با كولتووره‌ جوانه‌كه‌ى جاران زیندوو بكه‌ینه‌وه‌

ته‌یراوه‌، هه‌ر به‌ پیاسه‌ - 43

جاران، چونكه‌ خۆشه‌ویستی سه‌روه‌ر بوو، له‌گه‌ڵ یه‌كتر راستگۆ بووین، به‌ دڵ و به‌ گیان دۆستایه‌تى و ره‌فاقه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانمان گرێ ده‌دا، به‌ گرووپ سه‌فه‌رمان ده‌كرد و به‌رهه‌مه‌كانى یه‌كترمان ده‌بینى و شه‌وانه‌ش له‌ ده‌ورى مێزێك خڕ ده‌بووینه‌وه‌ و كۆڕى گفتوگۆ و رانانى به‌رهه‌مه‌كه‌مان گه‌رم ده‌كرد.


ئه‌وان ده‌هاتن و به‌رهه‌مه‌كانى ئێمه‌یان ده‌بینى، ئێمه‌ ده‌چووین و به‌ دیار نماییشه‌كانیانه‌وه‌ داده‌نیشتین، ئه‌ڵاهـ، كه‌ به‌ درێژایى ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو، نماییش و بینینى شانۆیى به‌ ته‌واوى بووبووه‌ کولتوور و جه‌ماوه‌ر به‌ جلك و به‌رگى رێك و ژنان به‌ جلكى ئاڵ و واڵاوه‌ ڕوویان له‌ هۆڵه‌كانى سلێمانى و هه‌ولێر ده‌كرد.


ئه‌و كاته‌ وه‌ك ئێستا میواندارییه‌كان به‌م شێوه‌ سه‌قه‌ته‌ به‌ڕێوه‌ نه‌ده‌چوون، جاران هونه‌رمه‌ند سه‌نگ و قوڕسایى خۆى هه‌بوو، ده‌زانرا كامه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌بێت داوه‌ت بكرێت و پێویسته‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ ببینێ، نه‌ک وه‌ك ئێستا، هونه‌رمه‌ندى پله‌ پێنج و شه‌ش داوه‌ت و میواندارى بكرێت، چونكه‌ ئه‌ویش له‌لاى خۆیه‌وه‌ هه‌ر كه‌ نماییش یان فێستیڤاڵێكى هونه‌ری ده‌بێت، هه‌ر ئه‌و ده‌ره‌جه‌ خامیسه‌ و سادسه‌یه‌ داوه‌ت ده‌كات و به‌سه‌ر فه‌رشى سوور ده‌یانگێڕێ.


ئه‌وێ ڕۆژێ سه‌رده‌مى زێڕین، خوا خوامان بوو له‌ سلێمانى، هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانمان شانۆییه‌ك نماییش بكه‌ن، بڕوا بكه‌ن له‌سه‌ر كیسه‌ و مه‌سرووفى خۆمان ده‌چووین و به‌وپه‌ڕى ڕێزه‌وه‌ میواندارى ده‌كراین و نماییشمان ده‌دیت و گه‌نگه‌شه‌مان ده‌كرد و خۆشه‌ویستیمان بۆ یه‌كدی تازه‌ ده‌كرده‌وه‌.


چه‌ندین جار به‌ره‌و سلێمانى چووینه‌، تا به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانى هونه‌رمه‌ندان (ئه‌حمه‌د سالار، عوسمان چێوار، كه‌مال سابیر، مسته‌فا ئه‌حمه‌د، عه‌بدولى حه‌مه‌جوان، كه‌ریم عوسمان، شه‌ماڵى عه‌بەڕه‌ش، غازى بامه‌ڕنى، جیهاد دڵپاك، عه‌لى كه‌ریم، جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ و عومه‌رى كه‌ریم ئاغا) ببینین، ئه‌وانیش هه‌ر به‌م رۆحیه‌ته‌ ده‌هاتنه‌ هه‌ولێر و به‌رهه‌م و نماییشى هونه‌رمه‌ندان (سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، ته‌ڵعه‌ت سامان، سه‌عدوون یونس، سه‌فوه‌ت جه‌ڕاح، فه‌رهاد شه‌ریف، زوهێر عه‌بدولمه‌سیح، سوبحى كۆیى، عه‌لى ئه‌حمه‌د، ئه‌نوه‌ر شێخانى، خه‌لیل یابه‌، سه‌لام كۆیى، جه‌وهه‌ر سابیر، سه‌میره‌ و شیرین و جه‌لال به‌یار و فه‌یسه‌ڵ محه‌مه‌د، ئه‌حمه‌د جه‌میل، په‌یمان به‌گۆك و عه‌بدولڕه‌زاق شه‌مسه‌دین) ببینن، به‌ڵام نه‌ فه‌رشى سوورى به‌ رواڵه‌ت ڕاده‌خرا و نه‌ خۆبادانى به‌ر كامێراكان، كه‌چى یه‌كترمان له‌ باوه‌ش ده‌كرد و سه‌نگ و قورسایى و نرخمان بۆ به‌رهه‌مه‌كانى یه‌كترى داده‌نا.


په‌یوه‌ندیى هونه‌ریمان هێنده‌ جوان و پاك و به‌نرخ بوو، كاریگه‌ریى به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشمانه‌وه‌ ده‌كرد، وه‌ك خێزان هاموشۆى ماڵى یه‌كمان ده‌كرد و له‌سه‌ر خوانى ڕازاوه‌ى یه‌كترى نمه‌ك و وه‌فا و دڵسۆزیمان پته‌وتر ده‌كرد و شه‌وان له‌برى ئوتێل له‌ ماڵى یه‌كترى ڕۆژمان ده‌كرده‌وه‌، ئاى خوایه‌ چه‌ند خۆش بوو، هه‌ر كه‌ چووین و (نالى و خه‌ونێكى ئه‌رخه‌وانى)ی سالار و (گه‌شته‌كه‌ى حه‌سه‌ن)ى كامه‌ران ره‌ئووف و (هاوارێكى تاساو)ى جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌ و (گوڵ عومه‌ر)ى عوسمان چێوار و (سێپاى ئاسنین)ى جیهاد دڵپاكمان بینى، له‌گه‌ڵیان دانیشتین و گفتوگۆى هونه‌ریمان كرد و یه‌كترمان دڵنیا ده‌كرد، كه‌ جگه‌ له‌ ئاسته‌ هونه‌رییه‌كه‌، هه‌ر هه‌موومان یه‌ك كێشه‌مان هه‌یه‌، ئه‌ویش كێشه‌ى ڕه‌واى میلله‌ته‌كه‌مانه‌.


هه‌ر ئه‌وان ڕۆژان، چه‌ندین به‌رهه‌مى هاوبه‌شمان به‌یه‌كه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرد و پێشكه‌شمان ده‌كردن، ئه‌وان بە به‌رهه‌م به‌شدارییان له‌ فێستیڤاڵه‌كانى ئێمه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌كرد و ئێمه‌ش به‌ نماییش و كارى ناوازه‌ هاوكاریان ده‌بووین له‌ سلێمانى، دراماى (گوڵاڵه‌) نموونه‌یه‌كى جوانى كارى هاوبه‌شى هونه‌رمه‌ندانى هه‌ردوو شار بوو، كورته‌ فیلمى (ژیان جه‌نگه‌ و هیچى تر)ى یه‌كه‌مین فێستیڤاڵى كورته‌فیلم له‌ شارى سلێمانى و به‌ ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى باشترین سیناریۆ له‌لایه‌ن (شیرین سابیر) له‌ هه‌ولێره‌وه‌ و چه‌ندین كارى هونه‌رى له‌ بوارى شانۆ و دراما، گه‌واهى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ جوان و گه‌وره‌ین، به‌ڵام به‌ راستگۆیى دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى تاكه‌كه‌سى. ئاخر له‌به‌ر هه‌ندێیه‌ ده‌ڵێم: وه‌رن با کولتووره‌ جوانه‌كه‌ى جاران زیندوو بكه‌ینه‌وه‌.


وێنه‌كان:
وێنه‌ى ژماره‌ (1) / كانى وه‌تمان (خه‌لیل یابه‌، جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌، سه‌عدوون یونس، خۆم) 27/6/1980
وێنه‌ى ژماره‌ (2) / له‌گه‌ڵ ڕه‌وانشاد (جیهاد دڵپاك و ڕێبوار ئه‌حمه‌د غوڵام) هه‌ولێر .
وێنه‌ى ژماره‌ (3) / له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ (مسته‌فا ئه‌حمه‌د).
وێنه‌ى ژماره‌ (4) / له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ماهیر حه‌سه‌ن).
وێنه‌ى ژماره‌ (5) / له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (عومه‌رى كه‌ریم ئاغا و ئه‌حمه‌د جۆڵا).
وێنه‌ى ژماره‌ (6) / له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان (حه‌مه‌ عه‌لى خان، عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لداینى، هونه‌رمه‌ندى ناسراوى عێراقى، هیوا ره‌ئوف، عه‌بدولى حه‌مه‌ جوان).
وێنه‌ى ژماره‌ (7) / ستافى هاوبه‌شى دراماى (گوڵاڵه‌) له‌ بێتواته‌.
وێنه‌ى ژماره‌ (8) / په‌رده‌ لادان له‌سه‌ر په‌یكه‌رى هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ (عوسمان چێوار).
وێنه‌ى ژماره‌ (9) / من و شیرین و شادى، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى به‌توانا (شه‌ماڵ عه‌به‌ڕه‌ش).
وێنه‌ى ژماره‌ (10) / له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ئازیز (عه‌لى كه‌ریم، عه‌بدولعه‌زیز مه‌جید، نوورى كاكه‌ خان).
وێنه‌ى ژماره‌ (11) / كۆییه‌كان (شیرین و شلێر) له‌ به‌رهه‌مێكى هونه‌رى/ سلێمانى.
وێنه‌ى ژماره‌ (12) / شیرین و خه‌ڵاتى باشترین سیناریۆى كورته‌فیلم له‌ سلێمانى.