رامانێك له‌ 100 رۆژی حوكمڕانیی مەسرور بارزانی

رژدبوون لە دەسپێكەوە گوڕتێنێكی جیاوازی بە كارنامه‌ی ئەم حكوومه‌تە بەخشیوە

له‌ ئاكامی هه‌ڵبژاردنی 30/9/2018، بەڕێز مەسرور بارزانی له‌ 10/7/2019 سوێندی یاسایی خوارد و كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند. ئه‌مڕۆ كه‌ 100 رۆژ به‌سه‌ر راگه‌یاندنی كابینه‌كه‌یدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ پێویستی ده‌زانین روانینێك بە كاره‌كانی ئه‌م حكوومه‌ته‌ بكه‌ین له ‌گۆشه‌نیگای كارنامه‌‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكوومه‌ت، به‌ ره‌چاوكردنی هه‌ڵومه‌رجی نێوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی.


روونتر بڵێین ئه‌م نووسینه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی خێرایه‌ بۆ 100 رۆژی كاری مەسرور بارزانی، دەكرێت وەك پێوەر و رێنما سەیری بكەین، كە ئومێد و گەشبینیی زۆر هەیە بۆ تەواوكردنی ئەو چوار ساڵە. لەو 100 رۆژەدا كاری زۆر باش كراوە وەك سەرەتا بە ئاراستەی ئەنجامدانی كاری زۆر باشتر و رژدتر، بە ئاراستەی زۆرتركردنی توانست بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی نێوخۆیی و ده‌ره‌كی. كاری ئەو 100 رۆژەی حكوومەت لەسایەی مەسرور بارزانی ئۆمێدێكی جیاوازی لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی لەنێو رای گشتیدا دروست كردووە كە لەڕووی بینینی كردارەوە وای كردووە جۆری ئۆمێدەكە زۆر و راستەقینە بێت. ئەو ئۆمێدەی ئێستا ئاكامی كردارە ئۆمێدێكی گەشبینانەی بەرجەستەیە" نەك تەنیا خواستی ئۆمێد بێت لە بێئومێدیدا.


رژدبوون لە دەسپێكەوە گوڕتێنێكی جیاوازی بە كارنامه‌ی ئەو جارەی حكوومه‌ت بەخشیوە كە‌ به‌ كارنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ و چڕ و پڕ داده‌نرێت كه‌ چه‌ندین ره‌هه‌ندی گرنگ و چاره‌نووسسازی له‌خۆ گرتووه‌، شێوازێكی پێشكه‌وتوو و كرا‌وه و پرۆفیشنالانه‌ی پێوه‌ دیاره‌ به‌مه‌ش جێگای ئۆمێد و دڵخۆشی و داواكاریی پێكهاته‌ و چین و توێژه‌كانی كوردستانی بووه‌.


گرنگترین خاڵ له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌ت له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، وه‌ك له‌ كارنامه‌كه‌دا هاتووه: ‌"به‌ هیچ جۆرێك به‌رامبه‌ر به‌ گه‌نده‌ڵكاران و سه‌رپێچیكاران نه‌رمی نانوێنین و ده‌بێ خواستی هاووڵاتیان به‌جێ بگه‌یه‌ندرێت" هه‌روها پەیامی ئەوەی دایه‌ وه‌زیره‌كان كه‌ هیچ وه‌زاره‌تێك یان وه‌زیرێك رێگه‌ی پێ نادرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت ره‌فتار بكات.. نابێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تی و حزبییه‌كان باڵ به‌سه‌ر هیچ وه‌زاره‌تێك یان داموده‌زگایه‌كی حكوومیدا بكێشێت".


له‌باره‌ی پره‌نسیپی گه‌شه‌پێدانی یه‌كسان و نه‌هێشتنی ناوچه‌گه‌ری هاتووه:‌ "ئه‌م حكوومه‌ته‌ كار و چالاكی و خزمه‌تگه‌زارییه‌كانی له‌ هه‌ر بستێكی كوردستان ده‌بێت و حكوومه‌تی هه‌مووانه‌".


سه‌باره‌ت به‌ پره‌نسیپی متمانه‌ و راستگۆیی رەوچاوكردنی توانست له‌ پیاده‌كردن و به‌كرداركردنی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت ده‌بینین سه‌رۆكی حكوومه‌ت راشكاوانه‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر گرفت و له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م حكوومه‌ته‌كه‌ی داناوه‌، به‌وه‌ی (حكوومه‌تێكمان وه‌رگرتووه‌ كه‌ چه‌ندین ملیار دۆلار قه‌رزداره‌، ئه‌م قه‌رزانه‌ كه‌لڵه‌كه‌بووی ره‌وشی ناڵه‌باری دارایی و دۆخێكی نه‌خوازراوه‌). كە بەرنامەی كاری ئەو كابینەیە لە گوتار و كرداریدا، خۆی لە بانگەشە دوور دەگرێت و جەختی زیاتر لەسەر كردەوە دەكات، بۆیەش ئۆمێد بەو كابینەیە واقیعیانەیە چونكە لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیەی كە "سیاسەت هونەری توانراوەكانە".


پوختەی رامانمان بۆ 100 رۆژی كاری كابینه‌ی نۆیه‌م لەم ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ چڕ دەكەینەوە:


ئاشته‌وایی نێوخۆیی: دیارترین ئاماژه‌ی ئه‌رێنی مەسرور بارزانی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ هەوڵی بۆ كرانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌چاوكردنی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فره‌حزبی و كولتووری كوردستان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت دوور له‌ بیری ته‌سكی حزبایه‌تی و بازدانی هه‌ستیارییه‌كانی رابردوو و ئارامی لە چه‌ندین گه‌ڕی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌كانی نێوخۆی كوردستان و كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كان ده‌ستی پێكرد، كه‌ سه‌ره‌نجام حكوومه‌تێكی حکوومەتێکی دامەزراو لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی لایەنە سەرەکییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکانی لێ كه‌وته‌وه و هەر لەسەرەتاشەوە رۆحیەتی کارکردنی ستافی وزاری بە یەک تیم لە کارەکاندا دەرکەوتن‌. هه‌روه‌ها كاركردن له‌سه‌ر ره‌خساندنی كه‌شێكی ئه‌رێنی له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وه‌ك كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌ده‌په‌ و راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا و له‌نێوان كێشه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد له‌ باكور، به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ دروستبوونی شه‌ڕی كورد به‌ كورد پووچه‌ڵ كرانه‌وه‌.


ئاشته‌وایی نێوخۆی عێراق: خاڵی جیاوازی بەڕێز مەسرور بارزانی دووربینی و پێشبینیی هاوكێشەكانی ناوچەكە رەچاوكردنی پرنسیپی توانست (بە تایبەتی بە رەچاوكردنی ئەوەی لەم رۆژانە لە رۆژئاوا دەبینرێت) بەڕێزیان سەرەتایەكی باشی سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا دەست پێكردووە و پەیوەندییەکان وه‌رچه‌رخانێكی بنه‌ڕه‌تیی به‌خۆوه‌ بینی، دیارترین ئاماژه‌ی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ش بریتین له‌؛ سه‌ردانیكردنی به‌غدا له‌لایه‌ن مەسرور بارزانی دوای 5 رۆژ له‌ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی، پێكهێنانی چه‌ندین لێژنه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دروستكردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌ولێر-به‌غدا، كاراكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140 له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵه‌وه‌ كه‌ ده‌رخه‌ری هه‌وڵه‌كانی مەسرور بارزانیه‌ له‌ پێشڤه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كان. ئه‌مه جگه‌ له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هێزه‌ كوردستانیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم قورساییان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی بارگرژییه‌كانی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ كه‌ركووك و زه‌مینه‌سازی بۆ چوونه ‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م پارێزگایه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرتنی كرده‌یی كه‌ ئاشته‌وایی نێوان كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق به‌گوڕتر ده‌كات وه‌ك هه‌ڵگرتنی باج له‌سه‌ر هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هاووڵاتیانی عێراق بۆ هه‌رێم. هه‌روه‌ها هەوڵەكانی بۆ كردنەوەی گرێكوێره‌‌كانی کەیسەکانی پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ و نه‌وت و گاز، دیاره‌، به‌مه‌ش ده‌كرێت بگوترێت ده‌روازه‌یه‌كی تری ئابووری به‌سه‌ر رووی هه‌رێمی كوردستاندا دووباره‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێشتر توركیا تاكه‌ ده‌روازه‌ بوو.


هەوڵی چارەسەكردنی كێشەكانی (هەرێم - بەغدا) پێشبینی و دووربینیی مەسرور بارزانی نیشان دەدات كە سیاسەتكردن لەنێو زۆنێكی بەریەككەوتنی ململانێی نێودەوڵەتی لەلایەك بەرچاوكردنی ئەوەش كە چارەسەركردنی كێشەكان لە ئاستی ناوەخۆیی لەژێر سایەی سەروەریی دەوڵەتێكی وەك عێراق كە ئەگەرچی سەروەرییەكەی لەڕووی كردەییەوە لاوازە، بەڵام لەڕووی یاسای نێودەوڵەتی هەر بەجۆرێك پارێزراوترە (كە بەغدا لە دۆخی بەهێزدا نییە و هەرێم هێشتا زۆر بەهێزە) دەسگرتن بە پێگە و دەسكەوتەكانی هەرێم لە دۆخێكی وەك ئێستا گرەنتیترە لەوەی بخرێتە نێو ریسكی ئەو ململانێ نێودەوڵەتییەوە. مەسرور بارزانی هەر لەگەڵ دەستكردن بە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت زوو رەچاوی ئەوەی كردووە كە كێشەكانی (هەولێر–بەغدا) هێشتا لە ئاراستەی باوی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەهۆی هاوكێشەی ئاڵۆزی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتە هەرێمییەكان و زلهێزەكانی جیهان وا دەخوازێت لەسەر بنچینەی توانست و پراگماتیكیانە بێت بۆ ڕاستی ئەو دووربینی و داناییە (كە بەداخەوە و بە پێناخۆشیەوە) دۆخی کورد لە رۆژئاوا لەو چەند رۆژەی دوایی دەبینین، كە ئەگەر زووتر رەچاوی ئەوەیان كردبا كە نیشاندانی خۆیان بە درێژبووەوەی پەكەكە چ بەهانەیەك بە دەوڵەتێكی وەك توركیا دەدات، هەروەها هاوكێشەكانی بەرژەوەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتییش گرەنتیی هیچ هاوپەیمانیەكی دەرەكی ناكات، كەوا بەتەواوی پشتی پێ ببەسترێ).


چاكسازیی كارگێڕی؛ سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ بواری كارگێڕیدا، چه‌ندین بڕیار له‌و باره‌یه‌وه‌ دراون، وه‌ك؛ پابه‌ندكردنی فه‌رمانبه‌ران و به ‌رۆژ و كاتژمێره‌كانی ده‌وام، نه‌هێشتنی دیارده‌ی به‌رتیڵ، كاراكردنه‌وه‌ی چاودێری به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كان، پێداچوونه‌وه‌ به‌ میلاك و په‌یكه‌ری وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كان به‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌ئارای هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان رێژه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ئه‌رك و كارایی فه‌رمانگه‌كان. به‌ مانایه‌كی تر پڕكردنه‌وه‌ی كه‌میی میلاكی فه‌رمانگه‌كان له‌ زیاده‌ی میلاكی فه‌رمانگه‌كانی تره‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته ‌هۆی دانانی سنوورێك له‌ دامه‌زراندنی ره‌مه‌كییانه‌.


هه‌روه‌ها بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت له‌ به‌ئەڵكترونیكردنی سیسته‌می حوكم مایه‌ی دڵخۆشین و ده‌بێته ‌هۆی په‌رده‌لادان و نه‌هێشتنی چه‌ندین دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی وه‌ك دوو مووچه‌ییی، بندیوار، نه‌هێشتنی رۆتین و روونی (شه‌فافیەت) و پیشه‌مه‌ندی و تد...
پەروەردەو تەندروستی كە بە كرۆكی كه‌رتی خزمه‌تگوزاریی گشتی دادەنرێت كاراكردنه‌وه‌یان یه‌كێكە له‌ ته‌وه‌ره‌ هه‌ره‌ پڕبایه‌خانه‌ی ئه‌م حكوومه‌ته‌ كە بریتییه‌ له‌ بڕیار و هه‌نگاوه‌ كرده‌ییه‌كانی له‌پێناو كاراكردنه‌وه‌ی كه‌ره‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان به‌ تایبه‌تیش له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستیدا كه‌ پێشتر فه‌راموشكردنێكی به‌رچاویان له‌به‌رامبه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت پێوه‌ دیار بوو. له‌م ڕووه‌وه‌ چه‌ندین بڕیاری كرده‌یی دراون بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی قوتابیان و هۆكاری گه‌رمكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و چاودێریی سه‌ر كەمتەرخەمییەکانی دەوامکردن. له‌ بواری ته‌ندروستیش چه‌ندین هه‌نگاوی به‌نرخ نراون وه‌ك چاودێری به‌سه‌ر ده‌وامی كارمه‌ندان بەگشتی و هه‌روه‌ها چاودێریی توند له‌سه‌ر كواڵێتیی ده‌رمان و تد...


وه‌به‌رهێنان و بازاری ئازاد: له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ چه‌ندین بڕیار و هه‌نگاوی پێویست نراون بۆ نه‌هێشتنی مۆنۆپۆلكردنی بازاڕ و دیارده‌ی خزم خزمێنه‌ له‌ بواری بازرگانی و پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێناندا، ئه‌مه‌ش به‌ ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كی و نێوخۆیی له‌ رێگای زامنكردنی قازانج و نه‌فه‌وتانی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنه‌كان كه‌ بێ گومان له‌ كۆی هه‌موو ئه‌مانه‌دا وڵات فراژووبوونی ئابووری، خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.


سیسته‌می به‌رگری؛ نه‌بوونی سیسته‌مێكی به‌رگریی توكمه‌ و لێهاتوو له‌سه‌ر بنه‌مای سوپا پروفیشناڵه‌كانی جیهانه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی چه‌ندین كاره‌ساتی نه‌خوازراو هاتووه بۆ نموونه‌ (16ی ئۆكتۆبه‌ر)، یه‌كێك له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ نەرێنیەكانی هه‌رێمی كوردستانە، هه‌ر بۆیه‌ش دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ پێشینەی كاره‌كانی مەسرور بارزانی بووه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خۆی بە رژدی هاتۆته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و به‌ هاوكاریی هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان (ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئه‌لمانیا تد..) خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی شێوازێكی گونجاو و مۆدێرنە كه‌ بتوانێت خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی هه‌رێم بكات و جێ متمانه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بن له‌ هه‌ر هەڕەشەیەكی نه‌خوازراو و گرووپی تیرۆریستی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ش شوێنپێی هه‌رێمی كوردستان له‌ نه‌خشه‌ی ئه‌وه‌ی ناو ده‌برێت به‌ "جیهانی ئازاد" پته‌وتر ده‌بێت.


په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان؛‌ مەسرور بارزانی به‌ كارامه‌یی خۆی و ئه‌زموونی دیپلۆماسی و پرستیژی كه‌سایه‌تیی خۆی توانیویه‌تی قورسایی هه‌رێمی كوردستان له‌ هاوسه‌نگیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ دژبه‌یه‌كه‌كانی وڵاتانی هه‌رێمی و زڵهێزان له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی رابگرێت، لێره‌وه‌ ده‌كرێت بگوترێت كه‌ كارامه‌یی مە‌سرور بارزانی له‌ پیاده‌كردنی هاوسەنگی لە بێلایه‌نیی ده‌ره‌كی و ئاشته‌وایی نێوخۆیی نموونه‌یه‌كی دانسقه‌ و ده‌گمه‌نه لە ئیدارەدان.‌


له‌ كۆتاییدا، هه‌موو ئه‌وه‌ی كراوە، چه‌ندین هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤی سه‌ره‌تایین له‌ چه‌ندین بواری جیاجیای حكوومكاری، به‌ ئامانجی كه‌وتنه‌سه‌ر رێچكه‌ی حكوومكاریەكی كارا و دروست ئەوەی پێی دەوترێت Good Governess و بنیادنانی كوردستانێكی به‌هێز له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراوه‌ییبوون، دیموكراسی، هاووڵاتیبوون و دادپه‌روه‌ری كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ تاكی كوردستانی وا كارا ببێتەوە كە لە یەك كاتدا هەم ببێتە ئامراز و هەم ببێته‌ ئامانج له سەردەمی‌ حكوومكاریی مەسرور بارزانیدا، كە جێی ئۆمێدی زۆە.

* قوتابیی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان