من لە رەقە بووم

23

به‌شی 14


هه‌ڵاتن له‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕ
دیسانه‌وه‌ بۆ ڕه‌قه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ و پشوویه‌كه‌م دا. دوای شكستى فڕۆكه‌خانه‌ى كویرس، ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ئه‌میرى یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانى، كه‌ له‌ جه‌نگدا شكستیان خواردبوو، له‌ ڕێگه‌ى گواستنه‌وه‌یان بۆ ئه‌رك و پێسپاردنى تر، سزا ده‌دا و ئه‌بوو ئه‌یووبی میسڕییش له‌ شێخه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، وه‌ك ئه‌میری گشتیى هێزه‌كانى سه‌یفوده‌وله‌ دیار كرا.


نزیكه‌ى هه‌فته‌یه‌ك دواى شه‌ڕی فڕۆكه‌خانه‌ى كویرس به‌ره‌و باره‌گاى یه‌كه‌كه‌مان چووم، تا مووچه‌ى مانگانه‌م، كه‌ بڕی په‌نجا دۆلارێك ده‌بوو، وه‌ربگرم، به‌ڵام كارمه‌نده‌ ئیدارییه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو مووچه‌كه‌م پێ بدات و ده‌یویست دیسانه‌وه‌ بۆ شه‌ڕ بگه‌ڕێمه‌وه‌. له‌دواییدا تێگه‌یشتم هه‌وڵى ئه‌م كارمه‌نده‌ بۆ نه‌دانى مووچه‌كه‌م به‌ فرمانى ئه‌بوومه‌روانى میسڕی بووه‌. هه‌وڵم دا ئه‌و كارمه‌نده‌ قه‌ناعه‌ت پێ بكه‌م، كه‌ بریندار بووم و پزیشك وای بەباش زانیوه‌ پشوو بده‌م. هه‌ر قسه‌ى خۆی ده‌كرده‌وه‌ و قبووڵى نه‌ده‌كرد. پێش ئه‌وه‌ى له‌ باره‌گاى هێزه‌كه‌كمان بێمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌وم گوت، به‌ ئه‌یووبی میسڕی بڵێت من چیدى ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ناو هێز و باره‌گا و پێویستیم به‌م پاره‌یه‌ى ئێوه‌ش نییه‌.


چه‌ند ڕۆژێكی تر به‌ره‌و باره‌گاى هێزه‌كه‌مان چووم و داوام كرد من به‌ره‌و به‌شی ئیداره‌، یان یه‌كه‌یه‌كى تر له‌ شارێكى تر بگوازنه‌وه‌. ئه‌و كارمه‌نده‌ هه‌مدیسانه‌وه‌ داواكه‌ى منیان ڕه‌ت كرده‌وه‌. ماوه‌یه‌ك له‌م دۆخه‌ دڵه‌ڕاوكێیه‌دا بووم، تا ئاوا، كه‌ بانگهێشتنامه‌یه‌كم له‌ به‌شی پۆلیسی سه‌ربازی، كه‌ به‌رپرسی به‌دواداچوون بۆ كاروبارى شه‌ڕكه‌رانی ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت بوو، پێ گه‌یشت. هه‌واڵی ئه‌وه‌یان پێ دام، دۆسێیه‌كیان له‌سه‌ر هه‌ڵاتنم له‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕ بۆ كراوه‌ته‌وه‌.


به‌یانییه‌كه‌ى بۆ باره‌گای پۆلیسی شاره‌كه‌ چووم. له‌وێدا چه‌ند تاوانێكی تر، كه‌ له‌ دۆسێكه‌مدا تۆمار كرابوون، بۆ منیان خوێنده‌وه‌. تاوانگه‌لێكى وه‌كوو بانگه‌شه‌ى برینداربوون و فێڵكردن و غایببوونى به‌رده‌وام له‌ باره‌گاى هێزه‌كه‌مان.


له‌ژێر هه‌موو ئه‌م تاوانانه‌، مۆری شین و واژووى ئه‌بوومه‌ڕوانى میسڕیی پێوه‌ بوو. ئه‌بوومه‌روان ئه‌وه‌شی بۆ‌ تاوانه‌كانم زیاد كردبوو، به‌ هه‌ندێك هۆكارى نادیار، كه‌ ئه‌و لێی بێئاگایه‌، من حه‌زم به‌ شه‌ڕكردن له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا نه‌ماوه‌.


ده‌ستم به‌ به‌رگریكردن له‌ خۆم كرد و گوتم من له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕه‌كاندا بووم، كه‌ ئه‌وكات توانیمان ناوچه‌ى ته‌دموور بگرین و له‌ ڕیزى ئه‌و كه‌سانه‌دا بووم، كه‌ له‌ ته‌لئه‌بیه‌زدا گه‌مارۆ دران و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش بووه‌، كه‌ له‌ شوێنى جۆراوجۆردا پاسه‌وانی و پارێزگاریم له‌ هێڵى پێشه‌وه‌ كردووه‌. كه‌واته‌ ئێوه‌ ناتوانن بڵێن دۆسێى سه‌ربازییم خراپه‌! باسی نه‌خۆشیی زه‌ردووییه‌كه‌م، كه‌ هه‌مووان ئاوا دۆخێكى من ده‌زانن، بۆ ئه‌و به‌رپرسه‌ لێپرسراوكاره‌ كرد، كه‌ هه‌موویان له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ڕه‌قه‌دا تۆمار كراون.


له‌ ئه‌نجامدا بڕیاردرا له‌به‌رده‌م دادوه‌ری سعوودیدا ئاماده‌ بم، له‌ به‌ختى من ئه‌م دادوه‌ره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بوو مه‌وراندا پێشووتر كێشه‌یه‌كیان له‌نێواندا هه‌بوو. ئه‌م دادوه‌ره‌ زاواى هه‌ر ئه‌و ئوم ئەلمجاهدینه‌ بوو، كه‌ كاتى خۆی له‌ گه‌یشتنم بۆ ئه‌سته‌مبۆڵ بۆ ماڵه‌وه‌یان په‌نام برد و له‌وێدا مامه‌وه‌. ئه‌و پێڕستى تاوانه‌كانى دووباره‌ كرده‌وه‌ و منیش هه‌موو تاوانه‌كانم ڕه‌ت كرده‌وه‌ و پشتم به‌ ڕاپۆرته‌ پزیشكییه‌كانم به‌ست، كه‌ ده‌یسه‌لماند به‌ڕاستى تووشی نه‌خۆشیی زه‌ردوویی بووم و هه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ش ماوه‌یه‌ك خانه‌نشینى كردبووم. به‌ دادوه‌رم گوت، شه‌ڕێكم پێ بڵێ، كه‌ ئه‌بوومه‌روان میسڕی خۆیشی تیایدا به‌شدار بووبێت و سكاڵاى له‌ من كردبێت! دادوه‌ره‌كه‌ هیچی نه‌گوت و به‌ پێكه‌نینێك سه‌یرێكى ده‌موچاومى كرد!


پێش ده‌رچوونم له‌ دادگاى شه‌رعیی سوپای ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، داوام له‌ دادوه‌ر كرد، من له‌م هێزه‌وه‌ بۆ هێزێگى ترى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، یان ئیداره‌یه‌كى تر به‌ ئاره‌زووى خۆی بگوازێته‌وه‌. چه‌ند ڕۆژێكی تر داواكه‌م قبووڵ كرا و بڕیاردرا به‌ره‌و ئیداره‌ى ده‌سته‌ لقی بۆمبدانانى ئوتۆمبێله‌كان له‌ شاری منبج بچم و بگوازرێمه‌وه‌. كاتێك هه‌واڵى گواستنه‌وه‌م گه‌یشت، بڕیاری هه‌ڵاتن له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تیش له‌ زه‌ینمدا یه‌كلایی بووه‌وه‌. ئه‌و ڕۆژانه‌ گه‌ڕان به‌دواى ڕێگایه‌ك بۆ ڕاكردن و ده‌رچوونى یه‌كجاره‌كیم ده‌ست پێكردبوو. شتێك كه‌ منى هان ده‌دا ئه‌وه‌ بوو، كه‌ زۆر هاوڕێ ئه‌م بڕیاره‌مان پێكه‌وه‌ دابوو.


به‌و ناونیشانه‌، كه‌ ده‌مه‌وێت به‌ره‌و ئیداره‌ى ده‌سته‌ ده‌ڕۆم، بۆ نیشته‌جێبوون به‌ره‌و منبج چووم. پلانى هه‌ڵاتنه‌كه‌م ئاماده‌ بوو، چونكه‌ منبج له ‌نزیكترین ناوچه‌كانى ژێر سه‌یته‌ره‌ى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت به‌ره‌و ناوچه‌كانى ژێر سه‌یته‌ره‌ى دژه‌كانى به‌ئه‌ژمار ده‌هات. له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌كى زۆر له‌ سنوورى توركیاشه‌وه‌ نزیك بوو. هه‌ڵبه‌ت په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ڕه‌قه‌دا نه‌پچڕابوو و له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌شم له‌ منبج، هه‌رچه‌ند جارێك سه‌رم ده‌دا لە شه‌قامه‌كانى ته‌لئه‌بیه‌ز و گۆڕه‌پانى ئەلنەعیم و مزگه‌وتى ئەلفردەوس (یان مزگه‌وتى تونسییه‌كان) له‌ ڕه‌قه‌.


له‌ منبجدا له‌ ماڵی یه‌كێك له‌ هاوڕێكانم نیشته‌جێ بووبووم. متمانه‌ى ته‌واوم په‌یدا كردبوو و تا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی تر ئه‌م شاره‌ و ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ جێ دێڵم. منبج بۆ من وه‌كوو كۆتایی قۆناغێك بوو له‌ ژیانمدا. كۆتایی قۆناغی ئاماده‌بوونم له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت، به‌ڵام له‌باره‌ى ئه‌وەی كه‌ سبه‌ینێى ئه‌م قۆناغه‌ چی ده‌كه‌م، هیچ وه‌ڵامێكم بۆی نه‌بوو.


له‌وێدا كه‌ بووم، دوای ده‌ستگیركردنى چه‌ند كه‌سێك له‌ كوڕه‌كان، كه‌ بابه‌تى "مه‌عزوور زانین به‌هۆی نه‌زانییه‌وه‌"یان پێ قبووڵ نه‌بوو، هه‌لومه‌رج و ئاماده‌یی هه‌ڵاتنمان خێراتر كرده‌وه‌. هه‌ندێكى تر له‌ كوڕه‌كان به‌هۆكاری تر هه‌ڵاتبوون. هۆكارى ڕاكردنى ئه‌وانیش به‌ تێگه‌یشتنیان ئه‌وه‌ بوو، بووبوونه‌ قوربانیى خه‌یاڵاتێك به‌ناوى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت.


هێزه‌كانى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت هێشتاكه‌ له‌ بێده‌نگى و تاریكایی شه‌واندا، هه‌ر خه‌ریكى ده‌ستگیركردنی كه‌سانێك بوون، كه‌ گومانیان لێیان بوو، یان هه‌وڵى هه‌ڵاتنیان ده‌دا و یانیش له‌به‌رامبه‌ر كاره‌كانى ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت ده‌وه‌ستانه‌وه‌. هه‌موو ڕۆژێك، كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستاین، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بووین ببیستین ئه‌و موهاجیره‌ ده‌ستگیر كراوه‌، یان به‌ هۆكارى نادیار ده‌ستگیر كراوه‌.


ته‌واوى تونسییه‌كانى نێو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ده‌یانگووت ئاماده ‌بووین پێنج ساڵێك له‌ تونسدا له‌ زینداندا بمێنینه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ڕۆژێكیش بێت له‌نێو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت و زیندانه‌كانیدا نه‌مێنینه‌وه‌. چاڵى قووڵی ئەلهوته‌ له‌ ڕیفی باكوورى شاری ڕه‌قه‌، كه‌ له‌م كۆتاییانه‌دا كه‌وته‌ ده‌ست هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌وه‌، یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ بوو، كه‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ته‌رمى له‌سێداره‌دراوانى تیادا ده‌شارده‌وه‌، دوای ئه‌ویش فڕۆكه‌خانه‌ی كشیش باشترین جێگا بوو بۆ شاردنه‌وه‌ى ئه‌و ته‌رمانه.


له‌ئه‌نجامدا رۆژی ڕاكردن هاته‌ پێشه‌وه‌، له‌گه‌ڵ قاچاخچییه‌كه‌دا ڕێك که‌وتین. كۆتاییه‌كانى جانیوه‌ری 2016، ئه‌و ڕۆژه‌ى كه‌ شاری منبجم به‌جێ هێڵا، كه‌شوهه‌وا سارد و باراناوى بوو. له‌ كاتى ڕۆیشتنم به‌ره‌و ڕێڕه‌وى گوندى تل به‌تال، له‌و شوێنه‌ى، كه‌ له‌گه‌ڵ قاچاخچییه‌كه‌ماندا ڕێک كه‌وتبووین، خه‌ریكی پیاچوونەوەی بیره‌وه‌رییه‌كانم بوو له‌ ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تدا.


به‌ڵێ! من له‌ ڕه‌قه‌ بووم! من دیمه‌نى خوێنی سوور و ڕژاوه‌كانم ده‌بینى. بۆنی بارووت خنكاندمى، له‌سه‌ر جه‌سته‌ى لاشه‌كاندا ڕۆیشتم و ڕێم كرد و به‌ ده‌نگى ئۆتۆمبێله‌ خۆكوژییه‌كان كه‌ڕ بووم.
ئایا ده‌توانم چیدیکەش ئه‌وه‌ له‌بیر بكه‌م، كه‌ من له‌ ڕه‌قه‌ بووم.

موحه‌مه‌د فاهم، ناسراو به‌ (ئه‌بوو زه‌كریا)
له‌مه‌ به‌دواوه‌ نووسه‌ر (هادى یحمد)، كه‌ ئه‌وى وه‌ك ئه‌ندامى جیابووه‌ و وازهێنه‌ر له‌ داعش باسی لێوه‌ كردووه‌ و ژیانى ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ به‌شه‌كانى دواییدا به‌شێكی گرنگى ژیانى ئه‌و پێش هاتنى بۆ نێو ئه‌م ڕێكخراوه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و باسی ده‌ستپێكى ئه‌و ساتانه‌ ده‌كات، كه‌ چ بیرۆكه‌ و ئه‌فكارێك ئه‌وى گه‌یاندووه‌ته‌ نێو دونیای ڕێكخراوه‌ توندئاژۆكان، دونیایه‌ك، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رى زۆر گه‌نج له‌ دونیاى ده‌ره‌وه‌ و بگره‌ هاونیشتمانیى عێراق و كوردستانیش بوو.