تورکیا و گرەوی لەسەر رووسیا

 

ئاماژەو هەڕەشەکانی ئەمریکا بەتایبەتی کۆنگرێس ئەگەری ئەوە دەخەنەروو کە ئەمریکا سورە لەسەر سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر تورکیا، هەندێ لە سزاکانیش بە کرداری چوونەتە ناو بواری جێبەجێ کردنەوە، کە ئەمریکا بەبەهای 100 ملیار دۆلار پەیمانی بازرگانی لەگەل تورکیا هەڵوەشاندەوەو لەسەدا پەنجا باجی خستە سەر پروداکتەکانی ئاسنی تورکی و هەریەک لە وەزیری بەرگری و وەزیری وزەو ناوخۆو دارایی تورکی سزایان بەسەر سەپێنراو حیسابەکانیان لە ئەمریکا سڕ کرا، زۆریش ئاشکرایە ئەگەر ئەمریکا نەیەوێ شەڕ بکات، یان نەتوانێ دژ بە ولاتێک شەڕ بکات ئەوا سزای ئابووری بەسەر ئەو ولاتە دەسەپێنێ.. نمونەیەکی زیندووی تریش سزاکانی سەر ئێرانە.

سیستەمی یەدەگی فیدڕاڵی Federal Reserve System، یان بانکی فیدڕالی ئەمریکی کە بە گەورەترین دەزگای دارایی دادەنرێت لە جیهان و لە ڕێگای سیاسەتیشەوە زۆرترین کاریگەری هەیە، کاریان ئەوەیە کە لە قەیران و لە شەڕدا قەرز بە حکومەتی ئەمریکا بدەن بەرامبەر بە فایدە، کە پێویستی بە چاپکردنی دۆلاری تازە هەیە، ئەم سیستەمی یەدەگی فیدڕالییە چەند ساڵ جارێک ئەبێ بکەوێتە جوڵەو ببوژێتە، ئیتر بەو بۆنەیەوە ئەمریکا جەنگێک لە جیهان دروست دەکات بە بەهانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی.

بەڵام ئیدارەی ترامپ بە پێچەوانەی هەموو پێشبینیەکان خۆی دوور ڕادەگرێت لە هەر ململانێیەک کە ئەمریکا بەرەو جەنگ ببات، چونکە ترامپ خەریکی جەنگێکی ترە کە دەتوانم ناوی بنێم جەنگی ئابوری لە دژی وڵاتی چین، ترامپ داوای لە سیستەمی یەدەگی فیدراڵیش کردووە کە دۆلاری تازە چاپ بکەن و بیدەن بە حکومەت تا ئەمریکا بتوانێ قەرزەکانی خۆی بداتەوە کە بە بڕی 75 ملیار دۆلارە، لەبری ئەوەی ئەمریکا لە جەنگێکی بێ کۆتایی و بێ مانا سەرفی بکات.

ئەگەر خەڵک وا ئەزانن کە ئەمریکا لە ئەنجامی هەڵەی تورکیا لە هێرش کردنە سەر رۆژئاواو شێواندنی ناوچەکە دەیەوێ سزای ئابووری بدات، ئەمە بیروڕایەکی هەڵەیە، چونکە ئەمریکای دێمەگۆگی بۆ قەناعەت کردنی میلەتەکان هەمیشە چەواشەکاری دەکات، دەنا ئەمریکا لەبەر خاتری هیچ میلەتێک یان هیچ نەژادێک هەڵوێست نانوێنێ ئەگەر بەرژەوەندی ڕەهای خۆی تێدا نەبێت.

ماوەیەک پێش ئیستا تورکیا تەحەدای ئەمریکای کردو سیستەمی S_400 لە ڕووسیا کڕیەوە، ئەمەش ئەمریکای زۆر توڕە کرد، چونکە ئەمریکا بەهانەی ئەوەی هەیە کە ئەم چەکە نابێ بەدەست دووەمین گەورە وڵاتی ئەندامی ناتۆوە بێت، چونکە ڕەنگە یارمەتی ڕووسیا بدات زانیاری جاسوسی هەستیار کۆ بکاتەوە، لەبەر ئەم هۆیە واشنتۆن و ئەنقەرە گرژی کەوتە نێوانیان و هەر ئەو کاتە ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە سزای ئابووری دەخاتە سەر تورکیا.

واشنتۆن ترسی ئەوەی هەیە کە ئەم سیستەمە ڕووسیە نهێنی دروست کردنی فرۆکە جەنگی f35 ئەمریکی ئاشکرا بکات، کە حاڵی حازر تورکیا خاوەنی چەند دانەیەکە، وا بریار بوو ئەمریکا 100 دانە لەو فڕۆکانە بە تورکیا بفرۆشێ، هەروەها تورکیا لە دروستکردن و چاکردنەوەشی بەشدار بێت، بەڵام پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە بەهۆی سیستەمی S-400، تورکیا پێویستی بە پسپۆڕی ڕوسی دەبێت بۆ فێرکردنی چۆنیەتی بەکارهێنانی، بەو پێیە تەکنیکارە ڕوسەکان دەتوانن زانیاری ورد بە دەست بێنن لەسەر F35 ئەمریکی، بۆیە ئەمریکا ڕێکەوتنی فرۆشتنەکەی هەڵوەشاندەوە.

سیستەمی S-400 تازەترین سیستەمی بەرگری ئەرز، ئاسمان ڕووسیە دژ بە ئامانجە ئاسمانییەکان کە دەتوانێ ئامانجەکانی لە مەودایەکی زۆر دوور بپێکێ، هەروەها لە ناتۆ ناسراوە بە SA_21(GROWLER ، لەبەرئەوەی خاوەن ڕادارێکی زۆر پێشکەوتووە، بۆیە لەگەل ئایدۆلۆژیای ناتۆ ناگونجێ.

فڕۆکەی F35 کە لە جیهاندا پێشکەوتووترین فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکیە، لە شەڕکەرەکانی نەوەی پێنجەم و تازەترین نەوەیە، کە بەم دواییە ئیسرائیلیش بووە خاوەنی.

تورکیا تەحەدایەکی تریشی کرد کە داخی کردە دڵی ئەمریکا، ئەویش پەرە پێدانی پیشەسازی بەرگری تورکی بوو، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروست کردو دەست بەرداری فڕۆکەی ئیسرائیلی بوو، بەپێی دیراسەیەکی پەیمانگای ستۆکهۆلمی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی (کە بەدواداچون لەسەر مەسەلەی بەکارهێنانی چەک دەکەن) دەردەکەوێت کە لە نێوان سالانی 2009 - 2018 تێچووە سەربازییەکانی تورکیا بە رێژەی %65 بووەو بەهای 19 ملیار دۆلار تێچووی چەکی هەبووەو ساڵی پاریش لەریزبەندی 15 وڵات بووە کە زۆرترین چەکیان کریوە.. هەروەها بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار سیستەمی S-400 کریوە لە ڕوسیا کە ئەمە ئەمریکای بەجۆرێک نیگەران و تورە کرد کە تورکیای دەرکردە دەرەوە لە کۆمپانیای Lock heed Martin ی تایبەت بە دروستکردنی F35.

ئەمریکا لە پاساوێکی شەرعی دەگەرا کە تورکیای ئەندامی ناتۆ سزا بدات، ئیتر لەبەر چەندین هۆکار کە من ئێستا نامەوێ باسی بکەم، کوردی کردە قوربانی ئەو مەرامانەی خۆیی و بێ هەڵوێستی خۆی دەربڕی لە هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، رێک وەک سیناریۆی سەدام حوسێن و هێرش کردنە سەر کوەیت.

پرسیار لێرە ئەوەیە، ئایا ئەردۆگان کە هەموو هێلکەکانی خستووەتە ناو سەبەتی پۆتین چەند دەتوانێ پێداگرێ و دووبەرەکی ئەمریکا بکات؟ ئایا تورکیا لەنێوان ململانێی ڕووسیا و ئەمریکا چارەنووسی چی دەبێت؟