەن. دایک و کچێک، کە ئەوەندەیان نییە تێر بە سکی خۆیان بخۆن، سەرباری ئەوەی کۆشێک منداڵی سەرکەوبنکەی دیکەشیان بەسەردا کەوتووە، کە وەک زەرنەقووتە چاوەڕوانن و زاریان کردووەتەوە تا دایکە و خوشکەکەیان، کە کەمێک هەراشترە، چەند پاروویەکی دیکەیان بۆ پەیدا بکەن، لەپێناو ئەوەی لە کەلاوەکەی خۆیاندا نەمرن. لەم دۆخەدا، خوشکی گەورە لە لایەن دایکەوە ناچار دەکرێت، کە ئیدی تەواو پرزەیان لێ بڕاوە و بۆ ئەوانی کەمدەست ژیان و نان دەچێتە ناو قوڕگی شێرەوە، کەواتە کچەی هێشتا ناباڵق، یان تازە باڵقبوو دەبێت بە بەردەباز و قوربانیی بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانێکی کولەمەرگی.


لە شەوێکی شوومدا ناچار دەکرێت کچێنیی خۆی، وەک تازە خونچەیەک لەناو چنگی پیرە پیاوێکدا بپروێنێت و هەڵیبوەرێنێت، هەر هەمووشی لەپێناو ئەوەدا، کە خوشک و براکانی دیکەی وەک ئەم نەکەونە سەر شەقام. دیارە لەمیانەی چیرۆکەکەدا دەزانین، کە باوکە نەماوە و چووەتەوە بەر قاپی خودا و دیوانی هەق، ژنەکەی و فەرزەندەکانی بەجێ هێشتووە، کە بە ملیۆنەها کەس وەک (حیکمەتێکی ئیلاهی) سەیری کۆی ئەم دراما ڕەشە دەکەن، نەک کارەساتێکی مرۆیی!


لە هەمووی کوشندەتر ئەوەیە، کە هیچکام لەو پیاوە سمێڵ بابڕ و ناوگەڵ برسییانە بایی ئەوندە جوامێر نابن، کە بپرسن کچێکی نەباڵق چۆن هاتووەتە پای دۆخێک، کە کام پیاوی ناجوامێر و بەدکار هەیە، لە هەموو دونیادا چارەنووسێکی وا قێزەون بۆ کچەکانی ناخوازێت.


ئەم چیرۆکە خەیاڵی من دەباتەوە بۆ ژێر سێبەری تاریکی ڕۆمانی (تاوان و سزا)ی دۆستۆیڤسکی، کە تیایدا (سۆنیا)ی خوشکە گەورە ناچارە بچێتە ناو بازاڕی لەشفرۆشییەوە و پیاوە نەوسنەکان تێر بکات. دیارە (مارمیلادۆڤ)ی باوک بەدمەست و گیرفان-بەتاڵە، سۆنیای بێدەرەتانیش دەبێ جوانیی خۆی بخاتە سەر سینییەک و وەک نوقڵ و نەبات بیفرۆشێت، بۆ ئەوەی هەموو خوشک و براکانی دیکەی ڕزگار بکات.


دیسانەوە ئەوەی دوای خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە یادەوەریی من تیژ دەکاتەوە و ئازارم دەدات، کارەساتباریی دونیای خۆمانە، کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروست بووە، کە گرووپە مافیا بێمروەتەکان، کە هەندێ لە دەسەڵاتدارەکانی لەپشتەوەیە و پەرە بەم بازاڕی هەوەسفرۆشییە دەدەن. چیرۆکەکە دەمگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژگاری دوای ڕووخاندنی (دیواری بێرلین) و داتەپینی (بلۆکی سۆشیالیزم) کە وای کرد تیاترۆخانەکانی ئاوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و ئوسترالیا، بە كچە نازدارەکانی سەر بە وڵاتانی بلۆکی سۆشیالیزم ئاوەدان ببنەوە، بەشێوەیەک، لەسەر سنووری ئەڵمانیای ڕۆژئاوادا کچانی ناباڵق و کوڕیژگە جوانکیلەکان، وەک هەر شمەکێک بە کەمترین پوول دەفرۆشران، پوولێک، کە هیچ پشیلە و سەگێکی گەڕیش نرخی وا کەم نەبوو.


دوا دیمەن، کە دەمانتاسێنێت، جوانی و پاکیی کچەی کلینیکسفرۆشە، کە لەسەر شەقامەکە و نزیک بە ترافیکەکە دەمودوو لە تەک پیاوێکدا دەکات، بەنیازی فرۆشتنی پاکەتێک کلینێکس، لێی دەپاڕێتەوە دانەیەکی لێ بکڕێت، لەو ساتەدا کچە بچکۆلەکەی خۆی لەتەنیشتەوەیە و لەگەڵ کچەی کلینێکسفرۆش بە خەندەیەکی شیرینەوە سەیری یەکتری دەکەن. کابرای ڕاوچی داوای شتێکی دیکە لە کچۆڵەی کلینێکسفرۆش دەکات، بەڵام ئەو هەرچەندە زێدە برسی و ڕەنجەڕۆشە، هێشتا ئامادە نابێت ببێت بە نێچیری باوکی کچۆڵەیەک، کە زەردەخەنە پاکەکەی پڕە لە هاوسۆزی و میهرێک، کە بۆ ئەو ڕۆژە تێری دەکات.