سێکوچکەی لووتکەی ئەنقەرە

ئاژانسی فرانس پرێس (AFP ) بڵاوی کردەوە، سوپای سووریا بەرەو سنووری تورکیا کەوتۆتەڕێ، ئەمەش دوای ئەوەی هەسەدە و حکوومەتی سوریا ڕێککەوتنێکی سەرەتاییان ئەنجام داوە.

به‌رپرسێكی باڵای كوردی رۆژئاوا جەختی له‌سه‌ر ئەوە کردەوە کە یاداشتی لێك تێگه‌یشتنی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی و سوپای سووریا ته‌نها سه‌ربازییه‌ و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی خێرایه‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا و میلیشیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا.

با کەمێک بگەڕێینەوە دواوە، بەتایبەتی بۆ مێژووی 16 سیپتەمبەری رابردوو، کە لە ئەنقەرە لووتکەی هەرسێ وڵاتی تورکیا و ئێران و رووسیا بەسترا، ئۆردوگان و پۆتین و رۆحانی بە مەبەستی تاوتوێکردنی مەسەلەی ئەدلب ئەو لووتکەیەیان ئەنجام دا، بەڵام ئەمە تەنیا رووپۆشێک بوو بۆ پلانێکی تۆکمە و پوخت دژی کورد و ئیسرائیل و ئەمریکا.

سەرەتا با لەوە تێبگەین کە ترەمپ کابرایەکی بزنسمانە و لە ناوەرۆکی سیاسەتی ئەودا شەڕ جێگای نابێتەوە، چونکە ئەو بیر لە تێچووەکانی شەڕ دەکاتەوە، لەلایەکی تریش هەموو هۆش و هەواسی لەسەر ئەو دیوارەیە کە لە نێوان ئەمریکا و مەکسیک دروستی کردووە، جیا لەوەی کابرایەکی چەند کەللەڕەق و بێ ئەزموونە لە سیاسەتدا، بۆیە ئەمریکا لە حاڵی حازردا هیچ جۆرە جەنگێکی گەورە، یان بچووک بەڕێوە نابات.

لێرەوە خەریکە سیناریۆی ئەم سێ وڵاتە سەر و سیمای بە ئاشکرا و دیار دەکەوێت کە من بە پێویستم زانی زۆر بە کورتی و بە سادەیی بیخەمە ڕوو.

تورکیا بە بەهانەی دروستکردنی پشتێنی ئەمنی و لەناوبردنی کوردە تیرۆریستەکان، بە هەموو هیزیەوە دێتە ناو ڕۆژئاوا، دەستیش لە کەس ناپارێزێ، نە سڤیل نە چەکدار، واتە هەڕەمەکی خەڵک دەکوژێ، لێردا دەزانین کە تورکیا مەبەستی گرووپە چەکدارە کوردییەکان نییە، بەڵکوو مەبەستی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێیە لەناو خەڵک.. ڕووسیا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بە بەهانەی سیاسەتی هەڵەی کوردەکان رێگری دەکات کە داوا بکەن لە تورکیا ئەم شەڕە رابگرێت. تاران لە چەندین شار رێپێوان لەدژی تورکیا رێک دەخات..

لە ترسی کوشتنی سڤیل و خیانەتی ئەمریکا، کورد ناچارە رێککەوتن لەگەل بەشار بکات، بەشار کوڕە نازدارەکەی ئەم سێکوچکەیە.. هێزی سووریا گەڕایەوە رۆژئاوای کوردستان، ئیتر شەڕێکی کارتۆنی بەرامبەر تورکیا دەکەن و تورکیا هێواش هێواش دەکشێتەوە.. دوای کشانەوەی تورکیا بەشار دەکەوێتە دووبەرەکێ کورد و دەست بە قەتڵ و عام دەکات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی گشتی تورکیایە.. کەسیش لەسەر کورد نایەتە وەڵام، چونکە ئەوکات دەڵێن کوردەکان خۆیان بەشاریان هێنایەوە، رێک وەکوو سیناریۆکەی 16 ئۆکتۆبەری کوردستانی باشوور.

ڕووسیا دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتەوە و هەیمەنەتی خۆی خستە سەر ناوچەکە، یەکەم شت کە کردی No flay zon بوو ئاسمانی سوریای بەتەواوی داگیر کرد کە ئەمە زیان بە ئیسرائیل دەگەیەنێت و لە قازانجی ئێرانە، چونکە چیتر فڕۆکەکانی ئیسرائیل ناتوانن بێنە ناو ئاسمانی سووریا بۆ ئەوەی میلیشیا ئێرانییەکان بۆردوومان بکەن.

 لەم پلانەشدا ئەمریکا زۆر بە سانایی خرایە دەرەوە.

 لە هاوکێشەی ئەم سێ وڵاتەدا توانیان بە کەمتر لەیەک حەفتە کورد لاواز بکەن و هەرچی دەسکەوتی هەیە لێی بستێنن، ئەمریکا لە سووریا وەدەر نێن، ئاسمانی سووریاش بەڕووی ئیسرائیلدا دابخەن.

 ئیدارەی ترەمپ حاڵی حازر دەرک بەوە ناکات کە ڕووسیا توانی هەیبەتی ئەمریکا بشکێنێ لەو ناوچەیەدا، ترەمپ لەوەتەی جۆن بۆلتنی دوور خستۆتەوە هەڵە لەسەر هەڵە دەکات، بەڵام هیچیان وەکوو هەڵەی ئەمجارە نییە، چونکە لە داهاتوودا عاقیبەکەی قورس دەبێت بەسەر شانی سیاسەتی ئەمریکا.