به‌كوردى و به‌كورتى: ئابرووبه‌رییه‌كه‌ى (باشوور - رۆژئاڤا گێت) و نیكسۆنێكى تر

 

هه‌موومان ئابرووبه‌رییه‌كه‌ى (Watergate)مان له‌یاده‌ كاتێك (ریچارد نیكسۆن)ى كۆماریخواز و سی و حه‌وته‌مین سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ 1972دا بۆ بردنه‌وه‌ى خولى دووه‌مى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى په‌ناى برده‌ به‌ر رێكارێكى نایاسایی، ئه‌ویش سیخوڕیكردن بوو به‌سه‌ر دیموكراته‌كان له‌رێی دانانى ئامێرى ناردن و گواستنه‌وه‌ى ده‌نگ له‌ باره‌گاى سه‌ره‌كى پارتى دیموكرات كه‌ له‌باڵه‌خانه‌یه‌كى نزیكدا به‌ناوى (Watergate) ده‌نگه‌كان وه‌رده‌گیرانه‌وه‌، كاتێك ئه‌م كاره‌ ئاشكرا بوو، نیكسۆن و ده‌وڵه‌تى ئه‌مه‌ریكا زۆر شه‌رمه‌زاربوون و سه‌رۆكیان ناچاركرد ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌و رووبه‌ڕووى یاسا و دادگاش بووه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى له‌لایه‌ن سه‌رۆكى دواى خۆى (جێڕاڵد فۆرد) لێبوردنى بۆ ده‌ركرا و پرسه‌كه‌ له‌دادگاى فیدڕالی به‌یه‌كجارى داخرا، به‌ڵام ئه‌م پرسى ئابڕووبه‌ره‌ پڕ شه‌رمه‌زارییه‌ كه‌ به‌ (Watergate scandal) ناسراوه‌ تاكو ئێستاش له‌ئه‌مریكا و جیهانیش باس ده‌كرێت و له‌زۆر شوێن و كاتدا وه‌كو ئیدیۆمێكى سیاسی ده‌خوازرێت و به‌كارده‌هێنرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دواى 47 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م ئابڕووبه‌رییه‌دا وا دیسان له‌لایه‌ن چل و پێنجه‌مین سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌ ئابرووبه‌رییه‌كى زۆر مه‌زنتر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵیدا راستگۆیی و متمانه‌ و پێگه‌ى ئه‌مریكاى زۆر لاواز و له‌كه‌داركردووه‌.

كاتێك ئه‌مریكا به‌ ئاغاى هه‌موو دونیا ناوزه‌د ده‌كرا ته‌نها له‌به‌ر بوونى هه‌ردوو فاكته‌رى هێزى سه‌ربازى و هێزى پاره‌ و ئابوورى نه‌بوو، به‌ڵكو وابه‌سته‌بوونى به‌ ئه‌خلاق و به‌رپرسیارییه‌تیش دوو چوارچێوه‌ى جوان و ته‌واوكه‌ى ئه‌و دوو هێزه‌ بوون، ئه‌م تێز و بۆچوونانه‌ش به‌روونى له‌ سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ته‌كانى سه‌دده‌ى رابردوودا له‌سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكادا به‌رجه‌سته‌بوو تاكو هاتنى ئیداره‌ى ترامپیش ئه‌م تێزه‌ له‌سیاسه‌تى ئه‌مریكادا درێژه‌ى هه‌بوو.

ئابرووبه‌رى یه‌كه‌م: باشوورى كوردستان

ئه‌مریكا له‌سه‌رده‌مى دۆناڵد ترامپدا دوو جار له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ى كوردى هاوپه‌یمانیدا له‌م چه‌مك و تێزانه‌ی په‌شیمان بووه‌و، یه‌كه‌میان له‌ 2017 دا بوو، كاتێك له‌گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا زۆر به‌ئاشكرایی رووبه‌ڕووى ئیراده‌ى نه‌ته‌وه‌ى كوردى ئاشتیخواز و هاوپه‌یمانى بووه‌وه‌، هه‌م له‌سازكردنى گشتپرسییه‌كه‌ ناڕازى بوو، هه‌م له‌ئه‌نجامه‌كانیشى، به‌مشێوه‌یه‌ ئیداره‌ى ئه‌مریكى به‌ڕه‌واى نه‌بینى گه‌لى كوردستان بڕیار له‌مافى چاره‌نووسی خۆى بدات كه‌ گشتپرسییه‌كه‌ به‌ته‌واوى له‌گه‌ڵ یاسا و رێككه‌وتن و بڕیاره‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا یه‌كانگیربوو، هه‌روه‌ها ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كى ریاڵیستى بوو بۆَ روح و بنه‌ماكانى ئه‌و دیموكراسییه‌ته‌ و مافى مرۆڤه‌ى كه‌ ئه‌مریكا ساڵانێك بوو هه‌موو جیهانى پێیوه‌ سه‌رقاڵكردبوو.


ئابرووبه‌رى دووه‌م: رۆژئاڤاى كوردستان

ئه‌گه‌ر له‌پشتێكردنى یه‌كه‌مدا واته‌ له‌گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا ئیداره‌ى ئه‌مریكى بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ى تایبه‌تى هه‌بووبێت ئه‌وا له‌پشتتێكردنى دووه‌مدا واته‌ له‌جێهێشتنى نه‌ته‌وه‌ى كوردى هاوپه‌یمانى له‌رۆژئاواى كوردستان و هه‌ڵكردنى گڵۆپى سه‌وز بۆ ده‌وڵه‌تى داگیركه‌رى تورك بۆ لێدان و له‌ناوبردنى كورد و داگیركردنى خاكه‌كه‌یی و گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچه‌كه‌، ئه‌وا هیچ بیانوویه‌كى نییه‌و نه‌بووه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌مریكا و هه‌ڵویسته‌كانى ترى سه‌باره‌ت به‌هاوپه‌یمانه‌كانى له‌كه‌نداوى عه‌ره‌بى-فارسی و شوێنه‌كانى تریش بێ متمانه‌ییه‌كى زۆرى دروستكردووه‌ كه‌ سه‌نگ و پێگه‌ى ئه‌مریكاى خستۆته‌ به‌رده‌م گومان و پرسیار، ئه‌و دڕدۆنگى و گومان و بێزارییه‌ش خودى ئه‌مریكا و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌ باڵاكانى گرتۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌مى ئیداره‌ى ترامپدا چه‌ندین پۆستى سیادى زۆر گه‌وره‌و هه‌ستیارى وه‌كو راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكاو وه‌زیرى به‌رگرى و چه‌ندان پۆستى گرنگیتر چه‌ندین جار گۆڕاون و پله‌باڵاكانیان ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، له‌دواین په‌چه‌كرداریشدا به‌رامبه‌ر به‌ بڕیارى سه‌رۆك بۆ كشاندنه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌سوریا و پشتتێكردنى نه‌ته‌وه‌ى كورد، كۆنگرێسى ئه‌مریكى به‌كۆى 354 ده‌نگ ده‌نگیان به‌نه‌رێ دا بۆ كشانه‌وه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ته‌نها 60 ده‌نگ.

ئه‌وه‌ى ئێستا له‌لایه‌ن ئیداره‌ى ترامپه‌وه‌ روویداوه‌ و زیاتریش رووده‌دات، بۆ ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا به‌ته‌واوى كرده‌یه‌كى شه‌رمه‌زارى و ئابرووبه‌رانه‌یه‌ بۆیه‌ به‌دوور نابینرێت كه‌ دۆناڵد ترامپیش هاوشێوه‌ى (ریچارد نیكسۆن) له‌كار لابدرێت و ته‌نانه‌ت دادگایش بكرێت، چونكه‌ دواى جه‌نگى ڤێتنام ئه‌مریكا هه‌میشه‌ هه‌وڵى داوه‌ وێنه‌ى خۆى بگۆڕێت له‌نمونه‌ى ده‌وڵه‌تێكى زۆردار و پشتیوان بۆ زۆرداران بۆ نمونه‌یه‌كى زۆر جوان و پێشكه‌وتوو كه‌ ده‌وڵه‌تێكى رزگاركه‌ر و مرۆڤدۆست و پشتیوان بۆ نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كان و وڵاتانى دونیا، له‌راستیشدا هه‌ر وابووه‌ چونكه‌ هێز و داراییه‌كه‌ى به‌ته‌واوى ره‌خسێنرا بۆ كۆتاییهێنان به‌رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان و سه‌قامگیركردنى ئاشتى و گه‌شه‌كردنى سیستمى ئابوورى تازه‌، بێگومان به‌ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى خۆیان.